شارۆمه‌ندی خه‌مینی كۆماری شیعری عه‌ره‌ب
گومان له‌وه دا نییه كه نه‌زار قه‌بانی یه‌كێك بووه له‌و شاعیرانه‌ی كه زۆرترین كاریگه‌ری له سه‌ر ره‌وتی شیعری هاوچه‌رخی عه‌ره‌ب داناوه و زیاتر له سی ساڵ به سیحری وشه جیهانی عه‌ره‌بی به خۆوه سه‌رقاڵ كرد. زمانه شیعرییه‌كه‌ی قه‌بانی بڕێ جار ئه‌وه‌نده خه‌ست و نه‌رمه كه به‌ره‌و ناخی ناوچه قه‌ده‌غه كراوه‌كانی رۆحی مرۆڤـ پرد لێده‌دا. خه‌یاڵی له چوار چێوه دیاریكراوه مێژووییه‌كانی شیعری عاشقانه‌ی عه‌ره‌ب تێده‌په‌ڕێت و له ئاسۆگه‌لێكی بگره بڕێك له بێژه‌رانی بواره‌كانی دیكه‌ی شیعری هاوچه‌رخی عه‌ره‌ب دایده‌نێن.
رۆژی پێنج شه‌ممه 30ی ئاوریلی 1998 هه‌واڵی كۆچی نه‌زار قه‌بانی له راگه‌یاندنه گشتییه‌كانه‌وه به‌چوار گۆشه‌ی جیهاندا بڵاو بووه‌وه. به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه جیهانی عه‌ره‌بی زۆرتر له هه‌ر شوێنێكی¬تر تووشی خه‌م و په‌ژاره كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان یه‌كێك له گه‌وره‌ترین عاشقانه بێژه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان له ده‌ست دابوو.
نه‌زار قه‌بانی 21ی مارسی ساڵی 1923 له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی ده‌میشقدا چاوی به ژین پشكوت. قه‌بانی له باره‌ی له دایك بوونی خۆیه‌وه ده‌ڵێ:
“ته‌نیا ئه‌وه ده‌زانم كه رۆژی له دایكبوونم، سرووشت سه‌رقاڵی رێكخستنی شۆڕش دژی زستان بووه. داوای له مه‌زرا و گیا و گوڵا و چۆله‌كه‌كان ده‌كرد كه له‌م شۆڕشه‌دا دژی ره‌وشتی نه‌گۆڕی زه‌وی یارمه‌تی بده‌ن.”
قه‌بانی له ساڵی 1944دا و له كاتێكدا كه ته‌نیا بیست و یه‌كساڵ له ته‌مه‌نی تێده‌په‌ڕی و له به‌شی مافه‌كانی زانكۆی دیمه‌شقدا ده‌یخوێند، یه‌كه‌مین دیوانه شیعری خۆی به ناوی “ژنی سه‌وزه پێی وتم” بڵاو كرده‌وه كه له سووریادا ئه‌م كتێبه ئاژاوه‌یه‌كی زۆری نایه‌وه و هاوڕا و نه‌یارانی زۆری په‌یدا كرد.
ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌ب نازناوی زۆریان بۆ قه‌بانی درووست كردووه. ناوگه‌لێكی وه‌ك شاعیری عه‌شق، شاعیری ژن، شاعیری رسوایی، شاعیری شه‌راب، شاعیری شكست و بێ هیوایی، شاعیری غه‌زه‌له هه‌ستییه‌كان و … هتد. به‌ڵام ئه‌و شاعیری سیاسه‌تیش بووه‌و كه‌متر شاعیرێك ببینرێته‌وه كه وه‌كوو ئه‌و له نێو جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بدا ناوبانگی ده‌ركرد بێت. نه‌زار قه‌بانی سه‌باره‌ت به شیعر ده‌ڵێ: “شیعر بارانێكه به شێوه‌یه‌كی_ یه‌كسان له پاریس، ژنێڤ، سان فرانسیسكۆ و دوورگه‌ی كاپریدا ده‌بارێ. راست به‌و جۆره‌ی كه له “چاره‌كی خاڵی” به‌نگلادش_ و گه‌ڕه‌كه‌كانی “غووریه” و “سه‌قایین” له ده‌میشقدا ده‌بارێ.
قه‌بانی له ساڵی 1966دا و پاش 21 ساڵ كار له بواری سیاسه‌تدا، له‌م كاره كه‌نار ده‌گرێت و بۆ نزیكبوونه‌وه له چه‌قی چالاكییه فه‌رهه‌نگییه‌كان شاری به‌یرووت بۆ ژیان هه‌ڵده‌بژێرێ.
هه‌ر ئه‌و كاته‌ش بنكه‌یه‌كی بڵاوكردنه‌وه به ناوی خۆی ده‌خاته رێ و سه‌رقاڵی چاپی كتێبه‌كانی خۆی و كه‌سانی تر ده‌بێ. له گه‌ڵا هاتنی ساڵی 1967 و شكستی عه‌ره‌به‌كان له‌گه‌ڵا رژیمی فه‌له‌ستین، شۆڕشێكی ده‌روونی له نه‌زار قه‌بانیدا روو ده‌دا. له‌م كاته‌دا شیعرێك ده‌ڵێ به ناوی “په‌راوێزێك له‌سه‌ر ده‌فته‌ری شكست” كه جه‌نجاڵێكی زۆری نایه‌وه. قه‌بانی له به‌شێكی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌ڵێ:
هه‌ست له پێستماندا مردووه
گیانه‌كانمان
له بێهووده‌یی ده‌ناڵێنن.
رۆژه‌كانمان
نه‌رد و شه‌تره‌نج و
باوێشكن.
ئایا ئێمه
باشترین خێڵین
كه نێردراوینه سه‌ر خه‌ڵك؟
نه‌وتی رژاوه له بیابانه‌كانماندا
ده‌یتوانی
خه‌نجه‌رێك بێ له ئاگر و بڵێسه
به‌ڵام به سه‌ركه‌وتن سوڕنا و نه‌قاره
ده‌س ناكه‌وێ.
وڵاته خه‌مباره‌كه‌م!
من
شاعیرێك بووم
كه شیعری عاشقانه‌م هه‌ڵده‌به‌ست
به‌ڵام
له یه‌ك ساتدا
شاعیرێكت پێ درووست كردم
كه به خه‌نجه‌ر شیعر ده‌ڵێت.
نه‌زار قه‌بانی به‌م شیعره هاوار ئاساییه‌ی خۆی كه له ڕووی توڕه‌یی و نه‌فره‌ت و نائومێدییه‌وه نووسیبووی، رێگه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ خۆی كرده‌وه. قه‌بانی له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌نووسێ: “ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی كه له جه‌نگدا شكست دێنن، قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه. فڕۆكه‌كان، تانكه‌كان، راداره‌كان، نه‌فه‌ربه‌ره‌كان، ته‌نیا دڵه شكاوه‌كان چاك ناكرێنه‌وه و پێكه‌وه لكانیان مومكین نییه.
نه‌زار قه‌بانی سه‌باره‌ت به هۆكاری نووسینیه‌كانییه‌وه ده‌ڵێت:
ده‌نووسم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆكوشتن شێوه‌یه‌كی باشتر له نووسین نابینم و ناتوانم خوێنم له گه‌ڵ دۆشاوی ته‌ماته‌دا بگۆڕمه‌وه.
من هه‌ر به‌و حه‌تمییه‌ته‌وه ده‌نووسم كه به‌و پێیه هێشووه‌كان گه‌وره ده‌بن، ده‌ریا سه‌ر ڕێژ ده‌كات و مه‌مكه‌كان له شیر پڕ ده‌بن .
ئایا ئه‌گه‌ر له مه‌مكی ژن بپرسی، بۆچی له شیر پڕ ده‌بێ وه‌ڵامێكت پێده‌داته‌وه؟
من ده‌نووسم تا به‌رینی شادی له جیهاندا به‌رینتر بێته‌وه‌و به‌رینی په‌ژاره كه‌متر. ده‌نووسم تا رێوڕه‌سمی جیهان بگۆڕم، هه‌تاو دڵۆڤانتر و ئاسمان شینترو ده‌ریا كه‌م خوێنتر بكه‌م.
من ده‌نووسم تاكوو له جیهاندا ببم به ژن و مێرد، زاوزێ بكه‌م، بێ ئه‌ژمار بم و ببمه 150 میلیۆن نه‌زار قه‌بانی. ئه‌مه گه‌ڵاڵه‌ی ئاڕمانه‌كانی منه و حه‌ز ناكه‌م ته‌نانه‌ت شارۆمه‌ندێك له كۆماری شیعریم كه‌م بێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێك له منداڵه‌كانم بۆ نانی شه‌و نه‌گه‌ڕێته‌وه خه‌مبار ده‌بم و شه‌و چاوه‌ڕوانی ده‌بم.
له زه‌ینمدا گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له شیعر هه‌یه كه پاشه‌كشه‌ی لێناكه‌م، له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا له گه‌ڵ دانه به دانه‌ی داره‌كان، هه‌وره‌كان، ماسییه‌كان و پشیله‌كان، ئه‌ستێره‌كان و كۆتره‌كانی جیهانی عه‌ره‌بدا گفتۆگۆ ده‌كه‌م. هه‌تا كاتێك هێشووه گه‌نمێك هه‌بێت كه له شیعر تێنه‌گات، له كێڵگه‌كاندا ده‌چمه لای و به‌ر له خه‌وتن شیعرێكی بۆ ده‌خوێنمه‌وه.
هه‌تا كاتێك پشیله‌یه‌ك له شه‌قامه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بدا هه‌بێت كه بایه‌خ به شیعر نه‌دات له ئامێزی ده‌گرم، مووه‌كانی شانه ده‌كه‌م، نازی ده‌كێشم و فندۆق و پسته‌ی ده‌ده‌مێ و غه‌زه‌ل گه‌لێكی بۆ ده‌خوێنمه‌وه تاكوو مێیه‌تی هه‌ستێته‌وه.
قه‌بانی هه‌ر وه‌ك خۆی وتوویه‌تی، هه‌وڵی داوه كه رێگه‌یه‌كی سێیه‌م له شیعری عه‌ره‌بدا دروست بكات، چوونكه ئێستا له نێوان زمانی فه‌رهه‌نگه‌كان و قامووسگه‌لێكی وه‌ك “لسان العرب” و “محیگ المحیگ” و زمانی خه‌ڵكی جیاوازییه‌كی قوڵ هه‌یه.
قه‌بانی له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی هه‌شتادا تووشی رووداوێكی دڵته‌زێن و عاتیفی ده‌بێ. ئه‌و شاعیره، بلقه‌یس، هاوسه‌ره عێراقییه‌كه‌ی له ته‌قینه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی عێراق له به‌یرووتدا له ده‌ست ده‌دا و ئه‌م كاره‌ساته، جیا له ئازاره رۆحییه‌كان زمانی تووڕه‌یی تیژتر كرد و دوای ئه‌وه له شیعره‌كاندا جنێوگه‌لێكی زۆرتر ده‌دا به حكومه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان. به‌ڵام به‌ر له‌وه به نووسینی بلقه‌یس خه‌می خۆی له مه‌رگی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێ.
قه‌بانی له به‌شێكی بلقه‌یسدا به‌مجۆره خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆی ده‌رده‌برێ:
سپاستان ده‌كه‌م،
سپاستان ده‌كه‌م،
دڵداره‌كه‌م جوانه مه‌رگ بوو،
ئێستا كه ده‌توانن
له سه‌ر گۆڕی ئه‌م شه‌هیده جامێك بنۆشن.
بلقه‌یس
جوانترین شاژنی مێژووی بابلی بوو
بلقه‌یس
به‌ژن رێكترین دارخورمای عێراق
كه ده‌كه‌وته رێ
تاوسه‌كان له گه‌ڵیدا و
ئاسكه‌كان به دوایدا بوون،
بلقه‌یس!
تۆ ژانی منی و
ژانی شیعر
_كاتێك قامكه‌كان ده‌ست به سه‌ر له‌شیدا ده‌كێشن_
ئایا دوای پرچه‌كانت
گوڵه گه‌نمه‌كان باڵا ده‌كه‌ن؟
نه‌ینه‌وای سه‌وز!
كاوڵییه (قه‌رجه) ره‌نگ زێڕینه‌كه‌م
ئه‌ی كه شه‌پۆله‌كانی دیجله
به‌هاران
جوانترین پاوه‌نیان ده‌كرده دیاریت
بلقه‌یس
جوانه مه‌رگیان كردی.
ئه‌مه كام ئۆمه‌تی عه‌ره‌به
كه ده‌نگی كاناری ده‌چنێ؟
لێره
خێڵ، خێڵ ئه‌خوات
رێوی، رێوی ئه‌كوژێ و
جاڵجاڵۆكه‌ش، جاڵجاڵۆكه …
راسته ئێستا قه‌بانی ماڵئاوایی له ژیان كردووه و جیهانی وشه و جیهانی شیعری به یه‌گجاری به جێهێشتووه، به‌ڵام شیعر و هه‌ست و وشه‌كانی ئه‌و عاشقانه بێژه ئه‌سته‌مه له ناو دڵی جیهانی عه‌ره‌ب به تایبه‌تی و هه‌موو جیهان به گشتی بچێته ده‌ره‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
مجله ادینه
بلقه‌یس و عاشقانه‌كانی تر.