Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
نیشتیمانی مەمک …. ناڵە حەسەن

نیشتیمانی مەمک …. ناڵە حەسەن

Closed
by July 28, 2011 ئەدەب

١
     
گوڵە گیان
گەر بزانم
خودای عەشق و پەوەردگار  
نیگار و پەیکەری
مەمکە سیحراوییەکانی تۆی
بە دەست و پەنجەکانی خۆی نەخشاندووە
دڵنیابە
بەبێ هیچ شک و گومانێک
دەچمەوە ماڵی خودا و
لە گەڵیدا ئاشت دەبمەوە ..!

٢
من کە هێندە ئارەزووی
گوشینی مەمکم هەیە
دە لەسەر سینگە وشکهەڵاتووەکانی
خەونەکانم
جووتێک
 مەمکی مەریەمیم پێببەخشە
ئەی خودا ..!

٣
من سێوە لەتلەتیەکەی بەهەشت و
هەموو سێوەکانی دونیات بۆ دەگەڕێنمەوە
تۆش تەنها
مەمکەکانی یەکێک لە پەریەکانی فیردەوسم
پێببەخشە
ئەی خودا ..!

٤

ئەی خودا
بەزەییت بێت
دوور لە
 مەیل و مەمکەکانی یار مەمکوژە
من هێشتا
بوخچەیەکی نەکراوەی نێو ماڵی عەشقم
هەزار و یەک قەسیدەی نەنووسراو
وا لە نێو  مەنزڵگەی خەیاڵمدا
هەزار و یەک مێخەکی بۆنخۆش
وا لەنێو مێرغوزاری نیشتیمانمدا
هەزار و یەک مۆمی گەش
وا لە نێو مۆمدانی مەراقەکانمدا

٥

ئەی خودا
بەزەییت بێت
بە نێو تاریکی ئەم غوربەتیەم
زێتر مەمبەرە خوارەوە
با بۆ تەنها جارێک
دوڵبەرەکەم
لە نێو
شەوە شەبەنگیەکانی
نێو نیشتیمانی مەمک
کتێبێکی عەشق بخوێنێتەوە
ئینجا لەوە تێدەگا
غەریبی ڕێیەکی لە مردنە
یان بۆ تەنها جارێک
خۆی بداتە دەم
تاڤگەی هاوارەکانم
ئینجا لەوە تێدەگا
مردن ڕێیەکی لە غوربەتە
یان بۆ تەنها جارێک
بە ئاگری سەر سینگی شەوەکانم
خۆی گەرم بکاتەوە
ئینجا لەوە تێدەگا
غەریبی و مردن
ڕێیەکیان لە مەملەکەتی
نێو شیعرەکانی منە ..!

٦

ئەی خودا
من بەرگەی ئەم غەریبیەم ناگرم
دەگەڕێمەوە
بەزەییت بێت
وەکو جاران
دەرگای دڵ و خەونەکانی دوڵبەرەکەم
لێبکەرەوە

٧
گوڵە گیان
کە هاتمەوە
لە بەهەشتێکی
پڕ لە میوەجات و
 پڕ لە مێلاقە سوورەکانی مەمک
 من دەمەوێ تا ئەبەد
موریدێکی خودایی بم
کە هاتمەوە
لە نیشتیمانێکی
پڕ لە مەمک و
 پڕ لە میلۆدییە مژدەبەرەکانی مراد
من دەمەوێ تا ئەبەد
پەیامبەرێکی عاشق بم ..!   

                                                          سەرەتای فێبروەری ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.