Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شەپۆلی خۆڵبارینی قەومی….لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنمە !!

شەپۆلی خۆڵبارینی قەومی….لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنمە !!

Closed
by August 5, 2011 گشتی

پێش وەخت ئەوە بڵێم کەمەبەستم لەئۆپۆزسیۆن نەئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیەو نەچەند حیزبێکی دیاریکراو ، بەڵکو زیاتر ڕووی رەخنەوسەرنجم بۆ هەموو ئەو حیزب وکەسایەتی ئازادیخواز ورۆشنبیرو دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆو ….هتد کەکەموزۆر دەورێکی ئیجابیان هەبووە لەکێشانی تابلۆی (نارەزایەتیە جەماوەری یەکانی خەڵکی  بەڕووی زوڵم و ناعەدالەتی دا).
بەڵێ لەکاتێکدا کەتروسکای ئازادی وئازادیخوازی بۆ یەکەمین جار بەبێ وێنەترین شێوە لە مێژووی کوردستانی عێراقدا دەردەکەوێت،لەکاتێکدا کە زۆربەی خەڵکی  بەنجی فریودان بەناوی نەتەوەوخاک ونیشتیمان بەریدەدان ،لەکاتێکداکە تەمومژ لەسەر تابلۆی ڕاستەقینەی زوڵمکەر وزوڵملێکراو لەڕەوینەوەدا بوو…بەڵێ لەوەها کاتێکدایە کە ئێمە خەریکی کێشانی تابلۆیەکی جوانی ئینسانین،لەولاوە خۆڵبارینێک دادەکات وجارێکی تر بەئەندازەیەکی ترسناک تەمومژو بەنج خۆیان دەکەنەوە بەناو پرۆسەی وێنەکێشانداو جارێکی تر تابلۆیەک دەیەوێت دووبارە بێتەوە کەقەرار بوو جیتر نەبێتە بەشێک لە مێژووی لەمەودوامان، ئەو مێژووەی کە درێژەی مێژووی نزیکی خۆیەتی ،مێژوویەک کەدەمانەوێت بەقوربانی زۆربەی بیسڕینەوە، نەک دووبارەکردنەوەی.
من هەمیشە دەستم لەسەر دڵم بوو،تەنانەت ئەوکاتانەش کە بەرەی ناڕەزایەتی خەڵک لەوپەری ڕەونەق وجوانیدا بوو.هەمیشە ترسم لەوە بووکەتارمای یەک لەپشتی چیاکانەوە خۆی ماتداوەو لەهەر لەحزەیەکدا کە بۆی لوا باڵ بکێشێت بەسەرمانداو هەرهیچ نەکات مێژوو ڕابگرێت یان بڵێین درێژە بەو مێژووە بدات کە دەمانەویت هەنگاوێک بچینەدەرەوەی…
بەڵێ لەوەها کاتێکدایە ،زرمەزرم ودەنگی تەقوتۆقی سنورەکان دەستپیدەکات و بەشێک لەخەڵکی کوردستان ئۆتۆماتیکی وبەکاریگەری ووتراو ونوسراوە حەماسی یە بەنجکەرەکان کاتیک دەزانن لەبەرەکانی شەردان ودوای ڕوخسەت وەرگرتن لەئاشتی و ئاشتیخوازی تەنانەت هەندێکیان تا ئاستی هەلهەلەلێدان بەسەر خوێنی سەربازەکاندا دەڕۆن ((سەربازێک کە لەوانەیە..تەنها جەند ڕۆژێکی مابێت بۆ تەواوکردنی خزمەتی سەربازی بەزۆرو لەگەڕانەوەیدا بریار بووبیت جلوبەرگە سەربازی یەکەی فڕێ بدات و بەدیاری بۆ منداڵەکانی شوێنەکەی پر بکاتەوە..سەربازێک کە لەوانەیە لە هۆتافکێشانی خۆپیشاندانەکانی تاران بووبێت …یان خوێنەرێکی زۆر جدی شیعرەکانی شاملۆ بوبیت..یان لە خراپترین حاڵەتدا کەسێکی فریووخواردوو بێت بە بەیتوبالۆرەی پاراستنی رژێمی ئیسلامی و نیشتیمان و…))
من ئێستا زۆر باش دەزانم خۆل دەبارێت، بەڵام بێباکم  و ونبوونی ئەستێرەکان بە کاریگەری خۆلبارین واملێ ناکات کەجیتر شیعر بۆ ئەستیرەکان نەنوسم و باس لە جوانی و لەزەتی خۆڵبارین بکەم!! ئەو ئەستێرانەی کە جێگیرن نەک خۆڵیک کەرێبوارێکە ،کاتی یەودەروات.
بەڕاستی ناترسم و بێباکم ،لەناو ئەم گەرمەی خۆڵبارینەداو لەناو ئەم کەرنەڤاڵی هوتاف وهەراو هوریایەدا دەڵیم نا من لێرەدا لەگەڵتاندا نیم ،من لێرەدا دەمەوێت ببمە شەیتان .فەرموون ئەوە سەری من و بەردی ئێوە رەجمی بکەن ،بەڵام دڵنیا بن کە لەناو ئەو سەرەدا یەک میلیمەترتان تەنانەت بەکاتیش نادەمێ بۆئەوەی تیایدا بحەوێنەوەو دواتر هەستن وببنە وەبینەری دیمەنی دنیای سەرکوت وکوشتنی رێژوانەکان وخنکاندنی ئازادی.
ئێستا ڕەنگە لانی کەم پرسیاریک کەڕووبەرووم دەبێتەوە ئەوە بیت کە ئاخۆ بەرامبەر داگیرکاری رژێمیک بەسەر نەتەوەیەک وململانێ یەکی وەهادا دووبەرەی داگیرکەر وداگیرکراو لەرووبەرووبونەوەدان ، چی بکریت؟! ئەمە ئەگەر تاوانباریش نەکرێم  بە دژی نەتەوە و چی وچی ئەوا دوور نیە نەخرێمە خانەی ناواقیعی بوون و خاوەنی خەونی شاعیرانەو …. لەکاتێکدا کە تەجروبەکانی رابردووی ئەم پرسە لەدنیادا پێمان دەڵێت کە ئەو جۆرە بیرکردنەوە بۆ پرسی کێشەی نەتەوەکان و ئەم جۆرە لەسەرکردەو فۆرمی بیرکردنەوەیە هەمیشە بەشێک بوون لە كێشەکە نەک چارەسەر و لەباشرتین حالەتدا  دواتر بووە بە دەسەڵاتیێکی نەخوازراو بەسەر نەتەوەی (رزگاربوودا!!).
دەیان ساڵە لەدنیای عەرەبی دا گەورەترین زوڵم و چەوساندنەوە دراوە بەسەر شانی خەڵکی عەرەبدا لەژێر ناوی مەسەلەی عەرەب و فەلەستیندا وتەنانەت دەستگرتن بەم بابەتەوە بوەهۆی ئەوەی سەرکردە عەرەبەکان بتوانن بەقەدەر تەمەنی کێشەکە لەسەر دەسەلات بمێننەوەو مەگەر بەهاری عەرەبی ئەم بەستەڵەکە هەمەلایەنە بتوێنیتەوە وسەرکردەکانی(نەتەوەپەرست) بخاتەلاوەو لەمەودوا دەرگا یەکی خێر بەڕووی مەسەلەی عەرەب و فەلەستینیشدا بکریتەوە.
سەیری ئەم لەحزە کۆمیدی-تراجیدیە بکەن ؛ ئەو بەشارەی سەرکردەی عەرەب وعروبەو وەکیلی یەکەمی فەلەستینی یەکانە ،ئێستا ئەگەری ڕووخانی بۆتە (خەمی) ئەمریکا و ئیسرائیل …لەولاشەوە خەڵکی عەرەب (نەتەوە) دەڵێن نا بۆ سەرکردەی نەتەوە، نابۆ فریودان بەناوی نەتەوەو ئێمە نەتەوەین.!!
ئەمرۆ ئێمە شاهیدی هەمان سیناریۆین لەکوردستان .خەڵکی ئەمرۆ لەغیابی بەعس و(عەرەب) هاواریان لێهەستاوەو لەرووبەرووبوونەوەدان لەگەڵ سەرکردەکانی نەتەوە وداوای ئازادی دوای ئازاد بوون دەکەن!!!!
پرسیار ئەوەیە ،بۆ بەدەستهینانی مافەکانی خەلکی کوردستان لەهەرکوی بیت ،ئایا هەمان فۆرم و سیناریۆی ناشرینی عەرەبی وشکستخواردوی کوردی بۆدەبیت دووبارە بکرێتەوە.بۆ دەسەڵاتی کوردی خۆمالی کۆتای یەکەی بەپرۆژەیەکی ئابوری وکۆمپانیایەکی دوو حیزب بگات، بۆ ئاپۆیەک بلێت من ئەتوانم بە هەفتەیەک چەک بە پەکەکە دابنیم،ئایا ئەمە لەحیزبی قائیدو قائیدی حیزبی قائید نەچیت لەچی ئەچێت؟حایا ئەمەسەرەتای باسکردنی ئەو شەرعییەتە شۆرشگێڕی یە نی یە کە ئێمە ئێستا گیرمانخواردووە بەدەستی یەوە وگەنجێکی ئەمڕۆی بەتاوانی پێشمەرگەبوونی باوکی پێ زەلیل دەکەن؟
کاتێک کە دەگووترێت پژاک (کەلاکی) سەربازی ریزکردووە،ئیتر بەم زاراوەو فەرهەنگە سیاسی یەچۆن لەرز دامان نەگرێت ولەخەمی ئەو مندالەدا نەبین کە ئیستا لە سکی خانمێکی کوردی ئێراندایە وهەست دەکەیت لە ئێستاوە داوای کوردی لەسەر تۆمار دەکریت وداوای دانەوەی باجی شەرعییەتی شۆرشگێڕانەی لێدەکرێت؟!!!!
بەداخەوە لەکاتێکدا کە ئەمە جەرەیانە سیاسی وفکری یەکەیە، بەڵام لێرە لە کوردستان نەهێزێکی سیاسی و نەمیدیای ئازاد ونەرۆشنبیرو …هتد دەنگێکی جیاوازو رۆشنایدەر ،نزیکە لە نەبونەوە(دەنگێک کە ئیلهامی لەو دەنگ ورەنگە جوان وئینسانی یەی ناو خۆپیشاندانەکان وەرگرتبێت) بگرە لەوەش خراپتر لەپاڵ ئەم بێ دەنگی یەدا خەریکە بەشێک بەدوای شەپۆلەکەدا مل دەنێت ووابڕوات شەپۆلی ناڕەزای یەتی یەکانی کوردستان بۆ ژیان و ئازادی دوور نی یە ببێتە پلە دوو وە سەرنجی کۆمەڵگە بەرەو سنوورەکان بروات، ئەو سنوورانەی کە ئێران هەزاران سەربازی بۆ دەکاتە قوربانی بەس بتوانیت نارەزای یەتی یەکانی کوردو تارانی پێ خامۆش و سەرقاڵ بکات لای خۆیەوەو دەسەڵاتی کوردیش لەم بارەوە بەهەمان دەستوری ئیران دیارە مامەڵەی هەلومەرجەکە دەکات. ئەمە لەکاتیکدا بەپێچەوانەوە دەبوا لەکاتی خۆپیشاندانەکانی  تاراندا هێزە کوردی یەکان فرسەت بوو فشارێکی زیاتریان ئەوکات بۆڕژێم بهینایەو سەرەتاکانی خەباتی مەدەنییان لەئێران مومارەسە بکردایە وشۆڕشیان بگەرانایەتەوە بۆ مەنزڵە ئەصڵەکەی کە شەقامە نەک حصر کردنی بەتەواوی لەبن دەوەن و شاخەکان.
بەهەرحال ئيستا ئێمە لەگەڵ واقیعێکی دیاریکراودا بەرەورووین چ سیاسی بێت چ سەربازی ،بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە کام ڕێگا کوردلە ئێران زوتر وزۆرتر بەمافەکانیان دەگەیەنێت؟ ئایا بەرپاکردنی شەپۆلێکی نارەزایەتی و چالاکی مەدەنی لەئێران و ناوچەکەو دەرەوە وفشارهێنان بۆ یوئێن و دامودەزگا پەیوەندیدارە جیهانی یەکان بۆ فشار دانان لەسەر ئێرانی( کەنارپێگیراوی ئەزماوی!!) کارسازتر نی یە لە رووبەرووبوونەوەی چەکداری دوو هێزی ناهاوسەنگ وئەمە  زەمانێکیش نی یە بۆ بەرگرتن بەو ترسە خۆماڵی یانەش کە ئەگەری دروست بوونیان لە ئایندەدا نزیکە وئایا ئامرازێکیش نی یە بۆ بەشداری فراوانی جەماوەری و….
ئایا ئەمرۆ فرسەت نەهاتۆتە پێش بۆ ئەوەی کێشەی مافەکانی کورد لە ئێران بکرێتە مەسەلەیەکی سیاسی لە ئاستی دەولی دا؟ . ئەوەندەشی پەیوەندی بە ئاراستەی سیاسی و فکری کێشەکەشەوە هەیە لە ئاستە خەباتگێری یەکەیدا دەبێت دەست ببرێت بۆ مۆدیڵێکی تر لە سیاسەت و پێناسەکردنەوەی موفرەدات و زاراوەو ئامرازەکانی خەبات وهەوڵدان بۆ پیشاندانی ڕووی حەقانی و ئینسانی وئاشتیخوازی بزووتنەوەیەکی لەو جۆرە کە ئەمە وەک ووتمان زەمانەتیکیشە بۆ دووبارەنەبونەوەی مۆدیلەکانی سوریا و مصر وکوردستانیش. چونکە بەراستی هێزە توندوتیژەکان لە میژوودا هەرچەند بانگەشەی ئازادیشیان کرد بێت دواتر خۆیان ئاڵاونەتەوە لەداوی توندوتیژی وبی عەدالەتی یەوەو فۆرمی کردەکانیان جێ ی شیعارەکانی گرتۆتەوە.
لەراستیدا قیمەتی ئازادی و ئازادبوونی نەتەوەیەک لەویدا دەردەکەوێت و زەمانەتی تاسەر بوونی هەیە کە نەتەوەی بەرامبەریش ڕەوایەتی ئەم حاڵەت و ئازادی یەی درک پێکردبێت وئەمەش بە خەباتی مەدەنی دەبێت نەک ناردنەوەی زۆرتین تەرمەکان بۆیان.
ئەمەی باسی دەکەم لەبەگەڕخستنی بزوتنەوەیەکی لەم بابەتە وپشتکردنە مۆدیلە ترسناکەکەی کەتا ئێستاش بەداخەوە رەواجی کەم نی یە زەگێکی جدی یە بە گوی ی هەر هیزێکی سیاسیدا کە نزیکایەتی لەم فۆرمە فکری یە نەگونجاوەدا هەیە .بۆ نمونە هێزێکی وەک بزوتنەوەی گۆڕان با بکەینە نمونە،ئەو هێزەی کە دەسەڵات بەچەندین ئامراز دژا یەتی دەکات ودوورخستنەوەی تاکە نەفەرێکیش لەریزەکانی بەدەسکەوت دەزانێت،کەدیارە لەم کارەیدا تا ئێستا سەرکەوتو نەبووە ،بەڵام پێم وایە ئەکریت لەرێ ی بوونی ڕەواجی ئەم عەقڵییەتی تێروانینەوە بۆ کێشەی قەومی دوور نی یە لە لەحزەیەکدا(تەنانەت ئەگەر سیناریۆش بێت) بەناوی مەسەلەی کەرکوک وکوردایەتی یەوە و بەهۆی جوڵاندنی هەستی (کوردایەتی!!)خەڵکی ئیحتیوای سیاسی وەزعەکە بکات و گەورەترین زەربەی سیاسی و ڕێکخراوەیی لەم بزووتنەوەیە بدات وجاریکی تر و بۆ دەورەیەکی تر دەسەڵات ببێتەوە بە سەرکردەکەی (کوردایەتی!) و بەشیکی زەخیرەی جەماوەری خۆپیشاندانیش بکاتەوە بەسووتەمەنی بۆ خۆشکردنی ئاگری زۆڵم وخنکاندنی ئازادی.
لەکۆتاییدا دەڵیم ،ئەوەی یەکیتی و پارتی (دوێنی) کردوویانە (ئەمڕۆ) پژاک وپەکەکە دەیکەن …ئەوەشی(ئەمڕۆ) یەکێتی وپارتی دەیکەن (سبەینێ) ئەوان دەیکەنەوە.ئەگەر بێتوبەئاراستە دروستەکە کار نەکرێت وئەم هیزانە لە ئێستاوە نەخرێنە ژیر چاودێری وفشارەوە بۆ گۆرانی ئاراستەی سیسیان بەخزمەتی خەڵکی ونەخولانەوە بەدەوری تەوەری زۆڵم و جەوساندنەوە.

Farooqabdulla68@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.