
سه‌رچاوه‌ی کولتوری شه‌ق وه‌شاندنه‌که‌ی ئاغاکه‌ی ئۆمه‌رسێنان!
ئاغای زێباری له گوندی ئۆمهرسێنانی ده‌ڤه‌ری ئاکرێ، له‌سه‌ر به‌خێونه‌کردنی سه‌گه‌کانی په‌لاماری جوتیاران ده‌دات و له پیاوێکی ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵان ده‌دات و چه‌ندین خێزان ده‌ربه‌ده‌ر ده‌کات. ئه‌مه هه‌واڵی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتییه. ئه‌مه‌ش لینکی راپۆرته‌که‌یه:
http://www.hawlati.co/2011/08/%d9%be%d9%88%d8%b1%d8%b2%d8%a7%db%8c%d9%87%e2%80%8c%d9%83%db%8c%e2%80%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%d8%b2%d8%a7%d9%86%db%8c%e2%80%8c%d8%8c-%da%98%d9%85%d8%a7%d8%b1%d9%87%e2%80%8c%db%8c%d9%87%e2%80%8c%d9%83/
ئه‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه هاوشێوه‌ی ئه‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که باس له کێشه‌ی گه‌وره ساڵان ده‌کات و له‌م ڕۆژانه‌دا نووسینێکم له‌سه‌ر نووسی. دیسان ئه‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه و ئه‌م شه‌ق وه‌شاندن و په‌لاماردانه هاوشێوه‌ی ئه‌و شه‌ق وهشاندنهیه که له ناوه‌ڕاستی مانگی سێ‌دا، پیاوانی ئاسایشی هه‌ولێر به‌شه‌ق به‌رده‌بنه گیانی مێرد منداڵێک و ئه‌ویش له تاو ئازاری خۆی پێڵاوه‌کانیان ماچ ده‌کات تا وازی لێبێنن، ئه‌و گرته ڤیدیۆییه چه‌ندین وتار و بابه‌تی له‌سه‌ر نووسراو تکا له سه‌رۆکی هه‌رێم و دادوه‌ره گشتییه‌کان کرا که ئه‌مه قبوڵ نه‌که‌ن!، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ک نه‌بایان بینیبێت نه بۆران و هه‌مووشتیان بیری خۆین برده‌وه و هیچ ئیجرائاتێکیان نه‌کرد. فه‌رموون ئه‌وه‌ش لینکی یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که کاک ڕێبوار سیوه‌یلی له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قوه‌شاندن و بێحورمهتیی و که‌رامه‌تشکاندنه نووسیی بووی. http://www.dengekan.info/dengekan/11/9917.html (هه‌ر لێره‌دا ده‌توانی سه‌یری گرته ڤیدیۆییه‌که بکه‌یت)
هه‌ریه‌که له‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیانه و ئه‌م کولتوری شه‌ق وه‌شاندنانه ڕه‌نگه جیاوزبێت له‌ویتر و چه‌ند ڕه‌هه‌ندێکی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، وه‌لێ هه‌موویان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیین و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌رپرسیاره لێیان و سه‌رچاوه‌کانیان یه‌ک کولتوری سیاسییه و یه‌ک په‌روه‌رده و یه‌ک عه‌قڵیه‌تی حیزبایه‌تییه.
ڕه‌نگه یه‌کێک له زه‌قترین ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بێت له کوردستاندا، که به‌ته‌واوه‌تی له‌م زۆرداریی و سوکایهتییکردنهدا به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و گونده ده‌رده‌که‌وێت، که تا ئه‌مڕۆ که ده‌یه‌یی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک ته‌واو ده‌بێت هێشتا ئاغایه‌ک به به‌رچاوی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی کوردستانه‌وه، به به‌رچاوی هه‌موو حیزبه ئۆپۆزیسوێنهکانهوه، به به‌رچاوی په‌رله‌مانه‌وه، به به‌رچاوی به ناو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه، به‌و په‌ڕی دڵڕه‌قییه‌وه په‌لاماری خێزانه جوتیاره‌کان ده‌دات و ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌کات، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕازی نابن سه‌گه‌کانی به‌خێوکه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ئه‌م جوتیاره ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵییه به‌های خۆی و خێزانه‌که‌ی له‌وه به‌به‌رزتر ده‌زانێت که سه‌گی پێبهخێوکرێت، و رۆژانه ژنه‌که‌ی و منداڵه‌کانی خه‌ریکی سه‌پله دروستکردن بن بۆ سه‌گه‌کانی ئاغا له پێناوی 400 هه‌زار دیناریی عیراقییدا. ئاخر ئه‌گه‌ر به ده‌ست ئاغابێت، ئه‌م جوتیاره به‌رێزه‌ی که سه‌گ به‌خێوکردنی ئاغا قبوڵ ناکات، ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ی هه‌بێت به سکێک تێر و به دووان برسی، تا بگاته ئه‌و ئاسته‌ی که ئاغا خێری خۆی له سهپلهی سه‌گه‌کانی جار جار به به‌زه‌یی به‌شی منداڵه‌کانی بدات. ئاخر هه‌ریه‌کێک له‌م ئاغایانه بوو کا جارێکیان به باوکی خۆشهوستمی وتبوو: به قهبهری کاک ئه‌حمه‌د(واته کاک ئه‌حمه‌دی شێخ)، ئه‌گه‌ر سمێڵهکانت به کڕین بوایه گوندی تهنگیسهرم ده‌دا و نه‌مده‌هێشت ئه‌و سمێڵانه به تۆوه بێت. چوونکه باوکی من جوتیار بووه، ئه‌ویش ئاغا، چۆن ده‌بێت سمێڵی جوتیارێک له سمێڵی ئاغایه‌ک جوانتر بێت. هه‌ر ئه‌م ئاغایه‌ش بوو، له گوندی مێوڵی قه‌ره‌داخ، جارێکیان یه‌کێک له مسکێنه‌کانی ده‌بینێت که که‌وا و سه‌ڵته‌یه‌کی تازه‌ی له‌به‌ردایه، له‌سه‌ر ئه‌مه بانگی ده‌کات و دوای لێدانێکی زۆر بۆ چه‌ندجارێک له ئاوی حه‌وزه‌که‌ی هه‌ڵده‌كێشێت و ده‌ڵێت، چۆن تۆ پڕکێشی ده‌که‌یت له‌به‌رچاوی من که‌وا و سه‌ڵته‌ی تازه بکه‌یته به‌رت.
ره‌هه‌ندێکی تری ئه‌م جۆره کێشانه، نه‌بوونی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایه له‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیانه، ئه‌وه‌تا به ئاشکرا وه‌زیری داد قبوڵی ناکات که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دادوه‌ریی گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆبێت. دادوه‌ری گشتی ، یان دادوه‌ره گشتییه‌کانی کوردستان پێویسته له‌سه‌ریان به دواچوون بکه‌ن بۆ چه‌ندین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هاوشێوه که ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م کێشانه ده‌بن نه‌وێرن له ترسی ئاغاکان و له ترسی ئه‌و حیزبانه‌ی به‌رگری له ئاغاکان ده‌که‌ن سکاڵا تۆمار بکه‌ن، ده‌بێت ئه‌م دادوه‌رانه به بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای وه‌زیری داد که وه‌زیفه‌یه‌کی سیاسییه و سه‌ر به حیزبێکه له‌و حیزبانه‌ی که په‌نای ئه‌م ئاغایانه ده‌دات، لێپرسینه‌وه بکه‌ن و ئه‌م جۆره کێشانه بده‌ن به دادگا و سزایی یاسایی خۆی بدرێت.
ڕه‌هه‌ندێکی تری ئه‌م کێشه‌یه، کێشه‌ی چینایه‌تییه، که به‌هۆی ئه‌م کیشهیهوه ته‌نیا ئاغایه‌ک ده‌توانێت به شه‌قه‌وه و به گۆچانه‌که‌ی ده‌ستییه‌وه به‌ره‌و ڕووی چه‌ندین خێزانی جوتیاری شهرفهمهند بێته‌وه، ئه‌و جوتیارانه‌ی که هه‌میشه به ڕه‌نجی شانی خۆیان و عه‌ره‌قی ناوچه‌وانی خۆیان خۆیان ژیانوه و پشتووپهناش بوون بۆ هه‌موو ئه‌و شۆڕش و بزووتنه‌وانه‌ی که به ناوی شۆرش و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی گه‌لی کورده‌وه به‌رپاکراون له کوردستاندا.
له‌وانه‌شه ئه‌م ئاغایه‌ی که ئێستا خاوه‌نی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی ساڵه‌کانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته، یه‌کێک بێت له‌و ئاغایانه‌ی که سه‌رۆک جاشێک یان ئامر مه‌فره‌زه‌یه‌کی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسیه‌کان بووبێت و دژی پێشمه‌رگه بووبێت و چه‌ندین که‌سی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا به ئه‌نفالکردن دابێت و چه‌ندین که‌سی به کوشتدابێت به ده‌ستی ڕژێمی عێراقی جاران. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاغایه جاشیش نه‌بووبێت و پێشمه‌رگه بووبێت!، ئه‌وه دڵنیام کاتێک پێشمه‌رگه بووه هه‌مان ڕه‌فتاری ئاغایانه‌ی هه‌بووه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت و جوتیاران. ئاخر ئاغاکانی کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خاوه‌نی ماڵ وموڵک و سه‌روه‌ت و سامانی زۆر بوون، بۆ پاراستنی سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان یان ده‌بوایه جاش بن، یان ده‌بوایه پێشه‌مه‌رگه بن، کێ پاڕێزه‌ری سه‌روه‌ت و سامان و زوڵم و زۆردارییهکانیانی بکردایه لایه‌ندارێتی ئه‌و لایه‌نه‌یان ده‌کرد، ئیتر هیچ به‌هایه‌کی تریان لا نه‌بوو. ئه‌مه‌ش ڕه‌فتاری هه‌موو خاوه‌ن سه‌روه‌ت وساماندارێکه له جیهاندا، که گه‌وره‌ترین به‌ها پاراستنی سه‌رمایه‌که‌یه‌تی و هیچی تر.
ئه‌م ڕه‌فتاره، ڕه‌فتاری ئه‌و ئاغا و سه‌رۆک عهشیرهتانهم بیر ده‌خاته‌وه که جاران به ناوی پێشهمهرگایهتییهوه، ده‌سه‌ڵاتدار بوون و هه‌میشه ئاغا بوون به‌سه‌ر خه‌ڵکی چه‌وساوه‌وه. باش له بیرم دێت یه‌کێک له‌وانه که ناوی(ع.ش) بوو، کاتی خۆی که ئامر هێزێکی پێشمه‌رگه بوو، ڕۆژێک کۆمه‌ڵێک له جوتیارانی کۆکردبووه و به زۆر فه‌رمانیدا بوو به‌سه‌ریاندا که دڕک و داڵ و کونجره له خوریی مه‌ڕوماڵاته‌که‌ی بکه‌نه‌وه، هه‌ندێک له‌و جوتیارانه‌ش بۆ خۆیان پێشمه‌رگه بوون. ئه‌و سه‌رده‌مه حیزبی شیوعی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه و ئه‌م زۆردارییه به‌یاننامه‌یه‌کی ده‌رکرد و تیاییدا ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی ئیدانه‌و مهحکومکرد.
هه‌ر ئه‌م به‌یاننامه‌یه و چه‌ندین هه‌ڵوێستی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی قیاده مه‌رکه‌زی بوو له‌سه‌ر ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه‌ی ئاغاکانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی (شۆرش)، که بووه هۆی ئه‌وه‌ی به ئه‌مری مه‌لا مسته‌فا له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا هه‌رسێ هێزه‌که‌ی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی چه‌ک کران به (برایم عه‌لاوی)شه‌وه که سکرتێری حیزب بوو. ئه‌م بیره‌وه‌رییه بۆیه ده‌خه‌مه ڕوو که خوێنه‌ران و گه‌نجه‌کان ئاگاداربن که ئه‌م جۆره ڕه‌فتارانه‌ی ئێستای ئاغاکانی کوردستان به میرات ماوه‌ته‌وه و هه‌مان ڕه‌فتاری جارانی ئاغاکانی سه‌رده‌می کۆنه که تا هه‌نوونکه خه‌ڵک ده‌ناڵینن به ده‌ستیانه‌وه. وه هه‌مان پارێزه‌رانیش کهحیزبه سیاسییه کوردییه‌کانن زوڵم و زۆری ئه‌م ئاغایانهیان پاراستووه تا ئه‌مڕۆ.
یه‌کێک له پایه گرنگه‌کانی شۆڕشی گه‌لی کورد، دژایه‌تیکردن بوو بۆ ڕیفۆرمی زه‌ویوزار و دابه‌شکردنی زه‌ویوزار به‌سه‌ر ئه‌و جوتیارانه‌ی که دهیانکێڵا. بۆیه هه‌ر له یه‌که‌م ته‌قه‌ی شۆڕشه‌وه که ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌موو ئاغاکان له‌ده‌وری مه‌لا مسته‌فا و شۆڕشه‌که‌ی کۆبوونه‌وه. باش له یادمه کاتێک که شۆڕش و هێزی پێشمه‌رگه له ساڵه‌کانی ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کان به دواوه گه‌وره‌تر بوو، ئاغاکان په‌لاماری جوتیاره‌کانیان ده‌دا و پێیان ده‌وتن بیرمان ناچێته‌وه که کاتی خۆی هه‌موو موڵکی ئێمه‌تان داگیرکردبوو ده‌تانووت( فه‌لاح موڵکی خۆیه‌تی ئاغاش باوکه ڕۆیه‌تی). چوونکه بۆ ماوه‌یه‌ک له سه‌رده‌می حوکمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم دا جوتیاران ببوون به خاوه‌نی موڵکی خۆیان و موڵکانه‌یان نه‌ده‌دا به ئاغاکان.
هه‌ردوو لایه‌نی دژ به‌یه‌کی ئه‌وسای پارتی دیموکراتی کوردستان، باڵی مه‌کته‌بی سیاسی، که له دواجاردا بوو به (پارتی شۆرشگێر) به‌سه‌رۆکایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی و باڵی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌شی که هه‌ر به ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه مایه‌وه و مه‌لامسته‌فا سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد، هیچ کات ده‌ستبه‌رداری ئاغاکان نه‌ده‌بوون. له‌وه‌ش سه‌یر تر ئه‌وه بوو که( پارتی شۆڕشگێر) خۆیان به چه‌پ ده‌زانی و ته‌به‌نی خه‌تی ماویان ده‌کرد و هه‌میشه خوێنهوارهکانیان کتێبه‌کانی مارکس و لینین و ماویان ده‌خوێندوه، به‌ڵام سیاسه‌تی حیزبه‌که‌یان وابوو که موجامه‌له‌ی ئاغایه‌کیان له موجامه‌له‌ی هه‌موو جوتیارانی کوردستان به‌لاوه گرنگتر بوو.
باشیش له یادمه، دوای ئه‌وه‌ی که (پارتی شۆڕشگێڕ) ناوچه‌ی قه‌رداخی پاکرده‌وه له باڵه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا، یه‌کێک له ئه‌فه‌ندیه شارییه‌کان که به حسابی خۆی (ماوی) بوو، که‌سێکی چه‌پی سه‌ربه‌م حیزبه عهنتییکهیه بوو، به شه‌ق و قۆناغه تفه‌نگ و خستنه ناو حه‌وزی ئاوه‌وه هه‌رشه‌ی له خه‌ڵکی قه‌رداخ ده‌کرد. حیزبه به ناو شۆرشگێره‌کانی کوردستان به هه‌موو باڵه‌کانیانه‌وه، خاوه‌نی کوولتوری شه‌ق وه‌شاندن بوون.
ئاغاکاکان، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه بووبێتن، یان ئه‌گه‌ر جاش بووبێتن، هه‌ر ئاغا بوون و هه‌ردوو سیسته‌مه‌که، واته چ سیسته‌می شۆڕش و چ سیسته‌می حکومه‌تی عیراقی پشتیوانی لێکردوون، ئێستاش به هه‌مان شێوه ئه‌وه سیسته‌می حکومه‌تی یه‌کێتی و پارتییه وا پشتیوانی له‌و ئاغایانه ده‌که‌ن که به‌م جۆره ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ جوتیاراندا ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌وانیشن که په‌نای سه‌رۆک جاشه‌کانیان داوه و نایه‌ڵن بدرێن به دادگا و ده‌یانپارێزن.
کولتوری شه‌قوه‌شاندن، له کوردستاندا، کولتوری به‌عسیه خوێنڕێژه‌کان بووه، ئه‌و کولتوره بووه که به‌شه‌ق وه‌ڵامی هه‌موو داخوازییه‌کی خه‌ڵکیان داوه‌ته‌وه، که به شه‌ق ویستویانه هه‌موو کۆمه‌ڵگای عێراق و کوردستان بخه‌نه ژێر ركێفی خۆیانه‌وه. به داخه‌وه ئه‌م کولتوره ناشیرینه کهرامهتشکێنهی به‌عس بووه به کولتورێکی سیاسی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و حیزبانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه له کوردستاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که کورد زۆرترین زیانی له‌م کولتوره‌ی به‌عسییه‌کان کردوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش که ئه‌م حیزبانه به ناوی شۆڕشگێڕێتی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی گه‌لی کورده‌وه خه‌ڵکیان له ده‌وری خۆیان کۆکردۆته‌وه، له هه‌مانکاتدا هه‌ڵگری هه‌مان کولتوری شه‌ق وه‌شاندنی به‌عسییه‌کان بوون.
شه‌ق وه‌شاندنه‌که‌ی کاکی ئه‌فه‌ندی کادری پێشکه‌وتووی (پارتی شۆرشگێر)ی ساڵی 68 و69 ی ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ و شه‌ق وه‌شاندنه‌که‌ی کاکی ئامر هێزی پێشمه‌رگایه‌تی ساڵی 1973 ناوچه‌ی ڕانیه و شه‌ق وه‌شاندنی تاقمه‌که‌ی کانی ماسیی جاران و شه‌ق وه‌شاندنه‌که‌ی کاکی ئه‌ندامی ده‌ستگای ئاسایشی مانگی سێی هه‌ولێری پایته‌ختی کوردستان و شه‌ق وه‌شاندنه‌که‌ی ئاغای ئۆمه‌رسێنان، هه‌موویان به‌رهه‌می یه‌ک کولتوری سیاسیی کهرامهتشکێنن له کوردستاندا. دیسان به‌ندیخانه‌که‌ی ساڵی 1966 ی به‌کره‌جۆ و فهلاقهخانهکهی 2011 به‌رده‌رکی سه‌رای ده‌ستگای ئاسایشی سلێمانی که به‌رهه‌می هه‌مان سیاسه‌تی جارانی پارتی شۆرشگێره‌که‌ی بهکرهجۆن و به‌ندیخانه‌که‌ی ڕایه‌تی ساڵانی حه‌فتاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێستای ئاکرێی حیزبی ناوبراو هه‌مان به‌ندیخانه و کولتوری سیاسیی و شه‌ق وه‌شاندنن و که‌رامه‌ت شکاندنن.