
پێدانی كاره‌با بۆ كه‌ركوك دیاری بوو یا به‌پاره فرۆشرا !!!
سه‌ره‌تا پێم خۆشه ده‌ستخۆشی له هه‌نگاوه‌کانی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک بکه‌م بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناو شاری که‌رکوک له ڕووی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی و دابین کردنی کاره‌با و پاک و خاوێنی شار و ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌منی.. هتد .
دوا هه‌نگاوی کاربه‌ده‌ستانی که‌رکوک بۆ دابین کردنی بڕی کاره‌بای پێویست له که‌رکوک که له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزه وه ده‌ستی پێ‌کرد کاریگه‌ری گه‌وره‌ی کردۆته سه‌ر هاوڵاتیان و کێشه‌ی کاره‌بای له‌و شاره‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌ر کرد به‌تایبه‌تی له هاوێندا ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م کاره‌ی پارێزکار جێگه‌ی ده‌ستخۆشی هه‌موو پێکهاته‌کانی که‌رکوک بووه چونکه ساڵانێکی زۆره خه‌ڵکی به‌ده‌ست کێشه‌ی کاره‌باوه ده‌ناڵێنن . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج و تێرامانه که شاری که‌رکوک له لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه وه‌کو ناوچه‌یه‌کی هه‌رێمی کوردستان ناژدێردرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناکرێت !
له کاتێکدا که‌رکوک به‌پێی به‌ڵگه‌و بۆچوونه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد به‌شێکی دانه‌بڕاوی هه‌رێمی کوردستانه و له هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دان بۆ سه‌ر هه‌رێم .
له کاتێکدا که‌رکوک به‌پێی وته‌کانی سه‌رکردایه‌تی کورد که‌رکوک دڵ و قودسی کوردستانه . له‌کاتێکدا بارزانی سه‌رۆکی هه‌ریمی کوردستان له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزدا ڕایگه‌یاند که هه‌میشه جه‌نابی خه‌مخۆری خه‌ڵکی سته‌م دیده‌ی ئه‌و شاره‌یه و ئاگاداری ئێش و ئازاری هاوڵاتیانی که‌رکوکه وه کاره‌بای به‌دیاری پێشکه‌ش کردووه . ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونانه وایه .. ئه‌ی بۆچی کاره‌با به‌پاره ده‌فرۆشرێته دڵ و قودسی کوردستان که‌رکوک .
له رۆژی 18/8 گرێبه‌ستی کڕینی 225 میگاواتی کاره‌با له هه‌رێمه‌وه بۆ شاری که‌رکوک له‌سه‌ر بودجه‌ی ( پترودۆلار ) به‌بڕی 200 ملیار دینار بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له نێوان وه‌زاره‌تی کاره‌بای هه‌رێمی کوردستان و پارێزگاری که‌رکوک ئیمزاکرا . ده‌نگۆی هه‌واڵه‌که هه‌موو لایه‌کی دڵخۆش کرد و خه‌ڵکی که‌رکوک به‌رۆژێکی مێژوویی وه‌سفیان کرد ، به‌ڵام ده‌رکه‌وت ئه‌و دیارییه‌ی هه‌رێمی کوردستان به بڕی 200 ملیار دینار به خه‌ڵکی ئه‌و شاره فڕۆشراوه ، نیگه‌رانییه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پاره له بودجه‌ی که‌رکوک وه‌رده‌گرێت که دواکه‌وترین شاری عێراقه له ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه . خوزگه ئه‌و بڕه پاره‌یه له‌به‌رژوه‌ندی هه‌موو پێکهاته‌کانی که‌رکوک بۆ خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی شاری که‌رکوک خه‌رج بکرایه، دیسانه‌وه بۆ ناوبانگی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش چاکتره له‌وه‌ی ئه‌مرۆکه که‌ناڵه‌کانی به‌ره‌ی تورکمانی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له که‌رکوک به‌هه‌موو لایه‌کدا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ منه‌تی تێدا نییه و ئه‌و کاره‌بایه به‌پاره‌ی داهاتی شاره‌که کڕاوه نه‌ک دیاری سه‌رۆک بارزانی یه . ساڵانێکی زۆره به‌شێکی گرنگی بودجه‌ی عێراق و هه‌رێمی کوردستانیش له داهاتی نه‌وتی که‌رکوک دابین ده‌کرێت بۆ عێراق خه‌رج ده‌کرێت بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که خۆی سوودی له‌و ده‌سکه‌وته سروشتییه‌ی بینیبێت . ئه‌گه‌ر رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو له‌به‌ر کوردایه‌تی شاری که‌رکوک نه‌بووایه، بێگومان که‌رکوک زۆر له شاره‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ئاوه‌دانتر و جوانتر ده‌بوو . به‌داخه‌وه ته‌نها هه‌ڵمژینی دوکه‌ڵی نه‌وته‌که‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه .
خه‌ڵکی که‌رکوک پێیوایه بۆ گوێگرتن له داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌و نه‌هێشتنی گرژی و ئاڵۆزی نێوان پێکهاته‌کانی کورد و تورکمان عه‌ره‌ب و ئاشووری پێویست بوو پاره‌ی ئه‌و بڕه کاره‌بایه به‌جێبه‌جێ کردنی چه‌ند پرۆژیه‌کی ئاوه‌دانی وه‌کو دیارییه‌ک پێشکه‌ش به‌شاری که‌رکوک بکرێت نه‌ک کاره‌بای پێ بفرۆشرێت . له‌کاتێکدا ته‌زووی هه‌موو عێراق به‌یه‌ک تۆڕی کاره‌باوه به‌ستراوه . که‌چی حکومه‌تی مه‌رکه‌زی به‌غدا له‌و لاوه کاره‌بای لێده‌بڕێت و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش به‌پاره کاره‌بای بۆ زیاد ده‌کات ، که‌س نازانێت که‌رکوک سه‌ر به‌چ لایه‌که حکومه‌تی فیدراڵی عێراق که هیچ بایه‌خی پێنادات و خه‌ریکی ته‌عریبکردنی شاره‌که‌یه ، یا سه‌ر به هه‌رێمی کوردستانه به‌پاره کاره‌بای پێده‌فرۆشێت !!! من ناڵێم حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچی بۆ که‌رکوک نه‌کردووه ، به‌ڵام له ئاست گه‌شه‌کردنی شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک هیچ نییه . تکایه که‌رکوک وێڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی ته‌قینه‌وه و نا سه‌قامگیری باری ئه‌منی ئه‌مڕۆ شارێکی داڕماو و زبڵخانه‌یه ته‌نها پێویستی به بنیاتنانی شاره‌که و چاکسازی دام و ده‌سگاکانی هه‌یه ، پێویسته داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و شاره له‌به‌ر چاوبگیرێت .
عوسمان عه‌لی , كه‌نه‌دا