Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
نەخشەکانی ڕێگای گەڕیدەیەکی تەنیا

نەخشەکانی ڕێگای گەڕیدەیەکی تەنیا

Closed

 

     
 

بۆ هەست بەبۆنی سەفەر ناکەی ئەی موسافیر
کەخاک بووبێتە غەریبێ و
بەشەرمەوە نیگاکانی بنێرێت بۆ ژوانی ماچ و
یاسەمینەکانی حەسرەت بخاتە نێو ئینجانەکانی باران
کەڕێگا بەسەرمەوقولانج بێتە پێشوازی پەنجەرە و
بەردی ئەڵاس گەڵا دەرکا
بۆ هەورەکانی سەر دوورگەی تەنیاییت جێهێشت… موسافیر
کەتۆ سەرت بەسەر سینگی دەریا کردوو و خەونت ڕواند
بەجۆلانەی باهۆزەوە دیلانێت بۆ گۆرانییەکانی غەم ساز کرد
لێم مەگرە ئەی موسافیری ونبووی هەناوی نەخشەکان
ئەی پاسارییەکەی ئاسمانی شیعر لێ قەدەغەکراوم
من پیرەگەنجێکی ئەغیارم دڵم نایەت لەنێو دوکەڵی وەهمەوە
بچمەوە کن زەردەخەنە وشکبووەکانی ڕەشەبا
دڵم نایەت ڕۆژنامە بێ وشەکان بەرم بۆ سەر مێزی نائومێدی
پیرە گەنجێکی ئەغیارم ئەی موسافیر
بۆن بەو نیگایانە بکە کە لێم ونبوون
دەستی ئەو تیشکانە بگرە کە بەدزی هەتاوەوە ئەچن لەباخچەی خەیاڵا
وێنە ئەگرن لەگەڵ قەفەس و کولانە و کوخە بێکەسەکانی پاڵ دیوارێکی تەنیا و تەریک
دڵی ئەو کۆتر و دارمێوەم بۆ ڕازیکە وەختێ بۆڵە پەرسیلەیەک
ئەگۆڕنەوە بە گمە ڕەش و سپییەکانی قەراغ جادە چۆڵەکانی نزیک ناسینەوەی وەرزی نەعناع
دەستی دڵم بگرە ئەی موسافیری خاڵی لەبۆن
کەی ساباتی هەناسەکانی ئیلیۆت و ڕۆبەرت فرۆست ((1
دەبنە شوێنی سەرخەوشکانی دێوانەکانی غوربەت
چۆن شنەی غەریبی پەنجەی بەنێو قژی گەڕانەوەدا دێنێت
بەچ چاوپۆشینێکەوە ماچەکانی خۆشەویستی سزا ئەدەی
بەچ شێوازێک دەنگ و قریوەکانی ڕوح
لەپردی سیراتی خەما دەپەڕێنیتەوەو
بەبۆراقی خۆشنوودییەوە دەیانبەیتە سەفەری گەڕیدەی سەر نەخشە بزر بووەکان
سێبەرەکانی ئیمان چۆن ئەنێریتەوە بەر خوێندن
بە چ مافێک مانگ زویر ئەکەی
بە چ سیحرێک ئەفسووس ئەخەیتە ناو تەرازووی دادپەروەرییەوە و
بۆنی ڕێگا و سەفەر ئەکوژی
ئەغیاری بەرەو کوێ ئەبەی
ترمۆسی عەشق چۆن پڕئەکەی لەقاوەی خەم
بەکوێدا توولەڕێگاکان ون ئەکەی و ڕۆژە خۆڵەمێشییەکان ئەسپێری بە وەنەوز
پەیکەرەکانی سەر ڕێگای چوونەوە بۆ لای تەنیایی  چۆن ئەدوێنی
پیاسەکان چۆن لەسڕەوە دەردەهێنی و ئەیانبەی بۆ کەنار دەریاکانی بێئومێدی و
پارکەکانی خاڵی لەگوڵ و دار و گیا
لەسەر ئەسکەمیلی عومر بەدیار چ ڕەشبینییەکەوە دانیشتووی ئەی موسافیر
ئەبێ چ نهێنییەک واژووی پەشیمانبوونەوەت پێبکات و
ئەبێ گوڵی چ باخچەیەک بەسەرهاتەکانی خۆیت بۆ بگێڕێتەوە؟
لەچاوی چ پەنجەرەیەکەوە ئەڕوانیتە فڕینی ڕوح و
ڕەدووکەوتنی گۆرانییە تەنیاکانی غوربەتستان …ئەی ئەغیار
گازاندەکان لەسەر تەنافی بێدەنگی هەڵدەخەی و
لەمابەینی بۆن و سەفەر ئەبیت بەباڵندەی وێڵبووی نێو هەناسەی شیعرێکی ون
ئەترسم بۆنت پێوەکەم
ترسم هەیە بێزوو بکەم بەسەفەر و بۆن و ڕێگا
 لەدووریتا بگریم هەتا دەبم بەتەم
تا دەبم بەگڕی بەفری ڕەش و سووتاو
ئەترسم بۆنت پێوەکەم ئەی موسافیر
ترسم هەیە نەتبینمەوە وەکو ترسی ماڵئاواییم لە منداڵیم
وەکو ترسی جێهێشتنی جێشوێنەکانی ئەشیلۆس(2)
وەکو ترسی گۆڕغەریبیی لەم وڵاتە تەنیا و ساردە
لەئەغیاری خۆم و پیریی تۆ تێناگەم ئەی موسافیر
کەپەرچەمی بوون دەنێی بەدڵی سەفەر و
لەڕێژنەی ئەو لەرزە بارانە ناگەم
کەلەناو تەمی گژوگیای ئەفسووندا
دێت یەخەی بێدەنگیم ئەگرێ و
ڕەوە هەورێکم لەبۆن بۆ دەستەمۆ ئەکات
چ بەدگومانییەکە هەنگاونان بەسەر ڕوحی سەفەر و
سەراسیمەبوون لەبەردەم ئافاتی خەم
وەختێ لەئەشکەوتی سەفەر ببمە سۆفی ناسینەوەی
ڕێگاکانی کۆچی ناوادەی پیربوون و هەڵوەرینی شیعر و تەمەن
هەست بەبۆنی سەفەر بکە ئەی موسافیر
تۆ خۆت ئێستا بەشێکی لەبۆنی سەفەر
بەشێکی لە دڵشکان و پەشیمانی
قۆمەتێکی لە دوودڵی و بارستاییەکی لە گومان
ئاراستەیەکی لە گەشت و ڕەهەندێکی لە تێپەڕین
جۆگەلەیەک لەگلەیی و ئۆقیانووسێکی لەخەون.


شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ڤانکۆڤەر – کەنەدا
ئایاری 2011

تێبینی :
1-    ئەلیۆت شاعیری ئەمریکی بەڕەچەڵەک بەریتانییە و ڕۆبەرت فرۆست شاعیری ئەمریکییە.
2-    ئەشیلۆس هێمایە بۆ کەشتی ئەشیلۆسی ڕۆمانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی عەبدولڕەحمان مونیف.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.