
گه‌شتێك به‌ناو گه‌شته‌كه‌ی فه‌رهه‌نگ غه‌فووردا
گه‌شت به‌ناو گۆرانیی فۆلكلۆریی كوردی مێژوویه‌كی كۆنی نییه، ڕه‌نگه بۆ ده‌ستنیشانكردنی مێژوو و ئه‌و گرووپ و كه‌سانه‌ی كاریان تێدا كردووه تووشی كێشه بین، لانیكه‌م خۆم ئه‌و كێشه‌یه‌م ده‌كه‌وێته پێش، بۆیه به‌ده‌ر له ئاماژه‌دان به‌ناوی گرووپ و كه‌سایه‌تییه‌كان له‌و بواره‌دا، ئه‌وه‌نده ده‌زانین به‌ر له ساڵانی حه‌فتاكان گه‌شت به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌یبینین نه‌بووه، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه كۆنه‌كان له 2 تا 3 گۆرانی خۆیان ده‌دیته‌وه كه پتر ده‌كرا وه‌ك كۆكتێلی گۆرانی لێیان بڕوانین نه‌ك ئه‌و گه‌شته‌ی سه‌ره‌تا تیپی سلێمانی و پاشان كه‌سی فه‌رهه‌نگ غه‌فوور پێیان ئاشنا كردین.
بۆ ویژدانی خۆم و مێژوو ده‌یڵێم له سلێمانیدا خالید سه‌ركار توانایه‌كی فره‌ی له‌م بواره‌دا هه‌بوو، به‌ڵام زۆری نه‌برد و لێی دوور كه‌وته‌وه، ڕه‌نگه هونه‌رمه‌ندی تریش هه‌بووبن ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجام دابێ، بۆنموونه له دهۆك جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب و له كه‌ركووكیش فه‌خره‌دین ئه‌حمه‌د، به‌ڵام وه‌ك گه‌شتی نێو گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان و ده‌ستبردن بۆ چه‌ندان ده‌ڤه‌ری جیاجیای كوردستان و دوور له یه‌كتر، به‌دیدی من شتێكه پێوه‌ست به‌پسپۆڕیه‌تی، واته پسپۆڕی و خوێندنه‌وه‌ی ڕژدی میلۆدییه فۆلكلۆرییه‌كان كه له‌م قۆناغه‌دا هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فوور باڵاده‌ستترینیانه.
سه‌ره‌تای ساڵی 2000 له نووسینێكمدا له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگ غه‌فووره‌وه باسی شێوازی كاركردنی ئه‌وم له هونه‌ری موزیك و میلۆدیدا كردبوو، وێڕای ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه و ته‌نانه‌ت زانیاریی ئه‌وكاتم له‌گه‌ڵ ئێسته‌دا جیاوازه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له بیرم بێ و تا ئێسته‌ش سوورم له‌سه‌ری، ئه‌وه‌یه ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی وه‌ك فه‌رهه‌نگ توانیبێتیان كاری ڕه‌سه‌ن له میلۆدیی كوردیدا بدۆزنه‌وه، فه‌رهه‌نگ كار له‌سه‌ر هه‌ر میلۆدییه‌ك له هه‌ر ستایلێك بكات، ناتوانێ خۆی له سۆزه كوردییه‌كه داببڕێ، ئه‌مه‌ش شتێك نییه جیا له ڕۆچوونه ناو ڕه‌سه‌نایه‌تی، په‌سنی ئه‌و كاره ناكه‌م تا چه‌ند ئه‌رێنییه یاخۆ نه‌رێنی، چونكه زه‌مه‌ن زه‌مه‌نی گه‌مه‌كردنه له ستایله‌یلی جیاواز و تێكه‌ڵبوون لگه‌ڵ میلله‌تانی تر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگه‌وه به‌گرنگی ده‌بینم، ئه‌و ڕۆچوونه‌ی ناو ڕه‌سه‌نایه‌تی ده‌رگه‌یه‌كی پڕ له داهێنانی بۆ كرده‌وه كه بتوانێ پسپۆڕیه‌تی له بوارێكی هه‌سته‌وه‌ری ڕه‌سه‌نایه‌تی بۆ خۆی بدۆزێته‌وه و گه‌مه‌یه‌كی دروست هونه‌رییانه‌ی تێدا بكات.
به‌پێی ئه‌و هه‌نده‌ك شاره‌زاییه‌ی خۆم له بواره‌كه‌دا، پێم وانییه توانایه‌كی تر له كوردا هه‌بێ باڵاتر له تواناكه‌ی فه‌رهه‌نگ له گه‌شته‌كان، ئه‌و نه‌هاتووه له چه‌ند خوله‌كێكدا یارییه‌كی فۆلكلۆری به‌ناو میلۆدییه ڕه‌سه‌نه‌كاندا بكات، هاوكات له زۆربه‌یاندا نه‌یویستووه وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بوون به‌نه‌وه‌ی نوێیان بناسێنێته‌وه، بگره یارییه‌كی هونه‌ریی نوێی له ته‌كدا كردوون و تا راده‌یه‌كی ئه‌ولاتر به‌به‌رهه‌می ڕه‌سه‌نی نوێمان ئاشنا ده‌كات، لانیكه‌م له به‌شێكی موزیك و به‌شێكی تری ئه‌دای گۆرانییه‌كاندا.. پاشان فه‌رهه‌نگ قیرچۆك نه‌بووه و بیه‌وێ هه‌مووی له ده‌نگی خۆی كۆ بكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه بایه‌خی پتری كه‌وتووه‌ته به‌ر كۆرس و ده‌نگی تر، بێگومان ئه‌وه جیا له ده‌نگی خۆی.
ئێمه ته‌نیا به‌گه‌شته تۆماركراوه نوێیه‌كه‌ی “گه‌شتێك به‌نێو میلۆدییه ڕه‌سه‌نه‌كانی كورد” فه‌رهه‌نگمان نه‌ناسیوه، جیا له‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجه یه‌ك له موزیكژه‌نه ناوداره‌كانه، هاوكات به‌دانه‌ری میلۆدییه ناسكه‌كان ده‌ناسرێته‌وه و خاوه‌نی به‌رهه‌مێلێكی زۆره، وێڕای ئه‌وانه ساڵانێكه له فێستیڤاڵه‌كاندا ئێمه‌ی به‌گه‌شته فۆلكلۆرییه‌كانی ڕاهێناوه.. من ته‌واوی گه‌شته‌كانی فه‌رهه‌نگم بینیون، له بیرم نییه له هیچ یه‌كێكیاندا جه‌ماوه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی خه‌نده‌ئامێزی بۆ نه‌بووبێ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ وێڕای پێشكه‌وتنێكی زۆری كورد له ستایله جیاوازه‌كانی گۆرانی له ده‌ره‌وه‌ی ستایله كوردییه‌كان، تا ئێسته فۆلكلۆر له به‌خشینی چێژ به‌نه‌وه‌ی نوێیش دانه‌بڕاوه ئه‌گه‌ر بزانرێ به چ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ كه وایده‌بینمه‌وه ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته شایانی باڵایی فه‌رهه‌نگ غه‌فووره.
فه‌رهه‌نگ له “گه‌شتێك به‌نێو میلۆدییه ڕه‌سه‌نه‌كانی كورد” ده‌نگی ئاڤان عوسمانمان هاوشان به‌ده‌نگی خۆی پێ ده‌ناسێنێ، ده‌نگی فه‌رهه‌نگ له “هه‌ولێره”وه بۆ ئێمه ئاشكرا بوو، ئه‌و خاوه‌نی سۆزه گه‌رمه‌كانه و ئه‌شقێكی سه‌یر له‌و ده‌نگه‌دا ده‌بیسترێ، وێڕای ئه‌وه‌ی له بنچینه‌دا خۆی گۆرانیبێژ نه‌بووه، به‌ڵام وه‌ك گۆرانیبێژێكی پڕ خۆی نواندووه كه ده‌هێنێ ئیتر له گۆرانیشدا بیخه‌ینه ژێر به‌رپرسیاره‌تییه‌وه، چونكه نه‌ك ته‌نیا ده‌نگ نمایش ده‌كا، بگره ده‌نگی هاوسۆز به‌سۆزه ده‌نگییه‌كه‌ی خۆیشیمان بۆ ده‌دۆزێته‌وه و له به‌رهه‌مێكدا به‌جووته پێشانمانی ده‌دا كه ئه‌ویش ده‌نگی ئاڤانه.. ئاڤان ده‌نگێكی به‌توانای گۆرانیی كوردییه، به‌ڵام ڕاستیتان ده‌وێ ئه‌و ده‌نگه پتر له گه‌شته‌كه‌دا به‌هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نمان ئاشنا ده‌كات كه پێموایه باشوه‌ستاییه‌كه له‌لای فه‌رهه‌نگه.
به”سه‌بری”یه‌كه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ست پێ ده‌كه‌ن كه ده‌كرێ بۆنی شاری بۆكانیان لێ بكه‌ین، له‌وێوه به‌گورجی قه‌ڵه‌مبازێكی گه‌وره ده‌ده‌نه ئاراسته‌ی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و ده‌مانبه‌نه لای سه‌ڵاح داوده به‌گۆرانیی “ئامۆزا گیان” و دواتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاره شیرینه‌كه‌ی كۆیه و له‌گه‌ڵ “زه‌ینه‌ب”دا ده‌چن ئاوی حه‌مامۆك ده‌خۆنه‌وه، ئه‌و سێ گۆرانییه به‌ڕیتمی “جۆرجینا” و له‌سه‌ر مه‌قامی “به‌یات” ده‌ڵێن، دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه لای سه‌ڵاح داوده و به‌گۆرانیی “ڕاوه‌ستاوه له‌و بانه” تاوێك له‌گه‌ڵیدا ڕاده‌وه‌ستن، له‌وێدا هه‌مان ڕیتم هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام بارگه بۆ مه‌قامی “حیجاز” ده‌گوازنه‌وه، ئیتر ئه‌وه گه‌رمه‌سێره و له‌وێ تاوێك ئۆقره ده‌گرن و پاشان به‌ڕیتمێكی خێرا و له‌سه‌ر هه‌مان مه‌قام به‌گۆرانیی “لێ لێ جان” باڵه‌فڕێك بۆ بادینان ده‌كه‌ن، دیسان ده‌گوازنه‌وه بۆ “به‌یات” و به‌جووته “من جاره‌ك دی لسه‌ربانی” و “چوومه ئاكرێ”مان بۆ ده‌ڵێن.. پاشان فه‌رهه‌نگ حه‌سانه‌وه‌یه‌ك بۆ بیسه‌ر به‌ڕه‌وا ده‌بینێ و به”له‌پاش مه‌رگم”ه‌كه‌ی مشكۆ “به‌یات” ده‌مانحه‌سێنێته‌وه، ئه‌گه‌رچی من تێبینیم له‌سه‌ر ئه‌دای مه‌قامه‌كه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه له جوانیی به‌رهه‌مه‌كه كه‌م ناكاته‌وه و به‌ڕاست بیسه‌ر ئه‌و حه‌سانه‌وه‌یه‌ی پێویسته، له‌وێشه‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌مانباته لای شه‌ماڵ سایب و له “بۆ هاتی”دا هه‌ردووك گۆرانیبێژ ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه بۆ ساڵانی شه‌سته‌كان، دواجار ده‌چنه ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان و به”ده‌چمه هه‌ورامان” و “به‌له‌نجه” كه ده‌كه‌ونه سه‌ر ڕیتمی هێوه و مه‌قامی “نه‌هاوه‌ند” كۆتا به‌گه‌شته‌كه‌یان دێنن.
من مه‌به‌ستم نه‌بوو ته‌نیا له به‌شانوباڵ هه‌ڵدانی ئه‌و به‌رهه‌مه و هونه‌رمه‌نده‌كانیدا بوه‌ستم، بیگومان هیچ به‌رهه‌مێك ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی تێبینی، لانیكه‌م هه‌ركه‌سه و به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ به‌رهه‌مه‌كه ره‌نگه تێبینیی هه‌بێ، خۆزگه فه‌رهه‌نگیش له گه‌شته‌كه‌یدا زۆرترین بایه‌خی نه‌كه‌وتایه‌ته سه‌ر مه‌قامی “به‌یات” ئه‌گه‌رچی ئه‌و مه‌قامه زۆربه‌ی میلۆدییه ڕه‌سه‌ن و فۆلكلۆرییه‌كانی داگیر كردووه، ده‌كرا به‌سۆزی تری مه‌قامه‌كان گه‌شته‌كه‌ی بلاواندایه‌وه، بۆ “حیجاز” و “نه‌هاوه‌ند” كارێكی باشی كردووه ده‌یتوانی فره‌تر بۆ په‌یژه مه‌قامییه‌كانی تریش بگه‌ڕێ، ئه‌وده‌م ڕه‌نگ بوو بیتوانیبا چێژی پتر و هونه‌ری گه‌وره‌تریش ببه‌خشێ.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم بوو له‌و كورته نووسینه‌دا، ته‌نیا مانه‌وه‌ی ئه‌مجۆره به‌رهه‌مێله‌یه له هونه‌ری كوردیدا، چونكه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ دا، گه‌شت هونه‌رێكی تایبه‌تمه‌نده و پێویستی به‌پسپۆڕیه‌تییه، فه‌رهه‌نگ غه‌فووریش ئێسته له كوردستاندا وه‌ك تاكه پسپۆڕی ئه‌و بواره ده‌ركه‌وتووه، بۆیه ده‌هێنێ به‌مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوونی له پشتی بین.. جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه، فه‌رهه‌نگ له‌م قۆناغه‌دا تاكه سواری ئه‌م بواره‌یه كه بۆ ناساندنی ڕه‌سه‌نایه‌تیی گۆرانیی كوردی به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆمان پێویستیمان پێی ده‌بێت، واته ده‌هێنێ بۆ پێشاندانی فۆلكلۆرمان به‌ده‌ره‌وه، ئه‌و گرووپه له وڵاتانی تریش هه‌مان به‌رهه‌میان پێشان بدایه.
وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د