Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کوردستان لە بەردەم هەرەسی مەزندا، کەس بەکەس نییە لەوێندەر

کوردستان لە بەردەم هەرەسی مەزندا، کەس بەکەس نییە لەوێندەر

Closed
by October 17, 2011 گشتی

لەکوردستان دەستلەکار کێشانەوەی پەڕلەمانتار بۆتە مۆدیل، ناڕەزایی دەربڕین و قسەی بێ ماناکردن و بێ بنەما بۆتە جورئەت و جەریئی، ئینشانوس بووتە ئەدیب، موخابەرات رۆحی راگەیاندن، جنێو فرۆش رۆژنامەوانی بوێر، شەقاوە پەڕلەمانتار، پیاوکوژ سیاسی و ئارامی پارێز، حزب گروپی دزی، ئۆپۆزسیۆن هەڵشاخین و هەر رۆژ لەحەیرانێک خوێندن و هەڵپەی بێ مانای دەسەڵات، دەسەڵات دزو گەندەڵ و بێ ئاگا، چالاکوانی مەدەنی دەمقەرەباڵغی عەقڵ بەتاڵ و بێ کردەوە، گومان دروستکەر لەسەر هەموو شتی راست و ناڕاست، میللەت هەموو ناڕازی.
ئەوەی لەکوردستان گوزەر دەکات، زەنگی هەرەسی وڵاتێکە، زەنگی نەمانی متمانەیە بە ئایندە، زەنگی بێهوابونی هیوادارە، لەوێ پرۆسەیەک گوزەر دەکات تروسکاییەکی بۆ ئایندە تیا نابینرێت، سەمەرە دەبسترێت و سەیر دەبینرێت، خەباتکار لەخەباتی خۆی هەڵدێت، بەرپرس لەبەرپرسیاری خۆی، سەرۆک لە حزبی خۆی، شۆڕشگێڕ لەخانەشۆڕشی خۆی، خەڵک گووو دەکاتە ئەو کانیەی ئاوی لێخواردۆتەوە.
کەسێک کە بەهەموو تەمەنی لەخزمەتی حزبێکدا بوو ئێستا کاری بووە بەجنێو دان لەپەنا پاسارەکانی شاردا، لێم پرسی بۆچی وا؟ وتی “بیستوتە بەرد بگیردرێتە کانییەک کە ئاوی لێ بخۆیتەوە؟، بیستوتە ماڵێک بە عارەقی خۆت بنیاتی بنێی بیروخێنی؟، بەڕاست هاوڕێ بیستوتە لەپێناو دروستکردنی بڕوایەکدا برسی بیت، مناڵ رووتەڵ و ژن بێ ناز و دوور لەکەس بیت، دواتر خۆت بکەویتە جنێودان بەو بڕوا؟. ئەگەر نەتبیستووە لەمندا بیبیستە، من جنێو دەدەم بەهەموو ئەوانە گوو دەکەمە ئەو کانیەی ئاوم لێخواردۆتەوە، ئەو خانوە خاپور دەکەم کە بەبرسی کردنی مناڵەکانم دروستمکردووە، ئەزانی بۆ؟ چونکە خەباتم کرد بۆ خزمەتکردنی کوڕە بەرپرسەکان، بۆ قەڵەوترکردنی دزەکان، هاوڕێ خانووم دروست بۆ ئایندەی مناڵەکانی خۆم، بەڵام ئێستا من و مناڵەکانم بەبێ جل لەبەر سەرما هەڵدەلەرزێین و دزەکان لە دیوەخانی ماڵەکەی مندا واتە حزبەکەم پاڵیانداوەتەوە. ئەزانی بۆ؟ من خوێنمدا بۆ ئەوەی حزبە توش بە تالاسیماکەم لەمردن رزگار بکەم، بەڵام ئیستا ئەوانەی پێکەنینیان بە گیانەڵای حزبەکەم دەهات لەسەر سفرەی ئەو نان دەخۆن و بەپێک خوێنی ئێمە دەخۆنەوە، ئێمەش بەبرسێتی تەماشاکارین، هاوڕیم لێم مەگرە، جنێو دەدەم بەحزبەکەم، چونکە دەزانم جنێودانە بەرابردوی خۆم، جنێو دەدەم بەخۆم. چونکە بەرانبەر بێنازکردنی مناڵەکانم بێ بەشکردنی مناڵەکانم لەو دەستکەوتە زەبەلاح و نازو نیعمەتانەی من و ئەوانی وەک من بدەستیان هێنا بۆ مناڵی ئاغاکان، دەسەڵاتم نیە جیا لە جنێودان روخاندنی ئایندەی خۆم و مناڵەکانم کاری خۆم کردەیە، تەنها بە جنێودان بەخۆم ئۆقرە دەگرم”.
ئەوەی لەکوردستان دەگوزرێت تەنها هەڵوەرینی حزبێک نییە، روخانی دەسەڵاتێک نییە، هەڵوەرینی ئایندەی وڵاتێکە، خەڵکی بێزار لە دەسەڵات دەنگ دەداتە پەڕلەمانتاری دەرەوەی دەسەڵات تا لەپەڕلەمان دوو قسە لەجێی ئەو بکات، ئەو کە موچەکەی گەرەنتی کرد هەڵدێت و دەکشێتەوە لەو بەڵێنەی داویەتی، ئەوەی دز نییە لە حزبەکان بێ ئەوەی بیەوێت ئەمرۆ شەریکە دزە، چونکە چاوی زیتەی دێت و بەبەرچاویەوە حزبەکەی و وڵاتەکەی تاڵان دەکرێت، ناپرسێت بۆ؟ چونکە نایەوێ ئەوەی هەیەتی لەدەستی بدات،
لەوێ سەمەرە روو دەدات، هیواکان بونیان نامێنێت، جێگری سکرتێری گشتی حزب، حکومەتی سەربەخۆی خۆی رادەگەیەنێت و خۆی لەدەرەوەی بازنەی خراپەکارییەکانی حزبەکەی هەژمار دەکات و خەڵکیش گێلانە سەری بۆ دەلەقێنن، بەرپرس و جێگری رێکخراوێکی مەدەنی و ٩ بەرپرسی لقەکانی دەست لەکار دەکێشنەوە چونکە چاکسازی ناکرێت، کەس ناپرسێت باشە ئەم پۆلە دەستلەکارکێشەرەوە کاریان چی بوو؟ ئەدی ئەوەندە بەرپرس دەسەڵاتیان نەبێت، دەسەڵات لای کێ هەیە؟ ئاخر ئەوە موعجیزەی هەڵوەرینی وڵاتێکە ئەوەندە بەرپرس توانای چاکسازیان نەبێت لە ڕێکخراوێکی بچوکدا و هەڵبێن، ئەوە هەڵوەرینی وڵاتێکە وەزیر هەڕەشە دەکات براگەورەکەی لەسەرەوە نەمێنێتەوە واز دێنێ لەخزمەتکردنی وڵات، ئەوە بە دەبەنگخانەکردنی وڵاتە ئەندام مەکتەب سیاسی دەسەڵات هەڕەشە دەکەن بەس بڵێن بۆ تەعدا دەکەیت، بۆ دزی دەکەیت، دەچێتە بەرەی موعارەزەو لەترسا حزبەکەی نقە ناکات، ئەوانیش هەڕەشە دەکەن بەس بێت و داکۆکی لەرابردویان نەکرێت، دەگەڕێنەوە ناو دەسەڵات، ئیسلامی هەڕەشەی عەلمانی بوون دەکەن، ئەوان هەڕەشەی ئیسلامی بوون دەکەن، چەپ دەبێتە راست و نوێژ دادەبەستێت و راست دەبێتە چەپ.
سەرلێشیوانە لەوێندەر یاران، هەموو ناڕازی کەسیش نازانێت لەچی ناڕازییە، برسی لەبرسێتی، خەباتکار لەرابردوی خۆی کەبۆتە سفرەی ئەوانی سەرەوە، تێر لەزۆرخواردنی خۆی، بەرپرس لەکەمدەستکەوتی دزینی خۆی، سەرۆک لەخوارەوەی خۆی، خەڵک لەسەرۆکایەتی ئەو، خواش ناڕازیی لەگشتمان.
بێ هیوایی دەبارێت لەوێندەر کەس بەکەسەو هەر رۆژەو سەمەرەیەکە، وڵات لە لێواری هەڵوەرینە و کەسیش نییە هەست بەوەکات، هەموو بێباک برسی بە برسێتی و تێر بەنانی زۆرو دز بە دەستەکەوتی بێ سنور و موعارەزە بە ورژاندنی ناڕەزایی زیاتر بۆ هەڵپەی خۆی، دەسەڵات غروور بەکورسی خۆی و مەست بە راپۆرتی باشی دۆخی کوردستان لەلایەن دزەکانی، هەموو مەستین کەس بەکەس نییە.


رزگار رەزا چوچانی/سوید

www.nuche.net

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.