
بیانووی تاوان…. حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
له په‌یامه‌که‌ی 23 ی ئابی 2011 ی‌دا، بارزانی (داوای له پژاک و په‌که‌که کرد، بیانووی بۆردوومانکردنی هه‌رێمی کوردستان، نه‌ده‌نه ده‌ست ئێران و تورکیا و حیساب بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم بکه‌ن.) ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و لایه‌ن، بیانوو ده‌داته ده‌ست ئه‌م یان ئه‌و وڵاتی دراوسێ، ئیدی ئه‌مه ناکاته ئه‌وه‌ی، ئه‌و دراوسێیانه، مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت میلله‌تی ئێمه قه‌لاچۆ بکه‌ن و له تۆڵه‌ی هێرشی (چه‌کدار)دا په‌لاماری سڤیل بده‌ن.
پێویسته ئه‌و ڕاستییه‌مان له بیر بێت که ئه‌وه کورد خۆی بوو، له ئاداری 1988 دا ئێرانی هێنایه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و بیانووی کیمیابارانکردنی ئه‌و شاره‌ی دایه ده‌ست به‌عسی دڕنده. دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق و په‌رله‌مانی عێراقیش ددانیان به‌وه‌دا نا که کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، جینۆساید بووه، که‌چی ئه‌وه کورد خۆی بوو، تاریق ڕه‌مه‌زانی، (ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ی به‌شداریی له کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا کردبوو،) ئازاد کرد. هه‌رچه‌نده په‌رله‌مانی کوردستان بڕیاری دا، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و که‌یسه بکات، وه‌لێ گابه‌ردێکی له‌سه‌ر دانا، ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان دێوجامه‌یه‌که بۆ به فریودانی هاووڵاتییان.
پاییزی 1986 نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ر له بهرگهڵووهوه تا چاڵه‌نه‌وته‌کانی زه‌نبوور، پێش پاسداران که‌وت و ئیدی ئه‌نفالی به دوادا هات، ئاداری 1988 یش، ده‌رگای هه‌ڵه‌بجه‌ی به ڕووی پاسداران‌دا واز کرد و کیمیابارانی لێ که‌وته‌وه. ئه‌و وه‌خته ئه‌نفال ده‌ستی پێ کردبوو، ناوبراو وای بۆ چووبوو، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی هه‌ڵه‌بجه به ڕووی به‌عسدا بکاته‌وه، گوشار له‌سه‌ر دۆڵی جافه‌تی که سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی لێ بوو، که‌م ده‌بێته‌وه، وه‌لێ ڕژێم له هه‌ڵه‌بجه کشایه‌وه، کیمیابارانی کرد و له‌سه‌ر هێرشی خۆی بۆ دۆڵی جافه‌تی مکوڕ بوو.
بارزانی که هه‌نووکه داوا له پژاک و په‌که‌که ده‌کات، بیانووی قه‌لاچۆکردنی گه‌له‌که‌مان نه‌ده‌نه ده‌ست دوژمنانی، ئاخۆ ئه‌وه‌ی له یاده، تا پارتی به‌ره‌و حاجی هۆمه‌ران، پێش پاسداران نه‌که‌وتبوو، سه‌ددامی دیکتاتۆر بارزانییه‌کانی قه‌لاچۆ نه‌کردبوو، ڕه‌نگه هه‌ر په‌لاماریشی نه‌دابان. که تاڵه‌بانی بۆ لێدانی دیموکرات پاسداری تا کۆیه هێنا، پاش مانگێک تانکی (گاردی کۆماری)یش گه‌ییشته هه‌ولێر. که هه‌نووکه وڵاتانی دراوسێ، وا به ئاسانی سه‌روه‌ریی خاکی هه‌رێم پێشێل ده‌که‌ن، وێڕای چالاکییه‌کانی په‌که‌که و پژاک، زاده‌ی ئه‌وه‌یشه، ساڵانێک پارتی و یه‌کێتی بۆ شکاندنی شکۆی یه‌کدی، هانایان بۆ داگیرکارانی کوردستان ده‌برد.
کورد نابێت هه‌ر باسی تاوانه‌کانی دوژمنانی بکات، پێویسته هه‌ڵه‌کانی خۆیشی له یاد بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌یان نه‌کاته‌وه. گوتنی ئه‌م ڕاستییانه، پاساو هێنانه‌وه نین بۆ تاوانه گه‌وره‌کانی به‌عس، یان وڵاتانی دراوسێ، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه که کورد ده‌بێت، دوژمنانی خۆی باش بناسێت و بیانووی قه‌لاچۆکردنی خۆی نه‌داته ده‌ستیان.
شتێک که هه‌ر له یه‌قین ده‌چێت، ئه‌وه‌یه، وه‌ک چۆن به درێژایی مێژووی دوور و نزیک، خه‌باتی چه‌کداریی کورد، به نسکۆ یان به ناپاکی ته‌واو بووه، خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی په‌که‌که و پژاکیش، هه‌مان داهاتووی ده‌بێت. به‌و ئومێده‌ی ئیدی خوێنی خه‌ڵکی کورد به فیڕۆ نه‌ڕژێت و ڕێگه‌ی دیکه‌ی خه‌بات ڕه‌چاو بکرێت، ڕێگه‌ی دوور تووڕهه‌ڵدانی تفه‌نگ و پشتکردنه شاخ، ئاخر له‌گه‌ڵ زه‌ریایه‌ک ڕێزمدا بۆ هه‌ر دڵۆپهخوێنێک که له سه‌روه‌ختی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا، هاتووه‌ته ڕژان، ئه‌وه لوتکه‌ی خۆفریودان بوو که ساڵانێکی دوورودرێژ وای بۆ ده‌چووین، ته‌نیا شاخه‌کان دۆستمانن.
30. 08. 2011
هه‌ولێر