
گووتاره سیاسییه‌کان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان
داخوازی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، که داخوازییه‌کی جه‌ماوه‌رییه، ناته‌با دێته به‌رچاو له‌گه‌ڵ زۆرێک له پڕۆژه‌و گووتاره سیاسییه‌کانی ئه‌مرۆی هێزو ڕه‌وته سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان. ئه‌مڕۆ له باشوور خاوه‌نی چه‌ندین گووتاری سیاسی کوردین. ئه‌م گووتارانه له په‌یوه‌ند به چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌نووسساز دژ به‌یه‌کن، له‌وانه مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک و ناوچه ڕزگارکراوه‌کان، پێشمه‌رگه، نه‌وت، فیدڕالیزم، ئێراقیبوون، کوردستانیبوون، ده‌وڵه‌تی یاسا، دیموکراسی …هتد. له ئێستا‌و داهاتووشدا بوونی چه‌ندین گووتاری سیاسی له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ڕێگری جیدی سازده‌که‌ن له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان. قسه لێره ئه‌وه نییه که ناکرێ چه‌ندین ڕه‌وتی سیاسی جیاواز له کوردستان بوونیان هه‌بێ، به‌س بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ سازبکرێ ده‌بێ یه‌ک ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بێ. بۆیه بوونی ستراتیژیکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو و ڕۆشن له باشوور بۆته مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ و چاره‌نووسساز، که له داهاتوودا جێگه‌ورێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دیار ده‌کا. به‌داخه‌وه، ئێستا ئه‌م ستراتیژه یه‌کگرتوو و ڕۆشنه بوونی نییه. ئه‌مڕۆ گووتاری نه‌ته‌وه‌یی و گووتاری ئیسلامی سیاسی و گووتاری ناوچه‌گه‌ری و پۆپۆلیزم بوونی هه‌یه، که هه‌ر یه‌کێکیان ڕوانینێکی جیاوازی له په‌یوه‌ند به سازکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان هه‌یه.
پێموایه ئه‌مڕۆ ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که ئه‌و گووتارانه بخڕێنه ژێر ڕه‌خنه و ڕۆشنایی تاکو خه‌ڵکی کوردستان به‌ئاگابن له‌وه که مه‌سه‌له‌ی چاکسازی و گه‌شه‌پێدانی دیموکراسی له کوردستان ناته‌با نییه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وه‌ک دیاریکردنی سنووری جوگرافیای کوردستان و چه‌سپاندنی ناسنامه‌ی کوردستانیبوون. مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش وه‌ک چاکسازی و گه‌شه‌پێدانی دیموکراسی له ئه‌وله‌وییاتی نه‌ته‌وه‌ی کوردن و مه‌سه‌له‌یه‌ک نین، که باسکردن و ته‌ئکیدکردنه‌وه‌یان وه‌ک موزایه‌ده‌ی سیاسی وێنابکرێن به بیانووی ئه‌وه‌ی که له ئه‌وله‌وییاتی خه‌ڵکی کوردستان نین. گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و پێشمه‌رگه و سنووری جوگرافیای کوردستان له ئه‌وله‌وییاتی نه‌ته‌وه‌ی کورد و خه‌ڵکی کوردستانن و چاره‌نووسی هه‌موو کوردستانی پێوه به‌نده، بۆ؟ چونکه له نهایه‌تدا کوردستانیبوون ناسنامنه‌ی هه‌موومانه و لێره‌شه‌وه پێویسته ئه‌م ناسنامه‌یه له رووحی هه‌ر تاکێکی کورد‌و کوردستانی بچه‌سپێنرێن و به‌ڕۆشنی دیاربکرێ که کوردستانییه‌کان ئێراقی نین، بۆ؟ چونکه مێژوو و سازکردنی ئێراق له بنچینه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای باڵاده‌ستی کولتوری و سیاسی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی‌تری ئێراق دامه‌زراوه. ڕاسته له ده‌ستووری ئێراقی دوای به‌عس تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ستکاری ناسنامه‌ی ئێراق کراوه، به‌س تاکو ئه‌مڕۆش زه‌مانه‌تێک نابینرێ که مه‌ترسیه‌کانی مانه‌وه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ئێراق بڕه‌وێنێته‌وه.
ئه‌مڕۆ سه‌رکردایه‌تی کورد باس له چه‌سپاندنی فیدڕالیزم له ئێراقدا ده‌کا، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م داوایه به شتێک که پێی ده‌وترێ واقعیه‌تی سیاسی. ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و واقعیه‌ته سیاسییه‌ی که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد باسی لێوه ده‌کا، بکه‌ین، ده‌بینین عه‌قلانییه‌تێک و لۆژیکێکی تێدایه، بۆ؟ چونکه له‌وێدا باس له‌وه ده‌کرێ که تۆ ده‌بێ هاوسه‌نگی هێزه‌کان له پێشچاو بگری و ئاگایی باروودۆخی ئاڵۆزی ئێراق و ناوچه‌که و به‌رژه‌وه‌ندییه جۆراوجۆره‌کان بیت، بێجگه له بوونی ناوچه ڕزگارکراوه‌کان و که‌رکوک و ئه‌مریکا و ده‌وره‌درانی کورد به هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که خۆشیان به کورد نایێت. هه‌موو ئه‌و باسانه زۆر عه‌قلانی و لۆژیک دێنه به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها لایه‌کی ڕوایه‌ته‌که‌یه. لایه‌که‌ی‌تری ڕوایه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر واقعیه‌تی سیاسیش له‌باربێت دیسان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێویستی به ئیراده‌یه‌کی سیاسی و جه‌ماوه‌ری هه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕابردووی خۆمان بکه‌ین ده‌بینین زۆر هه‌ل ڕێکه‌وتوون بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌س ئیڕاده سیاسییه‌که و گووتاری کوردی له ئاستی پێویستدا نه‌بووه. ڕاستییه‌که‌ی هیچ کاتێک نابێ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئامانجی خۆی ببه‌ستێته‌وه به واقعیه‌تی سیاسی، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه، بۆ؟ چونکه ئه‌گه‌ر ئامانج به‌سترایه‌وه به واقعیه‌تی سیاسی ئیتر به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ئه‌و ئامانجه ده‌بێته قۆناغ به قۆناغ، به واتایه‌کی‌تر زۆر به ئاسانی ده‌کرێ تۆ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی بگۆڕی به حوکمی زاتی یاخود ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه بیگۆڕی به‌شتی که‌متریش له‌مه، بۆ؟ چونکه ئه‌وکات ده‌یبه‌ستییه‌وه به واقعیه‌تی سیاسی به‌وه‌ی که باروودۆخ له‌بار نییه. ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین ده‌بینین داواکارییه‌کانی کورد له ئێراق وورده وورده به‌پێی واقعیه‌تی سیاسی له مافه کولتوورییه‌کان بۆ حوکمی زاتی و دوایی فیدڕالیزم گۆڕاوه. خۆ رووداوه‌کان سه‌لماندییان که ئه‌م قۆناغ به قۆناغ کردنه هیچ بنه‌مایه‌کی واقعی نه‌بوو. ئه‌وه‌ی ڕوویدا ئه‌وه‌بوو که هه‌ندێک ئاڵوگۆڕی ناوچه‌یی ئه‌م درووشمانه‌ی کرد به واقیع، وه‌ک ڕووخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و داگیرکردنی کوێت و هێرشه‌کانی یازده‌ی سپتێمبه‌ر 2001 …هتد. دیاره من مه‌به‌ستم له‌وه نییه که خه‌باتی کورد و خوێنی شه‌هیدان و سه‌کردایه‌تی کورد ڕۆڵیان نه‌بینیوه. بێگومان ئه‌گه‌ر خوێنی شه‌هیدانی کوردستان‌و هه‌موو ئه‌م قوربانیانه نه‌بوونایه ئێمه ئێستا له کوردستان ئه‌م واقیعه‌ی ئه‌مرۆمان نه‌ده‌بوو. باسه‌که‌ی من ئه‌وه نییه بۆیه هیوادارم که‌س هه‌ڵه لێم تێ نه‌گا، به‌ڵکو باسه‌که‌ی من لێره له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕووداوانه نه‌بوونایه ئایه ئه‌م ستراتیژه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی که کورد له‌دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، که خۆی له دیموکراسی بۆ ئێراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان قه‌تیس کردبوو، ده‌گه‌یشت به شوێنێک؟
به باوه‌ڕی من سێ فاکتۆری گرنگ هه‌ن که ده‌بێ هه‌ر ستراتیژیکی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ری گه‌ڵاڵه بکرێ. ئه‌وانه‌ش، دیاریکردنی ئامانج و ئاگایی له هاوسه‌نگی هێزه‌کان و ئیڕاده‌و ڕای جه‌ماوه‌ره. ئه‌مڕۆ ده‌بێ له باشووری کوردستان ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پاراستنی فیدڕالیزمی کوردستان، دیار بکه‌ین، بۆ؟ چونکه ئه‌گه‌ر فیدڕالیزم له ماوه‌یه‌کی نزیک که‌وته به‌ر مه‌ترسی، یه‌کسه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌ێنین، و ئه‌گه‌رنا له درێژماوه کار له‌سه‌ر بنیاتنانی بنه‌ماکان و هه‌موو پێویستییه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ین. خۆشبه‌ختانه ئه‌م ئاراسته‌یه له‌نێو سه‌رۆکایه‌تی کوردستان و به‌تایبه‌تی خودی سه‌رۆکی کوردستان ده‌بینرێ، به‌ڵام ده‌بێ زیاتر ڕۆشن و فۆڕمۆڵه‌کراو بکرێته‌وه بۆ جه‌ماوه‌ر. ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه ئه‌مڕۆ له کوردستان بوونی چه‌ند گووتارێکه که ئه‌م پڕۆسه‌یه نابیینن و یاخود ده‌بینن به‌س چه‌قی سیاسه‌تیان پێک ناهێنێ. بۆیه‌ش من پێموایه له ئاستی سیاسی و ڕۆشه‌نبیری ده‌بێ پاشه‌کشه‌ی جیدی به گووتاری پۆپۆلیزم و ناوچه‌گه‌ری و گووتاری ئیسلامی سیاسی بکرێ. بێجگه له ئیسلامی سیاسی، گووتاره‌کانی‌تر سوود له ڕووداوه‌کان و کار له‌سه‌ر تاکتیکی سیاسی و داواکارییه جه‌ماوه‌رییه کورتخایه‌نه‌کان ده‌که‌ن و خاوه‌نی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی نیین، بۆیه‌ش ووشیارانه ناجولێنه‌وه. ئه‌مانه ئاو له چه‌ند که‌مووکوڕییه‌ک ده‌خۆنه‌وه که بوونی واقعیان هه‌یه له کوردستان، وه‌ک گه‌نده‌ڵی، مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی و به ده‌زگایی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت. سه‌باره‌ت به گووتاری ئیسلامی سیاسی مه‌سه‌له‌که جیاوازه. ئه‌م گووتاره‌ش کار له‌سه‌ر تاکتیکی سیاسی و ڕووداوه‌کان ده‌کا، وه‌کو پۆپۆلیسته‌کان و ناوچه‌گه‌رییه‌کان، به‌س یه‌ک جیاوازی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ گووتاری پۆپۆلیزم و ناوچه‌گه‌ری که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌م گووتاره پڕۆژه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی هه‌یه بۆ خودی مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت و شه‌رعیه‌ت و به‌هاکانی که له کۆمه‌ڵدا ده‌بێ زاڵ‌بن. ئه‌م گووتاره پێیوایه که بیناکردنی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ له‌چوارچێوه‌ی مه‌رجعیه‌تی ئاینی بێ، هه‌ربۆیه بانگه‌وازی په‌ره‌پێدانی ووشیاری ئایینی له به‌رامبه‌ر ووشیاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌کا. لێره‌شه‌وه له به‌رامبه‌ر دروشمی ده‌وڵه‌تی کوردی، دروشمی”ئومه‌تی ئیسلام” به‌رزده‌کاته‌وه. تاکو ئه‌مرۆش له باشووری کوردستان بیری نه‌ته‌وه‌یی زاڵه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی به جیددی کاریان له‌سه‌ر نه‌کرێ، ئه‌وا ئه‌م که‌مووکوڕییانه بوار ده‌ره‌خسێنن بۆ ڕه‌وتی ئیسلامی که سوود له بێهێزبوونی وه‌فاداری خه‌ڵک له‌ڕووی سیاسییه‌وه بۆ نیشتمان وه‌رگرن، به‌جۆرێک ڕه‌وتی ئیسلامی پاشکۆیی کۆمه‌ڵی موسڵمانی کوردستان بۆ فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی ناسیۆنالیزمی ئیسلامی عه‌ره‌بی گه‌شه‌پێبدا، که ئه‌مه‌ش درزێکی گه‌وره دروست ده‌کا له ناسنامه‌ی سیاسی تاکی کورد و مه‌ترسی جیدیش ده‌بێ بۆ سه‌ر سازکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان. بوونی گه‌نده‌ڵی و ده‌زگایی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت دوو مه‌سه‌له‌ی زۆر جدین و چیتر قابیلی په‌رده‌پۆش کردن نین. ده‌بێ کاری جدییان له‌سه‌ر بکرێ. سه‌باره‌ت به دروشمی فیدڕالیش دیسان ده‌بێ ڕۆشنتر بکرێته‌وه که فیدڕالیزم له په‌یوه‌ند به داواکاری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له کوێ وه‌ستاوه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا مه‌سه‌له‌ی سازکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ته‌نها کارێکی سیاسی نییه، به‌ڵکو خه‌باتێکی فیکریشه. بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌بابوون ته‌نیا به خه‌باتی سیاسی و ئیداری و ڕێکخراوه‌یی ببه‌ستینه‌وه به‌بێ هاوته‌ریبی ئه‌وانه له‌گه‌ڵ کار‌و خه‌باتی فیکری بێجگه له یۆتۆپیایه‌ک هیچی تر نییه. ئاخر ئه‌وه قوتابخانه فیکرییه‌کانه رێگا بۆ ڕێکخراو و هه‌لسوراو و خه‌باتگێره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دیاریده‌کات.
به درێژایی میژوو و ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدابێ جیاوازی له مه‌سه‌له ستراتیژیه‌کان بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی دابه‌ش و بێهێزکردووه. ئه‌مڕۆ له هه‌موو کات زیاتر مه‌سه‌له‌ی سازکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان په‌یوه‌سته به بوونی ستراتیژێکی سیاسی یه‌کگرتوو و ڕۆشنی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕه‌وته سیاسی و ڕۆشه‌نبیرییه‌کانی کوردستان توانیان له ئاستی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیری فۆڕمه‌له‌ی ستراتیژیکی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆشن و یه‌کگرتوو و پڕۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی سازکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان بکه‌ن، باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه که له داهاتوویه‌کی نزیک ئه‌م ئامانجه دێته دی.