
دیوێكی دیكه‌ی حه‌كایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان
ده‌كرێ بگوترێ تۆماركردنی چركه جوان و ترسناكه‌كانی دنیای ئاڵۆزی یاده‌وه‌ری به‌دایساندنی حاڵه‌ت و له كه‌شوهه‌وایه‌كی فه‌نتازی و میتۆلۆژیدا دیارترین سیفات و خه‌سڵه‌تی ئه‌م ڕۆمانه بێ، فه‌نه‌ری یاده‌وه‌رییه‌كان له‌ڕێگه‌ی یادگه‌ی نائاگاییه‌وه هه‌ڵده‌كرێ و به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی شتگه‌ل و بوونه‌وه‌ری جیاجیا كۆمه‌ڵێك ڕووداوی پڕ خۆشی و ناخۆشی و دیمه‌نگه‌لێكی سه‌رده‌می منداڵی وه‌بیردێننه‌وه، به‌م جۆره كرده نۆستالژییهكان ڕوو له داڕژان ده‌كه‌ن و هێدی هێدی هێما میتۆلۆژییه‌كان دێننه ئاخافتن و سرووتگهلێكی ترسناكی ترسناكی خورافی ده‌خرێنه ڕوو، ئه‌گه‌ر دوورگه‌ی (سین)، سه‌ر به‌كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو پره‌نسیپی میتۆلۆژی و یۆتۆپی بێ، هاوكات خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری خهڵقهندهكانی به‌شێكی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنن، به‌تایبه‌تی كۆشك و ته‌لاری “كڕاڵا”و چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆیله‌كان.
( بۆ یه‌كه‌مجار، تابووتێك فڕێدرایه نێو ئه‌و تاكه ڕووباره بێكۆتاییه‌ی كهدوورگهی “سین”ی ده‌كرده دوو كه‌رتی یه‌كسان و هاوتاو هاوشێوه، به‌چه‌شنێك كه له‌به‌شێكی دوورگه‌كه‌دا گهڕابایت، وات ده‌زانی له‌به‌شه‌كه‌ی تردایت)..ئه‌ی هه‌ردوو كۆشكه‌كه‌ی “كڕاڵا” كه ده‌كه‌وێته پشت هه‌ردوو په‌رستگاكه‌وه، كۆشكی”كڕاڵا” له شانزه مناره‌ی به‌رز و هه‌شت ساختمانی بازنه‌یی پێكهاتبوو،…تاد
له‌ده‌ستپێكی ڕۆمانه‌كه‌وه هێماگه‌لێكی ته‌وراتی خۆی به خوێنه‌ر ده‌ناسێنێ، له‌وانه هه‌ڵدانی تابووتێك بۆ نێو ڕووباره بێكۆتاییهكهی دوورگه‌ی”سین”. كه ئاماژه‌یه بۆ تابووتی پیرۆز و نهێنی گه‌لێك له‌ڕێنماییه‌كانی بونیادنانی هه‌یكه‌لی دێرینی تێدا باسكراوه، هه‌روه‌ها چێكردنی”كه‌پره‌شینه”ی جووه‌كان له‌وه‌رزی پاییزدا، تا مڕازیان حاسڵا بێ، دواجار گۆڕینی ناوی كاراكته‌ری ڕۆمانه‌كه له”دارۆ”ه‌وه بۆ “مووسا”، یان به‌پێچه‌وانه‌وه..هه‌ندێ له‌هێما تهوراتییهكان به‌شێوه‌و شێوازێكی نوێ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه.. به‌تایبه‌تی تابووتی پیرۆز و سه‌رگوروشته‌ی”مووسا”ی په‌یامبه‌ر.. ئیتر تادێ كرده‌ی نووسین به‌شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی فه‌راهه‌مكردن و ڕه‌خساندنی كه‌شوهه‌وایه‌ك ده‌دا، تا له‌ڕێگه‌ی وه‌سفكردنی فه‌زا و بارودۆخی دوورگه خورافییهكانهوه هێزی چركه‌ساته نۆستالژییهكان له‌لای كاراكته‌ری سه‌ره‌كیدا بته‌قێنێته‌وه، بۆیه هه‌ست ده‌كه‌ین یاده‌وه‌رییه‌كانی “دارۆ-مووسا”، پانتاییه‌كی به‌رفراوان له‌جیهانی نۆڤڵێته‌كه داگیرده‌كه‌ن.. به‌تایبه‌تیش سهگوروشتهی باپیری دارۆ و زوڵم و سته‌می عوسمانییه‌كان و نووسینه‌وه‌ی كتێبه ئه‌فسانه‌ییه‌كه له‌لایه‌ن باپیرییه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین یاده‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی به‌له‌ز داده‌ڕژێن و كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی لێوڕێژ لهئولفهتی بهرائهتئامێز ده‌خه‌نه‌ڕوو ( تا له‌ڕۆژێكی هاویندا كا
تێك له‌سه‌ربانه گڵینهكهی ماڵی باپیره‌مدا كۆلارهم هه‌ڵده‌دا، داپیره‌م لهحهوشهكهوه هاواری لێكردم و گوتی”مووسا” ته‌پ و هوڕ مه‌كه، باپیرت لهژوورهكهدایه).. یان هه‌ڵڕشتنی بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می قوتابخانه‌و ڕه‌فتاری هه‌ریه‌ك له مامۆستایه‌كان،.. به‌ڵام كێ ئه‌و دوورگه ئه‌فسانه‌ییه‌ی دۆزیییه‌وه، ئه‌ی كێ “كڕاڵ”ی له‌شێوه‌ی دیكاتۆرێك پێگه‌یاند، تا نه‌وه له‌دوای نه‌وه حوكمڕانی ئه‌و دوورگه ئه‌فسانه‌ییه بكا.. ڕاسته –شه‌هموز- وه‌ك جه‌ربه‌زه‌ترین و سهركهشترین ده‌ریاوانێكی گه‌ڕۆك به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی دوورگه‌یه‌كی ئاوا ئه‌فسانه‌یی شه‌یدا و عه‌وداڵه، به‌ڵام –شه‌هموز- سه‌ر بهكڕاڵێكی تره‌و پێویسته پلانه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ بكا، ئه‌گه‌ر نا گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌حاڵه، واتا –شه‌هموز- كه دوورگه‌كه ده‌دۆزێته‌وه كۆڵۆمبسێكی سه‌ربه‌ست و ئازاد نییه، یان ڕێبوارێكی بوێر، به‌ڕێكه‌وت ئه‌و دوورگه‌یه‌ی دۆزیبێته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه هه‌مان شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات حوكمڕانی بۆ دوورگه‌كه ده‌گوازێته‌وه.. ڕۆمانی ( دیوێكی دیكه‌ی حه‌كایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان) كه له نووسینی “یوسف عزالدین رووف”ه تیایدا كرده‌ی نووسین زۆر به‌وردی له‌تایبه‌تمه‌ندیی دوورگه‌ی –سین- ده‌دوێ و له‌ڕێگه‌ی شێوازی واقیعیه‌تی سیحری و میتۆلۆژی گوزارشت له‌ڕووداو و شتگه‌ل و بوونه‌وه‌ره‌كان ده‌كا و هاوكات مۆركی گێڕانه‌وه و ده‌نگی كه‌سی یه‌كه‌م به‌رده‌وامی به‌هه‌ناسه‌ی نووسین ده‌به‌خشێ و چه‌ند به‌شێ له‌دیمه‌نه ترسناك و ئه‌فسانه‌ییه‌كانی تێكسته‌كه بهكهشوههوایهكی هێماكاری ده‌خرێنه ڕوو، به‌تایبه‌تی وه‌سفی شوێن و فڕنده و په‌له‌وه‌ره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كان، كاتێ شكڵا و شێوه‌و قه‌باره‌یان ده‌به‌زێنێ، یان وه‌سفی ڕووباره ئه‌فسانه‌ییه‌كان و دوورگه میتۆلۆژییهكهی-سین- چه‌ند مهفتهنگهلێكی سیحر ئامێزی ڕۆمانه‌كانی “ماركیز” مان دێننه‌وه یاد، هه‌روه‌ها دركاندنی سه‌رگوروشته‌ی “مووسا”ی خه‌ڵكی شاری –هۆرا- و گه‌یشتنی به دارستانه‌كانی چیای”زاگرۆ” و هه‌وڵی ده‌ربازكردنی كۆیله‌كانی دوورگه‌ی “جالۆ”و..یان ناوهێنانی كۆمه‌ڵێك شوێن و ده‌ڤه‌ری تری وه‌ك وڵاتی –كزر- و پردی –مرۆخ-و شارۆچكه‌ی –هاجوول- ئه‌مانه چه‌ندین شوێنه‌واری مێژووین و هه‌ندێكیان لهسیفرهكانی “ته‌ورات”دا ئاماژه‌یان پێدراوه و له‌زه‌مه‌نی نووسینی ئه‌م به‌رهه‌مه‌شدا بوونه‌ته به‌شێكی شاراوه‌ی شوێنه‌واره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی دوورگه‌ی –سین-، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت زه‌مه‌نی تێكست واته زه‌مه‌نی نووسینی ڕۆمانه‌كه، له‌ڕێگه‌ی كه‌ره‌سته‌گه‌لێكی دێرینی میتۆلۆژی و ڕووداو گه‌لێكی نۆستالژیدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه و هاوكات گێڕه‌وه به‌هۆی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه، زه‌مه‌نی گوتار پشتگوێ ناخا و گوزارشت له‌كێشه و مه‌رگه‌ساته‌كانی ئێستا ده‌كا، به تایبه‌تی ڕه‌فتاره توندوتیژ و نامرۆڤه‌كانی كڕاڵهكانی سه‌رده‌م و له‌خشته‌بردن و چه‌وساندنی مرۆڤه ساده و بێتاوانه‌كان.. ئیتر له‌و دیو تێكستی حه‌كایه‌ته نهنووسراوهكاندا، هاڵاوی ئاگرێكی بڵێسه‌دار هه‌س و په‌یوه‌سته بهساتهوهختهكانی عیشقی –نه‌وا-ه‌وه.. –دارۆ- به‌م شێوه‌یه وه‌سفی ڕووخساری –نه‌وا- ده‌كا:( ڕهشپێستێكی قژ لوولی چوار شانه‌ی باڵا به‌رزی لچ ئه‌ستوور بوو، قامكه‌كانی گه‌وره و درێژ و قه‌وی بوون، چاوه‌كانی كز و گچكه و پووكاوه بوون، جگه له‌وه‌ی تیل بوون.. ڕیزێ ددانی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی تاقم و ڕیزهكهی خواره‌وه‌شی چه‌ند ددانێكی لێ ده‌ربچێت، زه‌رد و كلۆر و ڕه‌ش داگه‌ڕاو بوون.. ئه‌و تاقانه‌ی داك و بابێكی هه‌ژار بوو، كه به‌بنه‌چه ده‌چوونه‌وه سه‌ر ئه‌و خێڵه‌ی كه به‌ناچاری پێش چل په‌نجا ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پاش ئه‌وه‌ی ماڵ و حاڵیان هه‌ڕاجكردن، بۆ هه‌تا هه‌تایه به‌شێكی زۆریان شاریان جێ هێشت).
-نه‌وا- زاری ههڵهینا و گوتی: ( كه‌منداڵ بووم، باوكم له‌ده‌ستپێكی هه‌موو پاییزێكدا، به‌چرپه بانگی ده‌كردم و ده‌یگوت: وه‌ره باپێكه‌وه كه‌پره شینكه چێ بكه‌ین، به‌ڵام لای كه‌س باسی نه‌كه‌یت، باشه كچی خۆم)…( پاش به‌سه‌رچوونی ساڵێك له پێوه‌ندیمان كهقهوول بوو وه‌ك هه‌موو ڕۆژێك له‌كات و شوێنی دیاریكراودا، ئاماده بێت، له‌په‌نا دره‌ختێكدا چاوه‌ڕێی بووم، كه‌چی نه‌هات؟!! پاش ساڵانێكی دوور و درێژ، به‌دار تێلی یه‌كێك له‌شه‌قامه لاچهپهكهكانی شاره‌وه پۆسته‌رێكی هه‌ڵواسراوم بینی، كه ناو و وێنه‌ی ئه‌وی پێوه بوو، هێنده‌ی له‌سه‌ر نووسرا بوو: ( نه‌وا.. له‌ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی مانگی گه‌ڵاڕێزانی ساڵی لافاوه گه‌وره‌كه‌دا له‌شاری به‌غدا له‌سێداره درا).
هه‌ندێ جار یاده‌وه‌رییه‌كان به‌دوور و درێژی ده‌گێڕدرێنه‌وه وخوێنه‌ر له‌فه‌زا ئه‌فسانه‌ییه‌كانی دوورگه‌ی –سین- داده‌بڕێ و خه‌ریكه هه‌ژموونی لێشاوی یاده‌وه‌رییه‌كان لهسیحرییهت و گه‌رموگوڕی ده‌قه‌كه كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و مۆركی واقعییه‌ت به‌زه‌قی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌پێنێ.. شایانی باسه ده‌قی –دیوێكی دیكه‌ی حه‌كایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان- به‌شێوازی واقیعی و سیحری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا چه‌ندین جۆره ته‌یر و تواڵا و جڕ و جانه‌وه‌ر و ده‌عبا و ئاژه‌ڵی كێوی ده‌كات، له‌وانه: قومری و كوكوختی و كونده‌په‌پوو و حه‌وت ڕه‌نگیله و په‌پووسلێمانكه و كۆتری حاقوو…یان ڕه‌نگی جیاواز جیاوازی شیعریی فانتازیی به‌هه‌ندێ لهجانهوهرهكان ده‌به‌خشێ، له‌وانه ژیشكی سپی و سمۆره‌ی ڕه‌ش.. به‌تایبه‌تی كاتێك وه‌سفی ڕاڕهوهكهی پشت ژووری كڕاڵا ده‌كات، دیمه‌نه‌كه مانه‌ندی تابلۆیه‌كی تۆقێنه‌ر.. كه‌شوهه‌وای تاقیگه‌ی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یت بیر ده‌خاته‌وه:( ڕاڕه‌وێكی تابڵێی دوور و درێژ و پان هه‌بوو، كه له زۆر شوێندا حه‌وزی تایبه‌ت به‌ماسی عه‌جایب و شووشه‌ی سه‌رداخراوی پڕ له دووپشك و مار و قرژاڵا و مشكی سپی و ڕۆبیان و كرمی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ و لوولپێچ دانرا بوو.. بێجگه له شووشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی پڕ له‌سه‌ره مێكووته، كهخرابووه سه‌ر مێزێكی به‌رز،.. وێڕای مامه‌ڵه‌كردنی پرۆسه‌ی نووسین له‌گه‌ڵا چه‌ندین چه‌شنه گوڵا و ڕووه‌ك و گژ و گیای ده‌گمه‌ن و ناوازه كه له دوورگه‌ی –سین-دا و له ڕۆخ ڕووباره سیحراوییهكهدا به‌رچاو ده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتنی تێكست له دنیای مۆمیا و خه‌واندنی موگناتیسی و چه‌ندین جۆره داب و نه‌ریتی ناوچه‌كانی گه‌رمیان، نه‌خوازه‌ڵڵا هه‌ندێ لایه‌نی خه‌یاڵا و فه‌نتازیا ئامێزی حه‌كایه‌ته‌كانی گوێ ئاگردان، وه‌ك له‌ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه : ( داپیره‌م پێش گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر حه‌كایه‌تێك، فهقێیانهكهی توند ده‌كرده‌وه‌و مێخه‌ك به‌نده‌كه‌ی ملی بۆن ده‌كرد و فێسهكهی سه‌ری ڕاست ده‌كرده‌وه.. پاشان پریاسكه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا، كهپڕ بوو لهموورووی عه‌جایب و چه‌ندین پارچه زێڕ و زیو و یاقووتێك كه به‌درێژایی ساڵانی ته‌مه‌نی كۆی كردبوونه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی كه له سه‌ر ده‌سته‌سڕێكی ئاوریشمینی گوڵ گوڵی هه‌ڵیده‌ڕشتن… سپییه‌كان موورووی ڕزق و زه‌رده‌كه‌یان موورووی به‌خته‌وه‌ری و شینه‌كه‌یان موورووی چاوه‌زار و ڕه‌شه‌كه‌یان موورووی ئه‌قڵا و قاوهییهكهشیان موورووی ته‌مه‌ن درێژی بوو).
ئیتر دیوێكی دیكه‌ی ڕۆمانه‌كه، یان ئه‌و دیوی حه‌كایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه به جه‌ور و سته‌مێك ده‌دا كه سه‌رتاسه‌ری ژیانی مرۆڤایه‌تی داگرتووه و كڕاڵهكانیش كاریگه‌رترین سه‌به‌بكاری ئه‌م مهرگهساتهن، ئه‌وان نه‌وه‌ی نه‌وه دوای نه‌وه، دێن و به‌رده‌وامیی به‌م كاره‌ساته هه‌مه‌جۆرانه ده‌ده‌ن و مرۆڤه ساده و بێگوناههكانیش هه‌میشه و به‌رده‌وام ده‌بنه سووتوو و خۆڵه‌كه‌وه‌ی ئامانجه بێهوودهكانی كڕاڵه سته‌مكاره‌كان و تادێ كاراكته‌ره‌كان دووچاری جۆرێك له‌نیگه‌رانی و ڕاڕایی دێن، هه‌تا كاهینی په‌رستگه‌كانی دوورگه‌ی –سین- له‌ناخ و گیانڕا دژی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی كڕاڵا ده‌وه‌ستن و ناڕازین لهكردهوه ناله‌باره‌كانی، نه‌خوازه‌ڵڵا له چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆیله و سۆزانییه‌كان.. یان ئه‌و ئافره‌ته شه‌نگانه‌ی به زۆره ملێ موماره‌سه‌ی سێكسیان له‌گه‌ڵا ده‌كرێت و هه‌ندێ جار هه‌وڵی خۆ ده‌ربازكردن ده‌ده‌ن.. بۆیه كاراكته‌ری سه‌ره‌كی تێكسته‌كه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵا چركه خۆشه‌كانی یاده‌وه‌ری ده‌ژی، واته سه‌رتاسه‌ری گیانی بۆته پارچه‌یه‌ك له نۆستالژیا و به‌تایبه‌تیش یاده‌وه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵا –نه‌وا- و ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی له‌گه‌ڵ باوك و باپیره‌ی له‌بازاڕی شار و شارۆچكه‌كانی گه‌رمیان ده‌سووڕانه‌وه و بازاڕی ئاسنگه‌ر و زه‌ره‌نگه‌ڕ و ورده‌واڵه فرۆشه‌كان… ئه‌و ئولفه‌ت و هۆگرییه جۆرێك له ئاسووده‌گی پێ ده‌به‌خشێ و هه‌ست ده‌كا.. تا دێ ساته وه‌خته به‌خته‌وه‌رییه‌كان له‌ده‌ست ده‌چن و ژیانیش ده‌بێته دۆزه‌خێك له ئاگره‌كانی زوڵم و سته‌م.. كه‌واته له‌و دیو تێكستی حه‌كایه‌ته نهنووسراوهكاندا، زه‌مه‌نێكی ونبوو و له‌ده‌ستدراو هه‌س، كه سه‌ر به سه‌رده‌می منداڵی “مووسا-دارۆ”یه و به‌شێكی ته‌واوی چركه‌ساتی خۆشی و ئارامی و دڵنیایی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
خوێندنه‌وه‌ی: هاشم سه‌ڕاج
ناوی كتێب: دیوێكی دیكه‌ی حه‌كایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان
بابه‌ت: ڕۆمان
نووسینی: یوسف عزالدین
چاپ: چاپخانه‌ی شڤان
چاپی یه‌كه‌م: سلێمانی/2006
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له گۆڤاری-ڕامان-ی ژماره-116-دا بڵاو بۆته‌وه.