Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
چەند بەشێک لە دەقی یادەوەری …  سدیق عەلی

چەند بەشێک لە دەقی یادەوەری … سدیق عەلی

Closed
by December 17, 2011 ئەدەب


یەکەم

ساڵ (1999)یە
لە تەنیشت دڵناییەوە دانیشتوم
دەستم کردۆتە ملی ئومێد
تۆ بە بەر دەرگای شعورمدا رەت دەبیو
بە پشت ئاواییەکانی تەنیاییمدا
تێدەپەڕی
تۆ سەفەر دەکەیو
ئیدی نایەیتەوە
لە بنمیچی دیوارەکاندا بۆ عەشق بگەڕێی
لە سوچی کۆڵانەکاندا شعر بدۆزیتەوە
نایەیتەوە دەستەکانت پڕ کەی لە هەتاو
دەموچاوت تەڕکەی بە روناکی
ماڵەکەم لە مەراق بئاخنی

دووەم
عەسرێکی گەرمی ئەوساڵە
تۆ لە دەرگای ئێمەدا
گۆزەکان پڕ دەکەی لە شەرمو
منیش کۆڵانی ئێوە بە شعر تەڕ تەڕ دەکەم

سێیەم
بەیانیەکی  هەمان ساڵ
هەتاو چنگ لە پەنجەرەکەم گیر دەکا
دوکەڵ بەدیوارەکاندا دەڕژێ
ژنانی گەڕەک
بە باوەش تاریکی دەخەنە پشت دەرگا
کچانی گەڕەک پر بەچنگ روناکی لە کۆڵان پەرت دەکەن
تۆ بەرەو ئاوابون دەکشێی
منیش ترسم هەیە پیر بمو نەگەمەوە ماڵ
دەترسم رێگاکان دابخەن
شعرەکانم فڕێ بدەن
جلەکانم بکەنە بەری رەشەبا
شتێک نەهێڵن بەناوی (من)

چوارەم
کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ
پیاوێک بە عەلاگەیەک جنێوی تاڵو
شوتیەکی شیرینەوە دەگاتەوە ماڵ
ژنێک بە بە بوخچەیەکی پڕ بەڵێنی کۆنو
جانتایەکی پڕ دڵشکان
کۆڵان پڕ دەکا لە تەنهایی
 منداڵێک بەردی نەفرەت دەگرێتە پەنجەرەکانی
ئایندە
غەدر بەو گوزەرەدا رێچکە دەگرێ
ستەم بە سوانەی ماڵەکاندا دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە خوار
دەرگاکان بە ئەسپایی یەکتر دەکەنەوە
پەنجەرەکان بە پەلە یەکتر دادەخەن
ئەوەی لەنێوانماندا هاوبەشە
هەردوکمان بۆنی تەماتەی برژاومان بۆ دێت
هەردوکمان هەتاو لەبەر دەکەین
لەسەر تاریکی دەخەوین
هەردوکیشمان گوێ نادەینە ئایندەی (من)

پێنجەم
لە پشت وێرانبونی ئاواییەکانی عیشقدا
ماڵێک بار دەکاتو گەڕەک ناخرۆشێ
شار جلی رەش لەبەر ناکات
ماڵێک لێرە نامێنێتو
کەس سەرژمێری ئەستێرەکان ناکاتەوە
کەس نازانێ دڵۆپە بارانەکان لە کورتیانداوە یان نا
دوای ئەوە کەس نازانێت
دەریا قوڵتربووە یان تەنک تر
بەفر سپی تر دەچێتەوە
یان بێڕەنگتر دادەبارێ

شەشەم
بیرمە وتیان بەس مەچۆ
رۆیشتن لە فەرهەنگەکاندا توڕ دەدەین
رووبار گۆشاو گۆش سەردەبڕین
خوێنی جۆگەلەکان دەخەینە کاسەوە
ناهێڵین جارێکی تر شەو بەسەر کۆَڵانەکەتاندا ببارێ
وتیان مەڕۆ
ئیدی رێگە بە وەرینی گەڵایەک نادەین
دەبێ تا ئەبەد پەپولەیەک بە دەوری پەنجەرەکەتدا بخولێتەوە
مەرگ لەم شارە دەردەکەین
پیری لە هەڵدێرەکانەوە دەخەینە خوار
مەڕۆ
لەبەردەم دەرگاکەتاندا گۆرانی دەڕوێنین
شیعر سەوز دەکەین
عەشق ئاو دەدەین
جریوە لە پاساریەکان داگیر دەکەین
شەڕگەکان پڕ پڕ دەکەین لە ماریفەت
لەبەر تۆ دەستمان دەچێتە خوێنی شمشێر
چەکەکان بە دیلی دەکوژین
دڵمان دێت
تا دوکەڵ گەرەکیەتی
ئاگر بپۆشین دوکەڵ بنێینە سەر
 
حەوتەم   
نیوەشەوێکی سارد
لەو سەری شارەوە
شەڕ دەست پێدەکاتەوە
شەڕی نێوان دوو حزب
نێوان دوو گەڕەک
شەڕی نێوان منو شەڕ
منو من
شەڕی نێوان منو تەنیایی سەر هەڵدەداتەوە

هەشتەم   
پاساریەکان
جریوەکانیان توڕ دەدا
کۆترەکان گوێیان بۆ گمەکانی یەکدی نەدەگرت
رووبار هاژەی دەخستە ئاو
ئاگر کڵپەی ئاگر دەدا
گۆرانیەکان پەنجەیان دەخستە گوێیان
رەشەبا گڤەکانی دەڕفاند
ئەو دەمەی دەنگی تۆ دەهات

نۆیەم
دەبێ ئێستا لە سوچی کام گۆرانیدا پاڵکەوتبی
لە قافیەی کام شیعردا بکەویە خوار
لەکوێی تەنیایی مندا ببی بە دێباچەی عەزاب
دەبێ ئێستا لەکوێی زەمەندا
جانتاکەت پڕکەی لە ترس
قۆَڵ لە تاریکی هەڵماڵی
دەست لە شەوەزەنگ هەڵکێشی
دەرگا بەسەر باراندا قفڵ بدەی
دەبێ ئێستا گڕی کام چرا بەخۆت دابدەی
لەگەڵ کام دێرەی دوکەڵدا خەو بتباتەوە
بە چ پەیڤێ هەواڵی هاتنی بەیانیت پێ بدرێ
دەبێ ئێستا تریفەی کام یادەوەری
لە پەنجەکانت بئاڵێ
چۆلەکەی چ ئومێدێک لە درەختی شعورت بنیشێ
پەنجەرەی چ میحنەتێک
واڵا بکەی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.