له ده‌لاقه‌ی وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كاندا
پێش باس ، پێوسته راگوزهرێ ، به نێو دونیای شیعردا بكه‌ین ، یاخود ئه‌شێ له‌و پرسیاره‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ئایا ژیان به بێ شیعر چ واتایه‌كی ده‌بێ .ئایا جوانیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات؟ بێ گومان تا رۆژگاری ئه‌مڕۆمان كۆمه‌ڵێك پێناسه ولێكدانه‌وه‌ی جیا جیا و قه‌شه‌نگ بۆ شیعر كراوه، هه‌ر كه‌سه و به‌پێی تێگه‌یشتن وچێژوه‌رگرتن وروانگه‌ی خۆی، وه‌سفی باڵای هه‌ڵكشاوی ئه‌م ژانره گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌كان كۆنترین ده‌قی ئه‌ده‌بی بۆ ده‌قی شیعری ده‌بنه‌وه، واته شیعر له‌پێش پهخشانیشهوه هاتۆته بوون، ئه‌وه‌تا جوان ناسێكی وه‌ك “بندتۆ كرۆتشه”ی ئیتاڵی 1866 ـ 1952 سه‌باره‌ت به پێویستی شیعر وبناغهكانی نهشونوماكردنی وپه‌یوه‌ندی به سه‌رتای بیری مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت: (… له دایك بوونی شیعر، ئه‌نجامی رابواردنێكی خۆش، یان ئاره‌زوویه‌كی كاتی نه‌بووه، به‌ڵكو پێویستیه‌كی سروشتی بووه، زۆر دووره له‌وه‌وه كه به شتێكی زیاد له‌سك دابنرێ وشیاوی گۆڕكردن وچزكردن بێ، چونكه یه‌كه‌مین هه‌ڵسوكه‌وتی بیری مرۆڤایه‌تیی یه. مرۆڤ به‌ر له‌وه‌ی بگاته قۆناغی دروستكردنی شته گشتیه‌كان، له ناخیدا بیروڕای خه‌یاڵاوی دروست ئه‌كرد، واته به‌رله‌وه‌ی بتوانێ قسه بكا، گۆرانی ده‌وت، پێش په‌خشانیش شیعری وتووه، وبه‌ر له‌وه‌ی ده‌ربڕینی هونه‌ری به‌كاربهێنێ، ئیشاره‌تی به‌كار هێناوه….)
هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی روبێر(Robert) شیعر به‌م شێوه‌یه پێناسه‌كراوه: (هونه‌ری زمانه، به‌گشتی په‌یوه‌سته بهكێشهوه، مه‌به‌ستی گوزارشتكردنه له‌شتێك، یان ئاماژهپێكردنیهتی، كهرهستهكهشی ئاوێزان بوونی وشه‌كانه” تیایدا ریتم وهاوئاهه‌نگی و وێنه، گرنگیان وه‌ك گرنگی ناوه‌ڕۆكێكی شایسته، یان زیاتریشه). له‌م پێناسه‌یه‌دا به‌های روخسار وناوه‌ڕۆك له پرۆسه‌ی شیعریدا، هه‌ردوكیان گرنگیان پێدراوه وتا راده‌یه‌كیش لایه‌نی روخسار په‌سندتر كراوه” كه سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی تێدا ده‌ستنیشان كراوه: زمان ، و مۆسیقا، و وێنه، پێكه‌وه ئیستاتیكای ده‌قی شیعری بنیات ده‌نێن. پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ی شیعر، كه له‌لایه‌ن شاعیری گه‌وره‌ی داغستانی” ره‌سوڵ هه‌مزاتۆف” كراوه به‌م شێوه نایابه وه‌سفی شیعر ده‌كات: ” به بێ شیعر جوانیی، نهێنی وسیحری خۆی ده‌دۆڕێنێت. چیاكان به بێ شیعر، ته‌نها كۆمه‌ڵێك به‌ردی له‌سه‌ر یهككهوتون، خۆریش ته‌نها لاشه‌یه‌كی ئاسمانییه، كه پڕیه‌تی لهوزهی گه‌رم. گۆرانی باڵنده‌كان ته‌نها هاواری نه‌فسێكه بۆ نه‌فسێكی تر، ترپه‌كانی دڵ، ته‌نها ده‌وره‌یه‌كی خوێنی خێران. به دڵنیاییه‌وه، ئازار هه‌یه، خێر وتوڕه‌یی، به‌زه‌یی وناسكیی، هه‌موو ئه‌م هه‌ستانه له شیعره‌وه دروست ده‌بن وشیعریش له‌مانه‌وه دروست ده‌بێت”.
ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه‌ش، كه له‌به‌ره‌به‌یانی شارستانیه‌تی چه‌رمووه، مرۆڤه‌كانی، خۆڕاگرانه، درێژه‌یان به ژیان ومهرگهساتهكان داوه، هه‌روه‌ك هه‌میشه قوربانی شاڵاو په‌لامار ونههامهتیهكانی دوژمنانی كوردبوونه، دواترین و گه‌وره‌ترینیان شاڵاوی به‌ربڵاوی ئه‌نفال بوو، كه هه‌رزان روحی مرۆڤی كوردی له‌م ده‌ڤه‌ره چنیه‌وه، ئه‌نفال بوو به و كابوسهی ده‌یان شاعیری په‌ڵكیشی ناو زامه به سوێیهكانی خۆی كرد، له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌ستم برد بۆ ژانه‌كانی شاعیرێكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌م، به پێوێستم زانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیانه بۆ دوو ده‌قی شیعریی له باخچه‌یی گوڵزاری شیعره‌كانی برای شاعیرمان (فریاد شوانی ) بكه‌م، ئه‌وه‌ی هانی دام بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه ساده‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه فریاد شوانی خۆی شاعیرێكی ساده‌و ماندووه له هه‌مان كاتدا تا هه‌نووكه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئهدهبیانهم به‌ر چاو نه‌كه‌وتووه،كه له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌م هۆزانڤانه ئه‌نجامدرابێت . ئێمه‌ی گه‌رمیانی هێنده نه‌گبه‌تین، له پاڵ نه‌هامه‌تیه‌كانی دیكه‌مانه‌وه، هاوریَِكانمان له‌یاد ده‌كه‌ین و بایه‌خه‌یان پێناده‌ین ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بێژم كه سنووری كه‌ركوك ـ چه‌مچه‌ماڵ ـ شوان ـ قه‌ره‌هه‌نجیر ـ جه‌باری وقادركهرم…..هتد ژماره‌یه‌ك شاعیری جوان خاس و شیعر دۆزی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه، كه ده‌كرێت له ئاینده‌د، ئه‌وانیش ئاوڕیان لێبدرێته‌وه. فریاد شوانی، له‌ساڵه‌كانی 1985 وه ده‌ستی به شیعر نووسین كردووه، زیاتر له پێنچ نامیلكه شیعری به چاپ گه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه نمونه‌ن یان خاستر بێژم كه دوو ده‌قه شیعری نێو نامیلكه شیعری (وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان)ه .كهدهقێكیان هه‌ر به ناوی (وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان )ه‌وه‌یه ، دووه‌م ده‌قیش به ناوی(عاشقێكی غه‌ریب) كه له‌م نامیلكهیهدایه خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین.
ئاخۆ فریاد شوانی له‌وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان” دا چێمان پێده‌ڵێت؟ وێڕای ئه‌وه‌ی له‌م شیعره‌دا، به‌سه‌رهات ورووداوی كۆستی گه‌وره‌ی ئه‌نفالمان بۆده‌گێڕێته‌وه، لایه‌نه شاراوهكانیشی له چوار چێوه‌ی خه‌یاڵی خۆیدا وێنا ده‌كات ، له هه‌مان كاتدا، خه‌مێكی ئینسانی ونه‌ته‌وه‌یی ده‌رده‌بڕێت، ده‌یه‌وێ ویژدانه‌كان، ببزوێنێ، له ئاستی كاره‌ساتێك كه به‌سه‌ر هاونیشتمانیه‌كانی هاتووه، به تایبه‌ت كه خۆی له ناو به‌شێكی به‌ر فراونی ئه‌و پانتایییه‌دا، ده‌ژی كه پرۆسه‌ی ئه‌نفالی تیا ئه‌نجام دراوه، شاعیر له‌به‌رده‌م هه‌یه‌جانی ئاپۆڕای ته‌رمه‌كاندا ده‌وه‌ستێت ، و ده‌ڵێت:
ئه‌م كاروانی ته‌رمانه بۆكوێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن
ئه‌مه ته‌رمی منداڵێكه له‌تێك نان له ناو له‌پیا
وه‌ك جه‌سته‌ی خۆی ره‌ق هه‌ڵهاتوه
شاعیر لێره‌دا جگه له توڕه‌یی ناخی خۆی وه‌كو كوردێك ، له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌كو شاعیرێك وێنای توڕه‌بوونی تهرمهكانیشمان ده‌خاته پێش چاو : (بۆ كوێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن) هه‌روه‌ها له ناو قوربانیه‌كان وێنه‌ی حاڵه‌تی برسێتی منداڵیكمان نیشان ئه‌دات ، وه‌ك ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌ی جه‌لاده‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌نفالكراوه‌كان، له‌وپه‌ڕی بێ به‌زه‌یدا بوونه، ته‌نانه‌ت بۆ منداڵه‌كانیش، بۆیه شاعیر كۆنتاكتێكی ئهبستراكتمان بۆ به‌یان ده‌كات، له‌وانه‌یه ئه‌و منداڵه به خه‌ونی له‌تێك نانه‌وه گیانی سپادربێ، بۆیه رهقبونهوهی جه‌سته‌ی به حاڵه‌تی رهقبونهوی (نانه ره‌ق) ده‌شوبهێنێ. له دێڕی دواتردا ده‌ڵێت:
ئه‌وه ته‌رمی شاعیرێكه به سه‌ر شیعرێكه‌وه
گیانی ده‌رچووه
فریاد دیسانه‌وه گریمانهیهكمان ده‌داتێ، كه له ناو ته‌رمه‌كاندا، شاعیرێك، به‌ر له‌وه‌ی ژیانی لێ زه‌وت بكرێت و له زێدی خۆی نه‌فی بكرێت ئه‌م هۆنراوه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه . به‌ڵام ئه‌فسوس شاڵاوی ره‌شی ئه‌نفال شیعر‌و خه‌ون و جوانیه‌كانی له بیابانه‌كانی باشووردا زینده به چال كرد، كه‌م نه‌بوون ئه‌و بڕگه و دێڕه هۆنراوانه‌ی به قه‌د دیواره‌كانی به‌ندینخانه‌ی نوگهره سهلهمانهوه، كه به خامه‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان نووسرابوون، گه‌واهیده‌ری ئه‌م قسانه‌شمان شیعرێكه به ناونیشانی (هه‌تاكو مردن كوردم) له‌قه‌د دیواری به‌ندیخانه‌كه ههڵكۆڕابوو. (شایه‌تحاڵه‌كانی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق وێنه‌ی ئه‌م شیعره‌یان گرتووه).
له ئاماژه‌یه‌كی تردا، شاعیر چیرۆكی عشقێكی پێش تهرمبوون وپاش بوون به ته‌رممان ، بۆ ده‌گێڕێته‌وه:
ئه‌مه ته‌رمی كچێكی چوارده ساڵه
هێشتا له خوێندنه‌وه‌ی نامه‌ی عشقهكهی نه‌بووه‌ته‌وه
“فریاد” له‌پشت دڕنده‌یی ئاكاری جه‌لاده‌كانه‌وه ، نموونه‌یه‌ك له‌و هه‌زاران عاشقهمان به بیر ده‌هێنێته‌وه ،كه لێوان لێوبوونه، له خۆزه‌گه وخه‌ونی ئه‌رخه‌وانی ، به‌ڵام شاڵاوه كانی ئه‌نفال خۆیان وخهونهكانیانی له‌گۆڕنا.
له به‌ارمبه‌ر گه‌وره‌یی كۆسته‌كه، شاعیریش توڕهبونهوهكهی ههڵدهكشێنێت به‌روه ئاسمان وده‌ڵێت:
ئه‌مه‌ش ته‌رمی ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌نجه
وا به باوه‌شی ئاسمانه‌وه هه‌نسك ئه‌دا
شوانی” لێره‌دا زۆر شاعیرانه،به دوو وێنه‌ی شیعریی جوان ئاشنامان ده‌كات .(ئه‌ستێره‌یه‌ك له باوه‌شی ئاسمانه ،و ئاسمان ئه‌ستێره‌یه‌كی له باوه‌ش گرتووه…) ، ته‌رمی گه‌نجێك له وێنه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كدا، كه ئاسمان له باوه‌شی گرتووه، به‌ڵام ئه‌م گه‌نجه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئاسمان بۆی بووه به باوك ، هێشتا زیزهو ژیر نابێته‌وه ، لێردا به‌و پێودانگه‌ی دوای حاڵه‌تی گریان هه‌نسك ئه‌دات، كهسیفهتێ ئه‌به‌خشێ بۆ ده‌ستنیشان كردنی ته‌مه‌نی ته‌رمی ئه‌و گه‌نجه(ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌نجه) كه پێده‌چێ مێرد منداڵ بوو بێ، بۆیه ئه‌م مێرد منداڵه ئۆقره‌ی لێبڕاوه وته‌نانه‌ت ئاسمانیش ناتوانێ ئارامی بكاته‌وه ، شاعیر گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئهوقهدهری خودا بۆی نوسیبوون،…! ڕه‌نگه ئاسمان لای شاعیر ره‌مزێك بێ بۆ ناوی خودا. به سانایی ئه‌توانین ئه‌و تابلۆییه به‌دی بكه‌ین، (مێردمنداڵیك له باوه‌شی باوكیا، چی جیاوازیه‌كی نیه، له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌نج له‌باوه‌شی ئاسماندا)، بۆچی ئاسمانمان به باوك له‌قه‌ڵه‌م دا؟ چونكه وه‌ك وترواه زه‌وی به‌و پێیه‌ی ئه‌زێ مێ یه، ئاسمانیش نێره وبارانئاو ئه‌كات به‌سه‌ر زه‌ویدا.
شاعیر له دوا هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌ت وشینی ناخی خۆیدا، خودی خۆی له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كان یه‌كسان ده‌كاته‌وه،و ده‌ڵێت:
ئه‌مه‌ش ته‌رمی تۆیه وئه‌مه‌ش ته‌رمی منه
وام به باوه‌شی ته‌رمی نیشتمانه‌وه شین ده‌گێڕم
شاعیر لیرَهدا موخاته‌به‌ی ته‌رمێك ده‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ی ناسیاوی بێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست وسۆزی شاعیر جێهێشتوه، كه ئه‌شێ روفاتی منداڵێك بێ یا له‌م بابه‌ته… شاعیر جگه له‌وه، به ته‌رمی ئازیزهكهكهی ده‌ڵێ: منیش جیاوازیه‌كم له گه‌ڵ تۆدا نیه، منیش ئێستاكانه له حوزروی تۆدا ته‌رمم، پێویسته باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین ، “ته‌رم” لای شاعیر وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به كارهاتوه بۆ زیاتر له‌چه‌ند ده‌لاله‌تێك، بۆ نمونه كاتێك ده‌ڵێ:
(وام به باوه‌شی ته‌رمی نیشتمانه‌وه) ئه‌و نیشتمانی لا وه‌كو ته‌رمێكی، بێ گیان، و ره‌نگ بزڕكاو وراكشاو، دواجار ده‌ڵێت : من له‌و باوشهم كه بۆ خۆی ته‌رمێكی ئه‌زه‌لیه.
له شوێنێكی دیكه‌دا، شاعیر ئه‌نفالمان به رۆژی حه‌شر بۆ ده‌شوبهێنێت وده‌ڵێ:
ئه‌مه رۆژی حه‌شه‌ره یا رێپێوانی ته‌رمه‌كانه
وا به‌م شێوه‌یه جیهانێكیان له كه‌لله سه‌ر دروست
كردوه ؟
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست له جیهانێك، واته (دونیایه‌كی كش ومات له ئێسك وپروسك)، شاعیر دوای پێشوازیی له رێپێوانی ته‌رمی ئازیزه‌كانی و شین گێڕان بۆیان ، دێت و پرسیار رووبه‌رووی جه‌لاده بێ بهزهییهكانیان ده‌كاته‌وه‌و ده‌پرسێ :
ده‌بێت گوناهیان چیبێت
وا به‌م شێوه‌یه ئه‌تك كراون؟
له نیوه دێڕی دووه‌مدا ئاماژه به (ئه‌تك كردن) ده‌كات، كه له ناو كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا ئه‌م واژه‌یه مانایه‌كی نه‌خوازراوی هه‌یه، به‌ڵام شاعیر جوانی پێكاوه، كاتێ پێمان ده‌ڵێ ئه‌م ته‌رمانه ، یا ئه‌م قوربانیانه، به مردنی ئاسایی نه‌بوونه‌ته‌وه به ته‌رم، به‌ڵكو ئه‌تك كراون ، واته گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ، كه قوربانیه‌كان (منداڵه‌كان، كچه‌كان ، گه‌نجه‌كان، ژنه‌كان)، وێڕای هه‌موو جۆره‌كانی ده‌ستدرێژی لهوانشه(ده‌ستدرێژی جنسی)یان كرابێته سه‌ر ، له لایه‌ن دهستهوتاقمهكانیی رژێمی له ناچووی به‌عس، به‌مه‌ش كه‌رامه‌تی كورد ومرۆڤایه‌تی ڕوشاوه .
شاعیر سه‌رباری ئه‌وه‌ی گوزراشت له كۆستێكی گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام وه‌كو وابێ له حاڵه‌تێكی: له چاوه‌ڕوانیدا یان له پێشوزایی یان له سه‌ردانی بۆنه‌یه‌ك، بۆ بینینه‌وه‌ی ته‌رمی هاونیشتمانیه‌كانی سازكرابێ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌ناو كیسه‌یه‌كی ره‌شدا بن ، یا له ناو تابوتێكی ته‌خته‌دا، یان هه‌ر دیاریش نه‌بن، ئه‌وان له ویژدان وناخی شاعیردا، ماون، به بۆن و بهرامی به‌رائه‌تی خۆیانه‌وه، چاوه‌كانی شاعیر ته‌ڕ ده‌كه‌ن.
********
ـشاعیر وه‌كو هه‌ر كه‌سێكی تر دابڕو نیه، له خۆشه‌ویستی، له‌شیعری (عاشقێكی غه‌ریب)دا ده‌كه‌وێته نێو دونیای فهنتازیاو خه‌یاڵی عاشقانه‌وه، له خه‌ت خه‌تێنی كۆپله‌یه‌كی موسیقی‌دا، گمهگمهی كۆترێكی كێویی ده‌دا به گوێمانداو، ده‌ڵێت:
گه‌ر ئێواران كۆترێكی كێویت بینی
له په‌نچه‌ره‌ی ژوره‌كه‌تدا
ههڵكوڕمابوو
ده‌ری مه‌كه، با نهتارێ
چونكه گیانه ئه‌وه رۆحی
عاشێقێكی زۆر غه‌ریبه
هاتووه بۆ یه‌كجاری
له بناری چاوه‌كانتا
بارگه بخات…
فارسه‌كان ده‌ڵێن:” غروب زیبا است، اما نه‌در غربت” ، واته، خۆرئاوابوون جوانه، به‌ڵام نه‌ك له غه‌ریبی وئاوارهیدا). له‌م شیعره‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیفه‌تێكی وهسفگهرانهیه، له هه‌مانكاتدا عاشقانهشه، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی شیعرێكی كامڵ له خۆ ده‌گرێت .چ له رووی زمانه‌وه ، چ له رووی وه‌سفه‌وه، چ له رووی ئیستاتیكاوه، چ له‌ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه… شاعیر له‌م ده‌قه‌دا، رۆحی عه‌شقێكی كردۆته بهركۆترێكی كێوی وسرك وپاك ونازدار، ئه‌م كۆتره په‌ناده‌باته به‌ر عه‌شقێك له‌و دیو په‌نچه‌ره‌وه..!، تا ئۆقره بگرێ، ئه‌ویش به‌ر په‌نچه‌ره‌ی مهعشوقهكهیهتی، روحێكی ههڵكوڕماو، بێ لانه ، نامۆ، له‌و ده‌مه‌ی خۆر ئاوا ده‌بێت، هه‌مووان ، چ مرۆڤه‌كان ، چ كۆتره‌كان، ده‌چنه‌وه ماڵ ولانه‌ی خۆیان، به‌ڵام ئه‌م رۆحه عاشقه‌ی “فریاد” ته‌نیا وته‌نیا ده‌لاقه‌ی پهنچهرهیهك، شك ده‌بات، كه له‌و دیو پهنچهرهشهوه چڵوپۆپهی عه‌شقێكی ئه‌به‌دی چرۆ ده‌كات. ره‌نگه كۆتری كێوی لای شاعیر وه‌ك ره‌مزێك بۆ ئه‌نگیزه ئامێزی پاكێتی وجوانیی سروشت بێت ،، كانت ده‌ڵێت:” سروشت ئه‌و شته‌یه كه سیفه‌تی ئیستاتیكای تیایه” ، هه‌ر له‌باره‌ی جوانیشه‌وه ماكسیم گۆركی ده‌ڵێت: ” جوانی شتێكه وخۆی له قوڵایی گیانیدا دروستی ده‌كات”، هه‌روه‌ها ئه‌شێ(كۆتره كێوییه‌كه‌ی فریاد) مانای راستگۆیی وئازادیی ورههایی له‌كۆت وبه‌ند وقهفهس وبندهستیدا ببه‌خشێ، گریمانهیكی دیكه ئه‌وه‌یه كه ره‌نگه شاعیر مه‌به‌ستی له “عاشقێكی غه‌ریب” ئه‌و كه‌سه‌یه كه ته‌نانه‌ت خۆشه‌ویسته‌كه‌شی نایناسێ، یان ده‌رك به‌و عه‌شقه ناكات، بۆیه داوا ده‌كات ، ئه‌و كۆتره نه‌تارێنێ، كه هاتووه‌و گه‌ركیه‌تی له‌بناری چاوه‌كانیدا(یا پهنچهرهكهیدا) بارگه بخات، بۆیه كه‌سی عاشق له‌م ده‌قه‌دا هه‌ست به نامۆبوونێك ده‌كات .هه‌ر له‌ناونیشانی هۆنراوه‌كه‌وه جۆبارێك له وشه‌ی ساده وپڕله واتایی رێك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كارهاتووه.
چه‌ند سه‌رنجێك زۆر به كورتی له‌باره‌ی:
ـ زمانی شیعریی : ” پۆل ڤاڵری ـ paulVery ” ده‌ڵێت: شیعر زمانه له رێگای زمانه‌وه”، شاعیر له‌رێگای زمانه‌وه بنیاتی شیعریی داده‌مه‌زرێنێت، بنه‌ماو ره‌گه‌زه سه‌ره‌كیه‌كانی تری شیعر” وه‌ك مۆسیقا و وێنه‌ی شیعریی به‌هۆی زمانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، فریاد شوانی یه‌كێكه له‌و هۆنه‌رانه‌ی، له نووسینی شیعرییدا زمانێكی پاك وخاوێن و ساده به‌كارده‌هێنێ، زمانی ناوچه‌ییش له شیعره‌كانیدا وه‌كو بنچكه تهرووهكانی خاسه ومۆردهكانی ناوشوان وتوتڕهكهكانی قهرهههنجیرپێوه دیاره. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خوێنه‌ر له‌هه‌ر ئاستێكدا بێت، بتوانێت چێژله شیعره‌كانی وه‌رگرێت، یان لێیان بگات.
ـ وێنه‌ی شیعریی: بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی دیكه‌یه له بنیاتی ده‌قی شیعری(وێنه‌ی شیعریدا)، كه له‌شیعری نوێ‌دا رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت.” درایدن ـ Dryden) به‌م شێوه‌یه باسی وێنه‌ی شیعری ده‌كات: ” وێنه خۆی له خۆیدا، شكۆمه‌ندی وژیانی قه‌سیده‌كه‌یه، كه‌واته وێنه‌ی شیعریی گه‌وهه‌ری(هونه‌ری) شیعره و واتای سه‌ره‌كی له‌وه‌وه دروست ده‌بێت”. دیاره فریاد شوانی له دووتوێ نامیلكه شیعریه‌كه‌یدا (وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان) ، وێنه‌ی شیعریی له چوارچێوه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌كردوه.
ـ كۆدی شیعریی: كۆدی شیعریی ئه‌وه‌یه كه له ناو فه‌رهه‌نگی شیعردا، له رێگای ئه‌و وشانه‌وه كه زۆرترین دووباره‌بونه‌وه‌یان هه‌یه، چ له ناو شیعرێكدا، یان دیوانه شعیرێكدا، یان لای شاعیرێك ، نمونه واژه‌ی” ته‌رم” له وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كانی فریاد شوانیدا، وه‌كو كۆدێك به كارهاتووه، جگه له چه‌ندین نمونه‌ی تر،كه بوارمان نیه لێره‌دا ئاماژه‌یان پێبده‌ین.
ـ فێڵدی شیعریی: له باسكردنی فه‌رهه‌نگی شیعرییه‌وه، بابه‌تی گونجانی وشه‌كانی ناو شیعرێك دێته ئاراوه، له لایه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتری وله لایه‌كی تره‌وه له گه‌ڵ كه‌شی گشتی ناو ده‌قه‌كه، ئه‌مه‌ش كاتێك هه‌ستی پێده‌كرێت، كه هه‌موو وشه‌كان بچنه ناو یه‌ك كێڵگه‌ی واتاییه‌وه(فێڵد)یان چه‌ند فێڵدێكهوه، هه‌ر ده‌قێك زاده‌ی كۆمه‌ڵێك فێڵده، كه بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌وێنی تێكسته‌كان، له نێو یشیاندا “فێڵدی خه‌م” كه، یه‌كێكه له فێڵده فراوانه‌كانی فه‌رهه‌نگی شیعری ئه‌م سه‌رده‌مه، كه له ناونیشانهكانیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه… فریاد شوانی وه‌كو جووتیارێكی زامدار له نێو كێڵگه‌ی خه‌مدا، خێوه‌تی خستوه، نمونه‌ی ئه‌و شیعرانه‌شی: وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان، بێ نه‌وایان، بهفروگریان، هه‌ناسه‌ی غه‌ریبان، سه‌مای مه‌رگ ، شین وهاوار…هتد.
عوسمانی شێخ محێدین
ausman.73@hotmail.com
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ ئیستاتیكای ده‌قی شیعریی كوردی / كوردستانی عێراق(1950 ـ 1970)
2ـ شیعر وفه‌لسه‌فه
3ـ گۆڤاری هه‌نار ژماره/65
4ـ نامیلكه شیعری، وه‌رزی بارینی ته‌رمه‌كان