Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
تەقەلای ئالان بادیو بۆ ئاشکراکردنی ئەو خودەی لە هونەر دا پەنهانە

تەقەلای ئالان بادیو بۆ ئاشکراکردنی ئەو خودەی لە هونەر دا پەنهانە

Closed
by January 24, 2012 گشتی

ئەم نووسینە کۆششێکە بۆ خستنەڕووی پووختەی بینینی فەلسەفی ئالان بادیو بۆ “خودی هونەر ” (1). ئەم کۆششەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو سێرکردنە فەلسەفیانەیە بۆ ئالان بادیو گرینگی هەیە تایبەت بەو خودەی لە ناخی هونەر دا، لە بواری کاری یان جیهانی هونەریدا، خۆی حەشارداوە. لەبەرچاوگرتنی ئەو سێرکردنە فەلسەفیانە یارمەتیمان دەدات لە تێمای ناجوانکاری (Inesthétique ،Inaesthetics ) بادیو پتر حاڵیبین. ئەمەش لەبەرئەوەی تێمای ناجوانکاری بادیو ڕووننابێت گەر وەدووی ئەو شرۆڤەکردنانە نەکەوین بادیو بۆ پرۆسێسی خودیی ، جیهانی هونەر و ڕووداوی خوڵقانی هونەری لە توێژینەوە فەلسەفیەکانی دا ، تایبەت بە هونەر و خودی ئەم هونەرە لەپێوەندی بە جەستە و بە ڕووداوەوە ، بەردەستیخستووین ، کە لەسەرێتریشەوە ئەم لایەنە بەشێ پێکدێنێ لە سێستەمی فەلسەفی ئالان بادیو.   
خودی هونەر ، لە هزری فەلسەفی بادیو ، شوێنێ گرینگ پێکدێنێت و سەنگی لە تێگەیشتنەکانی تایبەت بە ناواخنی بابەتی هونەری و ئەو جیهانەی ئەم هونەرە پێشنیار دەکات هەیە. ئەم جیهانە کە بۆ ئێمە پڕگرفتە هونەر لەناخیدایە و جێگاێکیشە بۆ قسەکردن لەسەر جوانکاری کە بدیو دەیگۆڕێ بۆ باس لەسەر ناجوانکاری. بۆ ئەم هزرەڤانە فەڕەنسییە خودی هونەر باس لە لایەنێ ڕیشەی دەکات کە ئەوەش پێوەندی بە لایەنێکی دییەوە هەیە دەکرێ ناونرێت پێوەندی هونەر بە جیهانەوە وەک ڕووداو. بۆئەوەی بادیو ئەم لایەنە شیکاتەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێتەوە کە زۆر کۆنە. بەواتاێتر، بادیو لەو شوێنەوە دەستپێدەکات پێدەلێن پرسیارکردن لەسەر بوون، پرسیار لەسەر بوون وەک بوون. کەوابێت بەپێی بیینینی فەلسەفی بادیو بۆئەوەی لە خودی هونەر بگەین پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکان ، بۆ ئەو شوێنەی بوونمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە. بادیوش بۆئەوەی شوێنی هونەر لەناو بوون دەستنیشانکات جیاوازی لەنێوان سێ جۆر لە ئاستی مانای بوون دەکات.
یەکەم ئاست: بریتییە لەوەی، کاتێ دەووترێت ئەو شتە ئەوەیە، بەمە دەوووترێت ئەو شتە پووختێ فڕەیە Multiplicity. لەم حاڵەتەدا بۆ بادیو هەردوو دەربڕینەکە وەک یەک وان ،واتە، کە دەووترێت ئەو شتە ئەوەیە دەشوووترێت ئەو شتە پووختێ فڕەیە. ئەمە بۆ بادیو ئاستی بوونە وەک بوون. بوون وەک پووختێ فڕە. بیرکردنەوەی پووختێ فڕەش لەکۆتایدا شتێ ماتماتیکیە(ڕیازی، بیرکاری).
دووەم ئاست : ئەم ئاستە ئەوەیە، کاتێ دەووترێت شتێ هەیە  Exists.ئەمە بەخۆی پرسیاری هەبوون  Existence ە وەک جیاکردنەوەی پرسیار لە پرسیاری بوون  Being. بەبۆچوونی بادیو کاتێ باس لەوەدەکەین شتێک هەیە بەمە ئێمە قسە لە پووختێ فڕە ناکەین. چونکە ئێمە باس لە شتێک دەکەین لێرە هەیە، لێرە لە جیهان. بەمە هەبوون  Existence بۆ بادیو بوون Being ە لە جیهان . بوونیش لێرە واتە لە جیهان دەرکەوتن، ئەم دەرکەوتنەش دەرکەوتنە لە دۆزێ کۆنکرێتدا. ئەمەش ، بەپێی لێکدانەوەی بادیو ، شتێک هەیە  Exists.
سێهەم ئاست : ئەم شێوە ئاستە ئەوەیە، کە دەلێین شتێک ڕوویداوە. کاتێ شتێک ڕوودەدات ئێمە تەنیا نالێین ئەوە شتێ فڕەیە، پووختێ فڕە، هەروەها تەنیا نالێین ئەوە شتێکە لە جیهان، شتێکە لێرە هەیە و هەرئێستاش. ئەوەش کە شتێک ڕوودەدات واتە شتێک وەک بڕین لە زنجیرەی جیهان دێتەگۆڕێ، ئەمەش واتە شتێکی نوێ دێتەسەرهەڵدان. شتێک ئەلبەتە دەرناکەوێت- کە دەریش دەکەوێت، بەڵام دەرناکەوێت. بەپێی سێرکردنی فەلسەفی بادیو ئەمەش لەبەرئەوەی کاتێ ڕووداو  Event دەردەکەوێت وەک شتێ دەرنەکەوتوو وایە ، وەک شتێ دەرنەکەوتوو خۆی دەردەخات.
 شیاوی ووتنە، بۆ بادیو گرینگە لە پێوەندی نێوان ئەم سێ ئاستە بگەین، واتە پێوەندی نێوان بوون Being وەک بوون (پووختێ فڕە)، هەبوون   Existence (فڕە بەڵام لە جیهانا، لێرە و ئێستاش) و هەروەها ڕووداو. بەمجۆرە ئێمە دەتوانین لەوە حاڵیبین کە لە دۆزێکی کۆنکرێتدا دوو زاراوەمان هەیە: یەکەم بریتیە لە جیهان ،دۆزێ جیهانی- کاتێ کە گشت شتێک دەبێت Exists. دووەم بریتییە لە ڕووداو. باشە لێرە ئەوەش بزانین ڕووداوێک بۆ ئەم جیهانە دێتە ڕوودان نەک لەناو ئەم جیهانە. ئەوەش بادیو ناویدەنێت خود پێوەندییە لەنێوان ڕووداو و جیهان. خود Subject بەرهەمی ڕووداوە، بەرهەمی ئەو چرکەیەیە شتێ ڕوودەدات، یان بەرهەمی ئەو دەمەی شتێ تازە دەخولقێت. ئەوەی بۆ بادیو لێرەدا شوێنی سەرنجە ئەوەیە، پێوەندی خودی   Subjective نێوان ڕووداو و جیهان پێوەندیێ ناڕاستەوخۆیە. ئەمەش لەلاێ لەبەرئەوەی ڕووداو ووندەبێت و لەلاێتریش لەبەرئەوەی پێوەندیمان بە گشتێتی جیهانەوە نییە. بۆیە بادیو کاتێ دەلێت خود بریتییە لە پێوەندی نێوان ڕووداوێک و جیهان دەبێ ئەم پێوەندیە ناڕاستەوخۆیانە لەنێوان شتێک لە ڕووداو و شتێکیش لە جیهان تێیبگەین. ئەم پێوەندیە ،بەبۆچوونی بادیو، لەکۆتایدا بریتییە لە پێوەندی نێوان پاشماوە  Trace و جەستە Body. ئەوەی بادیو ناویدەنێت پاشماوە ئەو شتەیە لە جیهانا ، دوای ونبوونی ڕووداو، دەمێنێتەوە . لەلاێکیترەوە بادیو هاندانی خود – ڕاستی خود لە جیهان- ناودەنێت جەستەێ نوێ. بەمجۆرە خود هەمیشە پێوەندیێکی نوێیە لەنێوان پاشماوە و جەستە. ئەمەش بوونیادنانە لە جیهانا، جیهانی جەستەێ نوێ. پرۆسێسی پێوەندی نێوان پاشماوە و جەستەش بۆ ئەم بیرمەندە بریتییە لە خودێکی نوێ. 
بەپێی بادیو، بەمجۆرەبێت کاتێ بتەوێت قسەلەسەر خودی هونەر بکەیت پێویستت بەوەدەبێت قسە لەسەر گەلێ شتبکەیت. لەوانە، یەکەم پرسیار کە دەبێت بکرێت ئەمەیە: جیهانی هونەر چییە؟ جیهانی هونەری چییە؟ ئەم جیهانە ،بۆ بادیو، جیهانێک نییە بەگشتی. ئەم جیهانە بادیو ووتەنی جیهانێ تایبەتە بە خوڵقانی هونەریەوە. پرسیاری دووەم بریتییە لەوەی ڕووداوی هونەری چییە؟ سینگولاریتێی Singularity نوێ لە پەرەسەندنی جیهانی هونەر دا چییە؟ پرسیاری سێهەم ئەوەیەپاشماوە چییە؟ پاشماوەی ڕووداوێ چییە لە بواری هونەر دا؟ دواتر بادیو دەپرسێت بوونیادی جەستەی هونەرێ نوێ چییە؟
بەڵام لێرە بائەوە بیرخەینەوە کە، بادیو پێشهەمووشتێک دەیەوێت لەڕێگای هەندێک نموونەوە پرسیاری خود وەک پێوەندی نێوان پاشماوەی ڕووداو و بوونیادی جەستە لە جیهانێ کۆنکرێتدا ڕوونکاتەوە. بۆئەو مەبەستە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر دۆزی ئەمڕۆمان – دۆزی جیهانی ئەمڕۆمان- ئەمەش لەبەرئەوەی بادیو پێیوایە ئەمڕۆ دوو پارادایمی خودی Subjective Paradigms هەیە. لەمبارەیەوە بادیو پێشنیاری ئەوەدەکات دۆزی کۆنکرێتی جیهانی ئەمڕۆ لە جۆرە جەنگێک دەچێت لەنێوان دوو پارادایمی خودی دا، دوو نۆرم-ڕێسا- ی ئەوەی کە خود چییە. ئەوی یەکەمیان بریتییە لە فەلسەفەی ماتریالیستی و ئەوی دووەمیش بریتیە لە فەلسەفەی مۆنیست Monist ی خود. پرسیارەکە بۆ بادیو لێرە ئەمەیە: فەلسەفەی مۆنیستی خود چییە؟ 
بۆ بادیو جیاکردنەوەێ فیعلی لەنێوان خود و جەستەدا نییە. ئەمەش لەو هێلکاریەی لایخوارەوەدا (2) دیارە کە بادیو بۆ ئەم مەبەستە کێشاویەتی. پارادیمی یەکەم بریتیە لەوەی خود بریتیە لە ناسناماندنی جەستە. بۆیە خوڵقانی خودی وەک جۆرێ لە پارادیم تەنیا ئەزموونێکە لە سنووری جەستە. خود بەمجۆرە بریتیە لە تێژیانی ئەم سنوورانە، تێژیانی ناکۆتای و تێژیانی سنووری یەکەی کۆنکرێتی جەستە. بەڵام بادیو پێیوایە پێویستە بپرسین سنووری جەستە، سنووری جەستەی زیندوو چییە؟ بۆ بادیو بەهێزترین سنووری جەستەی زیندوو مەرگە. بەمشێوەیە دەشێ بووترێت لە فۆڕمی پارادایمی خود دا ئەوەی پێیدەلێن خود بریتیە لە تێژیانی مەرگ وەک دوا سنووری جەستە. جەستەی هونەر تێژیانی ڕاستەوخۆی سنووری جەستەیە، وەلێ لە ڕاستیدا سنووری ڕەهای جەستەی هونەری تێژیانی مەرگە نەک شتێ تر. بەقسەی بادیو ئەمەش بەخۆی جەبریەتێ  Determination فەلسەفیە چونکە پێشتر هایدیگەر  ئاماژەی بەوەکردوە دازاین Dasein یان خود بریتییە لە خودی مەرگ. بۆیە بادیو بەگشتی پارادایمی خودی ناودەنێت تێژیان لە سنووری جەستە وەک شتێ لە جۆری چێژوەرگرتن Enjoyment  . چونکە بۆ بادیو چێژوەرگرتن بریتیە لەناوی تێژیانی مەرگی ژیان، تێژیانی شتی گەورە das Ding وەک مەرگ لەناو خودی ژیانا. بۆیە بۆ بادیو یەکەم پارادایمی خودی لە جیهانی ئێمەدا بریتیە لە پارادایمی خودی وەک چێژوەرگرتن. 
بەبۆچوونی بادیو، پێناسەی چێژوەرگرتن بریتییە لە تێژیانی مەرگ لە ژیان لەگەڵ تێژیانی سنورەکانی جەستە. بەتەبیعەتیحالیش چێژوەرگرتن لەودیو خۆشی  Pleasureیەوەیە. ئەمەش بەپێیئەوەی خۆشی بریتیە لە تێژیانی ژیان لەناو ژیان، بەڵام چێژوەرگرتن لەودیو خۆشیەوەیە ئەمەش لەبەرئەوەی چێژوەرگرتن تێژیانی سنوورەکانی جەستەیە وەک مەرگ. بۆیە دەشێ بووترێت، ئەم جۆرە خودێتیە، واتە پارادایمی خودی، بریتییە لە خودی چێژوەرگرتن. ئەڵبەتە بادیو پێیوایە ئەم جۆرە پارادیمە ئەمڕۆ بریتییە لە پارادایمی ڕۆژئاوا. واتە پارادایمی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا بریتییە لە خود بۆ چێژوەرگرتن و تێژیانی سنوورەکانی جەستە.
پارادایمی دووەم بریتیە لە پارادایمێ ئیدیالیستی، تیۆلۆژی، میتافیزیکی فەلسەفەی خود. لێرە خود دەتوانێ لە جەستە جیاکراوەبێت. لە پارادایمی یەکەمدا خود لە کۆتایدا بریتیە لە خودی جەستە. لە پارادایمی دووەمدا خود لە خودیخۆی جیادەبێتەوە، ئەمەش دژی خودە وەک خودی چێژوەرگرتن، جۆرە ژیانەوەێکی قووڵی ئارەزووی جیابوونەوەیە، ئارەزووی بوونی خود وەک جیابوونەوەی جەستە لەخودیخۆی. ئامانجەکە دۆزینەوەی ئەو خاڵەیە -لەناو ژیان، لەناو کردە- کاتێ جەستە تاکە ئامرازێکی جیابوونەوەێ نوێیە. بەمجۆرە دەبینین شتەکە تێژیانی مەرگ نییە لەناو ژیان وەک چێژوەرگرتن ، بەڵکو گریمانێکی ژیانێ خودی نوێیە لەڕێگای مانای خودی مەرگەوە. کەوابێت دەکرێ بلێین، لەم جۆرە پارادایمەی خودیدا ئەزموونی ژیان لەناو مەرگە، کە ئەمەش پێچەوانەی ئەزموونی مەرگە لەناو ژیان. دەشتوانین ئەم شێوە قووربانیە ناونێین ئەزموونی خودیی ژیان لەناو مەرگ دا.   
بادیو لەو باوەڕەدایە، جیهانی هاوچەرخ  بریتییە لە جەنگ لەنێوان چێژوەرگرتن و قووربانی دا. هەروەها بۆ بادیو جەنگیش دژ بە تیرۆریزم لەکۆتایدا بریتیە لە جەنگ لەنێوان چێژوەرگرتن و قووربانی دا. وەلێ لەم جەنگەدا شتێ هاوبەش بوونی هەیە. شتێ هاوبەش لەنێوان ئەم دوو پارادایمەدا بوونی هەیە. شتێ هاوبەش لەنێوان چێژوەرگرتن و قووربانیدا بوونی هەیە ، هەروەها لەلاێ شتێ هاوبەش لە هێزی مەرگدا، هێزی مەرگ وەک تێژیانی سنوورەکانی جەستە، بوونی هەیە و لەلاێتر تێژیانی مەرگ وەک ماناێ نوێ بۆ ژیان. بادیو ووتەنی بەمجۆرە بێت ، لەگەڵ جەنگ لەنێوان چێژوەرگرتن و قووربانیدا ڕووبەڕووی هێزی مەرگ دەبینەوە. ئەڵبەتە، بەبۆچوونی بادیو، شوێنێ فیعلی بۆ خوڵقانی هونەری لەمجۆرە جەنگەدا بوونی نییە. بادیو جەغتلەوەدەکات کە ئەم شوێنە نە لەتەک هێزی مەرگە دایە وەک چێژوەرگرتن و نەش لەتەک هێزی مەرگە دایە وەک قووربانیدان. واتە کراوەیێ فیعلی بۆ خوڵقانی هونەریێ نوێ لەئارادا نییە. بەمشێوەیە بێت بادیو ووتەنی دەگەین بە سێهەم شیاویی، بە سێهەم پارادایم. بۆیە بادیو دەلێت :پێویستە پێشنیاری پارادایمێ خودی نوێ بکەین کە لەدەرەوەی هێزی مەرگدایە، کە نە چێژوەرگرتنە (کە بەخۆی خۆشیە لەودیو خۆشی و سنوورەکانی جەستەوە) و نەش قووربانیدان(کە بەخۆی چێژوەرگرتنە لە جیهانێ تردا و چێژە لەودیو قووربانیدانەوە ). واتە نە خۆشی لەودیو خۆشیەوە و نەش خۆشی لەودیو قووربانیدانەوە هەروەها نەش چێژوەرگرتن و نەش قووربانیدان جێی بایەخی خوڵقانی ئەم هونەرە نوێیەیە . 
لە هزری هونەری بادیو دا و بەپێی تیۆری خودی ئەم بیرمەندە، سێ شیاوی پێوەندی نێوان خود و جەستەی خودمان هەیە. هەروەها سێ شیاویمان بۆ پارادیمی خودی هەیە. یەکەم شیاوی بۆ پارادایمی خود بریتیە لە کورتکردنەوە. بەپێی ئەمە خود دەکرێ بۆ جەستەی خود کورتکرێتەوە. بەمجۆە دەشێ بووترێت کە لەم حاڵەتەدا ناسنامەێ جەوهەری خودمان هەیە. بۆ ناسنامەێ جەوهەری؟ چونکە جیابوونەوە بوونی نییە، بەلکو ناسناماندنێ تەواو بوونی هەیە ئەوەش لەنێوان پرۆسێسی خود و بوونی جەستەی خود. لەم حاڵەتەشدا ڕێسا، دوا ڕێسا ، بریتیە لە چێژوەرگرتن، لە تێژیانی مەرگ لەناو ژیان. دووەم شیاوی پارادایمی خود بریتییە لە جیابوونەوە. خود دەتوانێ بەتەواوەتی لە جەستەی خۆی جیابێتەوە. لەم حاڵەتەدا ئەوەی بوونی هەیە جیاوازی ترانسندێنتە – باڵایە-. بۆ جیاوازی ترانسندێنت  Transcendent ؟ چونکە خود خۆی لە ناو جیهانێ ترانسندێنت دا تاقیدەکاتەوە نەک لەناو قووربانی جیهانە ڕاستەقینەکەیدا. سێهەم شیاوی پارادیمی خود بەپێی بینینی هونەری بادیو بریتیە لە پێشنیارکردنی شتێک کە لە جیاوازی جەوهەری دەچێت، نەک لە ناسنامەی جەوهەری، نەک لە جیاوازی ترانسندێنت، بەڵکو لە جیاوازی جەوهەری.  
بەپێی تێگەیشتنی بادیو لەم حاڵەتەدا خود کورتناکرێتەوە بۆ جەستە. بەمجۆرە شتێک بوونی هەیە کە لە پرۆسێسێ خودی سەربەخۆ دەچێت. واتە خوڵقانێک هەیە بەهۆی ئەوەوە ئەم کورتکردنەوەیە ناشێ مەیسەربێت. بەڵام شیاو نییە جیاکردنەوەێک لەنێوان  خود و جەستەیدا هەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت ، نە کورتکردنەوە و نەش جیاکردنەوە بوونی هەیە. ئەڵبەتە ئەوە دۆزی خودە ، بادیو ووتەنی، کە ئێمە وەک پرۆسێسی خوڵقان ، پرۆسێسی بەرهەمهێنان تێیدەگەین، پرۆسێسێک کە لە واقیعدا پێوەندی نێوان پاشماوەی ڕووداو و بونیادنانی جەستەێ نوێ لە جیهانا ڕێکدەخات. بەمجۆرە ،و بە قسەی بادیو ، ئێمە پێویستمان بەوە دەبێت شتێک بدۆزینەوە نەکەوێتە نێوان جەنگی چێژوەرگرتن و قووربانیەوە. لەسەر ئەم بناغەیە بادیو پێیشی وایە پرسیاری خودی هونەر ئەمڕۆ پرسیارە لەسەر دۆزینەوەی پارادیمی خودێ نوێ کە بکەوێتە دەرەوەی جەنگی هاوچەرخی نێوان چێژوەرگرتن و قووربانییەوە. وەلێ بادیو  رێکخستنی ئەم پارادایمە نوێیە بە کارێ بارگاوی بەکێشە دەزانێت. بۆئەوەی لەم کێشەیە بەدوربین بادیو پێشنیاریئەوەدەکات مەودای پاشماوەی ڕووداو و خوڵقانی جەستە بپارێزین. بە قسەی بادیو ، ئەو دەمەش پارادیمی خودێ نوێمان دەستدەکەوێت دەبینین ئەو خودە لەتەک جەستەدا هاوشێوەیە و ، جیاوازیێ فیعلیش لەنێوان پاشماوە و  جەستەدا نابینرێتەوە. بەمجۆرە خود بەتەواوەتی لە جیهاندایە. کاتێ جیاکردنەوەێ تەواوەتی لەنێوان خود و جەستەدا ئامادەدەبێت خود بەتەواوەتی دەکەوێتە تەرەفی پاشماوەوە. ئەمەش وابەستەیە بە ڕووداوەوە، ڕووداو وەک شتێ ڕەها، وەک شتێک کە دەکەوێتە دەرەوەی جیهانەوە. لێرە بادیو بۆئەوەشدەچێت، خود لەلاێ بەتەواوەتی لە جیهاندایە و ئەمەش تاقیکردنەوەی سنوردارکردنی جیهانە و ، لەلاێتریش ئەم خودە دەکەوێتە دەرەوەی جیهانەوە، بۆیە لێرەوە خود دەکەوێتە تەرەفی شتێکەوە ، شتێک لەوێنەی خودا، کە لە ڕووداوێ ڕەها دەکات.
کەوابێت لەناو دوو پارادیمی خودی جەنگی هاوچەرخدا دەبینین پرۆسێسی خودی وەک دۆزێ جەوهەری تەواو بە جیاواز لە جیهان
، یان وەک جیاکردنەوەێ تەواو و بەجیاواز لەتەک ڕووداوی ڕادیکالی ڕەها، خۆیدەردەخات. لەم دوو پارادیمەدا ناتوانین شتێکمان هەبێت لەشێوەی پرۆسێسی فیعلی بەرهەمهێنان بەبێ تاقیکردنەوەی سنوورەکان و مەرگ لەناو ژیانی جیهاندا، یان ناتوانین شتێکمان هەبێت لەشێوەی باڵا Transcendency و جەبریەتی Determination ئاینی. بەمجۆرە پرسیاری خودی هونەر بریتیە لە پاراستنی جیاوازی نێوان جەستە لەلاێک و پاشماوەی ڕووداو لەلاێتر. بەبۆچوونی بادیو لەم حاڵەتەدا ئێمە خۆمان لەبەردەم 5 کێشەدا دەبینینەوە کە پێویستە چارەسەریان بۆبدۆزرێتەوە. 
کێشەی یەکەم بە بۆچوونی بادیو : گەر بە فیعلی پرۆسێسی خودی وەک پرۆسێسی خوڵقان لە مەوداێک بریتیبێت لەنێوان پاشماوە و جەستە بۆمان هەیە ڕووداو وەک شتێ پۆزەتیڤ لێکدەینەوە نەک وەک شتێکی پووختی وون یان باڵا. گەر بە فیعلی پاشماوەی ڕووداو بریتیبێت لە دەستووری خود، نەک جەستە، ئێمە دەکارین لەوەبگەین کە ڕووداو، ڕووداوی فیعلی، شتێ پۆزەتیڤە. وە ئەوەش پرسیارێ ئاڵۆزە چونکە جۆرە وونبوونێکی ڕووداو هەیە، ڕووداو وەک بڵاوبوونەوەێک، ئەمەش بڕینی یاسایە لە جیهانا. بەمشێوەیە پێوەندی لە ڕووداوی فیعلیدا لەنێوان ڕەهەندی نێگەتیڤ – دابڕان، بڕین و بڵاوبوونەوە- و پۆزەتیڤێ پێویست چییە گەر لەڕاستیدا ڕووداو ڕووداوێ ڕەهای فیعلی نەبێت؟ کەوابێت دەشێ بیر لە ڕووداوێک بکەینەوە، ڕووداوێک لە جۆری ڕووداوی هونەری، وەک شتێک لە وێنەی بڵاوبونەوەێ پۆزەتیڤ.  
کێشەی دووەم بەپیی بینینی بادیو: ئەم کێشەیە بریتییە لە سرووشتی پاشماوە Trace، پاشماوەی ڕووداوێک گەر ئەم ڕووداوە شتێک بێت لە شێوەی بڵاوبوونەوەێ پۆزەتیڤ. کەوابێت پاشماوە چییە؟ پاشماوە بریتیە لە جیاکردنەوەێ گەلێک ئاڵۆز چونکە پاشماوە پێویستە لە جیهاندا بێت. ڕووداو بەتەواوەتی لە جیهاندا نییە بەڵام پاشماوە پێویستە لە جیهاندا بێت. کەوابێت پاشماوە چییە؟ پاشماوەی فیعلی چییە، ئەو شتە چییە کە لە جیهاندایە و لەتەک ڕووداو وەک بڵاوبوونەوەێ پۆزەتیڤ لەپێوەندیدایە؟ ئەمەیە دووەم کێشەی گەورە.
کێشەی سێهەم بەێپی تێگەیشتنی بادیو : ئەم کێشەیە بریتیە لەوەی سازاندنی جەستەێ نوێ چییە؟ چونکە لە حاڵەتی پرۆسێسی خودی دا شتێکمان هەیە بەناوی جەستەی نوێوە. جەستەی نوێ بۆ هەبوونی شتێکی نوێیە لە خوڵقانا لە پێوەندی لەتەک پاشماوەی ڕووداو.پاشماوەی ڕووداو کەمناکرێتەوە بۆ جەستە ، ئەڵبەتە جەستەش کەمناکرێتەوە بۆ جیهان. هێلکاریەکەش ئەوە نیشاندەدات گەر پرۆسێسی خودی لە مەودا دایە لەتەک پاشماوە و جەستە لێکدانەوەمان بۆ سازاندنی جەستە وەک جەستەێ نوێ دەبێت چونکە ئەگەر جەستە جەستەێکی نوێ نەبێت بەمە بەتەواوەتی لە جیهانا دەبێت نەک لە پێوەندیدا، لە پێوەندیێکی تەواو لەتەک پاشماوەی ڕووداو وەک بڵاوبوونەوەێ پۆزەتیڤ لە جیهانا. بەمشێوەیە کێشەی سێهەم بریتیەلەوەی جەستەی نوێ لە جیهانا چییە؟ بوونیادی تازەی فڕەیەتی چییە؟ ئەو شتە چییە یاریدەدەری پرۆسێسی خودیە ، یاریدەدەری پاشماوەیە؟ ئا ئەمەیە کێشەی سێهەم بۆ بادیو.
کێشەی چوارەم بەپێی ڕوانینی بادیو: ئەم کێشەیە بریتییە لە دەرئەنجامەکان. ئێمە جەستەی نوێمان هەیە. ئێمە پێوەندیمان هەیە بە پاشماوەی ڕووداوێکەوە ، کەوابێت شتێکمان هەیە ماتریالیستانە خوڵقاوە، پرۆسێسی ماتریالیستی خوڵقانی شتێکی نوێ لەئارادایە. دەرئەنجامەکانی گشت ئەمانە چییە و چۆنیش دەکارین لەتەک دەرئەنجامەکان دا لە دیسپلیندا بین؟ لەبەرئەوە، گەر شتێ نوێ لە پرۆسێسی خودی دا هەبێت پێویستە پەسەندیکەین و بشخرێتە نێو ئەو جەستە نوێیەوە ، واتە دیسپلینی دەرئەنجامەکان، دەرئەنجامی پراکتیکی ئەو جەستە نوێیە. 
کێشەی پێنجەم بەقسەی بادیو: ئەو کێشەیەیە کە شتێک بدۆزرێتەوە لە ناپایانێ Infinity جەوهەری بکات چونکە ئەگەر پرۆسێسی خودی شتێکبێت لەشێوەی خوڵقانێ نوێ لە جیهاندا ئەوا ئێمە دەبین بە خاوەنی دەرئەنجامی ناپایانی. ئەڵبەتە ئێمە ناتوانین تاقیکردنەوەی سنوورەکانمان هەبێت. بەمە ئێمە لە یەکەم پارادیمدا نیین کە بریتییە لە تاقیکردنەوەی سنوورەکان. چونکە سنوورەکان، لە هەقیقەتدا،  بوونیان نییە. بادیو پێیوایە، گەر دولۆزانەش بدوێین دەلێین دەرئەنجامێ ناپایانێ زۆرمان هەیە بەڵام ئەم ناپایانە باڵا نییە بەلکو ناپایانێ جەوهەرییە. ئەمە ناپایانی جەستەیە و ئەم ناپایانە لە پێوەندی دایە بە پاشماوەوە. بادیو ووتەنی ، بەمەش لەوە تێدەگەین کە ناپایانی جەوهەری ناپایانیێ باڵا نییە.
بەبۆچوونی بادیو، کەوابێت ئێمە ئێستا لەبەردەم پێنج کێشەداین کە پێویستیان بە چارەسەرکردنە. لە بواری هونەریدا ، نەک بەگشتی، کێشەکە ڕەهایە. چونکە کێشەکە گشت جۆرەکانی پرۆسێسی خودی دەگرێتەوە. وەلێ پرسیارەکە لەبواری هونەریدا چییە؟
بادیو وایدەبینێت، یەکەم شت کە پێویستە بپرسین جیهانی هونەری، جیهانێک لە هونەر، چییە؟ ئەم لایەنە ، بۆ بادیو، یەکەم پرسیار پێکدێنێت. بادیو پێشنیاری ئەوەدەکات جیهان شتێ هونەرییە، دۆزێکە لە هونەر. بۆیە ،بەگشتی ، دۆزێ هونەری بریتییە لە شتێک لەجۆرە پێوەندیێک لەنێوان ڕەفتارێ ناڕێک- نامونەزەم-  Chaotic ی هەستیاری و ئەوشتەی پێیدەلێن فۆڕم. کەواتە، جیهانی هونەری پێوەندیێکە لەنێوان هەستیاری – حەساسیەت- Sensibility و فۆڕم . هەروەها ،لەکۆتایدا، دۆزی هونەر پێشنیارێکە لەنێوان بڵاوبونەوەی حەساسیەت و لەنێوان فۆڕمالیزم چییە – ئەوی لە حەساسیەتدا دەکرێ فۆڕمالیزەکرێت و ئەوەش کە ناکرێت. ئەودەمەش کە شێوە تاقیکردنەوەێکمان دەبێت لە جۆری پێوەندی نێوان حەساسیەت و فۆڕم دۆزێ هونەری گشتیمان دەبێت ، بەمەش تاقیکردنەوەی نێوان حەساسیەت و فۆڕم و ئەوی فۆڕمدەگرێ دەبێت. 
بەقسەی بادیو، گەر ئەمەش ڕاستبێت کەواتە دەکرێ بپرسین ڕووداوی هونەری چییە؟ فۆڕمی گشتی ڕووداوی هونەری چییە؟ بەزمانێ گشتی ڕووداوی هونەری ڕووداوێ هونەری فیعلییە کە بریتییە لە گۆڕان لە جیهان. واتە، جۆرە هەڵاوگۆڕانێکی بناغەیی ئەم جۆرەیە لە فۆڕم. ئەمەش حاڵەتێکە لە شیاویێ تازەی فۆڕمالیزەکردن. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەمە بریتیە لە بوون بە فۆڕمی شتێک کە نەبووە بە فۆڕم. بەمشێوەیە، ئەمە بریتییە لە پێشنیارێ نوێی پێوەندیێ جەوهەری نێوان حەساسیەتێ ناڕێک و فۆڕمالیزەکردن. ئەوکاتەی ڕووداوێ هونەری بوونی دەبێت حەساسیەت و فۆڕم و ئەوی فۆڕمدەگرێ بوونی دەبێت. فۆڕمی گشتی ڕووداوی هونەریش وەک بڵاوبوونەوەێ پۆزەتیڤ بریتیە لەو فۆڕمەی فۆڕموەردەگرێ و بڵاوبوونەوەش نێگەتیڤێ نوێیە لە فۆڕم. بۆ بڵاووبونەوەی پۆزەتیڤ بوونی هەیە؟ بڵاوبوونەوە بوونی هەیە چونکە هەمیشە پێوەندێک لەنێوان پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا هەیە. فۆڕمالیزم ئەو شتەیە کە چ وەک فۆڕم پەسەندکراوە و یان ئەوی کە نەکراوە. ئەمەش بڵاوبوونەوەیە لە حەساسیەتی ناڕێکدا لەنێوان فۆڕم و فۆڕمگرتوودا. ئەمەش جەبریەتێ نوێی بڵاوبوونەوەیە ، بڵاوبوونەوەێ پۆزەتیڤ. بۆیە خوڵقانی هونەری لەکۆتایدا بریتیە لە پێشنیارێ نوێ لەنێوان ئەوی فۆڕمی هەیە و ئەوی نییەتی. ئەوی کە فۆڕمیوەرنەگرتووە بریتییە لە ڕەهەندی پۆزەتیڤی ڕووداوی هونەری.
بادیو هەر تایبەت بە خودی هونەر پرسیاری ئەوەش دەکات جەستە چییە؟ سازدانی جەستەی نوێ چییە؟ جەستەی نوێ لە بواری هونەریدا وەک خوڵقانێ کۆنکرێتی فیعلی وایە و لەپێوەندیشدایە بە پاشماوەی ڕووداوەوە. پاشماوەی ڕووداویش بریتیە لە جۆرە شتێک کە ئەوەی ئەو شتە فۆڕمە. ئەو شتە کە فۆڕمە شتێ نوێی هونەریە کە ئەوەش پاشماوەیە. وەکیتریش پاشماوە بریتییە لە مانیفێست. واتە بانگەشەکردن بۆ شتێک کە فۆڕم نەبووە وەلێ ئێستا بووە بە فۆڕم. ئەمەش پاشماوەی ڕووداو پێکدێنێت. جەستەی نوێ بریتییە لە شتێک کە پێیدەلێن کاری هونەری کە لە پێوەندیدایە لەتەک ئەم جۆرە پاشماوانەدا. هەمیشەش لەبواری خوڵقانی هونەریدا قووتابخانە و ئاڕاستەی نوێ هەیە، ئەوەش کە جەستەی نوێیە ئەوا لە جیهانی نوێ دا، لە جیهانی نوێی هونەریدا ئامادەیە. ئەمەش خوڵقانی شتێ نوێیە لە جیهانی هونەریدا بەپێوەندی لەتەک پاشماوەدا. دیسپلینی دەرئەنجامەکانی جیهانی هونەری بریتییە لە دیسپلینی دەرئەنجامەکانی پرۆسێسی خودی نوێ. ئەمەش جۆرێکە لە تاقیکردنەوەێ نوێ ، تاقیکردنەوەێ نوێی فۆڕم. تاقیکردنەوەێ نوێی پێوەندی نێوان فۆڕم و حەساسیەتی ناڕێک. ئەمەش بەمشێوەیە هەمان قووتابخانەی نوێ و، ئاڕاستەی نوێ و فۆڕمی نوێی خوڵقانە، واتە خوڵقانی هونەری.    
لێرەوە بادیو دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، ئەو دوا کێشەی زۆر بایەخدارە ئەو کێشەیەیە کە، لەگشت ئەمانەدا ناپایانێ جەوهەر چییە؟ خوڵقان لە جیهانی خودی هونەری ، بوونی نوێ ناپایاندا، چی دەگەێنێت؟  بەپێی بادیو ، جیهانی هونەری لە ناپایانی هونەری دا شتێکە لەجۆری ناپایانی خودی فۆڕم. کەوابێت ناپایانی خودی فۆڕم چییە؟ ناپایانی خودی فۆڕم بریتییە لە شیاویی کە فۆڕمی نوێ – شیاویی نوێی فۆڕم- لەپێوەندیدایە ، لەپێوەندیێ ڕاستەوخۆدایە، لەتەک حەساسیەتی ناڕێک دا. فۆڕمێ نوێ هەمیشە بریتییە لە چوونەناوەوەێ نوێ بۆ ناو حەساسیەتێ ناڕێک. بادیو ووتەنی، کەوابێت لە بواری هونەریدا خوڵقانی فۆڕم بریتییە لە بزووتنەوەی ناپایانێ جەوهەر  کە ئەمەش بریتییە لە چوونەناو جیهانێ لەم جۆرە. بەبۆچوونی بادیو ، لێرەوە ئێمە خۆمان لەناو پەرەدان بە ئاڕاستەێ نوێ ، بە جەستەێ نوێ لەناو جیهانی هونەریدا، شتێک لە جۆری پەرەدانێ نوێی ناپایانێ جەوهەر دا ، دەبینینەوە. ئەمەش هەرهەمووی بریتییە لەجۆرە بیرکردنەوەێکی نوێی ناپایان. هەربۆیشە ئەمڕۆ گرینگە هەبوونی ئەم جۆرە تاقیکردنەوە هونەریە نوێیە چونکە بادیو وایبۆدەچێت پرسیاری سیاسی ئێستا زۆر ناڕوونە. بۆیە بادیو پێیوایە کێشەکەمان دۆزینەوەی شتێک نییە لە بواری جەنگی نێوان چێژوەرگرتن و قووربانی ، دۆزینەوەی شتێک کە بە فیعلی پارادایمی خودی سێهەمە. ئەمەش بۆ بادیو بەرپرسیاریێ تایبەتی خوڵقانی هونەریە ، چونکە هەمیشە کاتێک جەبریەتی سیاسی جەبریەتی هونەری ناڕوونە ئەمە دۆزەکە ڕووندەکاتەوە. بادیو وایبۆدەچێت کە وەک فەیلەسوف پێیوایە بەرپرسیاریەتی تایبەتی خوڵقانی هونەری بۆئەوەیە تا یارمەتی مرۆڤایەتی بدرێت پارادیمێ خودی نوێ بدۆزێتەوە. کەوابێت و بە پێی بینینی بادیو، خودی هونەر تەنیا بریتیی نییە لە خوڵقانی پرۆسێسێ نوێ لەناو بواری جیهانی هونەریدا بەلکو بریتیشە لە پرسیاری جەنگ و ئاشتی، لەبەرئەوەی گەر پارادیمێ نوێ – پارادیمێ خودی نوێ- نەدۆزینەوە جەنگەکە بێکۆتای دەبێت. گەر ئاشتیمان بوێت- ئاشتیێ فیعلی- شیاوی دەدۆزینەوە کە خودگەریی بە فیعلی لەناو خوڵقانێ ناپایاندایە نەک لەناو هەڵبژاردنێ ترسناک لەنێوان لەلاێ فۆڕمی هێزی مەرگ (تاقیکردنەوەی سنوورەکانی خۆشی) و  لەلاێتر فۆڕمی هێزی مەرگدا(کە قووربانیە بۆ ئیدیاێک ، بۆ ئیدیاێکی موجەرەد) . ئەمەش بەپێی تێگەیشتنی بادیو  بەرپرسیاریەتی هاوچەرخی خوڵقانی هونەرییە.
ئێمە لە کارەکانی دواترماندا تایبەت بە تێگەیشتنی بادیو بۆ ناجوانکاری ئەو لایەنە تیۆریانەی لایسەرەوە بەرچاومانخست لەئاستێ تردا قسەی لەسەردەکەین و گرێشیاندەدەینەوە بە بینینی بادیو بۆ کاری هونەری و ، تێگەیشتنی فەلسەفی بادیویش لەم ڕوەوە بەو تێزانەوە دەبەستینەوە کە بادیو تایبەت بە ڕاستی لە کاری هونەریدا دەیهێنێتەگۆڕێ و، ئەوەش کە فەلسەفە ناتوانێ ڕاستی ناو کاری هونەری باسکات چونکە هونەر خۆی لە خۆی دەدەوێت بەبێ فەلسەفە کە بەخۆی هەرئەمەش پووختەی تێزی بادیویە لە بواری تیۆری ناجوانکاریدا..    

ئازاد  حەمە / پاریس

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1.بڕوانە ئەو نووسینەی ئالان بادیو تایبەت بە “” خودی هونەر”” کە لە ماڵپەڕی “” لاکان”” دا بڵاوکراوەتەوە و لایخوارەوە ئاماژەی پێکراوە:
Alain Badiou. The Subject of Art. Transcript by Lydia Kerr . The Symptom. Vol. 6، Spring 2006.
http://www.lacan.com/newspaper6.htm
2. ئەم هێڵکاریەی لایخوارەوە ئەو هێڵکاریەیە بادیو لە نووسینەکەیدا بۆ گفتووگۆکردنی  خود لە پێوەندی بە (جیهان، جەستە، پاشماوە و ڕووداو) ەوە پێشنیاریدەکات.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.