خۆنووسینه‌وه به ئاگر … حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌ی له بازنه‌ی مێتۆدێکی ڕه‌خنه‌ییدا خۆی دیل بکات،
له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ئازادکردنی ده‌ق بدات، به‌ندی ده‌کات.
ئامانج له ڕه‌خنه، به‌خشینی زانیارییه له ڕێی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌وه.
شیعر و سته‌م
(سیاسه‌تکاری سته‌مکار لای به‌یانی له به‌رده‌می کیژۆڵه‌یه‌کدا ده‌نووشتێته‌وه و چه‌پکێ گوڵی لێ وه‌رده‌گرێت، نیوه‌ڕۆ فه‌رمان ده‌دات، چه‌ند که‌سێک بکوژرێن، شه‌ویش وه‌ک هه‌ر منداڵێک تێر ده‌خه‌وێت.) سیاسه‌تکاری سته‌مکار ئه‌مڕۆ به‌ڵێننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه، سبه‌ی پێڵاوی پێ ده‌سڕێت. کاری شاعیر ئه‌وه نییه، بگه‌ڕێت به دوای گه‌ڵاتوویه‌کدا، عه‌یب و عاری ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکاری پێ بشارێته‌وه، ئه‌رکی ئه‌وه‌یه، به زمانی شیعر نه‌ک هی گوتار، ڕووناکی بخاته سه‌ر ناته‌بایییه‌کان و تا بۆی ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار که هه‌وڵ ده‌دات له ئینجانه‌ی ناخی هه‌ر تاکێکدا شه‌تڵی سیخوڕێک بچێنێت، له قاو بدات.
لێت نابوورم
چونکه ناتوانی فرمێسکی
ڕژاوم
کۆ بکه‌یته‌وه.
من ده‌ڕۆم و ده‌بێ ناوم
له فه‌رهه‌نگی بیری خۆتا
بسڕیته‌وه،
نیگام،
بۆنم،
هه‌ناسه‌م بنێریته‌وه.(1)
یه‌کێک له جیاوازییه‌کانی نێوان ڕامیاری و شیعر ئه‌وه‌یه، له‌میاندا مۆراڵ هێنده جێی بایه‌خ نییه، به‌ڵام لهویاندا، مۆراڵ به‌ردی بناغه‌یه. ئه‌وه بۆیه شاعیران، هیچ له‌گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌تکارانه‌دا کۆیان ناکاته‌وه، که کۆشکی شکۆمه‌ندیی خۆیان، له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌دئاکاری ڕۆ ده‌نێن. ئه‌وه بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به ده‌ست سته‌مکاره‌وه بێت، جێی شاعیران مه‌نفا یان زیندان ده‌بێت. (جیاوازییه‌کی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سته‌مکار و شاعیران ئه‌وه‌یه، ئه‌وان ده‌خوازن شاعیر له خۆیان بچێت، وه‌لێ شاعیر هه‌وڵ ده‌دات له خه‌ڵکی ئاسایی بچێت.)
نووسین وه‌ک ژن
ئینسان که فام ده‌کاته‌وه هه‌ست ده‌کات، بوونه‌وه‌رێکه له زمان، ئه‌و پێوه‌ندییه دیالکتیکییه‌ی له نێوان زمان و کۆمه‌ڵ، زمان و فیکر، زمان و ئابووریدا هه‌یه، به قازانجی نێر ده‌شکێته‌وه، نێر ئازاد و مێ دیل ده‌کات، یان لای که‌م مێ ده‌خاته بنده‌ستی نێره‌وه. بابسالاران نه‌ک هه‌ر له کرده‌ی جووتبووندا، له هه‌موو بوارێک‌دا، نێر وه‌ک بکه‌ر و مێ وه‌ک به‌رکار نیشان ده‌ده‌ن. زمان به گشتی لایه‌نی نێر ده‌گرێت و له دایکبوونی زمانێکی بێلایه‌ن وه‌ک مه‌حاڵ وایه، بۆیه وه‌ک شتێکی ده‌گمه‌ن وایه، ئه‌گه‌ر ژنێک بتوانێت به زمانێکی ژنانه‌ی ده‌ربازبوو له بازنه‌ی زمانی نێرانه، تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی بنووسێته‌وه. نێر چونکه زمانی داگیر کردووه، داهێنانیشی خستووه‌ته ژێر کۆنترؤڵی خۆیه‌وه، ئه‌وه بۆیه ستایشی نێرسالار بۆ شیعری ژنان، به گشتی له درۆ و دووڕوویی به‌ولاوه هیچی دیکه نییه، ئاخر نێرسالاران نه‌ک هه‌ر که‌یفیان به ژنی داهێنه‌ر نایه‌ت، به‌ڵکوو هه‌وڵی زڕاندنی ناویشی ده‌ده‌ن،(2) ئه‌گه‌ر نا نالی ئه‌و (حه‌شر)هی به مه‌ستووره نه‌ده‌کرد.
تۆ هه‌ندێ جار
پاییزیت و هه‌ندێ جاریش
وه‌رزی به‌هار،
که ون ده‌بی
خه‌زان باڵام داده‌پۆشێ و
که ده‌تبینم
ژیانم ده‌بێ به گوڵزار.(3)
(ژن‌بوون هیچی دیکه نییه غه‌یری ئه‌وه‌ی که ژن خودی خۆی بێت، ژن، ژن بێت، پیاو نه‌بێت، ژن‌بوون ئه‌وه‌یه، ژن بێ ترس له کۆمه‌ڵ، بێ شه‌رمکردن له دابونه‌ریت، بێ سڵکردنه‌وه له تابوو، بێ دڵه‌ڕاوکێ خودی خۆی بنووسێته‌وه.)(4) لایه‌نی هه‌ره گه‌شی که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر که له‌م باسه‌دا کۆمه‌ڵه‌شیعری (ئاونگی وه‌رینی گوڵه‌کان)ی به‌سه‌ر ده‌که‌مه‌وه، ئه‌وه‌یه، هه‌ر که ده‌ستی به نووسین کردووه، هه‌وڵی داوه ژنانه بێته گۆ.
باڵنده‌کان زۆر له ئێمه ئازاترن
ئازادانه یه‌ک ماچ ده‌که‌ن،
دره‌خته‌کان زۆر له ئێمه عاشق‌ترن
به‌بێ ترس
ده‌ست له ملی یه‌کتر ده‌که‌ن.
دیرۆکی نووسینی کوردی به شێوه‌یه‌کی گشتی بریتییه له‌و نووسینانه‌ی له ڕوانگه‌ی (نێر)ه‌وه نووسراون، (مێ)یش که ده‌ستی به نووسین کردووه، وه‌ک تووتی هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی گوتووه‌ته‌وه که پێشتر پیاو گوتوونی. به هه‌ڵه‌دا ناچم ئه‌گه‌ر بڵێم، ژن هه‌رگیز هیچی له باره‌ی جه‌سته‌ی خۆیه‌وه نه‌نووسیوه، ژنیش پیاو ئاسا، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بۆ ئه‌وه هان داوه، ملکه‌چی دابونه‌ریت بن، ژنیش وه‌ک نێر له وه‌ختی نووسیندا هه‌وڵی سه‌رکوتکردنی مێی داوه، سه‌رنجی نووسینی (مه‌ستووره) بده‌ن، ئاخۆ هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ نووسینی پیاوانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیدا هه‌یه؟ له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک ژنێک بچێت باسی خودی خۆی بکات، له ناچارییه‌وه هاتووه هه‌ر ئه‌و قه‌وانه سواوانه‌ی لێ داوه‌ته‌وه که پیاوان پێش وی لێیان داون.
ده‌ستت مه‌هێنه به قژما
جێگه‌ی په‌نجه‌ت نابێته‌وه،
قژم پڕه له جێچه‌پۆکی دایکم و
جێگۆچانی ده‌ستی باوکم.
ژن به گشتی پاشکۆی نووسینی زاڵی پیاوانه بووه، هه‌میشه ئه‌وه پیاو بووه باسی جه‌سته‌ی ژنی کردووه، وه‌ک تابوو وابووه ژن باسی جه‌سته‌ی خۆی بهێنێته گۆڕێ. وه‌ک له ناخی هه‌ر ژنێکدا، پیاوێک بژی، ته‌واو ئاوا ژن سانسۆری له‌سه‌ر خودی خۆی داناوه و خۆی هاوزه‌مان زیندانی بووه و وه‌ردیانیش، ئاخر خۆی به‌شدار بووه له زیندانیکردنی خۆیدا. ژن به هۆشیارییه‌وه بووبێت یان له نائاگایییه‌وه، وه‌ک نموونه‌ی باڵا سه‌رنجی ئه‌و تێکستانه‌ی داوه، که پیاوانه نووسراون.
حه‌ز ده‌که‌م ببمه ته‌وارێک و بفڕ‌م
به‌ڵام تۆ هه‌میشه باڵه‌کانم ده‌دزی،
ده‌زانم شه‌وێک
له‌گه‌ڵ شیعرێکمدا سه‌ر ده‌بڕدرێم و
که‌سیش له خوێنم ناپرسێته‌وه.
ئه‌وه بۆ هێمن ئاسایی بوو، شیعری پۆرنۆگرافیک بنووسێت، ئه‌وه بۆ قوبادی جه‌لیزاده ئاسایییه شیعری ئێرۆتیک بنووسێت، وه‌لێ ئه‌گه‌ر خاتوونێکی شاعیر باسی دڵدارییش بکات، ده‌ڵێن، ژنێکی بوێره! هه‌رچه‌نده ده‌بوو بۆ ژنیش نووسین له باره‌ی جه‌سته‌ی خۆیه‌وه، وه‌ک کارێکی ئاسایی سه‌رنج درابا، ئاخر (ژیان وه‌ک چۆن ئه‌زموونێکی ده‌روونی، سۆزداری و فیکرییه، له هه‌مان کاتدا ئه‌زموونێکی فیزیکیشه.)(5) ئه‌گه‌ر ژنیش به ڕاستگۆیییه‌وه باسی جه‌سته و ته‌نانه‌ت (سێکس)یش بکات، مه‌به‌ستی ورووژاندن نییه، به‌ڵکوو سه‌رقاڵی به شیعرکردنی هه‌ست و ناخ و ژیانی خۆیه‌تی، خه‌ریکی گوتنی هه‌قیقه‌ته، ئاخر هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ خۆمان و ئه‌وانی دیکه‌دا ڕاستگۆ بین، ئاخر قسه‌کردن له باره‌ی جه‌سته‌وه، دابڕاو نییه له پێویستییه ده‌روونی و ڕۆحییه‌کان.
من ده‌مویست هه‌موو عه‌تری چاوه‌ڕوانیم
ببه‌خشمه ئه‌و ڕێیه‌ی
به‌یانیان تۆ سێبه‌ری لێ جێ ده‌هێڵی و
ئێواران من کۆی ده‌که‌مه‌وه.
که هه‌ندێک خانمه‌شاعیر له هه‌وڵی به شیعرکردنی پێویستییه جه‌سته‌یییه‌کانیاندا ده‌بن، که تامه‌زرۆیی خۆیان بۆ ڕامووسان و ئاوێزان نیشان ده‌ده‌ن، بابسالاران ئه‌و ڕاستگۆیییه بۆ ژنان به ده‌رۆزه‌کردنی سێکس له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: پاڕانه‌وه‌ی هه‌رزه‌کارانه بۆ سێکس، ئه‌ده‌بێکی باڵای لێ به‌رهه‌م نایه‌ت و شیعر ده‌ربڕی خودی یان ڕۆحی شاعیره، نه‌ک جه‌سته‌ی. به‌ڵام ئایا جه‌ست و ڕۆح ته‌واوکه‌ری یه‌کدی نین؟ به‌ڵام ئایا ژنیش وه‌ک پیاو مافی ئه‌وه‌ی نییه، خه‌ون به ئامێزی گه‌رم و پڕسۆزی ئه‌وینداره‌که‌یه‌وه ببینێت؟ ئامێزێک که ئاسووده‌یی و هێوریی پێ ببه‌خشێت؟ ئامێزێک که هه‌م جه‌سته‌ی بلاوێنێته‌وه و هه‌م ببێته هێلانه‌یه‌کی ئارام بۆ خود و ڕۆحیشی؟
من زۆر ڕقم له سه‌رپۆشه،
چونکه ڕێگره له نێوان
سه‌مای په‌نجه‌ی تۆ و قژی من.
ڕۆمان زاده‌ی پێوه‌ندیی دیالێکتیکییانه‌ی نێوان واقیع و خه‌یاڵه، به‌ڵام شیعر به‌رهه‌می ململانێی نیوان عه‌قڵ و ویژدانه و زاده‌ی توانه‌وه‌ی خوده له‌نێو بابه‌تدا. میلان کوندێرا پێی وایه، (هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام ئێستایش ئینسان هێنده گێله، وه‌ک هیچ ئه‌زموونێکی نه‌بێت.) ئایا ئه‌وه لای که‌م، هه‌ندێک له گه‌وجایه‌تیشی تێدا نییه، ئه‌وه‌ی بۆ (نێر)ی به ڕه‌وا ده‌بینن، بۆ (مێ) به تابووی بزانین؟ ئایا ئه‌وه کاره‌سات نییه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بێت، ژنێک له‌سه‌ر نووسینی شیعرێکی دڵداری بکوژرێت!
شیعرێکم بۆ ئاسمان نووسی
زه‌وی خۆی لێ تووڕه کردم،
شیعرێکم بۆ هه‌تاو نووسی
هه‌ور خۆری لێ ون کردم،
شیعرێکم بۆ باران نووسی
ته‌رزه به‌ردبارانی کردم،
که شیعرێکم
بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌م نووسی
هاتن گۆڕیان بۆ هه‌ڵکه‌ندم.
نامۆیی جۆری زۆره، هه‌یه له نیشتمان نامۆ ده‌بێت، هه‌یه له خودی خۆی نامۆ ده‌بێت، هه‌یه له ژیان نامۆ ده‌بێت و به په‌رۆشییه‌وه چاوه‌ڕێی مه‌رگ ده‌کات. گه‌لێک هۆکار وا له پیاو ده‌که‌ن که هه‌ست به نامۆیی بکات، وه‌لێ هه‌رگیز له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه که نێره، هه‌ست به نامۆیی ناکات، به‌ڵام ژن زۆر جار چونکه مێیه، له کۆمه‌ڵی بابسالاردا هه‌ست به نامۆیی ده‌کات. تۆماس ترانستروێممه‌ر ده‌ڵێت: (حه‌قیقه‌ت له سه‌ر ڕێی هه‌مووماندا که‌وتووه، که‌چی که‌سمان ناوێرێن هه‌ڵی بگرینه‌وه.) شاعیران ده‌بێت ئه‌و بوێرانه بن که حه‌قیقه‌ت ده‌ڵێن. ئێبسن ده‌بێژێت: (کاره‌سات ئه‌وه‌یه، پێویستمان به‌وه بێت، حه‌قیقه‌تێک بسه‌لمێنین که وه‌ک خۆر بدره‌وشێته‌وه.) له سایه‌ی بابسالاریدا خاتوونه‌شاعیر ناچار ده‌بێت سه‌رقاڵی سه‌لماندنی ئه‌و حه‌قیقه‌تانه بێت که خۆر ئاسا ده‌دره‌وشێنه‌وه، سه‌رقاڵی سه‌لماندنی ئه‌وه بێت که مێیه.
پێیان گوتم:
تۆ چۆن ئه‌وت خۆش ویستووه،
که تۆ په‌یکه‌رت له به‌فره و
چاوه‌کانی ئه‌و له هه‌تاو؟
منیش گوتم:
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ساتێ
له حوزووریا بتوێمه‌وه و ببم به ئاو.
خودی شاعیر
دوای تێکچوونه‌وه‌ی گوتوبێژ له نێوان کورد و ڕژێمی به‌غداددا، له چێشته‌نگاوی (24/4/1974) دا، باڵافڕه (سیخۆی)یه‌کانی به‌عس شاری قه‌ڵادزێ که (زانکۆی کوردستان)یشی لێ ده‌بێت، بۆمبا‌باران ده‌که‌ن. ئه‌و هێرشه که چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی وه‌ک بۆمبی (ناپاڵم)یشی تێدا به‌کار ده‌هێنرێت، ده‌یان شه‌هید و سه‌دان برینداری، که هه‌موویان سڤیل ده‌بن، لێ ده‌که‌وێته‌وه. هه‌شت ساڵ دواتر (24/4/1982) که خه‌ڵکی شاره‌که ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام و یادی شه‌هیدانی ئه‌و کاره‌ساته ده‌که‌نه‌وه، دیسان به‌عس په‌لاماریان ده‌دات، وێڕای برینداربوونی پێنج که‌س و ده‌ستگیرکردنی ده‌یان خۆپیشانده‌ر، دایکه ئامین و مامۆستا سنه‌وبه‌ر شه‌هید ده‌بن. به‌عس قینێکی هێنده ئه‌ستووری له شاری قه‌لادزێ هه‌ڵگرتبوو، به‌و ئومێده نه‌زۆکه‌ی له سه‌ر نه‌خشه‌ی کوردستان بیسڕێته‌وه، له حوزه‌یرانی 1989 دا ڕایده‌گوێزێت.(6)
وه‌ک به‌فر کاکۆڵی سپیت
بارانده نێو تابووته‌وه،
له دووکه‌ڵی جگه‌ره‌کانی (قه‌ڵا)
له مناره‌ی مزگه‌وتی نێوان (دوو زێ)
له مه‌ندیلی (سنه‌وبه‌ر)ێکی نوورانی،
له باوه‌شێکی پڕ میهر،
بڕوانه!
که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر شیعری بۆنه نانووسیت، به‌ڵکوو له ڕێی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مێژووه‌وه، خودی خۆی ده‌نووسێته‌وه، بۆیه کاتێك دێت باس له‌و کاره‌ساتانه ده‌کات که به‌سه‌ر (قه‌ڵادزێ)دا هاتوون و به چاوی ڕێزه‌وه سه‌رنجی خه‌باتی خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌دات، ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، ده‌بێته شیعر نه‌ک شیعار. ئه‌و بایه‌خ به ورده‌کارییه‌کانی دیرۆک نادات، ته‌عبیر له‌و کاریگه‌رییه‌تییانه ده‌کات که ڕووداوه‌کان له‌سه‌ر خودی جێیان هێشتووه. (کاکۆڵسپی)یه‌که، دایکه ئامینه‌ی حه‌فتا ساڵه‌یه و (سنه‌وبه‌ر)یش مامۆستایه‌کی بیستوسێ ساڵه بوو، ئه‌و دوو خه‌باتگێڕه به خوێنیان سه‌لماندیان، ژنی کورد ڕۆڵێکی گرنگی له به گژداچوونه‌وه‌ی به‌عسدا وازی کردووه.
شیعر و خۆڵه‌مێش
شتێک که ئینسان له هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی دیکه جیا ده‌کاته‌وه، به‌گه‌ڕ خستنی خه‌یاڵه، ئه‌وه خه‌یاڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاعیره، به جیهانێک ئاشنامان ده‌کات که خۆی دایده‌هێنێت و ئێمه‌ی خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌که‌ین واقیعه. شیعر کاتێک ده‌مانگۆڕێت و وامان لێ ده‌کات باشتر بیر بکه‌ینه‌وه و جوانتر ڕه‌وتار بکه‌ین که شاعیره‌که‌ی ئه‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی ڕه‌چاو کردبێت و که ستانسلاڤ جیزریلیک گوته‌نی: شاعیر له‌بری مه‌ره‌که‌ب، به خوێن شیعره‌که‌ی نووسیبێته‌وه، به خوێنی ئه‌م و ئه‌و نا، به خوێنی خۆی.
هاوڕێی ئه‌و شۆڕه‌ژنانه‌م
خۆڵه‌مێشیان
به یادگاری به‌جێ هێشت.
ئه‌وه توندوتێژی ناو خێزان، دابونه‌ریتی دواکه‌وتوو، نادادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و به چاوی نزم سه‌رنجدانی ژنانه، که چرای هیوایان ده‌کوژێنێته‌وه، که داهاتوویان لێ ده‌کاته شه‌وه‌زه‌نگ و که ته‌نیا و بێده‌سه‌ڵات ده‌یانهێڵێته‌وه، ئیدی له ناچارییه‌وه هانا بۆ خۆسووتاندن ده‌به‌ن. خۆ سووتاندن هه‌ر کۆتاییهێنان نییه به ژیان، په‌یامێکیشه بۆ کۆمه‌ڵ، دوا هاواری ئه‌وانه‌یشه که که‌سیان ده‌ست ناکه‌وێت گوێیان بۆ ڕادێرێت و به ئاگر خۆنووسینه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌یه که بواری به شیعر خۆنووسینه‌وه‌یان بۆ ناڕه‌خسێت. کاتێک ژنان هه‌ست ده‌که‌ن، هاووڵاتیی پله دوون، ته‌نانه‌ت خاوه‌نی له‌شی خۆیشیان نین و هیچیشیان له ده‌ست نایه، ئیدی ئاگر له جه‌سته‌یان به‌ر ده‌ده‌ن که دژوارترین و به ئازارترین جۆری خۆکوشتنه. خۆ سووتاندن دیاریی ده‌ستی سیسته‌می پیاوسالارییه بۆ ژنان.
سه‌یره من گوڵم و تۆ هه‌نگیت
هه‌نگ له پێناوی گوڵدا گیان ده‌به‌خشێ،
به‌ڵام من
له پێناوی تۆدا تیرۆر ده‌کرێم.
ژنان له کن مه دووچاری گه‌لێک جۆر له توندوتیژی ده‌بنه‌وه، وه‌ک جه‌سته‌یی، ده‌روونی، سێکسی و ئابووری. ژن که به‌ره‌و ڕووی هه‌ڕه‌شه و گوشار ده‌بێته‌وه، ئیدی ده‌روونی ئارام نابێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه تووشی خه‌مۆکی ببێت، خه‌مۆکییش ئینسان به‌ره‌و خۆکوشتن به ڕێ ده‌خات.
ئه‌م سپێده‌یه نامۆیه
نه بۆنی گوڵی مێخه‌ک دێ،
نه سۆزی خۆشه‌ویستی و ماچ،
له‌وه ده‌چێ عاشقێ کۆچی کردبێ،
هه‌مووی له‌گه‌ڵ خۆی بردبێ.
که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر هه‌ر ده‌ڵێی بۆ شیعرنووسین له دایک بووه، له‌وه ده‌چێت که ده‌ست به نووسین ده‌کات، هیچ پێوه‌ندیی به ده‌وروبه‌رییه‌وه نه‌مێنێت و تا له نووسین نه‌بێته‌وه، هه‌ست نه‌کات خه‌ریکی شیعرنووسینه. وای بۆ ده‌چم وه‌ک چۆن بۆ ئێمه، ئه‌وه شتێکی نوێیه که شیعرێکی تازه‌کی نووسراوی ده‌بینین، بۆ خۆیشی جۆرێک بێت له کوتوپڕی، ئاخر بێ ئه‌وه‌ی ژووانی له‌گه‌ڵیدا هه‌بێت، له‌ناکاو شۆڕه‌سواری شیعر دێت و ده‌یفڕێنێت. له شیعره‌کانیدا تامه‌زرۆیییه‌ک بۆ جیهانی منداڵی هه‌یه، جیهانێک که له شاعیر وایه، شیعر تێیدا سه‌روه‌ره و ئه‌وه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی شیعریشه له هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌کدا به هانامانه‌وه دێت.
ئه‌گه‌ر یه‌کێ لێم بپرسێ
شیعر بۆ چاوی کێ ده‌ڵێی؟
چی پێ بڵێم؟
که من هێشتا نازانم بۆ خۆشم ده‌وێی،
که من هێشتا نازانم کێی.
ئه‌ستێره‌ی خۆڕسکییه‌ک به شیعره‌کانییه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه، هه‌ر ده‌ڵێیت وه‌ک ئاوی کانی له ناخی دڵییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن. وه‌ک چۆن که‌سانی ڕاستگۆ قسه‌ی دڵ و هی سه‌ر زاریان وه‌کوو یه‌کن، قسه‌ی ناخ و شیعری که‌ژاڵ ئیبراهیم خدریش هه‌مان شتن. ئه‌و له‌ودیو ته‌مومژی ده‌ستکرده‌وه، خۆی حه‌شار نادات، هیچ له نهێنیدا ناهێڵێته‌وه و به جۆرێک ناخی به ڕووماندا ده‌کاته‌وه، ته‌واو وه‌ک ئه‌وه‌ی کلیلی وازکردنی ده‌رگای شیعره‌کانی بۆ هه‌موومان ناردبێت.
16/1/2012
1) که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر، ئاونگی وه‌رینی گه‌ڵاکان، چاپخانه‌ی ڕوون 2007 سلێمانی.
2) هه‌موو شیعره‌کان له کۆشیعری (ئاونگی وه‌رینی گه‌ڵاکان)ی که‌ژاڵ ئیبراهیم خدره‌وه وه‌رگیراون.
3) جمانة حداد، هذه هي قصـة جسد، مجلة جسد، ص 64 عدد 4 أیلول 2009 بیروت.
4) حوار مع الباحثة اللبنانیة یسری مقدم، ص63 جسد عدد 5 کانون الأول 2009 بیروت.
5) جمانة حداد، هذه هي قصـة جسد، مجلة جسد، ص64 عدد 4 أیلول 2009 بیروت.
6) http://www.qaladze.info