
هێڵی ئاسنین … نووسینی: سەرکاو هادی گۆرانی
کاره‌کته‌ره‌کان
ته‌لار: کچێکی ته‌مه‌ن 19 ساڵان
مه‌حموود: کۆنه قاچاخچی
شیلان: په‌ره‌ستاری خه‌سته‌خانه (سیسته‌ر)
هۆشمه‌ند: باوکی ته‌لار
ئاڵتوون: دایکی ته‌لار
ژیلوان: کوڕێکی ته‌مه‌ن 10 ساڵان، برای ته‌لار
هوشیار: مامی ته‌لار
کامه‌ران: ئامۆزای ته‌لار
بێستوون: قاچاخچی
دیمه‌نی یه‌که‌م
تابلۆی یه‌ک: ژووری ژماره 35
ژوورێکی ڕوناک له خه‌سته‌خانه‌یه‌کدا: په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره، ته‌له‌فیزۆنێکی هه‌ڵواسراو، کورسیه‌ک که پانتۆڵێک و کراسێکی له‌سه‌ره و جووتێ پێڵاوی له ژێر دانراون، قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ک به سه‌رچه‌فی سپی داپۆشراوه. مه‌حموود له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که ڕاکشاوه و چاوی بڕیوه‌ته ته‌له‌فیزۆنه کوژاوه‌که.
مه‌حموود له جێی خۆیه‌وه هه‌ڵده‌ستێ. ده‌بینین، به شێوه‌یه‌کی ناسروشتی گه‌وره‌یه. له ڕاده‌به‌ده‌ر ئاوساوه. ده‌ڵێی چووپێکی فووتێکراوه، باڵۆنێکه له شێوه‌ی مرۆڤدا، له‌و باڵۆنانه‌ی بۆ ڕێکلامی کارخانه گه‌وره‌کان به‌کارده‌هێنرێن، له دووری چه‌نده‌ها کێلۆمهترهوه ده‌بینرێن به‌سه‌ر شاردا ده‌فڕن. ده‌چێته لای په‌نجه‌ره‌که. که‌مێک له به‌رده‌میدا ده‌وه‌ستێ. به په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ی که په‌نجه‌ره‌که‌ی ته‌واو داپۆشیوه وێنه‌ی شاخوداخ و ڕوبارو خانوویه‌ک و دوو مناڵ ده‌کێشێ. ده‌چێته لای کورسیه‌که. پانتۆڵه‌که‌ی ههڵدهگرێتو به خۆیدا ده‌گرێ. هه‌ست ده‌که‌ین پانتۆڵی مناڵه هێند بچووکه بۆی. ده‌یه‌وێ پێڵاوه‌که‌ی له‌پێ بکات، ته‌نانه‌ت په‌نجه‌کانی پێیشی ناچنه ناوی. دێته‌وه لای سیسه‌مه‌که. ڕاده‌کشێ. کۆنترۆڵی ته‌له‌فیزۆنه‌که به ده‌سته‌وه ده‌گرێ. گۆرانی، هاردڕۆک، پۆپ، کوردی، ڕۆڵینگ ستۆنس، شڤان پهرڤهر. ئه‌وپه‌ڕی ده‌نگی ده‌داتێ. ده‌نگی مۆسیقاکه هێنده به‌رزه هه‌موو ژووره‌که ده‌له‌رێته‌وه. په‌نجه‌ره‌که به توندی ده‌کرێته‌وه. ڕه‌شه‌بایه‌کی زۆر دێته ژووره‌وه. سه‌رچه‌فه‌کان هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه. مه‌حموود وه‌ک میزه‌ڵدانی غاز له جێی خۆیه‌وه نیو مه‌تر به ئاسۆیی به‌رزده‌بێته‌وه.
یه‌کێک پاڵ به ده‌رگاکه‌وه ده‌نێ. به‌زۆر که‌مێک ده‌یکاته‌وه. شیلان کچێکی گه‌نجه به‌دله‌یه‌کی سپی له‌به‌ردایه، دێته‌ناوه‌وه. ده‌رگاکه به توندی له‌دوایه‌وه داده‌خرێ. شیلان به‌سه‌ر مه‌حمودا هاوارده‌کات.. گوێمان لێ نیه. دواجار کۆنترۆڵکهی لێدهفڕێنێتو مۆسیقاکه ده‌کوژێنێته‌وه. ده‌چێ، په‌نجه‌ره‌که داده‌خات.
تابلۆی دوو
شیلان: ئه‌ته‌وێ گوێ له مۆسیقا بگری بۆت هه‌یه، به‌ڵام به کزی. ئێره نه‌خۆشخانه‌یه، ته‌نها تۆشی لێ نیه. خه‌ڵک پێویستی به پشووه، به هێمنیه. چۆن ئه‌بێ یه‌کێک ئه‌وه‌نده خۆپهرستبێ. ئه‌مه دواجارته، ئه‌گینا چاره‌م ئه‌وه‌یه کۆنترۆڵه‌که له‌گه‌ڵ خۆمدا ببه‌م. ناکرێ هه‌موو جار نه‌خۆشه‌کانم جێبێڵم، به ڕاکردن حه‌وت قاوش ببڕم تا بگه‌مه ئێره..
مه‌حموود: تینوومه تینوو!
شیلان: دان به‌خۆتدا بگره، تۆ چاک ئه‌زانی ئاو خراپه بۆت، پێی ئهئاوسێی. چونکه دوێنێ شه‌و به‌ده‌م خه‌وه‌وه ئاوت خواردۆته‌وه، ئه‌ها چیت لێهاتوه!
مه‌حموود: خه‌ریکه له تینواندا ده‌خنکێم..
شیلان: ئه‌گه‌ر ئاو بخۆیته‌وه به ڕاستی ئه‌خنکێیت. ئه‌و ئاوه هه‌ڵواسراوه به ڕێژه‌ی پێویست ئه‌ڕوا بۆ له‌شت. ته‌نها ڕاهاتنه وات لێ ئه‌کا هه‌ست به تینوێتی بکه‌ی، ئه‌گینا له‌شت تینوو نیه. (شیلان لێدانی دڵی مه‌حموود ده‌گرێت و ده‌ستده‌کات به گۆڕینی ئاوه هه‌ڵواسراوه‌که)
مه‌حموود: (لاسایی وته‌بێژه‌کان ده‌کاته‌وه) پێشمه‌رگه، چقڵی چاوی دوژمنانه. پێشمه‌رگه، زه‌وی ڕاخهریهتی و ئاسمان ده‌دا به خۆیدا. ده‌زانی ئه‌وکاته له مه‌قه‌ڕ یه‌کێک له یاریه‌کانمان چی بوو؟
شیلان: نازانم.. چی بوو؟
مه‌حموود: ده تۆ هه‌ر له خۆته‌وه شتێ بڵێ!
شیلان: نازانم، بڵێم چی؟ دۆمینه؟. تاوڵه؟. قومار؟. زارزارێن؟. ڕه‌سم ڕهسمێنه؟.
مه‌حموود: نا که له‌و یاریانه بێزار ده‌بووین؟
شیلان: چوزانم.. چاوشارکێ؟. په‌تپه‌تێن؟. خه‌تخه‌تێن؟. بڵێم چی.. نه‌ڵێی ماڵه باجێنهتان ئه‌کرد؟.
مه‌حموود: ها ها ها.. ئای له‌م نه‌وه تازه‌یه! هه‌ر ناشزانن پێشمه‌رگه چیه. خۆزگه‌م به خۆتان. یه‌کێک له یاریه‌کانمان له مه‌قه‌ڕ ئه‌وه بوو فیشه‌کمان به ناوگه‌ڵی یه‌کتریه‌وه ده‌نا بزانین کێ ده‌ستی ڕاسته. شهڕواڵهکانمان هه‌موو کون‌کون بوون.. ها ها ها.. ئه‌و هه‌ر ههڵدهبهزیهوهو منیش هه‌ر فێشهکم پێوه ده‌نا. چ دڕنده‌یه‌ک بووم ئه‌و کاته.. خۆشیش بوو. ئه‌مڕۆ که ده‌چمه ناو پارک و کافێتێریاکان و ئه‌م خه‌ڵکه ده‌بینم سه‌یرم لێدێ. ده‌ڵێم ئه‌مانه وه‌ک بڵێی نه بایان دیوه نه بۆران. چ هێمنیه‌ک!. مرۆڤ بێزار ده‌بێ. ئاره‌زوو ده‌که‌یت شتێک ڕوو بدات، وه‌ک ئیوه ده‌ڵێن، بقڵیشێته‌وه. شتێک بته‌قێته‌وه که‌مێک ڕا بکه‌یت. ئه‌م گۆمه مه‌نگه بشڵهقێ..
شیلان: گه‌ر ئه‌وه‌ت ئه‌وێ بۆ نه‌چووی بۆ به‌غدا؟ ئه‌م تۆزه ئاسایشه‌ش که هه‌مانه به ڕه‌وامان نا‌بینیت؟ شه‌ڕ له به‌تاڵی باشتره ها؟.
مه‌حموود: جاران شتێک یا که‌سێکت به‌دڵ نه‌بوایه زرمهت لێههڵدهستاند له‌ناوت ده‌برد. ئێستا ده‌بێ دانیشیت ڕه‌خنه‌ی لێبگریت. چاوه‌ڕێی وه‌ڵامه‌که‌شی بکه‌یت، بزانی چۆن وه‌ریده‌گرێ.. ده‌مه‌وێ حیزبێکی تازه دابمه‌زرێنم، حیزبی ڕیشۆڵه و پووش. ئامانجه‌کانی یه‌که‌م: هێنانه‌وه‌ی ڕیشۆڵه‌کان بۆ باخی گشتی شار، دووه‌م: بڵاوکردنه‌وه‌ی پووش به پاڵاس و ته‌لار و په‌ڕله‌مان وهه‌موو شوێنه گرنگه‌کاندا..
خۆشم نازانم چی ده‌ڵێم. ئاخر ئه‌مه یه‌که‌م جاره له ژیانمدا ئه‌وه‌نده کاتی به‌تاڵم هه‌بێت. ئه‌وه‌نده بێکاربم. ئه‌م ماوه‌یه‌ی لێره‌م هه‌زار جار ژیانی خۆمم وه‌ک شریت هێنایه‌وه پێش چاوم، هه‌موویم له‌به‌رکرد. هیچ شتێکی گرنگم تێدا نه‌دۆزیه‌وه. شت نه‌ماوه بیری لێنه‌که‌مه‌وه. جاری وا هه‌یه ته‌نانه‌ت بیر له بۆقیش ده‌که‌مه‌وه..
له حه‌فتاکانا تازه ته‌له‌فیزۆن هاتبوه دێکه‌مان، کابرایه‌کی پیر هه‌بوو ڕقی له ته‌له‌فیزۆن بوو. ئه‌م کابرایه ده‌یگوت “ده لایبه‌ن ته‌له‌فزوێن که‌ی شته.. ئه‌و بۆق نیشان ده‌دا.. ئاخر بۆق شته نیشانی بده‌یت.. ئه‌گه‌ر شتێکی ئه‌وه‌نده موهیم بوایه بۆقی نیشان نه‌ده‌دا” منیش له بێئیشیدا هه‌ندێ جار نه‌ک بۆق ته‌نانه‌ت بیر له گووش ده‌که‌مه‌وه.. (شیلان به کزی مۆسیقاکه ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڕوات)
دیمه‌نی دووه‌م
تابلۆی یه‌ک: ژووری ژماره 34 له هه‌مان خه‌سته‌خانه
ته‌لار هۆشمه‌ند له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی ڕاکشاوه. ده‌ستی و بازوی و باڵی و شانی چه‌پی له‌گه‌ڵ لای چه‌پی ڕوومه‌تی سووتاون. به‌ده‌ستی ڕاستی خه‌ریکی نووسینی نامه‌یه‌که.
ته‌لار: دایک‌وباوکم هه‌ر نه‌هاتوون به لامدا.. ته‌نها ژیلوانی برا بچووکم نه‌بێ، ئه‌ویش به دزییه‌وه. ماڵه‌وه، که دراوسێکان لێیان پرسیون به‌چی سووتاوم؟ وتویانه پهرهمێزم به‌سه‌ردا ته‌قیوه‌ته‌وه.. سه‌یری ئه‌و نوکته‌یه! هه‌موو که‌س ده‌زانێ که تا ئێستا له ماڵی ئێمه‌دا نه‌ک هه‌ر من ته‌نانه‌ت دایکیشم نازانێت نان دروسکات، هه‌ر ناشزانێت په‌ره‌مێز چۆن ئیش ئه‌کات.. به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له ئابڕووی خۆیان ئه‌ترسن. لێره ئابڕوو له ژیان له دواڕۆژ له مناڵ له خۆشه‌ویستی ته‌نانه‌ت له نیشتیمانیش گرنگتره. ئابڕووش ئه‌بێ ته‌نها ئێمه‌ی ژن به‌رپرسیاربین لێی. خۆ ئه‌وه هه‌رگیز کار‌و کێشه‌ی پیاو نیه. ئه‌وه‌تا تۆ هیچ هه‌ست به ئابڕوچوون ناکه‌یت به‌م شێوه‌یه من به‌جێدێڵی. من چاوه‌ڕێ نیم سه‌ردانم بکه‌یت، گوڵم بۆ بهێنیت.. به‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ت هه‌بێ ته‌نها یه‌کجار ڕووبه‌ڕووی ڕاستیه‌کان ببیته‌وه.. من نامرم.. زۆر په‌شیمانیشم له‌م کهریهتیهی که کردم.. چونکه تۆ ئه‌وه ناهێنیت.. نه‌ک هه‌ر تۆ هیچ پیاوێک.. هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک. ته‌نانه‌ت ئه‌م وڵاته‌ش ئه‌وه ناهێنێ من له پێناویدا خۆم بسووتێنم. (ته‌لار کاغه‌زه‌که له ده‌فته‌ره‌که لێده‌کاته‌وه‌و تۆپه‌ڵی ده‌کات و فڕێیده‌داته ناو ئه‌و کاغهزانهیتر که به تۆپهڵکراوی له ده‌وری قه‌ره‌وێڵه‌که فڕێدراون. ده‌نگی مۆسیقایه‌کی به‌هێز له ژووره‌که‌ی تره‌وه دێت) پیاو.. پیاو.. پیاو.. له هه‌موو شوێنێک ئه‌بێ خۆی بنوێنێ پیاو.. ئه‌بێ ئازادی خۆی هه‌ڵواسێ.. هاوارکا.. بفرۆشێ.. ڕاستیش ئه‌کات.. ئه‌مه وڵاتی ئه‌وه.. ئه‌و له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م وڵاته‌دا ئازاده.. ئازادیش نه‌بێ ئه‌توانێ خۆی پیشان بدات.. ئه‌ی من له کوێ ئازادم؟.. له مووبهقدا.. له ئاودهسدا.. ئافره‌ت ته‌نانه‌ت بۆ نوێژکردنیش ئه‌بێ پیاو کاتوشوێنی بۆ دیاری بکات..
تابلۆی دوو
شیلان: (دێته ژووره‌وه) خانم!. کاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌م ژووره چۆڵ بکه‌یت.
ته‌لار: بۆکوێ بڕۆم؟.
شیلان: له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌زانی که مانه‌وه‌ت لێره کاتیه. ئه‌م نهۆمه هی پیاوانه، شوێنی نه‌خۆشیه درێژخایهنهکانیشه. تۆمان هێنایه ئێره چونکه ئێره چۆڵ بوو، هه‌روه‌ها قاوشی سووتان پڕبوو. چاره‌کێکی تر دێمه‌وه به شوێنتدا، خۆت ئاماده بکه!. (منداڵێک دێته ژووره‌وه. شیلان ده‌چێته ده‌ره‌وه.)
تابلۆی سێ: ته‌لار ده‌ستی منداڵه‌که ده‌گرێت و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌که دایده‌نیشێنێ.
ته‌لار: قسه‌م بۆ بکه ده‌ی!.
ژیلوان: باوکم و مامم و خاڵه فاضل و مامه کامه‌ران هاتن بۆ ماڵه‌وه. که له ژووری میوانه‌که دانیشتن دایکم منی برده مووبه‌ق. ویستم بچمه‌وه ژوورێ مامه کامه‌ران هاواریکرد مناڵ بۆ ده‌ره‌وه!. منیش چوومه سه‌ربان. له‌وێوه به بۆری تهنکیهکهدا هاتمه‌وه خواره‌وه بۆ لای په‌نجه‌ره‌که. ههرئهمویست بزانم بۆچی کۆبونوتهوهو بۆچی نایانه‌وێت من ببیستم چی ئه‌ڵێن. ئه‌و ڕۆژه‌شی که له سه‌ربان تۆ خۆت سووتاند ده‌رگای هه‌وره‌بانه‌که داخرابوو، منیش به تهنکیهکهدا سه‌رکه‌وتم بۆیه پێت نه‌زانیم. که مامه کامه‌ران وتی مناڵ بۆ ده‌ره‌وه یه‌کسه‌ر بیرم له فێڵه‌که‌ی خۆم کرده‌وه..
ته‌لار: باشه ده‌ی، دوایی؟
ژیلوان: گوێم له هه‌موو شتێک بوو، باوکم گریا..
ته‌لار: باوکم گریا؟ بۆچی؟
ژیلوان: مامم هه‌ر پێی ئه‌وت “ئه‌بێ بڕیار به‌یت” ئه‌ویش هیچی نه‌ئه‌وت، ئه‌ویش هه‌ر دووباره‌ی ئه‌کرده‌وه “بڕیاربه!” ئه‌ویش هه‌ر قسه‌ی نه‌ئه‌کرد. خاڵه فاضلیشم هه‌ر بێده‌نگ بوو. مامه کامه‌ران به پێوه بوو، جارجار چکلێتێکی ئه‌خوارد، ئیتر وتی “ئێ وازی لێبێنن بۆ دوای جه‌ژن.. په‌له‌مان چیه؟” مامم وتی “ها هۆشمه‌ند، چی بوو؟ ئاخر پیاو له‌و کاتانه‌دا بیرئه‌کاته‌وه؟ ئاخر ئه‌گه‌ر تۆ خۆت به پیاو ئه‌زانی.. به وه‌ڵڵا من بوومایه ئێستا حه‌وت ساڵ بوو دایکهکهشیم پێوه تۆپاندبوو. ئینجا باش گوێگره با من پێت بڵێم، ئه‌مه ته‌نها کێشه‌ی تۆ نیه، کێشه‌ی هه‌موو تایهفهکهیه، تۆش به‌شێکیت له‌م تایه‌فه‌یه نه زیاد نه که‌م. من نه‌هاتووم لێره پرست پێبکه‌م، هاتووم ئاگادارتکهمهوه. ئاخر کوا شتی وا هه‌بووه له ناو ئێمه‌دا. وه‌ڵڵا کچمان تا مردن بهردرگاشی نه‌بینیوه. دوو جار کچ له ماڵمان چۆته ده‌رێ، کاتێک گوێزراوه‌ته‌وه، کاتێکیش بردوومانه بینێژین که مردووه. ئه‌م به‌ڵایه چی بوو هاته ناومانه‌وه. ئه‌مه هه‌مووی له‌ژێر سه‌ری ئه‌و ژنه قهحبهیهتایه. ئه‌و مناڵه نه‌بوایه ئه‌ویشم له‌گه‌ڵا ئه‌سووتان. به هه‌رحاڵ ئه‌بێ پێش ئه‌وه‌ی بێته ده‌رێ شته‌که به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین.” مامه کامه‌ران وتی “هێشتا زۆری ماوه چاکبێته‌وه. به‌م زووانه ده‌ری ناکه‌ن.” ئیتر مامم وتی “به کورتی ئه‌مه نه‌خشه‌که‌یه: هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی که بڕیاره بێته ده‌ره‌وه کامه‌ران به ته‌کسیه‌که‌ی ئه‌چێ به شوێنیا به بیانوی ئه‌وه‌ی بیهێنێته‌وه ماڵه‌وه، ئێمه‌ش له شوێنی خۆ‌یا چاوه‌ڕێیان ئه‌که‌ین. هه‌ر شوێن زۆره، گۆیژه، شه‌ستیه‌که.” خاڵه فاضلیشم چاوی سووربوون. مامم به باوکمی وت “چیبکه‌ین برا، نهگبهتیهو خوا ناردویه‌تی. ده‌سه‌ڵات چییه؟”
ته‌لار: ئه‌ی باوکم؟. باوکم هیچی نه‌وت؟.
ژیلوان: نا، باوکم هیچی نه‌وت. خاڵیشم چاوه‌کانی سوور بووبوون. (شیلان دێته ژوورێ)
دیمه‌نی سێهه‌م
تابلۆی یه‌ک: باخچه‌ی خه‌سته‌خانه. مه‌حموود له‌سه‌ر کورسیه‌کی درێژکۆله دانیشتووه. ته‌لار به ئاوه ههڵواسراوهکهیهوه به‌ره‌و لای دێ. له‌لایه‌وه داده‌نیشێ.
مه‌حموود: کێ پێی گوتی؟ شیلانی سسته‌ر؟. هیچ نهێنیه‌کی خۆت لای ئافره‌تێک نهدرکێنیی باشه.
ئه‌و کاته قاچاخچی بووم ئێستا وازم هێناوه. هاتوومه‌ته‌وه کارێک بۆ خۆم بدۆزمه‌وه‌و دانیشم. (پاش که‌مێک) پاساپۆرتی ئه‌ڵمانیم پێیه. که تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه پیسه بووم ترسام، ئیتر تۆبه‌م کرد. دکتۆره‌کان ده‌ڵێن، چاره‌ی نه‌خۆشیه‌که‌م له‌وێ ده‌کرێ. به‌ڵام من ئه‌گه‌ر چاریشم نه‌مێنێت به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ست ناکه‌مه‌وه به‌و ئیشه. ئینزارم وه‌رگرت.
خۆی ئه‌م کاره وه‌کو وه‌رزش وایه تا ته‌مه‌نێک ده‌توانی بیکه‌یت. منیش گه‌یشتومه‌ته ئه‌و ته‌مه‌نه.. ده‌بێ چه‌نده‌ها کیلۆمه‌تر به پێ بڕۆیت، به ناو به‌فردا، به ڕه‌شه‌با، به باران، به گه‌رمای چله‌ی هاوین، به شه‌و به‌ناو قوڕو به‌ردو داردا، به مه‌له به‌ناو ئاوی سه‌وزی پڕله جانه‌وه‌ردا، یا به‌ناو لێشاوی روبارێکدا ته‌نانه‌ت هێستریش ده‌بات. وه‌ک ئه‌وه‌یه بیست جۆر له وه‌رزش له هه‌مان کاتدا په‌یڕه‌و بکه‌یت. ئینجا دڵنیا نیت ئایا ده‌گه‌یت، ئایا چه‌ند له نهفهرهکانت ده‌گه‌ن، چه‌ندیان جێده‌مێنن، چه‌ندیان ده‌مرن. ئینجا تهلهفۆنو تهلهفۆنکاری. پاره‌کانیان گه‌یشتووه نه‌گه‌یشتووه.. هه‌زاره‌ها خوێڕیت لی ڕاسدهبێتهوه سه‌رانه‌یان ده‌وێ، به گوێزان و که‌ته‌ر و کێرد و شمشیری سامووڕای، له ناوه‌ڕاستی هه‌زار تۆریستدا، له‌سه‌ر مه‌یدانێکی گه‌وره‌ترین پایته‌ختی وڵاتێکی شارستانی، کێشه‌یان نیه له‌سه‌ر وشه‌یه‌ک، یا سه‌د دۆلار، یه‌کتر لهتلهت بکه‌ن . من ئه‌م کاره‌م بۆ پاره نه‌ده‌کرد، خولیام بوو. کاری ترم پێنه‌ده‌کرا. هه‌ر له منداڵیه‌وه له‌گه‌ڵ باوکمدا له‌سه‌ر سنووره‌کان ڕێبه‌ری فێربووم. پیشه‌م بوو وه‌ک چۆن دکتۆری، کرێکاری پێشه‌ی هه‌ندێ که‌سه..
تابلۆی دوو
مه‌حموود: ته‌ماشام بکه!. باوه‌ڕ ده‌که‌یت به‌م له‌شه‌ی ئێستامه‌وه بتوانم به‌رده‌وامبم له‌و کاره؟ ئه‌ی تۆ؟ به‌م شێوه‌یه ده‌توانی له‌و ڕێگایه بده‌یت؟ کچێکی سه‌قه‌ت و ته‌نیاو ئاوا گه‌نج؟
ته‌لار: چاره‌م نیه. بڕۆم، ڕاسته دڵنیانیم که ئه‌گه‌م.. بڵام بمێنمه‌وه دڵنیام که ناژیم.
مه‌حموود: ئه‌ی که‌سوکارت ڕازین؟
ته‌لار: ئه‌وه په‌یوه‌ندی به خۆمه‌وه هه‌یه.. ئه‌ی چۆن!. بێگومان.. بێ پرسی ئه‌وان من چۆن ئه‌توانم بڕیاری وا بده‌م!
مه‌حموود: ئه‌ی پاره‌ت هه‌یه؟ که‌سوکارت پاره‌یان هه‌یه؟
ته‌لار: پلانێک شک ئه‌به‌م. ئه‌و ڕۆژه‌ی که ئه‌ڕۆم پاره‌که ئاماده ئه‌بێ.
مه‌حموود: چونکه پێم گوتی، من خۆم هیچ که خه‌ڵک نابه‌م، ئاماده‌م که‌سێکت پێ‌بناسێنم. به‌ڵام ده‌بێ دڵنیابێ که پاره‌ت هه‌یه.
(بێده‌نگی)
مه‌حموود: پیره‌مێردێ به چله‌ی هاوینیش، هه‌میشه ملپێچێکی ئه‌ستوور له ملیه‌وه ده‌پێچێ.
ته‌لار: مه‌ته‌ڵه؟
مه‌حموود: نا نوکته‌یه.
ته‌لار: چونکه نه‌خۆشه، سه‌رمایه‌تی.
مه‌حموود: نه‌خێر.
ته‌لار: ڕاهاتووه، هه‌ر له گه‌نجیه‌تیه‌وه وا هێناویه‌تی.
مه‌حموود: نه‌خێر.
ته‌لار: نازانم، خۆت بیڵێ.
مه‌حموود: له ترسی هه‌نگ و مێش و زه‌رده‌واڵه.
ته‌لار: ئه‌مه مه‌ته‌ڵه له‌ناو مهتهڵدا.
مه‌حموود: نا، ئه‌وانه له هه‌رشوێنیک ده‌یبینن، به پشته ملیه‌وه ده‌نیشنه‌وه، به قاپێک پاقلاوه‌ی تێ ده‌گه‌ن.
ته‌لار: ههههه… ئا ئا ییی.. (که پێده‌که‌نێ، هه‌موو پێستی سووتاوی ده‌که‌وێته ئازار‌و خوێنی لێ دێ)
مه‌حموود: زۆر داوای لێبوردن ده‌که‌م. (ده‌یه‌وێت بڕوات که‌سێک بانگ بکات)
ته‌لار: نا مه‌ڕۆ، ته‌واو، پێویست ناکات. (مه‌حموود ده‌مێنێته‌وه)
(بێده‌نگی)
ته‌لار: به خۆشویستی..
مه‌حموود: …
ته‌لار: له دڵتدام. ده‌زانم که بیرت له‌وه ده‌کرده‌وه لێم بپرسیت به‌چی وام لێهاتووه. چیه، پێکه‌نینت دێ؟.
مه‌حموود: ناا.. حه‌ددم چیه.. به‌ڵام..
ته‌لار: به مه‌ته‌ڵ تێگه‌یشتی.
مه‌حموود: …
(بێده‌نگی)
ته‌لار: پیاو هه‌زاره‌ها ساڵه له گۆرانی وشیعرو چیرۆکه‌کانیدا ئه‌ڵێ: خۆشه‌ویستی سووتانمی، خۆشه‌ویستی کردمی به قه‌قنه‌س، دڵ ئه‌سووتێ وه‌ک قاوه؟.. وا ناڵێ؟..
مه‌حموود: …
ته‌لار: که‌چی که له به‌رده‌میدا، به ڕاستی، که‌سێک ده‌بینێ خۆشه‌ویستی سووتاندویه‌تی، هه‌موو ئه‌و شاعیریه‌ت و خه‌یاڵاته به‌رزه‌فڕانه پووچه‌ڵ ئه‌بنه‌وه. ده‌رئه‌که‌وێ، هه‌موو ئه‌ده‌ب و شیعر درۆیه، بۆ جوانکردنی ژن نیه، بۆجوانکردنی پیاو خۆیه‌تی..
مه‌حموود: ئه‌وه زمانی هونه‌ره، ده‌بێ وابێ. خۆ ناکرێ وه‌ک زمانی ڕۆژانه‌بێ. ده‌بێ زیاده‌ڕه‌وی تێدا بکرێ، بۆ ئه‌وه‌ی جوان ده‌ر بچێ.
ته‌لار: که پیاوێک به خۆشه‌ویستی ئه‌سووتێ ده‌بێته شاعیر، ئه‌گه‌ر مه‌لاش بێت، ئه‌بێته شاعیری عیرفانی. که ژن به خۆشه‌ویستی ئه‌سووتێ، قه‌حبه‌یه‌ک بوو سووتا.. هیچی تر..
مه‌حموود: دیاره زۆر داخله‌دڵی دژی پیاوان.. من ده‌ڵێم مافی خۆته.. هه‌رچه‌نده..
ته‌لار: هه‌رچه‌نده، چیم به‌سه‌ردێ خه‌تای خۆمه.. ده‌تویست ئه‌وه بڵێی، نا؟
مه‌حموود: نا..
(بێده‌نگی)
مه‌حموود: زۆرلێکراوانی دنیا له هه‌موو وڵاتان، ڕۆژێ له ڕۆژان یاخی بوون، ڕاپه‌ڕیون، شۆڕ‌شیان کردووه، ئافره‌ت نه‌بێ، هه‌زاره‌ها ساڵه هه‌موو شتێک قبووڵ ده‌کات. سه‌یره نا؟ من ناڵێم بچن چه‌ک هه‌ڵبگرن دژی پیاو، هه‌رچه‌نده گه‌ر من ئافره‌ت بوومایه سێودووم لێنه‌ده‌کرد.
ته‌لار: ئه‌و نه ته‌نها مافی خۆی ناناسێ، داکۆکی له پیاویش ئه‌کا دژی خۆی. ئه‌ویش نیوه‌یان به‌کار ئه‌هێنێ دژی نیوه‌که‌ی تر. نازیه‌کان که‌مپه‌کانیان به جووله‌که‌کان خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌برد.
مه‌حموود: سه‌ددام شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ی کوردی به جاشی کورد ئه‌کرد.
ته‌لار: ئافره‌ت زۆرترین خۆفرۆشیان هه‌یه.
مه‌حموود: به‌داخه‌وه، به خانوێک و سه‌یاره‌یه‌ک ده‌توانی زۆر ئافره‌ت هه‌یه بیکڕیت.
ته‌لار: که‌چی که ئافره‌تێک به‌بێ به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاوێکدا ته‌نها ماچێکیش بکات، پێی ئه‌ڵێن له‌شفرۆش. وایه یان نا؟
مه‌حموود: ئه‌سپێکی کێوی..
ته‌لار: نا نا تکایه! ناتوانم پێبکه‌نم!.
مه‌حموود: بڕوا بکه هه‌ر بیرم بۆ نوکته نه‌چوو.
ته‌لار: وام زانی.
مه‌حموود: بیرم چوه‌وه.. ئا. ده‌مویست بڵێم، ئه‌سپێکی کێوی، به ئاسانی ڕام ناکرێ، ڕامیشی بکه‌یت له‌گه‌ڵیدا خراپ بیت، بۆی ڕه‌خسا غاردهداتهوه به‌ره‌و ده‌شت. به‌ڵام کام سه‌گه‌ی زۆر هاره به له‌تێ گۆشت یا کڵۆیه‌ک شه‌کر ده‌بێته موریدت.
ته‌لار: باسی منت چۆن بیستووه؟ چیان پێ وتویت؟ چۆن وام لێهاتووه؟.
مه‌حموود: .. نازانم.. بۆیه له خۆتم پرسی.. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ باسی بکه‌یت.. بڵێم چی؟ هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی خه‌ڵک باسی ده‌که‌ن، گوایه تۆ له‌گه‌ڵ کوڕێکدا ڕاتبواردووه.. به هه‌ڵه تێنه‌گه‌یت، من ئه‌وه‌ت بۆ باسده‌که‌م که بیستوومه.. ئه‌و به ته‌له‌فۆنه‌که‌ی هه‌مووی تۆمارکردووه.. دوایی بڵابوهتهوه.. تۆش پێش ئه‌وه‌ی باوکت و که‌سوکارت پێی بزانن.. (مۆسیقایه‌کی به‌رز ده‌بیسترێ. ئه‌م دیمه‌نه بۆماوه‌یه‌ک به‌رده‌وامه، بێ ئه‌وه‌ی گوێمان له دیالۆگه‌کان بێ)
دیمه‌نی چواره‌م
تابلۆی یه‌ک: ماڵی ته‌لار. تاقمێک قه‌نه‌فه‌ی پرته‌قاڵی. مێزێکی شووشه‌ی نزم. بۆفێیه‌ک. که‌نتۆرێکی به‌رز. پێشانگایه‌ک به‌شی خواره‌وه‌ی له داره. مێزێکی باریکه‌له‌ی ته‌له‌فۆن. ژیلون که‌نتۆره که‌ی کردۆته‌وه به دوای شتێکدا ده‌گه‌ڕێ، له هه‌مان کاتدا به مۆبایله‌که‌ی له گفتوگۆدایه.
ژیلوان: ئه‌وه‌تا.. جوان ئه‌گه‌ڕێم.. ئێ خۆ تۆ من نا‌بینیت چووزانی که من جوان ناگه‌ڕێم؟ نیه.. لێره نیه.. ئا به دڵنیاییه‌وه.. باشه..(بۆفێکهش ده‌کاته‌وه) لێره‌ش نیه.. بۆسته.. بۆسته.. دۆزیمه‌وه.. سندووقێکی بچووکی جوانه.. (سندووقه‌که ده‌کاته‌وه) نا ئه‌و نیه.. هه‌مووی کاغه‌زی کۆن و په‌ڕۆی سه‌وزو موورووه.. پاره؟ با تیایه‌تی.. “ئه‌وه چیه؟ ئه‌مه پاره‌ی زه‌مانی باوه هه‌ره گه‌وره‌ی باوکمه”.. دووسێ پاره‌ی کاغه‌زی گه‌وره‌ن، هه‌ر ناشزانم هی چ وڵاتێکن.. ته‌لار، ئێستا من ئه‌ڵێم ئه‌م ژووره هیچی تیا نیه.. ئا هه‌مووی.. له سه‌دا سه‌د.. جوان جوان گه‌ڕام.. چی؟!! قاسه؟ ئێمه قاسهمان له کوێ بوو؟ قاسهمان هه‌یه؟ ئه‌ی بۆ تائێستا که‌ستان پێتان نه‌وتووم؟ هه‌ر من نه‌مزانیوه.. باشه له کوێیه؟. من ناتوانم بچم بۆ ژووره‌که‌ی دایک‌وباوکم.. ئاخر دایکم له‌وێ نوستووه، خهبهریبێتهوه.. ئه‌ی نه‌موت له‌و ڕۆژه‌وه نه‌خۆشه هه‌ر له جێگادایه.. ئه‌ی ئه‌گه‌ر پێیزانی؟ .. باشه ئه‌چم به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرتمی ئه‌ڵێم بۆ تۆیه باشه؟ (ژیلوان ده‌چێته ده‌ره‌وه.)
تابلۆی دوو: کاک هۆشمه‌ند به ته‌له‌فۆنه‌که‌یه‌وه، به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه دێته ژووره‌وه.
هۆشمه‌ند: باشه وشیار خۆ که‌ر نیم تێئه‌گه‌م. ئه‌چم ئاڵتوون خهبهرئهکهمهوهو له جێکهیدا ئه‌خه‌وم بۆ ئه‌وه‌ی چاک باوه‌ڕبکات که نه‌خۆشم. هه‌رچه‌نده چاک ئه‌یناسم ئه‌وه‌نده زۆڵه هه‌رگیز باوه‌ڕناکات. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه خه‌ڵکیتر باوه‌ڕبکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌لار بێته‌وه باوکی ببات بۆ خه‌سته‌خانه، ئیتر هه‌ر ئه‌مه نیه؟.. ده باشه ته‌واو ئه‌وه‌نده‌ی مه‌ڵێره‌وه.. نا نا بیرم ناچێت ژیلوانیش له گه‌ڵ کامهرانا ئه‌نێرم بۆ ئه‌وه‌ی دڵی هیچ نه‌کات.. ده باشه ده‌ی. (هۆشمه‌ند ته‌له‌فۆنه‌که داده‌خاته‌وه‌و ژماره‌یه‌کیتر لێده‌دات)
هۆشمه‌ند: (ده‌نگی وه‌ک نه‌خۆش لێده‌کات) باشی کچه؟ ئه‌زانم باشتری.. ئێستا کامه‌ران دێت به‌شوێنتا.. ئا.. ژیلوانی له‌گه‌ڵدایه.. پێکه‌وه وه‌رنه‌وه، دوایی منیش ببه‌ن بۆ خه‌سته‌خانه.. ئا نه‌خۆشم.. باشه ده‌ی.. من هیلاکم، له‌وه زیاتر ناتوانم قسه بکه‌م.. ئا دکتۆر ئازاد.. خوات له‌گه‌ڵ.. ئا ئا.. تا دوایی..
(ژیلوان به دووسێ سه‌فته پاره‌وه خۆی ده‌کات به‌ژووردا. که باوکی ده‌بینێ پاره کانی له‌ده‌ست ده‌که‌ون.)
تابلۆی سێ: سه‌رسورماو، باوکی بۆ ماوه‌یه‌ک ته‌ماشای پاره‌کان ده‌کات، ژیلوانیش ره‌ق، جووڵه‌ی لێبڕاوه.
ژیلوان: به‌خوا بۆخۆم نیه باوکه.. نامه‌وێ بیانبه‌م بۆ خۆم.. خۆ من ئه‌و هه‌موو پارانه چی لێبکه‌م.. (ده‌گری)
هۆشمه‌ند: مه‌گری.. وه‌ره دانیشه. (ده‌ستیده‌گرێت و به‌رامبه‌ر خۆی دایده‌نیشێنێ) ڕاست وه‌ڵامم ئه‌ده‌یته‌وه.. درۆ بکه‌یت هه‌ڵتده‌واسم.. یه‌که‌م: چۆن قاسهکهت دۆزیه‌وه؟ دووه‌م: کێ ژماره‌که‌ی پێوتی؟ سێیه‌م: ده‌تویست ئه‌م پارانه بۆ کوێ به‌ریت؟
ژیلوان: بۆ که‌س.. هه‌روا ویستم.. من هیچم نه‌کردوه توخوا باوکه..
هۆشمه‌ند: (زله‌یه‌ک له ژیلوان ده‌دات) چیم پێوتی؟ نه‌موت تووڕه‌م مه‌که؟ خۆت ئه‌زانی که تووڕه‌بووم گریان و پاڕانه‌وه سوودی نیه..
ژیلوان: باوکه به‌خوا من نه‌مئه‌ویست بیانبه‌م.. خۆ من بۆ چیمن.. نازانم.. دایکم وتی..
هۆشمه‌ند: دایکت پێیوتی؟ باشه هه‌ر ئێستا بۆم ده‌رئه‌که‌وێ. ئینجا خوام له‌و خوایه‌یه درۆم له‌گه‌ڵ بکه‌یت. (هۆشمه‌ند ده‌چێته ده‌ره‌وه.)
تابلۆی چوار: ژیلوان ته‌له‌فۆنه‌که‌ی ده‌ردێنێت و زۆر به شپرزه‌ییه‌وه ژماره‌یه‌ک لێده‌دات.
ژیلوان: ده‌ده‌ی.. بۆ هه‌ڵیناگریت؟ ده‌ده‌ی.. ته‌لار.. خێرا ته‌له‌فۆنم بۆ بکه… باوکم خه‌ریکه ئه‌مکوژێ..
هۆشمه‌ند: (به‌خێرایی دێته ژووره) ئه‌وه ته‌له‌فۆن بۆ کێ ئه‌که‌یت؟.. بێنه ئه‌و ته‌له‌فۆنه. (ته‌له‌فۆنه‌که‌ی لێدهفڕێنێت) ئێستا گوێگره.. ئه‌و پانکه‌یه ئه‌بینیت؟ ئه‌یبینیت یان نا؟
ژیلوان: ئا باوکه..
هۆشمه‌ند: بڵێ به‌ڵێ!
ژیلوان: به‌ڵێ، ئه‌یبینم.
گۆشمهند: سێ ڕۆژ به ڕووتی به‌و پانکهیهوه هه‌ڵتده‌واسم، نان‌و ئاویشت ناده‌مێ گه‌ر ئێستا وه‌ڵامم نه‌ده‌یته‌وه. چاک گوێت لێم بوو. تا سێ ئه‌ژمێرم، یه‌ک.. دوو.. دوو‌و نیو.. دوو‌و سێ چاره‌ک..
ژیلوان: ته‌لار..
هۆشمه‌ند: ته‌لار چی؟
ژیلوان: ته‌لار پێیوتم پاره‌کانی بۆ ببه‌م. ئه‌ویش ژماره‌کانی قاسه‌که‌ی دامێ.
هۆشمه‌ند: بۆچیه‌تی ئه‌و پارانه؟
ژیلوان: ئاخر من نا.. نازانم..
هۆشمه‌ند: دوووو و نیییو.. دوو‌و و سێ چاره‌ک..
ژیلوان: بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ردوکمان پێی بچین بۆ ئه‌ورووپا.. (ته‌له‌فۆنه‌که‌ی ژیلوان که به‌ده‌ست هۆشمهندهوهیه زه‌نگ لێده‌دات)
هۆشمه‌ند: (ته‌ماشای ژماره‌که ده‌کات. به خێرایی به ژیلوان) بڵێ پاره‌کانت پێیه.. پیشانی نه‌ده‌یت له‌گه‌ڵ مندایت! ئاسایی به! ده‌ی هه‌ڵیگره.
ژێلوان: (له مۆبایله‌که‌دا) ئا.. ئا دۆزیمه‌وه.. هه‌مووی تیا‌بوو.. ئێستا دێم.. ها؟ نا دایکم خه‌به‌ری نه‌بۆوه.. هیچ.. باوکم؟ له مووبه‌قه، نا نا ئه‌ویش خه‌وتووه.. هیچ.. باشه خواافیز.. ئێستا دێم ئا..
دیمه‌نی پێنجه‌م
تابلۆی یه‌ک: باخچه‌ی خه‌سته‌خانه. ته‌لار به ته‌نیا له‌سه‌ر کورسیه‌که دانیشتووه و چاوه‌ڕێیه. زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی لێده‌دات.
مه‌حموود: (له ناو بینه‌رانه‌وه، له لای ڕاستی هۆڵه‌که‌وه به مۆبایله‌که‌ی قسه‌ده‌کات) ئه‌و لێره‌وه تا تورکیا ده‌تبات. من ئه‌و کاته له‌وێ ده‌بم، له‌وێشه‌وه ئیتر خۆم ڕه‌وانه‌ت ده‌که‌م. سه‌یری لای ڕاستی خۆته‌وه بکه، به‌رامبه‌رت ده‌سته ڕاست. کوڕێکی چوارشانه. ده‌موچاوی تۆزێ چاڵچاڵه. ئه‌وه‌ی جله ڕه‌شه‌کانی له‌به‌ردایه، ده‌یبینی؟
ته‌لار: به‌ڵێ یه‌کێک به‌و نیشانانه ئه‌بینم..
مه‌حموود: ئه‌وه قاچاخچیهکهیه. ناوی بێستوونه، ئێستا خۆت به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵیدا ڕێک بکه‌وه. نیوه‌ی پاره‌که‌ی به پێشه‌کی بده‌رێ، که گه‌یشتی نیوهکهیتر. له تورکیا یه‌کسه‌ر ته‌له‌فۆنم بۆ بکه با نه‌چیته شوققه. ته‌له‌فۆنیش بۆ ئه‌و که‌سه بکه که بڕیاره له ئه‌ورووپاوه پاره‌ت بۆ بنێرێ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کسه‌ر له‌وێوه ڕه‌وانه‌ت بکه‌م. باشه؟ پاره‌که‌یان بۆ هێنایت؟
ته‌لار: (به ته‌له‌فۆن) به‌ڵێ ئێستا ئه‌گات. چاوه‌ڕێم.
مه‌حموود: ئه‌و پێشه‌کیه‌که‌ی خۆی وه‌رنه‌گرێت ناتبات. (ته‌له‌فۆنه‌کان دادهخهنه، مه‌حموود زهنگێکیتر لێده‌دات، بێستوون له‌وسه‌ری بینه‌رانه‌وه ته‌له‌فۆنه‌که‌ی هه‌ڵده‌گرێت)
بێستوون: ئه‌وه له کوێیت؟ ده‌مێکه گه‌یشتووم. کامه‌یه کچه‌که؟
مه‌حموود: ئه‌و کچه ئه‌بینی لایه‌کی سووتاوه، له ژێر ئه‌و داره‌دا، له‌سه‌ر کورسیه‌که دانیشتووه؟ … ده‌ی.
بێستوون: له‌خواریشه‌وه سووتاوه؟ ئه‌توانێ بڕوات؟
مه‌حموود: ئا ئا خه‌مت نه‌بێت. (ته‌له‌فۆنه‌کانیان داده‌خه‌نه‌وه، زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی ته‌لار لێده‌دات)
بێستوون: ته‌لار خان سڵاو. تۆ له‌گه‌ڵ مندا دێیت. من له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕێت ئه‌که‌م. پاره‌که‌ت ئاماده‌یه؟
ته‌لار: ئه‌وه چاوه‌ڕێم. ئه‌وپه‌ڕی ده ده‌قه‌یتر ئه‌گات.
بێستوون: من نامه‌وێ ئاوا لێره بوه‌ستم. ئه‌چمه ناو سه‌یاره‌که‌م. تۆش له‌گه‌ڵ جانتاکانتدا وه‌ره به‌دوامدا. ته‌له‌فۆنێکی بۆ بکه، ئه‌گه‌ر هێشتا دووره، ئه‌تبه‌م بۆ شوێنێک، با دوایی پاره‌که‌ت بۆ بهێنن بۆ ئه‌وێ.
ته‌لار: ئاخر تۆزێکیتر شه‌و دادێت، ئه‌بێ لێره چاوه‌ڕێکه‌م، تا ژیلوان ئه‌گات. بڕۆم بۆ شوێنێکی‌تر مناڵه نایدۆزێته‌وه.
بێستوون: منیش ناتوانم له‌وه زیاتر لێره بمێنمه‌وه. وه‌جبه‌ش هه‌موو ئاماده‌یه ئه‌بێ ئێستا بڕۆم.
ته‌لار: باشه تۆ پێم بڵێ ئێیوه له‌کوێ ئه‌بن، من خۆم پێتان ئه‌گه‌مه‌وه. خۆ یه‌کسه‌ر ناڕۆن.
بێستوون: ههرلهئێستهوه خه‌ریکه سه‌رئێشه‌م بۆ دروست ئه‌که‌یت. خۆ تۆ به‌ته‌نیا نیت، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌که‌ی بیانوویه‌ک بگرێ، هه‌ر ناکه‌وینه ڕێ. ئێستا من ئه‌ڕۆم. دێی یا نا؟
ته‌لار: ئاخر خۆ ئه‌مه سه‌فه‌ری ڕۆژو دووڕۆژ نیه. له‌وانه‌یه هه‌تا ماوم نه‌یه‌مه‌وه. ناکرێ چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک چیه چاوهڕێمبیت؟ تازه ئه‌بێ جل و شتیشم بۆ بهێنێ. هیچم ئاماده نیه لێره. هه‌رئه‌بێ چاوه‌ڕێبم، ئه‌و به کۆڵێکی گه‌وره‌وه نامدۆزێته‌وه.
بێستوون: وادیاره تۆ ناته‌وێ بڕۆیت! من ڕۆشتم. (ته‌له‌فۆنه‌که ده‌پچڕێت. ته‌لار بێهیوا داده‌نیشێت و ده‌گری)
تابلۆی دوو: مه‌حموود دێته سه‌ر شانۆ بۆ لای ته‌لار، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا قسه نه‌کات.
مه‌حموود: پێکه‌وه ده‌ڕۆین، من ده‌رتده‌که‌م. ته‌نها مه‌رزه‌که‌ی که‌مێک سه‌خته ئه‌ویش ده‌کرێ. من ده‌ڕۆم خۆم ئاماده بکه‌م، تۆش لێره چیت هه‌یه بیپێچه‌ره‌وه بڕۆین. (مه‌حموود ده‌چێته ده‌ره‌وه)
تابلۆی سێ: ته‌لار هه‌ڵده‌ستێ بڕوات، ژیلوان به جانتایه‌کی گه‌وره‌وه دێتهژوورێ.
ژیلوان: ئه‌زانی بۆ زۆرم پێچوو؟ خه‌تای خۆم نه‌بوو، ئه‌و جانتایه‌شم پێنه‌بوایه هه‌ر دوائهکهوتم. باوکم پێیزانیم.
ته‌لار: ئه‌ی چۆن هێشتی بێیت؟ ئه‌ی جانتاکه‌شت هێنا؟ هه‌موو شتێک ئه‌زانێ ئێستا؟ قسه بکه خێرا!
ژیلوان: ئا، هه‌موو شتێک ئه‌زانێ. به‌ڵام وتی به مه‌رجێک من له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌یت.
ته‌لار: چۆن! ڕازیبوو؟! ئێستا خه‌ریکبوو بێ جانتا بڕۆم. (ژیلوان جانتاکه ده‌کاته‌وه‌و پاره‌کان پیشانی ته‌لار ئه‌دات) جارێکی‌تر دهرتهێنانهوه؟
ژیلوان: نا، خۆی دایه‌وه پێم. پێشی گوتم، ئاگاداربم هه‌رکه‌سێکیتر پێی زانیم، هه‌ر ئه‌مکوژێ. به‌ڵام وتی ئه‌بێ هه‌ر پاره‌کانت پێگه‌یشتن یه‌کسه‌ر له خه‌سته‌خانه‌که بڕۆین..
کامه‌ران: (له ناکاو ده‌رده‌که‌وێ) به‌ڵام من وام نه‌بیست ئه‌وشته. به‌م مناڵیهش فێری درۆکردنیان کردی خوێڕی؟. (به ته‌لار) باوکت ناردوومی به شوێنتا. زۆریش نه‌خۆشه. ئه‌ڵێ با هه‌رئێستا هه‌ردوکتان بێنه‌وه ماڵه‌وه. مامم له لایه‌تی.
ژیلوان: که به‌جێمهێشت هیچی نه‌بوو. خۆشی جانتاکه‌ی بۆهێنام تا لای ته‌کسیه‌که.
کامه‌ران: ووسس مناڵ.. که‌واته من درۆ ئه‌که‌م؟
ته‌لار: ئێستا شته‌که ڕوونده‌بێته‌وه. (به مۆبایله‌که‌ی جهڕس لێده‌دات) باوکه؟.. مامه گیان چۆنیت.. ئێوهباشن.. ئه‌توانم قسه له‌گه‌ڵ باوکمدا بکه‌م؟.. به‌ڵێ گوێم لێیه.. (به ته‌له‌فۆنه‌که‌وه دوور ده‌که‌وێته‌وه.)
تابلۆی چوار: کامه‌ران و ژیلوان به ته‌نها ده‌مێننه‌وه. کامه‌ران تۆپی سنه‌وبه‌رێ هه‌ڵده‌گریته‌وه. که‌مێک یاری پێده‌کات.
کامه‌ران: ئه‌و کورسیه گۆڵه. بڕۆ گۆلچیبه، هه‌ریه‌ک پێنج په‌نارتی لێده‌ده‌ین. به‌ڵام گۆڵچی بۆی نیه به‌ده‌ست تۆپه‌که بگرێ. له‌سه‌ره‌ی خۆشمدا، له‌سه‌ر یه‌ک پێ گۆڵچێتی ئه‌که‌م. باشه؟
ژیلوان: (ده‌چێته به‌رده‌م کورسیه‌که) باش. (ده‌سده‌که‌ن به یاری، دوای که‌مێک ته‌لار ده‌گه‌ڕێته‌وه لایان)
ته‌لار: با بڕۆین. (کامه‌ران ئاماده‌یه بڕوات)
ژیلوان: ده بۆستن، ئه‌و گۆڵه‌م مابوو! (ته‌لارو کامه‌ران ده‌چنه ده‌ره‌وه، ژیلوانیش به نابه‌دڵی دوایان ده‌که‌وێت، مه‌حموود به جانتاکه‌یه‌وه دێته ژووره‌وه)
دیمه‌نی شه‌شه‌م
تابلۆی یه‌ک: هۆشمه‌ند و هوشیار له‌سه‌ر گردێکن که ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر هه‌موو شاردا. ڕه‌شه‌بایه‌کی زۆر به‌هێز گڤهیدێت. تاریک داهاتوه‌و گڵۆپه‌کانی شار داگیرساون.
هوشیار: ئه‌م شاره چۆن گۆڕاوه.. هه‌ر نایناسیته‌وه.. هه‌ر خانوو کۆشکه ئه‌چن به ئاسماندا.. ڕۆژانه له بازاڕ به‌لای خه‌ڵکانێکدا ده‌ڕۆم که هه‌ر نازانم به چ زمانێک قسه ئه‌که‌ن.. جاران پڕیبوو له لادێیی، ئه‌مانوت شاریان لێ داگیرکردین. ئێستا شوێنی وا هه‌یه هه‌ر نازانیت خه‌ڵکه‌که‌ی له چ وڵاتێکه‌وه دێن..
هۆشمه‌ند: ئه‌ی ئێمه له کوێوه هاتوین؟ با حه‌وت پشتیشمان خه‌ڵکی ئه‌م شارهبن، به عه‌قڵ خۆ هه‌ر لادێیین. دوای ئه‌وه تۆ به ڕێکه‌وت له شوێنێک لهدایکبیت، ئه‌مه چ هونه‌رێکی تێدایه شانازی پێوه بکه‌یت؟.. که تۆ ویستت له وڵاته‌که‌تدا ئازادبیت، ده‌بێ ڕێگه بده‌یت به خه‌ڵکیش به ئازادی بێن وبڕۆن… (هۆشمه‌ند ده‌مانچه‌یه‌ک ده‌ردێنێت و سێ فیشه‌کی تێده‌کات. ده‌یه‌وێت بیداته ده‌ست هوشیار)
هوشیار: ئه‌گه‌ر بینێیت به کهلهسهریهوه یه‌ک فیشه‌کی به‌سه. سیانم تێکردووه. ئه‌ڵێم با خۆتبیت باشه. ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌شتتوانی من خۆم به ئه‌نجامی ئه‌گه‌یێنم.
هۆشمه‌ند: به‌ته‌مابوو ئه‌مڕۆ بڕوات بۆ هه‌نده‌ران..
هوشیار: بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له مهلهایهکدا دامه‌زرێ؟ هه‌رچی کورد و عه‌ره‌ب و قوله‌ڕه‌ش و ئاسیا‌و ئه‌ورووپایه پێی فێربن؟ بێجگه له‌وه‌ی هه‌ر لێره‌وه تا ده‌گاته ئه‌وێ ئه‌بێته ژنی ده‌یه‌ها قاچاخچی و نه‌فه‌ر. هه‌ر به ڕێگاوه ده‌ست بکات به ئیشی خۆی؟. دوای ئه‌وه تۆ دڵنیای ده‌چێت بۆ هه‌نده‌ران؟ کێ ئه‌ڵێ ناچێت بۆئه‌وه‌ی له مه‌لهایه‌کی ئه‌وشارانه‌ی خواروودا ببێته سۆزانی؟. یا قاچاخچیه‌ک به ناوی هه‌نده‌رانه‌وه بیبات له ماڵێکدا ئیشی پێوه بکات. ئه‌مزانی بێغیره‌تی، به‌ڵام نه‌مئه‌زانی ئه‌وه‌نده دهبهنگیشی.
هۆشمه‌ند: تۆ باش ئه‌زانی که کێشه‌م له غیره‌تدا نیه، ئه‌وه‌نده‌ش باسی غیره‌ت مه‌که! هه‌موو ئه‌م شاره ئه‌مناسێت. ئه‌وه هیچ بێ غیره‌تی نیه نه‌توانی وه‌ک ئاژه‌ڵێک مناڵی خۆت خه‌ڵتانی خوێن بکه‌یت.
هوشیار: منیش غیره‌تی تۆم به‌چاوی خۆم بینیوه بۆیه سه‌یرم له‌م هه‌لسوکه‌وته‌ی ئێستات دێ. تۆ نه‌بوی له‌و شه‌ڕه‌ی دوایی سه‌وزو زه‌رده‌کاندا، که ئه‌بوایه به‌رامبه‌ر یه‌ک بووینایه، ئامر هێزه‌که‌ت پێی وتبووی به‌شداری نه‌که‌یت ئه‌وڕۆژه چونکه من له‌وبه‌ره‌وه بووم، که‌چی تۆ پێت وتبوو “من که که‌وته مه‌سه‌له‌ی بیروباوه‌ڕ کێشه‌م نیه به‌رامبه‌ر باوكیشم بجه‌نگم”؟. ئیتر منیش له‌به‌ر دایکم ناچاربووم به‌شداری نه‌که‌م. چونکه با پێت بڵێم، ئه‌و ڕۆژه دایکم هه‌ردوکمانی له‌ده‌ست نه‌دایه یه‌کێکمانی له‌ده‌ست ئه‌دا. که‌چی ئێستا وا له‌به‌رده‌م شتێکی زۆر گرنگتر له بیروباوه‌ڕ که ئابڕووه سڵ ئه‌که‌یته‌وه.
هۆشمه‌ند: ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره بکه‌م ده‌یسه‌لمێنم که کچه‌که‌م سۆزانیه. به‌ڵام من کچی خۆم باش ئه‌ناسم که وا په‌روه‌رده نه‌کراوه. مناڵه ههڵیانخڵهتاندووه. به زۆر‌و بۆ پاره ئه‌و فلیمه‌یان پێگرتووه. من خۆم بینیم فلیمه‌که.
هوشیار: منیش بینیم. هه‌رچی ئه‌م شاره‌یه بینیویه‌تی، ڕۆژی ده جار بۆم ئه‌نێرن. ئه‌وه که‌ی کێشه‌یه به زۆر بووه یان به ڕه‌زامه‌ندی خۆی؟. خۆ به پێی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌دا چووه بۆ شوێنه‌که. تازه بۆ هه‌موو خه‌ڵک و بۆ خۆشمان ئه‌و کچه فه‌وتاوه. کێ ئه‌یهێنێ، به تایبه‌ت به‌م سهقهتیهی ئێستایه‌وه؟. تۆ به کوشتنی گه‌وره‌ترین پیاوچاکی له‌گه‌ڵدا ئه‌که‌یت. هه‌نده‌ران..هه‌یهای.. به چ پاره‌یه‌ک؟ تۆ هێشتا کرێچیت..
هۆشمه‌ند: ڕاسته به‌ڵام شتێکی تریش..
هوشیار: پێویست ناکات بیڵێیت له مێشکتدام. له زیندان ئه‌ترسی..
هۆشمه‌ند: خۆت چاک ئه‌زانی که یاساکه تازه ده‌رچووه..
هوشیار: ئه‌وه تۆ ئه‌ڵێی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته نیت؟ یاسای چی؟ ئه‌وه نیه ئه‌و هه‌موو پیاوه له زیندانا ڕزیون چونکه خوشکودایکی خۆیان کوشتووه؟ هه.. ئه‌و من پیاو ئه‌ناسم نه‌ک یه‌کێک، ده ژنی کوشتووه که خوشک و که‌سی خۆشی نه‌بوون، هه‌ر به هه‌وه‌س، چونکه له‌گه‌ڵیدا ڕایاننهبواردووه که‌سیش یه‌خه‌ی ناگرێ. که‌چی تۆ کچی خۆت ناتوانی بکوژی؟ له پێناوی شه‌ره‌فی خۆشی‌دا؟.. دوای ئه‌وه حیزبه‌که‌ت ده‌سبه‌ردارت ده‌بێ دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه‌ی بۆت کردووه؟ یاسا حیزبه.. حیزبیش تۆیت.. ئیتر ئه‌م بیانوانه چین.. (ته‌لارو کامه‌ران و ژیلوان دێنه ژوورێ) بگره..
(هوشیار ده‌مانچه‌که ده‌داته هۆشمه‌ند، ئه‌ویش وه‌ریده‌گرێ.)
هوشیار: (به نزمی) من بڕۆم؟ خه‌مم نه‌بێت؟
هۆشمه‌ند: ئا، بڕۆ تۆ..
هوشیار: لای سه‌یاره‌که چاوه‌ڕێتین.. (ئاماژه بۆ کامه‌ران و ژیلوان ده‌کات دوای بکه‌ون، ئه‌وانیش دوایدهکهون و ده‌چنه ده‌ره‌وه)
تابلۆی دوو: ته‌لارو باوکی به‌ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به یه‌ک ده‌وه‌ستن، هۆشمه‌ند وورده وورده ده‌مانچه‌که به ئاراسته‌ی ته‌لار به‌رز ده‌کاته‌وه.
ته‌لار: باوکه..
هۆشمه‌ند: شش..
ته‌لار: ئاخر باوکه..
هۆشمه‌ند: وتم بێده‌نگ قه‌حبه.
ته‌لار: باوکه!!! ئه‌وه له‌گه‌ڵ منته؟.. من قه‌حبه نیم.. ڕێگه به تۆش ناده‌م وام پێبڵێیت.. تۆ به هه‌ڵه‌دا چوویت.. ئێستاش هیچ باکم نیه چونکه له‌خۆم دڵنیام..
(هۆشمه‌ند فیشه‌کێک ده‌ته‌قێنێت. ته‌لار ده‌که‌وێت. دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک ته‌لار بۆی ده‌رده‌که‌وێت که فیشه‌که‌که‌ی به‌رنه‌که‌وتووه)
هۆشمه‌ند: (به چپه) هه‌ڵنه‌ستیته‌وه.. با وابزانن مردوویت.. که لێره ڕۆشتین ئیتر نابێت که‌س بزانێ که زێندوویت.. ئه‌گینا ئه‌م جاره ناچار ئه‌بم به‌ڕاستی بتکوژم.. (ژیلوان به ڕاکردن دێته ژووره‌وه‌و به هاوارکردنه‌وه خۆی ده‌دات به‌سه‌ر ته‌لاردا، کامه‌ران و هوشیاریش به دوایدا به ڕاکردن ده‌گه‌ن. کامه‌ران به زۆر ژیلوان ده‌باته ده‌ره‌وه)
هوشیار: ده‌سخۆش براکه‌م. (ده‌مانچه‌که له هۆشمه‌ند وه‌رده‌گرێت. ده‌چێته سه‌ر سه‌ری ته‌لار، دوو فێشهکهکهی تێدا خاڵی ده‌کاته‌وه) نه‌وه‌ک نه‌مردبێ، به‌یانی خه‌ڵک به زیندوویی بیدۆزنه‌وه، دوو جار حه‌یامان ده‌چێ.
کامه‌ران، ژیلوان په‌لکێش ده‌کات بۆ ده‌ره‌وه. هوشیاریش به‌دوایاندا ده‌چێته ده‌ره‌وه. هۆشمه‌ند به ته‌نیا به‌سه‌ر ته‌رمی کچه‌که‌یه‌وه ده‌مێنێته‌وه.
(تاریکی)