
دە فیگەر لەنێوان خۆكوشتن و ژیاندا!
-1-
ئیشتیهام بە ژیان ناكرێتەوە
بەبیرم نایەتەوە كەیبوو
دركم بەوە كرد
سەد هێندەی توێكڵی لیمۆ تاڵە!!
-2-
كوشندەیە ئەم وەهمە
عەزابە ئەم جورئەتە
پووچە ژیان
پووچە خۆكوشتن
عەبەسە ئومێد!
-3-
بێهوودە ئەم عەتری ئومێدە
بە جلەكانمدا دەپرژێنی
بێهوودە لەبیرت كردووە
ئەی دۆست…
بۆنی مردن لەگیرفانەكانتەوە دێ!
-4-
ئەم خەیاڵەم، هێواش… هێواش
بیر لە ساتەوەختی
لە زرمە زرم كەوتنت دەكاتەوە
ئەی دڵ!
-5-
خۆكوشتن سەگەكانی خۆی
بەرداوەتە قاپی و دیوارەكانم
لێ من، زەهری “ئەو” كوشتن
بۆ سەگەكانی دادەنێم!!
-6-
جیاوازی چییە؟
تۆ بمكوژی یاخود گوللە
ئەی مەراقم!
جیاوازی چییە؟
تۆ بمكوژی یاخود حەرف
ئەی تەنیاییم!
-7-
تەمەنێك بەدیار نەهاتنتەوە چاوەڕێ
كزكز دەسوتێ چرای ئومێد
هێشتاكە خەبەرێ نییە لە “گۆدۆ”!
-8-
ئازارێك لە سینەمایە
كتومت دەمخاتەوە یادی خۆكوشتنی ئەو كۆترەی
لە حیكایەتێكتدا پرسەت بۆ نەگرت
ئەی شەهرەزاد!
-9-
سەرت مەنێ بەسەرمەوە
ژیان هێند ڕەتاندوومی
دەترسێم رۆژێ تۆش بەرببیتەوە نێو ئەم پەتایە!
-10-
مەپرسە…
شیعرم هیچ نییە،
جگە لە غافڵگیركردنی خۆكوشتن نەبێ!
هەژار عوسمان
تێبینی: لە ژمارە -٦-ی گۆڤاری -٢٣-دا بڵاوبووەتەوە.