
کوێخاکان …. هاوکار که‌ریم
له سه‌رچاوه‌یه‌کی ئینته‌رنێته‌وه دێڕێکی وه‌رگیراوم له کتێبێک به‌ناوی «کتێبی سپی»ه‌وه خوێنده‌وه، هه‌رچه‌نده من ئه‌و کتێبه‌م نه خوێندووه‌ته‌وه‌و ناشزانم کێ دایناوه به‌ڵام ئه‌و دێڕه‌ی به‌رچاوی من که‌وت گه‌لێک به گرینگی ده‌زانم بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌م. دێڕه‌که ده‌ڵێت: «پادشایه‌کی سته‌مکار.. باشتره له دوو پادشای دادپه‌روه‌ر» که ئهودێڕهم بینی ڕاسته‌وڕاست ئه‌و قسه‌یه‌م که‌وته‌وه یاد که ڕۆژانه که‌م تا زۆر به‌ر گوێی هه‌ر یه‌کێک له ئێمه ده‌که‌وێت. ئه‌ویش هێندێ که‌س ده‌ڵێن: «ڕه‌حمه‌تت لێبێت سه‌دام حسین!». بێگومان ئه‌م قسه یه له‌ڕووی داڕشتنه‌وه گه‌لێک ساده‌و ده‌ربڕینێکی زێدهکۆمهڵایهتییه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر که‌مێک له مه‌فهوومی قسه‌که ڕابمێنین، زۆرشتمان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه. لێره‌دا پرسیارێک درووستده‌بێت «ئه‌گه‌ر ئه‌م حیواره مانای وانییه که “سه‌دام حسین” سه‌رۆکی له‌ناوچووی ڕژێمی به‌عس سه‌رکرده‌یه‌کی ئه‌وه‌نده باش‌و هاوده‌می خه‌ڵک بووبێت تا به‌وجۆره یادی بکرێته‌وه‌و ئاخی بۆ هه‌ڵبکێشرێت، یان ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رکرده‌یه فریاد ڕه‌سێک نه‌بوو نه بۆ گه‌لی عێراق نه بۆ کورد. ئیتر ئه‌و یاد کردنه‌وه‌و به‌رزنرخاندنه له‌پای چی؟ بۆچی که‌سانێک ده‌بێت هه‌ڵوێستێکی له‌و جۆره‌یان ههبێتو به‌مجۆره بیربکه‌نه‌وه؟. به بڕوای من ئه‌وه‌ی وا له هێندێ که‌س ده‌کات ئه‌م قسه‌یه دووپات بکه‌نه‌وه له ڕووانگه‌ی ههستکردنیانهوهیه به بوونی دهیانو سه‌دان “کوێخا” له ژیانی «کۆمهلایهتیو کولتووری‌و سیاسی‌و دینی‌و تاد…»، به‌جۆرێک له‌م ووڵاته حوکمی فره کوێخایی که‌وتووه‌ته نێو کون‌و قوشبنی ژیانی هه‌رتاکێک له ‹‹فه‌رمانگه، خوێندنگه، شوێنی کار‌و کۆڵانه‌کانی شاردا›› کوێخای جۆراو جۆر ههنو فه‌رماندارن، هه‌ر تاکێک کوێخایه‌کی هه‌یه‌و چالاکییو کرده جۆراوجۆره‌کانی ژیانی سنووردار ده‌کات، ئیتر نه‌ک نابێت به‌ڵکوو ناکرێت بێ فه‌رمانیی بکات، جا فه‌رمانی کوێخاکان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ههرکهسو لایه‌نێک بن، باش بێت یان خراپ، بێ جیاوازی‌و پێکه‌وه تاک ده‌بێت مل که‌چ بێت بۆیان، یاساکانیان په‌یڕه‌و بکات‌و مافه‌کانی لێدهستێندرێتهوهو سه‌رله‌نوێ کوێخا به ویستی خۆی مافی ده‌داتێ، هێندێ ماف که خۆی مه‌به‌ستییه‌تی لێی زه‌وت دهکاتو هێندێکیش که بۆی گرینگ نییه‌و یه‌کێک نییه له شاده‌ماره‌کانی ژیانی تاک به‌بێ سنوور له‌به‌رده‌میدا فه‌راهه‌م ده‌کات. ئه‌مه‌ش هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئازادیی تاکه هه‌رکاتیش تاک ئازاد نه‌بوو کۆمه‌ڵگه دهمرێتو ووڵات نه‌ک پێشناکه‌وێت ده‌شگه‌ڕێته‌وه دوواوه.
ئه‌گه‌ر که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شێوازی ئه‌و سیسته‌مه حوکمڕانییه‌ی که «سه‌دام حسین» له‌سه‌ری دهڕۆیشتو وڵاتی پێ ده‌برد به‌ڕێوه، واته سیسته‌می «تۆتالیتاری»و تێگه‌یشتن لێی زیاتر کۆمه‌کمان ده‌کات بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و حیواره.
سیسته‌می «تۆتالیتا‌ر» یان سیسته‌مێکی به‌ڕێوه‌بردن که «ته‌نیا یه‌ک حیزب یان گرووپ بڕیارده‌ره، ده‌سه‌ڵاتداره، یاسا داده‌نێت، که‌سی تر ناتوانێت وه‌کوو ئه‌و بێت‌و بڕیاردان‌و بۆچوون‌و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌بێت، دوواجاریش هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه به‌جۆرێک له جۆره‌کان ده‌چنه‌وه ژێر ده‌ستی سه‌رۆکی ئه‌و حیزبه یان ئه‌و گرووپه چونکه هه‌رچی سه‌رکرده‌ی حیزب یان گرووپی فه‌رمانڕه‌وا ده‌یڵێت ههرئهوهیهو هیچ که‌س نابێت ده‌ست له‌فه‌رمانی وهربداتو پێویسته په‌یڕه‌وی بکات». هه‌تا به‌جۆرێک ده‌وترێت «یاسای حیزب، بڕیار‌و فه‌رمانی سه‌رۆکه»، ئه‌و حیزب یان گرووپه‌ش به ڕێگای کوده‌تا یان به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنی وڵات ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، که «ئایدیۆلۆژیا- بیروباوه‌ڕ»ێکی تایبه‌تی کردووه‌ته بنه‌ماو درووشمی خۆی‌و له‌و ڕووانگه‌وه ته‌واوی «سیسته‌می سیاسی، کۆمه‌لایه‌تی، کولتووری، دینی‌و په‌روه‌رده‌یی وڵات داده‌ڕێژرێت‌و ده‌یخاته ژێرکۆنترۆڵی خۆیه‌وه» ئه‌مه‌ش کۆبوونه‌وه‌ی ته‌واوی دهسهڵاتو یاسا‌و بڕیاره‌کان لای یه‌ک که‌س ده‌گه‌یه‌نێت، فهرماندانو یاساداڕشتنی تاکڕه‌وانه‌یه. ‹‹ڕێگا به درووستبوونی فره‌کوێخایی نادرێت››، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه ته‌واوکه‌ری فه‌رمانڕه‌وای وڵات بێت‌و له‌ئاستی خۆیه‌وه بڕیار‌و یاسا‌و ئه‌رک بۆ ئه‌وانی دیکه دابنێت. کهسیتر ناتوانێت چاودێربێت به‌سه‌ر چالاکییه‌کانی ئه‌ویتره‌وه مه‌گه‌ر به فه‌رمانی ته‌نیا سه‌رۆکه تۆتالیتاریزمهکهی وڵات، که ئه‌و مافه به چه‌ند که‌سێکی دیاریکراوی گرووپه‌که‌ی ده‌دات.
به‌ڵام ده‌رکه‌وتنی که‌سانێک که دوور له ئاگایی سه‌ره‌وه‌ی خۆیان، بێ ڕه‌چاوکردنی یاسا گشتییه‌کانی ده‌وڵه‌ت، خۆیان ده‌که‌نه بڕیارده‌رو فه‌رمان به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا ده‌که‌ن، چاودێری‌و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن، سزایان ده‌ده‌ن، سیمای تاک دهشێوێننو به‌ویستی خۆیان ئه‌و شوناسه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌یده‌نێ، واته ئه‌و تاکه درووستده‌که‌ن که خۆیان ده‌یانه‌وێت. به‌مشێوه‌یه‌ش سیسته‌می «تۆتالیتاری» ده‌گۆڕێت بۆ سیسته‌مێکی دیکه که هه‌مان سیسته‌می دیکتاتۆرانه‌یه به‌ڵام ئه‌مه‌یان له‌بری یه‌ک دیکتاتۆر هه‌زاران دیکتاتۆری هه‌یه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی تاک بسڕێته‌وه‌و یه‌ک کۆمه‌ڵی نوێ درووستبکات، دووای سڕینه‌وه تاکه‌کان دابه‌شده‌کات بۆ ‹‹کۆمه‌ڵ››ێک که به‌شێوه‌ی گرووپی بچووک بچووک دامهزراونو کوێخایان بۆ دیاری ده‌کات. له‌بری یه‌ک سه‌رۆکی تۆتالیتار‌و تاکڕه‌وی فه‌رمانڕه‌وا هه‌زاران کوێخای فه‌رماندار هه‌ن«ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م لای گرووپه دینییه‌کان، حیزبه سیاسییهکانو عه‌شیره‌ته‌کان ده‌رده‌که‌وێت». به‌مجۆره ئه‌م گرووپانه شێوازێکی نوێی ستهمکاریو چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وانیتر ده‌که‌نه سیسته‌می بهڕێوهبردنو له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه دهیقۆزنهوهو به‌کاری دێنن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که مه‌رج نییه گرووپه‌که ئاگاداری ئه‌و دۆخه بێت که خولقاندوویه‌تی چونکه که‌سانێک که له‌وێدا خۆیان ده‌که‌ن به بڕیارده‌ر بیروبۆچوونی شێوازێکی دیکه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رووی خۆی، بۆنموونه ده‌کرێت بڵێین «که‌سانێکی دینی له‌نێو حکومه‌تێکی عه‌لمانیدا» ئه‌مه‌ش له دام‌و ده‌زگا پهروهردهییو کولتوورییهکاندابهشێوهیهکی زه‌ق ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
که‌وابوو مه‌به‌ستی هێندێ که‌س له حهسرهتههڵکێشان بۆ ڕۆژگارێکو بۆ کهسایهتییهکو سیسته‌مێکی فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مکاری ڕابوردوو بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که خه‌ڵک ده‌یتوانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌کی سته‌مکاردا خۆی ڕابێنێت چونکه یاسا‌و فهرمییاتێکی پچڕ پچڕ‌و لێکترازاوی نه‌بوو، له هه‌ر شارێک یان له‌هه‌ر جێیه‌ک ناچار به گۆڕینی بیرکردنهوهیهکو پیشاندانی شوناسی جۆربه‌جۆر نه‌ده‌بوو، ووڵات ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک فه‌رمانڕه‌وای هه‌بوو خه‌ڵک ده‌توانن بیناسن به‌ڵام ‹‹که مه‌مله‌که‌تێک پڕده‌بێت له کوێخا، مه‌حاڵه خه‌ڵکه‌که‌ی خۆشیان بیرنه‌چێته‌وه.››. ژیانکردن له‌سایه‌ی سیسته‌مێکدا با له‌سه‌ر بنچینه‌ی یهکڕهنگیو سته‌مکاریش بێت به‌ڵام که یاساکانی ڕه‌مه‌کی نه‌بن و له‌هه‌موو جێگایه‌کی ووڵاتدا به‌سه‌ر هه‌مووکه‌سێکدا بسه‌پێنرێت، خۆشتره له‌و ژیانه‌ی که ببیته یارییه‌ک به‌ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و گرووپ‌و که‌سایه‌تییه‌وه، یاسایه‌ک تۆ بگرێته‌وه‌و ئه‌و لێی به‌ده‌ربێت یان به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مانه ما‌نایان وایه که پێداچوونه‌وه‌و چاودێری «ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌وه» بۆ «ده‌سه‌ڵاتدارانی خواره‌وه»نییه. ئاوڕدانه‌وه ون بووه. که‌س له‌که‌س ناپرسێته‌وه که ئه‌مانه‌ش بۆخۆیان هه‌ستی به‌رپرسیاری دهکوژنو ئه‌خلاقی کار له‌ناوده‌به‌ن، دوواجار سیسته‌مێکی ئاڵۆز ده‌خوڵقێنن که تاک سه‌ری لێدهرناکاتو تێیدا که‌سایه‌تیی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌مه سه‌رنجدانه له واقیع‌و سیسته‌می بهڕێوهنردن له ئێستای ووڵاته‌که‌ی ئێمه‌دا «به ڕه‌چاوکردنی جیاوازییه‌کان له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی دیکه!».