
سیساسه‌تی دووفاقه‌یی و دووڕوویی ده‌یڤید کامیرۆنی سه‌ره‌ک وه‌زیرانمان و ڕاستییه‌کان.
کاره‌ساته‌که له‌وه‌دایه که زاڵم‌و زۆرداره‌کان باس له عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن، دیکتاتۆره‌کان باس له دیمۆکراسێت و ئازادی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی که ڕه‌وشتت و مۆراڵیان نیییه داوا له خه‌ڵکی ده‌که‌ن به مۆراڵ و ڕه‌وشت بن، ده‌وڵه‌مه‌ندو سیاسییه گه‌نده‌ڵه‌کان گۆڕانخوازن و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن، داوای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نموونه‌یی یا حکومه‌تێکی شهفافیمان بۆده‌که‌ن.
ئای که دونیایه‌کی سه‌یره. کورد وتویه‌تی درۆ هه‌ژاره‌و هه‌موو که‌سێک پێیده‌وێرێت، ده‌شڵێن بارزانی گه‌وره‌ش جارێک گووتویه‌تی قسه هه‌وایه‌و ناچێته گیرفانی که‌سه‌وه، واته نه ڕه‌قابه‌ی له‌سه‌ره‌و نه باج . هه‌ردوو وته‌که زۆر ڕاستن که له کاتێکیشدا که ئه‌م قسانه له لایه‌ن گه‌وره پیاوێکه‌وه یا که‌سێکی سیاسی وه‌کو ده‌یڤید کامیرۆنه‌وه ده‌کرێت و میدیایه‌کی زه‌به‌لاحی لیبراڵیشی له پشته‌وه‌یه، له کاتێکدا که ئه‌و وه‌کو سه‌ره‌ک شالیارانی بریتانیای گه‌وره، دایکی په‌ڕله‌مان و سیسته‌می دیمۆکراسی، له وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌کو ئه‌نده‌نوسیا یا بۆرما که زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ، هه‌ژاری و نه‌بوونی پشتی شکانوون. ئاخر چۆن بتوانن ته‌ته‌ڵه‌و بێژی قسه‌کانی سه‌رۆکه‌که‌ی ئێمه بکه‌ن ، ڕاستییه‌کان له درۆکان جیابکه‌نه‌وه تاکو بزانن ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت ڕاستییه‌و وڵاته‌که‌ی سهرلێوانه له دیمۆکراسی و مرۆڤایه‌تی و دادپه‌روه‌ری و نه‌زاهه‌ت، له کاتێکدا که ڕه‌نگه زۆربه‌ی خه‌ڵکی ئه‌نده‌نوسیا نه‌ک هه‌ر ئاگه‌داری ئه‌وه نه‌بن که له‌م بسته وڵاته‌ی ئێمه‌دا چ باسه، به‌ڵکو گه‌لێکییان هه‌ر خوێنده‌واریشیان نه‌یێت.
ده‌یڤید کامیرۆن به‌هاوڕێی چه‌ند که‌سێک له سیاسییه‌کان و ڕاوێژکارو بزنسمانی گه‌وره، له گه‌شته‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌مه، 11-04-12 ، بۆ هه‌ندێک له وڵاتانی خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، له‌وانه ئه‌نده‌نووسیاو بۆرما، له‌و موحازه‌ره‌یه‌ی که بۆ سیاسییه‌کانی ئه‌نده‌نوسیا، له جاکارتا، دای، داوا له موسوڵمانان ده‌کات ” ده‌بێت ئیسلام باوه‌ش بۆ دیمۆکراسییه‌ت بکاته‌وه‌و توندڕه‌وێتی ڕه‌تبکاته‌وه” نه‌ک هه‌ر که‌وته کردنی هه‌ندێک درۆ‌و ده‌له‌سه‌ی بێبنه‌ما، به‌ڵکو گه‌یشته ئه‌و ڕادهیهشی که بڵێت ” دیمۆکراسیه‌ت و ئیسلام به‌یه‌که‌وه ده‌گه‌شێنه‌وه‌و په‌خشده‌بن “. بێگومان کامیرۆن وه‌کو هه‌موو سیاسسیه‌کانی تری دنیا ئه‌وه‌ی که ده‌یڵێت باوه‌ڕی پێی نییه، به‌ڵام درۆی پیاوی گه‌وره په‌ندو عیبره‌ته.
له په‌یامه‌که‌یدا بۆ موسوڵمانان، ده‌یڤید کامیرۆن، له‌و قسانه‌ی که بۆی نوسرابووه‌وه، درێژه‌ی پێداو وتی: جیهان ده‌توانێت توندڕه‌وه‌کان ببه‌زێنێت، ئه‌وان دووژمنێکی خه‌ته‌رناکن…..جیهان ده‌توانێت ڕه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژێره ( ئیختیاره) بکاته‌وه که یا دیکتاتۆریه‌ت یا توندڕه‌وێتی……. دوای ئه‌وه هات به شان‌و باڵی ئه‌نده‌نوسیا که گه‌وره‌ترین وڵاتی ئیسلامییه، دوای ڕوخانی ڕژێمی سوهارتۆ له ساڵی 1998 دا چۆن ڕێگه‌ی خۆی گرتوه‌و بوه‌ته مایه‌ی به‌خشینی ئیلهام که وڵاتان ده‌توانن چاوی لێبکه‌ن. له موحازه‌ره‌که‌ی که هه‌ر له‌وێ بۆ قوتابیانی زانکۆی ئه‌زهه‌ری، دا، وتی ” ئه‌وه‌ی که ئێوه لیره ده‌یکه‌ن زۆر گرنگه ، چونکه دڵ و گیان ده‌دات به‌وانی تر له جیهاندا که به هه‌مان خه‌بات و تێکۆشانه‌وه مه‌شغوڵن”.
ئه‌مه جگه له هێڕشێکی زۆر گه‌وره دژی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆکی سوریا، که چ دیکتاتۆرێکه ، چۆن ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتوه‌و دوژمنی دیمۆکراسسییه. کامیرۆن له‌م سه‌فه‌ره‌یدا، ده‌رئه‌نجامی قسه‌کانی ئه‌وه بوو که که پێناسه‌ی 4 گروپی کرد، که ئه‌و باوه‌ڕی وایه بڕیار‌و په‌یامی ئه‌مان بۆ به‌زاندنی دیمۆکراسییه:
یه‌که‌میان: Authoritarian Leaders ، سه‌رانی ده‌سه‌ڵات، سه‌رانێک که ده‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌گرن:
له‌م نموونهیهیدا کامیرۆن په‌نجه بۆ قه‌زافی و ئه‌سه‌دو موباره‌ک و بن عه‌لی ، ڕاده‌کێشێت که چۆن ئه‌مانه له‌ژێر ناوی پاراستنی ئاسایش و سهقامگیرێتی وڵاته‌کانیانا ئاماده نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ببن تاکو خهڵکهکانیا لێیان ورووژان و هه‌ڵسانه سه‌رپێ لێیان.
که‌س نکوڵی له‌وه ناکات که ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ڕاسته، به‌ڵام با ته‌ماشایه‌کی هه‌موو ڕژێمه دیمۆکراسیه‌کانی سه‌رجه‌می ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی سکه‌ندناڤیا، هه‌تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئیسرائیل و که‌نه‌داو ئۆسترالیا‌و هیندستان و پاکستان و عێراقی نوێی دیمۆکراسی و زۆربه‌ی زۆری شوێنه‌کانی تر که له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا چه‌پ جێگا به ڕاست ، یا موحافیزکار به پارته له‌یبه‌ره‌کان ( کرێکاران) یا سۆشیال دیمۆکراته‌کان، لیبراڵ به‌وانی تریان، چۆڵده‌کات ، یا حوکمی به‌ره‌یی ئێستای بریتانیای لیبراڵ دیمۆکرات و موحافزین ( تۆری) ، چی له مه‌سه‌له ئه‌ساسییه‌کان گۆڕیوه؟ ئاده‌ی با که‌سێک پێمان بڵێت چ كێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی لابه‌لا کراوته‌وه هه‌ر له به‌تاڵه وه تا قه‌یرانی خانووبه‌ره، گرانی هه‌موو پێداویستیه‌کانی ژیان، ئه‌ی ئازادییه‌کان له ههڵکشانان یا له داشکانان؟.
کامیرۆن خۆشی له هه‌ر هه‌موومان باشتر ده‌زانێت که لێره‌ش هه‌ر یه‌ک ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و هه‌ر ئه‌ویش حوکم ده‌کات که ئه‌ویش پێکهاته‌یه‌که یا تێکه‌ڵه‌یه‌که له بانکه‌کان و سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و کۆمپانیا گه‌وره‌کان و ده‌سگه جاسوسیه‌کان و پۆلیس و بزنسمانه گه‌وره‌کان . ئه‌مانه‌ن که ده‌سه‌ڵاتداری حه‌قیقی وڵاته‌که‌ن نه‌ک ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مان، که ئه‌مانه‌ش هیچیان نه به پرۆسه‌ی دیمۆکراسیانهدا ده‌ڕۆن نه له هیچ ڕژێمێکی دیمۆکراتی ئه‌م وڵاتانه‌شدا به هه‌ڵبژاردن گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌یانه. هه‌ر بۆیه‌ش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن شتێک نییه جگه له خۆڵ کردنه چاوی خه‌ڵکی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندیان، نه‌بێت. هه‌تا گریمان ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن، خۆ له یه‌ک بڕیاریاندا له سه‌ر هه‌ر کێشيهک بێت ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵیانبژاردوون، به‌ڵکو خۆیان پاش چه‌ند دانیشتنێک به‌ده‌نگدانی نێوانی خۆیان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن و ده‌یکه‌نه یاسا. به‌داخه‌وه‌م که ده‌بێت بۆ جارێکی تریش ئه‌و قسه به‌هاداره دووباره بکه‌مه‌وه که ده‌ڵێت ” گه‌ر هه‌ڵبژاردن شتێکی بگۆڕێیایه، ده‌مێک بوو قه‌ده‌غه کرابوو”. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که خۆزگه به‌وه‌ی تریان بخۆیین، به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و به‌چاوی خۆمان ده‌یان بینین.
ئه‌ی هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌کان کهمکهنهوهو ده‌نگی ناڕه‌زاییکه‌ران کپ بکه‌نه‌وه، هه‌ر پۆلیسی ئه‌مان نه‌بوو خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان له خۆپیشانداندا کوشت و خه‌ڵکی تریشیان به سه‌ختی بریندار کرد، هه‌ر ئه‌مان نین که ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و نوزه نوزه‌ش که له سه‌ندیکال و سه‌ندیکالیسته‌کانه‌وه دێت ببڕن ، ئه‌و تاک تاکه مانگرتنانه‌ش که به ده‌گمه‌ن و به پچڕبچڕی رووده‌دات ، نه‌هێڵن ؟!!! ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌مان هاندهرو کۆمه‌ککه‌ری سه‌ره‌کی بوون به خۆپیشاندانه‌کانی لیبیا‌و تونس و سوریا. به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ورته‌یان لێوه نه‌هات له‌و کوشتن و بڕینه‌ی که ده‌سه‌ڵات له به‌حره‌ین کردی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران. بانێکه‌و دوو هه‌وا.
خۆ له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شیان به پارتی تۆری و له‌یبه‌ریشه‌وه وه‌کو سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیان و هێڵی حیزبی‌یان به به‌رده‌وامی پشتگیری ڕژێمه کۆنه‌په‌رسته‌کان و دیکتاتۆرییه‌کانیان کردوه . هه‌ر دوور نه‌ڕۆین: هه‌ڵوێستیان له ڕژێمی ئه‌میرو شایه‌کانی وڵاتانی که‌نداو، کاتی خۆی و سه‌دام و شای ئێران ، پینۆشێت و مارکۆسی فلیپینی و ڕژێمی پێشینه‌ی ئهندهنوسیاو کۆنگۆو ڕه‌گه‌زپه‌رستی خواروی ئه‌فریقاو گه‌لێکی تر چ له وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و ئه‌فریقاو خواروی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا . ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند نموونه‌یه‌کی زۆر که‌من و به‌یادی خوێنه‌ری به‌ڕێزیان ده‌هێنمه‌وه.
دووهه‌م: Corrupt elites ، نوخبه گه‌نده‌ڵه‌کان:
له‌مه‌شیاندا کامیرۆن سه‌رنجی گوێگرانی په‌یامه‌که‌ی به وڵاتی تونس ڕاکێشا، که چۆن فه‌رمانبه‌رێکی تونسی وای له میوه‌و سه‌وزه فرۆشێكی وه‌کو موحه‌مه‌د بووئهزیز کرد تا ئاگر له خۆی به‌رداو خۆی بکاته قه‌ره‌بروت. وتی” گه‌نده‌ڵی به‌شداریکردن له ئابوری و سیاسه‌تدا له‌گه‌ڵ هاووڵاتی بووندا، ڕه‌تده‌کاته‌وه، هه‌روه‌ها له ئیش و کار و هه‌بوونی ده‌نگدا که خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت. له‌وه‌ش خراپتر قه‌شمه‌رجاڕی و توڕه‌یی بره‌و پێده‌دات”
له ڕاستیدا کامیرۆن ئه‌وه فه‌رامۆش ده‌کات که گه‌نده‌ڵی له وڵاته‌که‌ی ئه‌وه‌وه په‌خش بووه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش ، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌شی که کۆڵۆنی بریتانیا بوون تا ئێستاش له هه‌ندێکیاندا وه‌کو عێراق و هیندو کینیاو غاناو نایجیریاو میسری پێشوو هتد تا بینه‌قاقه‌یان له گه‌نده‌ڵیدا، چه‌قیوه. گه‌نده‌ڵی له بریتانیادا پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامه و له هه‌ندێک بواردا سه‌رتاپای ده‌سگه مه‌ده‌نی و به‌شێک له پۆلیس و سیخوڕه‌کانی خودی خۆی گرتۆته‌وه. هه‌ر ماوه‌یه‌کی که‌م لهمهوپێش بوو که چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی پله به‌رزی پۆلیس به هۆی دهستتێکهڵاوکردنیانهوه له‌گه‌ڵ میدیا ئیمپراتۆره‌که‌ی ڕوپه‌رت مه‌ردۆخدا که‌وتنه به‌ر لێکؤڵینه‌وه که تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌مانه له‌گه‌ڵ سه‌رنوسه‌ری هه‌ندێک له ڕۆژنامه‌کانی میدیاکه‌ی مه‌ردۆخدا ده‌ستیان تێکه‌ڵ کردبوو تاکو نهێنی و ڕیکۆردی شه‌خسی هه‌ندێک له که‌سایه‌تییه جیاجیاکانی بریتانیا بده‌ن به میدیاکه‌ی مه‌ردۆخ و ئه‌وانیش یا چاودێرییان بکه‌ن یا چیرۆک و نهێنیه‌کانیان له ڕۆژنامه‌کانیاندا بۆ ڕاکێشانی خوێنه‌ر، بۆ په‌یداکردنی قازانجی زیاتر، بڵاوبکه‌نه‌وه. له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که گۆردن براون سه‌ره‌ک شالیاران بوو، پۆلیس ئه‌و زانیاریانه‌ی که هه‌یان بوو له‌سه‌ر حسابی بانقی گۆردن براون و ڕیکۆردی خه‌سته‌خانه‌ی کچه نه‌خۆشه‌که‌ی و هه‌ندێک شتی تریش ، دابویانه هه‌مان میدیا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که پێشتریش ده‌رکه‌وت که پۆلیس چۆن ئه‌و ده‌یتاو ڕیکۆرده‌ی که سه‌باره‌ت به سه‌ندیکالیست و قوتابییه چالاکه‌کان ، که له خۆپیشاندان و مانگرتن و کردنی چالاکی ڕاسته‌خۆدا ، چالاکن و به‌شداری ده‌که‌ن، فرۆشتبویانه‌وه به هه‌ندێک کۆمپانیاو خاوه‌نئیش.ا
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو میواندارێتی و خوان دروستکردنه چییه که شه‌خسی کامیرۆن و وه‌زیری داراییه‌که‌یی و ئه‌مینداری دارایی پارته‌که‌ی کردویانه‌و ده‌یکه‌ن بۆ سه‌رۆکی کۆمپانیا گه‌وره‌کان و بزنسمانه گه‌وره‌کان – له وتارێکی تردا به درێژی له سه‌ر ئه‌مه‌و سیسته‌می کۆمه‌کی یاسایی ده‌نوسم- بۆ په‌یداکردنی پاره بۆ پارته‌که‌یان له به‌رامبه‌ر هه‌بوونی ئیمتازو داشکانی باج له‌سه‌ریان. هه‌ر له‌م دوو سێ ڕۆژه‌ی پێشودا بوو که ده‌رکه‌وت سه‌رۆکی کۆمپانیای ته‌کسییه‌کانی له‌نده‌ن،John Griffin ، ده‌یه‌وێت که ته‌کسییه‌کانیان مافی به‌کارهێنانی ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامه‌که‌ی هه‌بێت که هه‌ر بۆ ڕۆیشتنی پاس ته‌رخانکراوه، ناڕه‌زایی دژی بڕیاری شالیاری هۆیه‌کانی هاتووچۆ ده‌ربڕی، سه‌رئه‌نجام ئه‌ویش بڕیاریدا که بیبینێت، که‌چی میدیا ده‌ریخست ، ئه‌و کۆمپانیایه 250 هه‌زار پاوه‌ندیان به پارتی تۆری، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌خشیوه.
گه‌نده‌ڵی به ڕاده‌یه‌ک بڵاوو کۆمۆنه ته‌نانه‌ت له‌م مانگانه‌ی پێشوودا ده‌رکه‌وت که سه‌رۆکی دائیره‌ی داهاتی باجی بریتانی،The Inland Revenue ، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کاندا، له سه‌ر داهاتی ساڵانی ڕابوردوویان که هێشتا باجیان لێنه‌داوه، ڕێککه‌وتبوو، تاکو له‌وه که‌متر باج بده‌ن که ده‌بێت بیده‌ن، دوای ئه‌وه‌ش بۆی کردبوونه قیست. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 3 ساڵ لهمهوپێش ده‌رکه‌وت که گه‌نده‌ڵی گه‌یشتۆته ناو دڵی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته دیمۆکراسییه‌که‌ی که په‌ڕله‌مان بوو ، ئاشکرا بوو گه‌لێک له ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان له گه‌نده‌ڵییه‌وه ئاڵابوون که هه‌تا دوانیان دادگایی‌کران . ئه‌مه نه‌ك له سه‌رده‌می حوکمی کامیرۆندا به‌ڵکو له سه‌رده‌می حوکمی له‌یبه‌ریشدا که تۆنی بلێر و گۆردن براون سه‌رۆک وه‌زیران بوون. من لێره‌دا نامه‌وێت بچمه ورده‌کاری تره‌وه چونکه 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتارێکم له‌ژێر ناوی: گه‌نده‌ڵی به ته‌نها خه‌سڵه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆری نییه، بڵاو کرده‌وه. ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که جێگای داخه که گه‌نده‌ڵێک یا دیکتاتۆرێکی وه‌کو کامیرۆن له وڵاتێکه‌وه که ته‌نانه‌ت بناغه‌ی بینای په‌ڕله‌مانه‌که‌ی به پاره‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕاووڕوت و تاڵانی گه‌لانی وڵاتانی کۆڵۆنیکراو، داڕێژراوه‌و دروستکراوه، ئێستا موحازه‌ره ده‌دات له دژی گه‌نده‌ڵی و وانه‌ی ده‌ستپاکی و مۆڕاڵ و دیمۆکراسیه‌ت به خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه ده‌ڵێته‌وه.
سێهه‌میان: Extremists ، توندڕه‌وێتی و توندڕه‌وه‌کان:
لێره‌دا کامیرۆن ده‌ڵیت ، ئه‌و باس له ئیسلام ناکات، به‌ڵام وه‌سفی ده‌کات و ده‌ڵێت ” دینێکه بینراوه ئه‌رکه‌کانی خۆی به ئاشتیانه به‌جێده‌هێنێت و زیاتر له ملیارێک خه‌ڵک ده‌یپه‌رستێ و خۆیانیان بۆی ته‌رخان کردوه” هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت ” که دینه‌کانی تریش بۆ توندڕه‌وه‌کان سه‌رنجڕاکێشن”. دوای ئه‌مه یه‌کسه‌ر ده‌ڵێت ” گیروگرفتی ئیسلامه توندڕه‌وه‌کان له‌م گڵۆبه‌ڵه‌دا هه‌یه، که ئایدۆلۆجێتێکی سیاسییه که له لایه‌ن خه‌ڵکانێکی زۆر که‌مه‌وه سه‌پۆرت ده‌کرێن……” وه کۆتایی قسه‌کانی به سه‌رزه‌نشت کردن و لۆمه‌کردنیان ، ده‌هێنێت.
هه‌موومان لێره‌دا ده‌توانین هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و بڵێین باشه ئه‌مانه ڕاستن به‌ڵام توندڕه‌وێتی هه‌ر ئیسلامه‌کان و دیندارو و دینییه‌کانی تری نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵکو توندڕه‌ی ڕێڕه‌وو سیاسه‌تی هه‌موو حیزبه تۆری و موحافیزکاره‌کانن. هه‌ر بۆ نموونه پارته‌که‌ی کامیرۆن، پارتی تۆری ، به درێژایی مێژوه‌که‌ی پارتێکی زۆر توندڕهوو شه‌ڕه‌نگێز بووه، مه‌به‌ستم ئه‌و جه‌نگانه نییه که له دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌مه‌وه به‌رپایان کردوه، یا کاریگه‌رانه سه‌پۆرتیان کردووه . با هه‌ر ته‌نها ته‌ماشای سیاسه‌تی ناوخۆیان له بواری ئابوری‌دا، بکه‌ین، با ئاوڕێک له ساڵانی هه‌شتاکان بده‌ینه‌وه که به سه‌رکردایه‌تی مارگرێت تاچه‌ر و جۆن مه‌یجه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستدا بوو، که ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرا کردیان به‌وه‌رگرتنی دۆکته‌رینی ئه‌مه‌ریکای سه‌رده‌می ڕێگن و ئابوریناسانی لیبراڵ Milton Friedman و Friedrich Hayek: شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی بریتانیان لێکهه‌ڵوه‌شانده‌وه ، بنه‌مای ئابوری ئه‌م وڵاته‌یان تێک‌وپێک شکان، زۆربه‌ی زۆریان فرۆشتن و کردنیان به که‌رتی تایبه‌تی، ته‌نانه‌ت خانوه‌کانی شاره‌وانی، پاسه‌کانی هاتو چۆ، هێڵه ئاسامانییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کان ، به‌شێک له هاتووچۆی شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کان و میترۆکان، بڕێک له خه‌سته‌خانه‌و قوتابخانه‌کان ، که‌م کردنه‌وه‌ی بیمه‌کان و له‌کار خستنی ملێون کرێکار و فه‌رمانبه‌ر …هتد. له‌و لاشه‌وه یارمه‌تیدانی توندڕه‌وه موجاهیدینه‌کانی ئه‌فغانستان که تاچته‌ر ناوی لێنابوون ” Freedom fighter ” . خۆ که پارتی له‌یبه‌ریش له ساڵی 1997 دا هاته سه‌ر حوکم و دواتریش خودی کامیرۆن به‌هه‌ردوولایان کاره‌کانی تاچه‌رو مه‌یجه‌ریان ته‌واو کرد. له ئێستادا سه‌ره‌ی به‌تایبه‌تی کردنی ئه‌وه‌شی که له ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تدا ماوه‌ته‌وه، گه‌یشتۆته سه‌ر به‌شێک له پۆلیس و به‌شێک له کاره‌کانیان که بیفرۆشن به کۆمپانیا تایبه‌تییه‌کان.
باشه، توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان له کاره‌ساته تراجیدیاکه‌ی سێپته‌مبه‌ری 2001 دا 3700 که‌سیان کوشت به‌ڵام خۆ ده‌وڵه‌ته توندڕه‌وه‌کان، ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆرو دیمۆکراسییه‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا هه‌ر له عێراقدا به ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ به پێی ئه‌ژماره‌کانی خۆیان 150 هه‌زار که‌سی بێ‌تاوان کوژراون خۆ له ئه‌فغانستان له‌و ژماره‌یه زیاتر ، له پاکستان‌دا که له جه‌نگیشدا نییه‌و نه‌بووه که‌چی زیاتر له 23 هه‌زارکه‌س، ئه‌میش هه‌ر به پێی ئاماره‌کانی خۆیان، کوژراون. هه‌ر هه‌موو ئه‌و کوژراوانه به‌هۆی داگیرکردنی ئه‌مه‌یکاو هاوپه‌یمانه‌کانییه‌وه بووه و به‌شێکی به‌ده‌ستی هێزه‌کانی ئه‌وان بووه. ئه‌مه له کاتێکدا هه‌ر باس له‌وه ناکه‌ین که له سه‌ره‌تاکانی په‌نجاکانه‌وه تا کۆتایی هه‌فتاکان چی ڕویداوه. که‌واته کێ توندڕه‌وه؟ تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه و ” که‌مایه‌تییه”کان یا ده‌وڵه‌ته‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان؟. که‌سێک هه‌یه ، لایه‌نێک هه‌یه له ده‌سه‌ڵات، ده‌وڵه‌ت، له ژێر هه‌رناوێکدا بێت، توندڕه‌وترو دیکتاتۆر تر‌و فاشی تر بێت؟!!!
چوارهه‌م: Tribalists- خێڵگه‌ری ، خێڵچییەتی :
کامیرۆن له‌م بواره‌دا ئیرله‌نده‌ی باکووری به نموونه وه‌کو ” ژه‌هر”ی خێڵگه‌ری هێنایه‌وه که هەڵاواردنی له‌گه‌ڵ گروپه‌کانی تردا ده‌کرد.
خودی ئیرله‌نده و ئه‌و پرسە بابەتێکی دیکەیە ، من لێره‌دا نامه‌وێت له‌بارەیەوە بدوێم ، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم خێڵگه‌ری ته‌نها تایبەتمەندی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی نییه، هه‌روه‌ها به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستەمی دەرەبەگایەتیش ، خێڵگه‌ری هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه ، به‌ڵکو هه‌ر ماوه، به‌ڵام ناو و شێوه و ناوه‌رۆك و ئەرکەکانی خێڵگه‌ری گۆڕاون. ئه‌وه‌تا خێڵگه‌ری له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریشدا هه‌ر ماوه و بگره له بره‌ویشدایه، به‌ڵام له شێوه‌ی پارتایه‌تیدا، که نوێنه‌رایه‌تی کۆمەڵە خەڵکێك یا توێژێکی هاوبیر و هاوبەرژەوەندی کۆمه‌ڵگه‌که ده‌کات، ئه‌م خێڵگه‌رییه له کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییدا شێوه‌یه‌ک و ناوه‌رۆکێکی مه‌ده‌نیانه ده‌گرێته خۆی و فۆرمێکی ڕێکخراوه‌یی به‌بەری خۆیدا ده‌برێت. ئه‌میش هه‌روه‌کو خێڵایه‌تییه کۆنه‌که سه‌رۆکخێڵی هه‌یه و ده‌مچه‌رمووی هه‌یه، کوته‌کوه‌شێنیشی هه‌یه ، ڕێسای پیاهەڵدان و سوپاسگوزاری و سزادان و تڕۆکردنی ئه‌ندامه‌کانی هه‌یه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خێڵەکەی کار ده‌کات ، بۆ گه‌یشتن به ئامانجەکانی سەرانی خێل، بۆ سه‌رکه‌وتنی خێڵ به‌سه‌ر دووژمنه چینایه‌تییه‌که‌یدا و پارته نه‌یاره‌کانیدا جۆره‌ها حیله و فێڵی مه‌ده‌نییانه به‌کار ده‌هێنێت.
ئه‌ی کەواتە با بپرسین، پارتی تۆری، پارته‌که‌ی کامیرۆن چی بۆ خێڵه‌که‌ی خۆی نه‌کردوه، نه‌ک هه‌ر ئێستا که ئه‌و سه‌رۆکخێڵه به‌ڵکو له سه‌رده‌می هه‌موو سه‌رۆکخێڵه‌کانی پێشووتریشدا؟!!. به‌درێژایی مێژووی ئه‌مان هه‌ر له خزمه‌تی خێڵه‌که‌ی خۆیاندا یا یانه‌که‌ی (Club ) خۆیاندا کاریان کردوه و به‌رژه‌وه‌ندی چینی باڵاده‌ستیان به هه‌موو توێژاڵه‌کانییەوه، پاراستوه و بره‌وپێداوه. هه‌ر له سه‌رۆکی بانکه‌کان و کۆمپانییه گه‌وره‌کان و خاوه‌نزه‌وی و موڵکداره گه‌وره‌کان و هتد کاریان کردوه. ئه‌مان هەڵاواردنێکی زۆر بەرچاویان له کۆمه‌ڵگه‌دا کردوه ، ئه‌مان که‌لێنی نێوانی ئێمه و خۆیانیان گه‌لێک له جاران گه‌وره‌تر کردۆتەوه. ئه‌مان ئه‌و غه‌دره گه‌وره‌یەی که له باقیه‌که‌ی ترمانیان کردووه، هێشتا مێژووی نوێی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه. گه‌لێك له بیمه‌کانیان بڕیون، ئه‌وانه‌شیان ماونه‌ته‌وه که‌میان کردوونه‌ته‌وه و زه‌حمه‌ت و به‌ربه‌ستێکی زۆریان بۆ خه‌ڵکی دروستکردووه، تاکو به‌ئاسانی نه‌توانن داوایان بکه‌ن، یا ئەگەر دا‌واشیان کردن، ئەوا به‌ئاسانی نه‌توانن ئه‌و مافانه به‌ده‌ست بهێنن. بوونه‌ته هۆی دروستکردنی گرانییه‌کی زۆر ، له‌ولاشه‌وه بۆ خه‌ڵکانی خێڵ ڕێژه‌ی باج له‌سه‌ر داهاتی کەسییان، که 150 هه‌زار پاوه‌ند و سه‌رو ئه‌وه‌وه بێت، له 50%وه هێنایه سه‌ر 45% ، هه‌ر به هه‌مان شێوه باجیشیان له‌سه‌ر کۆمپانییه‌کانیشیان هێنایه سه‌ر له 24% و به‌نیازیشن له یه‌ک دوو ساڵی داهاتوودا بهێننه خواره‌وه بۆ ئاستی 18%، گه‌ر چی له‌ڕاستییدا ئەو 24%ش ناده‌ن، به‌ڵکو به‌پێی دۆکۆمێنته فەڕمییه‌کان زۆربه‌یان 10% ده‌ده‌ن.
له ڕۆژی 2012.04.12، جۆرج ئۆسبۆرنی شالیاری دارایی له ڕاگەیاندنێکیدا وتی “باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که زیاتر له 100 کۆمپانیا هه‌بێت و داهاتی هه‌ر یه‌که‌یان له 144 ملێون زیاتر بێت، به‌ڵام باج نه‌ده‌ن”. به ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی تێله‌گرافی وت “من تووشی شۆک بووم، که ده‌بینم هه‌ندێک له خه‌ڵکه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان له‌م وڵاته‌دا که کاروباری باجی خۆیان وا ڕێکخستووه، با به ویژدانه‌وه قسه بکه‌ین، ئه‌مه‌یان له‌پاڵ یاسای باجداندا، که به به‌رده‌وامی هیچ باجێک ناده‌ن. باوه‌ڕم وانییه که ئه‌م کاره‌ش کارێکی ڕاستبێت”.
هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا قسه‌که‌ری فه‌رمی به‌شی بودجه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی‌ش ڕایگه‌یاند، دوای ئه‌و توێژینه‌وه‌یه و حساباته‌ی که کراون، ده‌رکه‌وتووه که 1000 سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند که داهاتی ساڵانه‌یان یەك ملێون پاوه‌نده، که‌متر 30% باجیان داوه. 200 له‌وانه‌ی دیکەیان که داهاتی ساڵانه‌یان 10 ملێون پاوه‌نده، 12 که‌سیان که‌متر 10% باجیان داوه. 400 که‌سی دیکەشیان که داهاتی ساڵانه‌یان له نێوانی 5 بۆ 10 ملێون پاوه‌نده ، 20 له‌وانه که‌متر له 20% باجیان داوه. قسه‌که‌ره‌که له‌سه‌ر قسه‌کانی خۆی به‌رده‌وام بوو وتی “هەر ئێستاکە کەسانی ملیۆنه‌ر هه‌ن، کە له خه‌ڵکه ئاساییەکە باجی که‌متر ده‌ده‌ن. ئه‌مه ئه‌و سیسته‌مه‌یه که له ئێستادا هه‌مانه، به‌ڵام حکومه‌ت خۆی ته‌رخانکردوه که دادپەروەرانەتری بکات” ئه‌وه‌شی وت که ئه‌م سیسته‌مه‌یان له حکومه‌تی پێشووه‌وه ( له‌یبه‌ر – پارتی کرێکاران)ەوە بۆ به‌جێماوه.
Warren Buffett که پیاوێکی ئێکجار ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌مه‌ریکایه، که سامانه‌که‌ی چه‌نده‌ها ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریکییه ، له سه‌ر ئه‌مه کۆمێنتێکی جوانی دا ، وتی” سکرتێره‌کانیان له خۆیان زیاتر باجی داوه”
ئایا ئەمە خێڵگەرایی نییە و خێڵگەراییش هەر ئاوا نەبووە؟، کە کەسانی دەوروبەری سەرۆکخێڵ و میرزا و هاوبەرژەوەندانی باج و خەراجیان نەداوە!!!!!!
بڕێکی تری ڕاستییه‌کان له وڵاته دیمۆکراتییه‌که‌ی کامیرۆن و کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه‌که‌یدا:
ئه‌وه‌ی که له بریتانیادا بژی و دوای ڕووداوه‌کان و ده‌نگوباسه‌کانی ئه‌م وڵاته بکه‌وێت و مه‌به‌ستی بێت ، ده‌توانێت زۆر باش شه‌ن و که‌ونی قسه‌ی سیاسیه‌کان و درۆ‌و ڕاستییه‌کانیان بکات، ته‌نها به خوێندنه‌وی یه‌کێک له ڕۆژنامه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م وڵاته و چاوگێڕانه‌وه‌یه‌ک به ژیانی خۆی و خێزانی‌دا له هه‌موو بواره‌کاندا، ئه‌وکاته جیاوازییه‌کانی پارو ئه‌مساڵ یا ساڵانی پێش‌و تر پێده‌زانێت. ئه‌وکاته ده‌توانێت زانیاریه‌کی ته‌واوی هه‌بێت له‌سه‌ر ڕوداوه‌کان ، له‌سه‌ر سیسته‌می دیمۆکراسی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و یاسا‌و ڕێسای ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌و سه‌رانسه‌ری سیسته‌مه‌که‌ی و چونێتی کارکردنی.
من لێره‌دا هه‌ر زۆر به کورتی په‌نجه بۆ هه‌ندێک ڕاستی تریش به‌ده‌ر له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ڕاده‌کێشم.
له وڵاتی دیمۆکراسی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییدا، هاووڵاتیانی به‌لانی که‌مه‌وه ده‌بێت چه‌ند بنه‌مایه‌کی ژیانیان بۆ مسۆگه‌ر کرابێت له‌وانه: کارکردن، خانووبه‌ره‌یه‌کی نه‌ختێک باش، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و ده‌ست گه‌یشتن به خه‌سته‌خانه‌و دکتۆردا به ئاسانی پێش ئه‌وه‌ی که نه‌خۆشییه‌که‌ی لێپیس بکات، خوێندن له زانکۆکان‌دا به‌لاش بێت قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان له حاڵه‌تێکدا بن که بتوانن هه‌موو منداڵانی گه‌ڕه‌ک به‌بێ هیچ گیر‌و گرفتێک جێگایان ببێته‌وه‌و تێیدا بخوێنن و ته‌وای هۆکاره‌کانی خوێندنیان بۆ دابینکرابێت له پاڵ هه‌بوونی دایه‌نگه‌و باخچه‌ی منداڵانی به‌لاش یا به‌نرخێکی زۆر هه‌رزان تاکو باوکان و دایکان بتوانن به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر کاره‌کانیان . گیروگرفتی سه‌ره‌کی له خوێنداندا له بریتانیا پاش زانکۆکان به‌تایبه‌ت له له‌نده‌ن (دا) قوتابخانه ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌کانن که له زۆربه‌ی زۆری شاره‌وانییه هه‌ژاره‌کاندا که له ژێر سه‌رپه‌رشتی و کۆنترۆڵی پارتی له‌یبه‌ردان. به‌شی زۆری ئه‌م قوتابخانانه به‌هۆی ڕێژه‌ی زۆری بێ‌کاری و هه‌بوونی خه‌ڵکانی بێگانه له شاره‌وانییه‌که‌دا و تهنگو چه‌ڵه‌مه‌ی تره‌وه ، له ڕوی ئاستی زانیاری و ڕێژه‌ی ده‌رچونی قوتابییه‌کانییه‌وه زۆر خراپه، چونکه ئه‌و بودجه‌یه‌ی که بۆیان دادهنڕیت کافی نییه. چاره‌سه‌ری حکومه‌تیش چ له‌یبه‌رو چ تۆریو لیبراڵ داخستنیان و په‌راوێز خستنیانه، یا ئه‌وه‌تا ده‌یانکه‌ن به قوتابخانه‌ی ئه‌کادیمی ، ئه‌مه‌ش شێوه‌یه‌کی نوێیه له به‌تایبه‌تی کردنی قوتابخانه‌کان و له ده‌ر هێنانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی شاره‌وانییه‌کان.
له ساڵی 2004 دا حکومه‌تی له‌یبه‌ر ( تۆنی بلێر) یاسایه‌کی دانا سه‌باره‌ت به‌و منداڵه قوتابییانه‌ی که خۆیان ده‌دزنه‌وه له وانه‌کان و له قوتابخانه نابن به‌بێ هۆیه‌کی گونجاو، له بری چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ، ده‌وڵه‌ت بڕیاری دا که سزای دایکان و باوکانی منداڵه‌که، به پاره بده‌ن، که ئه‌ویش بڕی غه‌رامه‌ی هه‌ر منداڵێک که له قوتابخانه خۆی بدزێته‌وه 50 پاوه‌ندی بریتانی بێت، گه‌ر له ماوه‌ی 28 ڕۆژیشدا نه‌یدات ئه‌وه ئه‌م بڕه پاره‌یه ده‌چێته سه‌ره‌وه بۆ 100پاوه‌ند. به پێی ئاماره‌کان له ساڵی 2010 دا به‌هۆی نه‌دانی ئه‌م غه‌رامه‌یه‌وه به‌شی ڕۆشنبیری 9147 باوکان و دایکانیان داوه به دادگا، که له‌مانه 6591 یان به بڕی 165 پاوه‌ند سزا دراون. له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌وڵه‌ت چاوی خشاندۆته‌وه به‌و یاسایه‌دا و سه‌رئه‌نجام بڕیاریان دا که بڕی سزادانه‌که بکه‌نه 60 پاوه‌ند و گه‌ر له 28 ڕۆژیشدا نه‌درێت سه‌رده‌که‌وێت بۆ 120 پاوه‌ند وه ئه‌گه‌ر دایکان و باوکان هه‌ر نه‌یاندا ئه‌وه ده‌بێت له بیمه‌ی منداڵه‌که ببڕێت.
له وڵاته‌که‌ی کامیرۆندا ، ژیان ئه‌وه‌نده گران بووه، نان په‌یداکردن چووه‌ته کۆڵی شێر، له‌م وڵاته‌دا به‌پێی ئاماری ده‌وڵه‌تی 2 ملوێن و 650 هه‌زار که‌س به‌تاڵه‌یه به‌ڵام ئاماری سه‌ندیکای ناوه‌ندی نیشانی ده‌دات که ژماره‌ی ڕاستی به‌تاڵه له سه‌رو 6 ملێونه‌وه‌یه. ئاماری ئه‌م مانگه‌ش ( نیسان) پێمان ده‌ڵێت ڕێژه‌ی به‌تاڵه له ناو هێزی کرێکاراند له %8.4 ، که له له‌نده‌ن (دا) له %10 یه. هه‌ر له له‌نده‌ن (دا) 7 که‌س به‌دوای یه‌ک کاردا ڕاده‌که‌ن، له یه‌کێک له پایته‌خته هه‌ر کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نییه‌کانی جیهاندا، که له‌نده‌نه، 4 منداڵ له 10 منداڵدا، له نه‌بوونی و هه‌ژارییدا ده‌ژین.
ژماره‌ی به‌ندییه‌کانمان له‌م وڵاته‌دا له سه‌رو 87 هه‌زار که‌سه‌وه‌یه ، له هه‌موو ئه‌وروپادا به پێی ڕێژه‌ی سه‌دی ته‌نها تورکیا زیاتر له وڵاته‌که‌ی ئێمه به‌ندیی هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ندێکیان به‌ندیی سیساسین.
هه‌رچیش سه‌باره‌ت به ئازادییه‌کانیشمان هه‌یه ، زۆربه‌ی زۆریمان لێسه‌نراوه‌ته‌وه و شتێکی وامان به ده‌سته‌وه نه‌ماوه.
من له وتاره‌کانی پێشترما باسم له‌و نه‌هامه‌تییه کرده‌وه که هاووڵاتیانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سای حوکمی حکومه‌تی دیمۆکراتیدا چ تۆری و چ له‌یبه‌ر له‌م وڵاته‌دا چۆن ده‌ژێت هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به ئازادییه‌کانیش، زۆر شتم به به‌ڵگه‌وه وتووه. لێره‌دا ته‌نها به کورتی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشم که له ئێستادا لێدوان و مقۆ مقۆی هه‌نووکه له سه‌ر کۆنترۆڵکردنی زیاترمانه، زه‌وتکردنی ئازادییه‌کانی ترمانه، به هێننانه کایه‌ی یاسای نوێی تره‌وه، له‌وانه:
– به‌کارهێنانی ئاو‌و سه‌یاره‌ی ئاو Water Cannon, ، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران که له کاتێکدا ناتوانن کۆنترۆڵیان بکه‌ن. ته‌نها ئه‌وه‌ی که ئه‌مان سڵی لێده‌که‌نه‌وه بڕی پاره‌که‌یه که بۆ کڕینی 3 دانه نزیکه‌ی 4 ملوێن پاوندیان ده‌وێت.
– به‌کارهێنانی گووله‌ی پلاستیک له‌کاتی خۆپیشاندان و پشێویدا و گه‌ر مه‌ترسی زیاتریش هاته پێشه‌وه به‌کارهێنانی گووله‌ی ڕاستی.
– ناڕه‌زاییکردن له شێوه‌ی که‌مپیندا واته دانانی چادرو خێمه له کاتێکدا خه‌ڵکی ده‌یه‌وێت چالاکی ڕاسته‌وخۆی وه‌کو ئه‌وه‌ی پارو ئه‌مساڵی له‌نده‌ن و شاره‌کانی تر، بکات ، بکرێته شتێکی نایاسایی و قه‌ده‌غه بکرێت تاکو خه‌ڵکی نه‌توانێت په‌نا بۆ شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر له خه‌بات کردن به‌رێت.
– دادگا‌و دادگاییکردمی نهێنی: ده‌یانه‌وێت هه‌ندێک له ” تیرۆریزمه‌کان ” به نهێنی دادگایی بکه‌ن، واته میدیا‌و خه‌ڵکانی تر مافی ئه‌وه‌یان نه‌بێت که دانیشن و گوێ له گفتووگۆو بڕیاره‌کانی ناو هۆڵی دادگا بگرن، میدیا مافی په‌خشکردنی هیچ هه‌واڵێکی نه‌بێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت ڕێگا ئه‌دات. له‌م دادگا نهێنییه‌دا پۆلیس و ده‌سگه سیخوڕییه‌کان مافی ئه‌وه‌یان ده‌بێت که که سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانیان له‌سه‌ر ” تاوانبار” نه‌خه‌نه‌ڕوو که ئه‌مه‌ش پارێزه‌ری ” تاوانبار” ده‌وه‌ستێنێت له به‌ڕووداوه‌ستانه‌وه‌ی (ته‌حه‌دا کردنی) لایه‌نی به‌رامبه‌ر و ده‌سته‌ووه‌ستان ده‌بێت له به‌رگریکردن له که‌سی ” تاوانبار” کراودا. هه‌ڵبه‌ته کاری دادگا‌و دادگایی‌کردنی نهێنی ، هه‌ر له‌ماندا ناوه‌ستی، به‌ڵکو په‌لده‌هاوێژێت بۆ هه‌رکه‌سێک که ئه‌وان تاوانباری بکه‌ن به تیرۆریسست ، ئاژاوه‌چی ، مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌و وڵات و هه‌رچییه‌کی تر که خۆیان بیانه‌وێت.
– کۆنترۆڵکردن و چاودێری کردنی سه‌رجه‌می قسه‌وباسی ناو ته‌له‌فون و سکایپ و ئیمهیل و ته‌واوی هۆیه‌کانی تری په‌یوه‌ندیبه‌ستن و ئینته‌رنێت. ئه‌مه‌ش یانی هێڕشکردنه سه‌ر مافی مرۆڤی بریتانی و زه‌وتکردنی ئه‌و مافه. به کورتییه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته سیخوڕێکی زه‌به‌لاح به‌سه‌ر هاوڵاتییه‌کانییه‌وه.
– له‌کاتی خۆپیشانداندا پۆلیس مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ماده‌ی کیمیاوی دژی خۆپیشانده‌ران به‌کاربهێنن. ماده‌یه‌کی کیمیاوی که له دووری 65 مه‌تره‌وه خۆپیشانده‌ر بپێکێت و سڕیبکات، به‌جۆرێکیش ته‌ڕی بکات که ئه‌و که‌سه ده‌بێت خۆپیشاندانه‌که به‌جێبهێڵێت. ئه‌م ماده‌یه ئه‌وه‌نده بۆنه‌که‌ی پیسه به‌پێی قسه‌ی پۆلیس و پسپۆڕه‌کان، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری که‌سی پێکراو، چیتر ناتوانن له‌وێدا خۆیان بگرن و ناچارن بڵاوه‌ی لێبکه‌ن.
له وڵاتی بریتانیای دیمۆکراسی 133 گروپی دژه ئیسلام هه‌ن که 7 یان له وڵاتی نه‌رویجه‌و 22 یان له بریتانیایه ئه‌مه بێ له‌وه‌ی که 33 گروپیش هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له ئه‌مه‌ریکا دروست بوون.
هه‌ڵبه‌ته هه‌بوون و دروستبوونی 22 گروپی دژ به ئیسلام – ده‌ڵێم ته‌نها دژ به ئیسلام ئه‌گینا گروپی تر زۆرن که دژی خه‌ڵکانی ڕه‌ش و بێگانه‌ن که لێره ده‌ژین هه‌روه‌ها دژی که‌سانیێک که مه‌یلی جنسییان بۆ هاوجنسه‌که‌ی خۆیان هه‌یه- له وڵاته‌که‌ی کامیرۆندا نیشانه‌ی هه‌بوونی ماف و سه‌ربه‌ستی و ئازادی نییه، به‌ڵکو نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه یه‌که‌م: که چۆن میدیای دیمۆکراتیخوازی لیبراڵ ته‌غزییه‌ی خه‌ڵکی به‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌کات، که هه‌ر به‌ردێک له‌و ئاسمانه بکه‌وێته خواره‌وه ئه‌وه ئیسلام و موسڵمانه تونده‌ڕه‌وه‌کانن یا ده‌ستی ئه‌وانی تێدایه. دووهه‌م، که‌چۆن قوتابخانه دینی و مه‌زهه‌بییه‌کان له بره‌ودانو ده‌سه‌ڵاتیش چۆن چاوی خۆی لێنوقاندون چ له ئیشرافکردنیاندا چ له په‌یڕه‌وو پڕۆگرامی خوێندنیاندا که ئه‌وان بۆخۆیان سه‌ربه‌ستن چی داده‌نێنن و چۆنی داده‌نێن ، که له‌م په‌یڕه‌وو پڕۆگرامه‌دا چۆن مافی مرۆڤ به خراپی ، abuse ، به‌کارده‌هێنرێت له دژی یه‌کتری و خه‌ڵکانی بێباوه‌ڕ، هه‌روه‌ها چۆن مامه‌ڵه‌ی ناشیرینی منداڵان ده‌کرێت به‌تایبه‌ت له قوتابخانه ئیسلامییه‌کاندا. سێهه‌م: ده‌وڵه‌ت به‌ناوی فره که‌ڵچه‌ری و هه‌لڕه‌خساندن، که به باره خراپه‌که‌یدا به‌کاری ده‌هێنێت، زیاتر موسڵمانه‌کانی ترنجاندۆته گه‌ڕێکێکه‌وه یا شارێکه‌وه، یا ڕێگای بۆ خۆشکردون که ئه‌مه ڕووبدات، له‌مانه‌ش کۆمۆنیتی به‌نگلادیشییه‌کان، پاکستانییه‌کان، هیندییه‌کان و جوله‌که‌کان. هه‌ڵبه‌ته ئا له‌م بارودۆخه‌دا تێکه‌ڵاوبوون و کاریگه‌ر دانان له سه‌ر یه‌کتری ئاسانتر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵاو نه‌بوون به خه‌ڵکانی تری ئه‌م وڵاته‌و ئاشنا نه‌بوون و قه‌بوڵنه‌کردنی کولتور‌و شته باشه‌کانی ئێره. چوارهه‌م: چۆن له‌م وڵاته‌دا که‌لێنی نێوانی خه‌ڵکانی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندوو هه‌ژار له پانبووندایه‌و به‌تاڵه له زیاد بووندایه و ژماره‌ی خه‌ڵکانی بێ لانه خانووبه‌ره له سه‌رکه‌وتندایه، لیستی چاوه‌ڕوانکردنی عه‌مه‌لیات یا بینینی پزیشکه پسپۆڕه‌کان له درێژ بوونه‌وه‌دایه. ئه‌رکی ده‌وڵه‌تیش له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی کێشه‌کان بکات ، ده‌هێنێت توانا‌و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی، به‌ناڕاسته‌وخۆ به‌و لایه‌نه خراپانه‌ی وه‌کو دژه ئیسلام یا دژه جوله‌که، یا گیانی ڕایسیسزم یا زاتییه‌ت و خۆپه‌رستی و …هتد بۆ دوور خستنه‌وه‌ی خه‌ڵکی له کێشه سه‌ره‌کییه‌کان، ڕاده‌کێشێت و به‌هۆی میدیاکه‌یه‌وه به‌کاریان ده‌هێنێت ، که له زۆربه‌ی کاتدا هه‌ر خه‌ڵکانی موسڵمان و ڕه‌ش و بێگانه‌ن ، که قوربانییه‌که‌ی ده‌ده‌ن.
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
18/04/12