
شاپور و قابیل زۆر له‌وه گه‌وره تر بون له چوارچێوه‌یه‌کی ته‌سکدا پێناسه بکرێن
به داخه‌وه ئینسانه گه‌وره‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌نها له بیره‌وه‌ری مه‌رگیاندا ده‌که‌ونه‌وه یادمان،گه‌وره‌یی له خۆ بردویی، گه‌وره‌یی له خزمه‌تکردن، گه‌وره‌یی له ماندوو نه‌ناسی ، گه‌وره‌یی له‌وه‌یی که ده‌ست پڕ‌و بیر پڕ‌و هه‌ڵوێست پڕ و مێژوو پڕ به‌ڵام نه‌فرۆشتنی ئه‌م هه‌موو شته به نرخانه به گیرفان پڕ و گیرفان دڕ و مێشک وشک و خاوه‌ن باڵه‌خانه. له هه‌ڵسه‌نگاندنی ژیان و کاری که‌سه خۆنه‌ویسته‌کانی جیهاندا ئه‌وه‌نده‌ی کار‌و چالاکیه ڕوو به ده‌ره‌کانی مایه‌ی به‌رز هه‌ڵسه‌نگاندنه ،کار‌و مامه‌له‌ی خێزانیشی له گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵ و دراوسێکانیشدا ده‌توانرێت ههڵبسهنگێدرێت، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتیدا به ڕاست و چه‌په‌وه ،باس له ژیانی تایبه‌تی خێزانی که‌سێکی بیرمه‌ند یا ڕابه‌رێکی کرێکاری یا جه‌ماوه‌ری هێشتا بڤه‌یه و هه‌ر به شاراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، له‌م سه‌رده‌می گهندهڵیەدا که جیهان و کوردستانی پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ده‌بێت قه‌ڵه‌مه‌کانمان ئاوڕێک له کۆمه‌ڵێک که‌سانی دژه گه‌نده‌ڵ بده‌نه‌وه که گیانی خۆیانیان به‌خت کرد له‌و پێناوه‌دا،یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت ئه‌و قسه باوانه‌ی کۆمه‌ڵگا قبول بکه‌ین که باوک و که‌س و کار و به‌رپرسه‌کانمان وه‌ڵاممان ده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن( گه‌نده‌ڵی گه‌نده‌ڵی چیته ،دنیا هه‌ر وا بوه‌و هه‌ر وا ده‌بێت، ده‌بێت قبوڵی که‌ی) ،بۆیه شاپورو قابیل و به‌کر علی و سه‌رده‌شته‌کان دژی ئه‌و وته‌یه وه‌ستانه‌وه‌و گوتیان ( ئێمه چاره‌سه‌رمان پێیه بۆ ئه‌و ده‌ردانه) .خه‌می نانی سه‌ر سفره‌ی ماڵه‌کانی خۆیان خسته لاوه‌و ڕوویان کرده ئاسۆیه‌ک که هه‌مو ئینسان دەبێت خانه‌و لانه‌ی هه‌بێت، هیچ منداڵێک توشی به‌دخۆراکی نه‌بێت، هیچ که‌سێک بێکار نه‌بێت، ده‌یان و سه‌دان هه‌ناسه‌ی قوڵ بکه‌نه واقعێک که ئینسان سه‌رده‌میانه بژێت، بۆیه ده‌بێت له کونجێکه‌وه تیشکێک بخه‌مه سه‌ر ژیانی شاپورو قابیل له‌کاتێکدا که به‌رپرسی دابه‌ش کردنی خۆراکی مانگانه بوون له هه‌ولێر(دیاره گه‌وره‌ترین دزی و گه‌نده‌ڵی له‌و بواره‌دا هه‌بوو)، ئێواره‌یه‌ک میوانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی خۆراکه بوم!!! که هاته کاتی نان خواردن ،گوتیان خواردنه‌که به‌ش ناکات!!؟؟ ئێمه نزیکه‌ی حه‌وت نه‌فه‌ر ده‌بوین، بۆیه بڕیارمان دا که نیوه‌مان نان بخوات و نیوه‌کی تری بۆ سبه‌ی!!؟؟؟ له کاتێکدا به‌رپرسانی ناسیۆنالیستی کوردی وه‌ک مشکێک که له ناو ئه‌مبارێکی ئاردو خواردندا ئاوسا بوون و تا کاتی نوسینی ئه‌م وتاره‌م هه‌ر تێریان نه‌خواردوه‌و ،وا خه‌ریکن شه‌ری دابه‌ش کردنی دزیه‌کانیان ده‌که‌ن،شاپورو قابیل، فه‌لسه‌فه و ته‌جروبه‌ی زیندووی بزوتنه‌وه‌یه‌ک بوون که له سه‌رده‌مانی قات وقڕیدا شڵه‌ژابوون ،سه‌رێکیان سه‌ردانی ئاواره‌کانی سلێمانی بو سه‌رێکی تریشیان ئاوه‌ره‌کانی به‌رده قاره‌مان ، له‌ولاوه هه‌ولێر و دیانه، کۆمه‌ڵگا گهندهڵهکهم ئه‌م ڕاستیانهشی تێدا بوو، بۆیه ئه‌گه‌ر که‌سێکی ده‌ره‌کی یا نه‌شاره‌زا پرسیاری لێتان کرد، ئه‌م ڕاستیانه‌ی بۆ باس بکه‌ن ،که له گه‌نده‌ڵستانه‌که‌ی ئێمه‌دا ،شاپورو قابیل یش هه‌بون.
rahman_awarekan@hotmail.com 17-04-2012
عبدالرحمن محمد