Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
روناکییەک لە دەرگای نووسینم ئەدا

روناکییەک لە دەرگای نووسینم ئەدا

Closed
by May 5, 2012 گشتی

 

 

یەکێک لەو هۆکارانەی کە منی بەرەو دونیای ئەدەب و نووسین برد، ئەو گێڕانەوانەی دایکم بوون، دایکم بە شێوەیەکی زۆر جوان و وورد و لەسەرخۆ باسی رۆژانی زووی خۆیی و خانەوادە و کەسوکار و دراوسێ و خزمەکانی ئەگێڕایەوە لە دوایی وام هەست ئەکرد کە من لەو سەردەم و لەگەڵ ئەو کەسانە ژیاوم، روداوەکانی وەک فیلم ئەخستە بەر چاومان، نازانم هەر من وا بە هەست و سەرنجەوە گوێم لە قسەکانی رائەگرت یان خوشک و براکانیشم وابوون، نازانم ئەو هەر منی کردبوو بە باخچەی چاندنی نەمامی روداوەکانی ژیانی یان بەبێ مەبەست و بیرکردنەوە هەر دەیویست خۆی بەتاڵکاتەوە لەو هەموو یاداشت و بەسەرهاتانەی لەناو دڵ و دەرون و ئەندێشەی هەڵیگرتبوون، رەنگە هەندێکجار وایزانیبێت ئێمە منداڵین هیچ لەو قسە و باسانە تێناگەین بۆیە بە هەلی زانیبێت بۆ ئەوەی کە هەرچیەک لەناویدا هەیە بۆ ئێمەی هەڵڕێژێ و بەشێک لە دەرونی خۆی پێ ئاسودە بکا، رەنگە هەندێکجاریش ویستبێتی لە رێگای گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتانە وانەکانی ژیان فێری ئێمە بکات، من ئەزانم کەم تا زۆر هەر هەموومان زۆر شت لە دایکم فێربووین، خوشک و براکانم درکیان پێ کردبێ یان نا من لەوە دڵنیام سەرچاوەی هەست و سۆزی ئێمە بە ئەو بەند و بالۆرانە گۆش ئەکرد کە بۆ منداڵانی ئەگووت، بەو گۆرانیانە بانگی منداڵانی ئەکرد و سەرنجیانی بۆ لای خۆی رائەکێشا، ئێستاش نازانم ووشەکانی ئەم گۆرانیانەی هی خۆی بوون یان ئەویش لە کەسانێکیتری بیستبوو! نازانم من بۆ جارێک ئەو پرسیارەم لێی نەکرد، چونکە وامئەزانی هی خۆیەتی وام هەست ئەکرد، هەستێک لە ئاستێکی بێگومانی کە پێویست بە پرسیار نەکات، دوای ئەویش لە کەسیترم نەبیست، مەگەر خۆم جار بە جار بۆ منداڵانم گووتبێتەوە و هەندێک جار گوێم لە خوشکەکانیشم بووە، ئەوەش هۆکارێکیترە بۆ ئەوەی بڵێم ئەو ووشانە هی دایکمن. (کوڕم جوانە بە تەنێ، کیژ و کاری ئەگەنێ، سەرو ماچی ئەدەنێ، ئەگەر منداڵەکەش کچ بوایە ئەوە ئەیگووت کیژم جوانە بە تەنێ ….هتد، بۆ کچانیش گۆرانی تایبەتی هەبوون، ئەیگووت، رۆژ هەڵات لە گەروان، دەیدا لە پەلکە توان، چاو رەشێ ئەبرۆ جوان، یان، رۆژ هەڵات و هاتە دەر، گەوارێکی کەوتە بەر، چاو رەشەی ئەبرۆ سەحەر) ئەمانە و چەندین گۆرانیتری لەو شێوەیەی کە بەداخەوە زۆریم بەبیر نەماوە، لەباوەش گرتنەکانی دایکم و گێڕانەوەی بەسەهاتەکانیش ئەوەندە کاریگەری بووە کە دونیایەک لە خەیالی قوڵ و بەرفرەوانی لەلا دروستکردووین و هەست و مێشکی بزواندووین، من خاڵم نەبوون، دایکم تەنها خوشکێکی هەبوو، بەڵام وا باسی عومەر و ئەنوەری برای ئەکرد وام ئەزانی ئەو دوو خاڵەم لەسەفەرن و بەمزوانە دێنەوە، ئەوەتە ئێستاش لەبیرم نەکردوون و هەردوکیانم لەبەرچاوە، ئەوان زۆر بە منداڵی مردبوون بەڵام لەناو دایکمدا ئەژیان، ئاگام لێبوو چون لەناوخۆیدا هەڵیگرتبوون و وەک منداڵی خۆی گەورەی ئەکردن، زۆر جار ئەمدی کە خاڵەکانم گەنجن و دایکم ژنیان بۆ ئەخوازێ و ئاهەنگیان بۆ ئەگێڕێ، ئاگام لێی بوو چۆن منداڵەکانی عومەر و ئەنوەری لە باوەش ئەگرت، هەندێکجار هاواری بەسەر ئێمەدا ئەکرد کە بۆ ئاگامان لەو منداڵانە نیە، ئەو خەونانەی ئەو لە گێڕانەوەیدا ئەوەندە کاریگەر بوون ئەوەی ئێستاش ئەنووسرێ هەر لە ژێر کاریگەری ئەو گێڕانەوانەدان، ئەو نەیدەویست باوڕ بەوە بێنێ ئەو بێ کەسە بێ برایە هەر بۆیەش کە لە گێڕانەوەکان ئەبووەوە ئەیزانی ئەوانەی ئەو باسیان ئەکا کەسانێکن لە ژیان نەماون، وەک ئەوەی وللامی پرسیارێکی ئێمە بداتەوە ئەیگووت قەیناکە من بێ کەس نیم، من ئێوەم هەیە، ئێوە هەموو کەسی منن، باوکتان سەلامەت بێ و مەرگتان نەبینم، لە دوای کەمێک بێ دەنگی یان بە پرسیارێک لە ئێمە ئەکەوتەوە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی یان هەر لەخۆیەوە درێژەی ئەدا بە گێڕانەوەکان. نەوەک هەر ئێمە داپیرەمان نەدی بوو بەلکو دایکم خۆشی منداڵ ئەبێت کە دایکی ئەمرێ، کەچی ئەوەندە بە میهرەبانی باسی ئەو دایکەی خۆی ئەکرد هەزاران خۆزگەمان ئەخواست کە داپیرەمان هەبوایە، بەدبەختی ئێمە لەوە بوو دایکی باوکیشمان نەمابوو، زۆر دڵمان بە خۆمان ئەسوتا نە داپیرمان هەبوون نە باپیر، دایکم کە بەبێ دایک گەورە بوو بوو باوکیشم بەبێ باوک، حەسرەتەکانی باوکم لە بێ باوکیدا ئاگری لە چەرگ و هەناو بەر ئەداین، باوکم پێی وابوو هەرچی ئێش و ئازاری منداڵی کە هەیبووە لە بێ باوکی بووە، ئاخر بەسەرهاتەکانی باوکم لە هی دایکم کەمتر نەبوو، بەڵام بەبیرم دێت کە دایکم بەردەوام ئەیگووت مندال بەبێ باوک هەتیوو نابێ، منداڵ بەبێ دایک هەتیوو و سەرگەردان ئەبێت، دایکم ئەیگووت پیاو چ گێی لێیە ئەگەر ژنی مرد بە زوویی و بە ئاسانی ژنێکیتر دێنێت، رەبی خوایە کەس لە ژێر دەستی زڕداک گەورە نەبی، ئەوە زۆر سەیر بوو هەر کەسێک ئەو قسەی داکمی ببستایەو بە تایبەت بیزانیایە کە دایکم دایکی زوو مردووە ئەوا وای هەست دەکرد کە دایکم هەموو تەمەنی لەژێر زەبر و زەنگی زڕداک بەسەر بردووە، بەڵام ئێمە ئەمانزانی کە باپیرەمان بەتەنیا و بەبێ ژنهێنانەوە هەر خۆی ئەو دوو کچەی گەورە کردووە، بەلامانەوە سەیر بوو کە پیاوێک لەو زەمەندا ژنی نەهێنابێتەوە، پیاوێک هەژار نەبووبێ و رەز و باخچەی زۆری هەبوو بێت و بەبێ کوڕ بێ، کە بێ کوڕی وچاخ کوێریە، پیاوێک لە تەمەنیش زۆر گەورە نەبێ، کەچی بە دیار کچەکانیەوە بەبێ ژنی خۆی بێڵێتەوە، رەنگە هەر یەک لە من و خوشک و براکانم بە سەدان جار ئەو پرسیارەمان لە دایکمان کردبێت، ئەرێ باپیرەمان بۆ ژنی نەهێناوەتەوە؟ دایە باوکت بۆ ژنێکیتری نەهێناوەتەوە؟ دایکم هەموو ژیانی یەک ووڵامی هەبوو، ئەیگووت لەبەر ئەوەی باپیرەتان ژێر دەستی زڕدایکی بینی بوو، زۆر ئازاری لێ چێشت بوو بۆیە نەیوویستووە ئێمە بخاتە بەر دەستی زڕداک، دیارە باپیرەشم لە شەوانی سارد و درێژی زستان لەبەر ئاگردانی ماڵە یەک ژووریەکەیان ئەوەندە باسی منداڵی خۆی و ئازارەکانی ژێر دەستی زڕدایکی بۆ کچەکانی کردووە تا وایلێهاتووە نە خۆی وێراوە تخونی ژن هێنانێکیتر بکەوێت و کارەساتەکانی ژیانی رابردووی خۆی بۆ منداڵەکانی دووبارە بکاتەوە و نە باوڕی بە هیچ ژنێک کردووە کە بەڕاستی ببێتە دایکی دوو کچەکەی، نازانم دایکم چەند ئاخ و کەسەر یان هیوا و ئاواتی لەگەڵ خۆی برد، ئەوەی ئەیزانم مەرگی منداڵەکانی نەبینی و باوکمیشی بە ساغ و سەلامەتی بەجێ هێشت، تەنها سەرباز نەبێ، چیرۆکی سەرباز ئەوە من ئەینوسمەوە، ئەگەر نا رەنگە لە بیر بکرێ، سەرباز دوا منداڵی دایکم بوو، بەر لەوەی بێتە ژیان درابوو بە پورێکی دایکم، لەبەر هیچ نا، هەر لەبەر ئەوەی ئەو پورەی دایکم منداڵی نەئەبوو، براکانی واتا خاڵەکانی دایکم چەند جارێک منداڵێکی خۆیان دابوو بە خوشکیان بەڵام کەس نازانێ لەبەر چ منداڵەکان ئەمردن، ئەوە ببوو بە باسێکی سەرسوڕهێنەر، ئەو کات من تەمەنم هەشت ساڵ بوو ئەو قسە و باسانەی ئەو کات وەک چیرۆک وابوون بۆ من، نە ئەو کات نە ئێستاش ناتوانم لەو نهێنیە تێبگەم، ژنێک منداڵی نابێت ئاساییە، بەڵام بۆ منداڵ لەلای ناژین؟ بۆ ئەو منداڵانە لەلای ئەو پورەی دایکم ئەمردن؟ ئێستاش ناتوانم وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئەوەی ئەیزانم دایکم نەیدەویست منداڵێکی ئەویش لەلای پوری بمرێ، هەرچی باوکم بوو لە ژێر کاریگەری بیر و باوڕی شوعیەت دەیویست هەموو شتەکانی خۆی دابەش بکات، پێی وابوو کە ئەگەر ئەو دوو شتی هەبوو دەبێ یەکێک بدات بە کەسێک کە نیەتی، ئێمە دوو ژوورمان هەبوو، بەردەوام ژوورێکی ئەدا بەو کەسانەی کە خانوویان نیە، نەک بەکرێ، بەلکو بە خۆڕایی، ئەیگووت دادپەروەری و یەکسانی وایە، من بە بیرم دێت چەند ساڵێک ئەو ژورەمان درابوو بە مامۆژنێکم، من ئەو مامەی خۆمم نەدی بوو، بەڵام باوکم زۆر باسی ئەو برایەی خۆی بۆ ئەکردین، هەمیشە خۆی بە قەرزاری ئەو برایەی ئەزانی، برا گەورەی بوو، بەڵام باوکم ئەیگووت لە جێگای باوک بوو، نەوەک لەبەر ئەوەی باوکم باوکی خۆی نەدی بوو، بەلکو لەبەر ئەوەی ئەو مامەم ئەوەندە بە هەست و سۆز بووە، بۆتە باوکی هەموو خوشک و براکانی، خێزانە هەژارەکان جگە لە خۆشەویستی شتێکیتر کۆیان ناکاتەوە، دوایی ئەو ژوورەمان درا بە ماڵێک کە هیچ پەیوەندیەکی خزمایەتیمان لە نێوان نەبوو، تەنها لەبەر ئەوەی شوعی بوون و کرێچی بوون، دایکم ئەیگووت وا نابێ، ئێمەش منداڵمان هەن و پێویسمان بەوەیە کە بیر لە داهاتووی ئەو منداڵانە بکەینەوە، سێ کوڕمان هەن، سبەینێ گەورە ئەبن، پێویستە لە ئێستا خەمیان بۆ بخۆین، پارەیان بۆ کۆبکەینەوە، راستە ئێمە دوو ژوورمان هەیە بەڵام ئەوەندە دەوڵەمەند نین کە ماڵی خۆمان دابەشین، باوکم وایئەزانی ئەو رۆژە نزیکە کە شوعیەکان دەسەڵات بگرنە دەست و ئەرکی منداڵەکانی ئەو و هەموو منداڵەکانی وولات لە ئەستۆی حوکمەت دابێت، ئەو ئەیگووت نابێ ئێمە هەر بیر لە خۆمان بکەینەوە، ئەبێ ئێمەی هەژار و چەوساوەکان لە ئێستادا هاوکار و یارمەتیدەری یەکتر بین تا بتوانین ئەو رۆژە دروست بکەین، دایکم ئەیگووت، هەر تۆی وا بیر ئەکەیتەوە، کوا؟ کامە لە هاوڕێکانت ئەوە ئەکەن؟ باوکم  هەموو جار هەر ئەو وڵامەی هەبوو، من وەکو ئەوان نابم، ئەبێ ئەوان وەکو من بن، ئەم باسانە نەئەبڕانەوە، تا ئەوەی بەخشینی منداڵێکیشی هاتە سەر، دایکم ئەیگووت، با کەمێک لەلای خۆم بێت با کەمێک خۆی بگرێ و لە مەترسی مردن دوور کەوێتەوە، ئەو قسانەی دایکم وەک ئەوە وابوو کە بزانێ منداڵەکەی لەلای پوری ناژێ و چارەنووسی وەک منداڵەکانیتر ئەبێت، رەنگە ئەوە یەکێک بووبێت لە هۆکارەکانی مردنی منداڵەکان، کە زۆر بە ساوایی ئەدران بەو پورەی دایکم، هەر لە دوای بوونیان یەکسەر ئەبردران بۆ ماڵی ئەو ژنە بەدبەختە، ئاگام لێبوو هەر هەموویان دڵیان پێی ئەسوتا، ژنێک بوو منداڵی خۆشدەویست، هەندێک کەس ئەیگووت ئەوەی ئێوە ئەیکەن شەڕە لەگەڵ خودا، خودا نایەوێ منداڵ بدات بەو ژنە و ئێوەش ئەتانەوێ بە زۆر ئەو ژنە بکەن بە دایک، ئەوە وانەبوو، زۆر ژنیتر هەبوون منداڵیان نەئەبوو و ئەیانتوانی منداڵی کەسێکیتر گەورە بکەن، بەبیرم دێ باوکم بە دایکمی ئەگووت، کە ئێمە بڕیارمان داوە ئەو منداڵەمان بدەین بەو ژنە وا باشترە زوو بۆی ببەین، چەند لەلامان بمێنێتەوە بەخشینی سەختر ئەبێت، مشت و مڕ و گفتوگۆ و شەڕ و هەرا و توڕە بوون و تێک قژقژانی نێوان دایک و باوکم ئەنجامەکەی بەوە گەیشت کە هەڵکەوت بدەن بە پلکە ئامینە، کە بەجێمان هێشت هەموومان دڵسارد و دڵتەنگ و دڵگیر بووین، کەسمان پێمان خۆش نەبوو، باوکیشم هەر وەک ئێمە بوو بەڵام نەیدەویست دەریخا، دڵنەوایی ئێمە و دایکمی ئەدایەوە بەوەی کە زوو زوو ئەمان بات بۆ هەولێر بۆ لای هەڵکەوتۆکە، شتێکی سەیر و سەمەرە بوو بابەتێکی سەرنج راکێش و جێگەی باس بوو، ئێمەش هەر ئەوەندەمان بۆ مابووەوە کە لەو باسەدا لەگەڵ منداڵانی خزم و گەڕەک دڵی خۆمان بەوە خۆش بکەین کە براکەمان لە هەولێر گەورە ئەبێ و بە هۆی ئەوەوە زوو زوو ئەچین بۆ هەولێر و رۆژێ دادێ هەڵکەوت گەورە ئەبێت و لەگەڵ خۆی ئەمانبات بۆ سینەما، دوای ئەوە من هەر یەک سەردانم بەبیر دێ، کە چووین هەڵکەوت لە ناو لانک بوو، ئێمەش لە دەوری لانک کۆبووینەوە، چاوەڕوانی ئەوەمان ئەکرد کە پەردەی لەسەر هەردەنەوە و دەم و چاوی ببینین، دایکم گریا، ئێمەش ئەوەندە پێمان جوان بوو دەمانویست دەریبێنن و بیدەنە یەکە یەکەمان تا لە باوەشی بگرین، لێیان نەگەڕەیان، گووتیان نوستووە جارێ لێیگەڕین، هەر لەو سەردانە پێیان گووتین ناویان گۆڕیوە کردوویانە بە سەرباز، زۆرمان پێناخۆش بوو چونکە ئێمە ناوەکانمان هەمووی بە هە دەستی پێئەکرد ( هەندرێن، هەڵگورد، هەڵمەت، هەوەس، هەوێن ) ئەویش کە هەڵکەوت بوو وەک ئێمە بە هە بوو، بۆیە هەڵکەوتمان زۆر لە سەرباز لا خۆشتر بوو، ئەوەی ئەو کات بینیم و لە بیرم ناچێ، کە لەناو لانک دەریان هێنا خەنجەرێکیان لەژێر سەرینەکەی دانابوو، گووتم ئەوە چیە؟ گووتیان ئەوە خەنجەرە بۆ ئەوە باشە هەتا جنۆکە و شەوە زەفەری پێ نەبەن، لەو خەنجەرە ئەترسێن و ئەڕۆن، گووتم ئەگەر ئەو خەنجەرە نەبی چ ئەبی؟ گووتیان ئەگەر ئەو خەنجەرە نەبی جنۆکەکان دێن ئەو منداڵە ئەخنکێنن! زۆر بەلامەوە سەیر بوو بەڵام زۆریشم پێ خۆش بوو، نەمدەویست براکەی من چارەنووسی وەک منداڵەکانیتر بێت، ئەو کات پێم وابوو پێشتر لە بیریان چووە خەنجەر دابنێن بۆیە شەوە و جنۆکە هاتوون مندەڵاکانیان خنکاندوون، ئەو دڵخۆشیەم زۆری نەخایەند، خەنجەر هیچی بۆ نەکرا و هەڵکەوت و سەرباز کۆتاییان هات، هەر ئەوەندەمان بۆ مابووەوە تا چەند مانگ و ساڵێک باس لەوە بکەین کە برایەکیتریشمان هەبوو، ئیتر وردە وردە لەبیر کرا تا ئەو کاتەی ئەوە من لەگەڵ ئەو نووسینە باسی لێوە ئەکەمەوە.


هەندرێن حەمەدەمین
٤ی ٥ی ٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.