كاك مه‌لا به‌ختیار به پێكه‌نینه‌كه‌ی تۆ ئێمه گریانمان هات
رۆژی 23/ 5 مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌كێتی نیشمانی كوردستان كۆرێكی له هۆڵی پێشه‌وا له هه‌ولێر بۆ كاك مه‌لا به‌ختیار رێكخست بوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی رووداوه‌كانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و ئایندهی دیموكراتی و په‌یوه‌ست به كورد و هه‌رێمی كوردستانه‌وه، دیاره من لێره قسه له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه ناكه‌م چونكه قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێ و پێویسته رۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی زۆر به جدی له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ی كه‌سێكی وه‌ك كاك مه‌لا به‌ختیار كه له حزبێكی باڵا ده‌سته و خۆیشی له ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌و حزبه‌یه و راوه‌ستێ و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ، چونكه كاك مه‌لا به‌ختیار له قسه‌كانی جگه له‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی وه‌ك ده‌ستكه‌وتێك پێفرۆشتین نیشانی‌دا كه ئه‌و شه‌ڕه بوه مایه‌ی خێر بۆ گه‌لی كورد‌و به‌و هۆیه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر به‌رزترین ئاست له كاتی راگه‌یاندنی رێكه‌وتنی واشنتۆن هات شانبه‌شانی مام جه‌لال و كاك مه‌سعود راوه‌ستا، بۆیه پێویسته هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره ته‌نزیره هه‌ڵوێستی هه‌بێ نه‌كا كاك مه‌لا به‌ختیار و هاوشیێوهكانی له پێناو ده‌ستكه‌وتێكی تری له‌و شێوه دوچاری شه‌ڕێكی تری ناوخۆییمان بكه‌نه‌وه، من لێره‌وه دێمه‌وه سه‌ر مهبستهكهم كه له دوا چركه‌ی كۆره‌كه كه كاك مه‌لا به‌ختیار بۆ خۆ ده‌رباز كردن له‌سه‌ر تیبینی یه‌كیك له ئاماده بوان چۆن جه‌وهه‌ری بیركدنه‌وه و خاڵه لاوازه‌كانی یه‌كێتی نیشانداین، دوای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئاماده‌بوان درا كه پرسیار‌و سه‌رنج و تیًبینیهكانی خۆیان بده‌ن دوا به‌شدار بوو كچێك بوو كه له‌سه‌ره‌وه دانیشتبوو تێبینی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌بوو له كۆڕێكی ئاوا كه چه‌ند كاری بۆ كراوه كه‌چی له پینج ریزی پێشه‌وه‌ی هۆڵه‌كه كه به‌قسه‌ی ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێوه دیاره ته‌نها پێنج ژن ئاماده بوه، كاك مه‌لا به‌ختیار له وه‌ڵامی ئه‌و كچه دوای ئه‌وه‌ی كه‌وته ژماردنی ژنه‌كانی هه‌موو هۆڵه‌كه به پێكه‌نینه هه‌میشه ئیفتزازیهكهیهوه فه‌رموی پێنج نیه حه‌وته سوپاسی ئه‌و كچه‌ی كرد كه به پێكه‌نینی هێناون، جا وه‌ره ئه‌وه وه‌ڵامی كه‌سێكی ناوه‌ندی بڕیاری حزبیكی پێشكهوتنخوازبێ كه خۆی به پێشه‌نگی نوێ بونه‌وه‌و یه‌كسانی خوازی ده‌ناسێنی ده‌بێ چ كاره‌ساتێك چاوه‌ڕیی ئه‌و میلله‌ته داماوه بكا، له كاتێدا ئه‌و ره‌خنه‌یه ره‌خنه‌یه‌كی ئاڕاسته‌كراو نه‌بو به‌ته‌نها بۆ ئه‌و، چونكه ئه‌و خاڵه لاوازه‌ی نه‌بونی ژن له ناو رێكخستنه‌كانی حزبه‌كان و ئاماده نه‌بونیان به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی هه‌موانه بۆیه لێره ده‌بو كاكی پێشكه‌وتنخواز و واعزی دیموكراتی به سینگێكی فراوانه‌وه ئه‌وه به خاڵی هه‌ره لاوازی یه‌كێتی دابنێی و ره‌خنه‌ی رێكخستنه‌كانی بكردایه‌و به پێویستی بزانیایه كه له كۆر‌و كۆبونه‌وه‌ی له‌و چه‌شنه ده‌بێ ژنان ئاماده بونی ته‌وایان هه‌بێ، چونكه كه باس له پرۆسه‌ی دیموكراتی كرد، دیموكراتی بێ به‌شداری ته‌واوی كۆمه‌ڵگا به ژن و پیاوه‌وه له هه‌موو كایه‌كانی ژیان ناچێته پێشه‌وه، بۆیه لێره كه ئه‌وه بۆچونی كه‌سێكی كارای ناوه‌ندی بڕیار به‌ده‌ستی حزبێكی سۆشیال دیموكرات ده‌بێ بڵێین كاك مه‌لا به‌ختیار به پێكه‌نینه‌كه‌ی تۆ ئێمه گریانمان دێ.
پێشه‌نگ جه‌مال
peshang76@yahoo.com