Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
وێنه‌ی شه‌پۆل  به‌ چاوی با … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

وێنه‌ی شه‌پۆل به‌ چاوی با … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

Closed

 

 

 

 (1)

دڵم زۆر شێواوه‌

نازانم چی بكه‌م

كه‌مێ‌ وشه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌ر با.

 (2)

با شه‌ڕ به‌ دنیا ده‌فرۆشێت

من چاوم بۆ نیگای باران هه‌ڵخستووه‌

حه‌زم نه‌كرد ئه‌و پڕشنگه‌ بكه‌وێته‌ نێو ده‌ریاوه‌

له‌به‌ر دۆزینه‌وه‌ی ژیان.

(3) 

ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێ‌

با نییه‌

مرۆڤه‌.

 (4)

حه‌زم ده‌كرد ئاو بام 

له‌پشت سكێچه‌كانی “قه‌ره‌نی جه‌میل”

په‌نجه‌م به‌ سێبه‌ری ریشۆڵه‌كاندا هێنابا

حه‌زم ده‌كرد با بام

بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێله‌ شكسته‌كان نا 

بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی ئازادی.

(5)

به‌ قسه‌ی پشیله‌

باران نابارێ‌.

 (6)

ناتوانی له‌ شه‌قام بپه‌ڕیته‌وه‌

له‌به‌ر بازاڕی باران.

(7)

به‌ منداڵی كه‌ ئاسمان هه‌ور با

دڵم به‌ تووندی

له‌ په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیاییه‌وه‌ خواحافیزی

له‌ من ده‌كرد.

 (8)

چاوی كراوه‌ی ده‌ریا

هاوده‌ردی له‌ تێگه‌یشتنی چاوی من

 ناكا

مرۆڤ به‌ ده‌ستكارییه‌وه‌

ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو سروشت

ده‌ڵێێ‌ ئاگات لێ‌ نییه‌

خه‌ریكه‌ پیر ده‌بم.

(9)

كه‌س ئاگای له‌ با نییه‌

گه‌مه‌ به‌ دنیا ده‌كا.

 (10)

هاوڕێكانم ده‌چنه‌ سه‌یران

من بیر له‌ ته‌نیایی ده‌كه‌مه‌وه‌.

(11)

با دێ‌ و ده‌چێ‌

شه‌پۆله‌كانی ئاو

ئه‌زبه‌ر ده‌كا.

 (12)

چیا هه‌رچه‌نده‌ باڵا بێ‌

باران ته‌ڕی ده‌كا

مرۆڤ هه‌رچه‌نده‌ مه‌زن بێ‌

ته‌نیایه‌.

(13)

ئێواران له‌ ئاپۆڕه‌ی ئه‌م و ئه‌و ونده‌بم

وه‌ك دڵۆپێ‌ باران له‌ ده‌ریا

ژیان شیرینه‌

به‌ڵام ده‌ریایه‌ك ده‌یبا

پێی ده‌ڵێن مردن.

(14)

ئه‌مڕۆ ده‌شت و ده‌ر رووناكه‌

خۆزگه‌ دڵم تاریكی جێده‌هێشت

له‌ نه‌خۆشخانه‌.

 (15)

ئه‌و رۆژانه‌ زۆر ده‌بارێ‌

رۆژانێك 

ترپه‌ی باران

ده‌نووكی له‌ جه‌سته‌م ده‌دا.

 (16)

كاتێ‌ منداڵه‌كه‌م گڕوگاڵ ده‌كا

من خه‌و ده‌مباته‌وه‌

سه‌یری ئه‌و وێنه‌یه‌

ئاو خۆی به‌ گوێسوه‌بانه‌وه‌

هه‌ڵواسیوه‌.

(17)

په‌له‌ مه‌كه‌

ئه‌وه‌ی با بردی

له‌گه‌ڵ باران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌ریا.

(18)

منداڵه‌كانم هه‌ریه‌ك قسه‌یه‌ك ده‌كا

ژیان به‌ لقی دارێكه‌وه‌

كێ‌ ده‌یچنێ‌

 (19)

هیچ ئامۆژگارییه‌ك سوودی نییه‌

ئه‌و قسه‌ جوانانه‌ بخه‌ زبڵدان

هه‌ركه‌س بۆخۆی ده‌ژی.

(20)

نامه‌وێ‌ ژیان هه‌ر ژماره‌ بێ‌

له‌ باخی ته‌نیاییدا

وه‌رزش ده‌كه‌م.

(21)

ئه‌وه‌ی دڵم ته‌نگ ده‌كا

ئاسمان نییه‌

زه‌وی نییه‌

زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچووه‌.

(22)

چه‌شنی باران 

دایكم به‌ سروشته‌وه‌ لكاوه‌

من به‌ نه‌فره‌ت.

(23)

ژیان وه‌كو رێبوارێكی با برده‌ڵه‌

هه‌موو بۆشاییه‌كانی خۆی

به‌ ژاوه‌ ژاو پڕ ده‌كاته‌وه‌

من به‌ حه‌بی سه‌رئێشان

 (24)

له‌ دووره‌وه‌ دێمه‌

به‌ر باران

له‌ دووره‌وه‌ شه‌پۆل ده‌كا

با.

(25)

هێنده‌ دوای نیشتمان كه‌وتم

بیرم چوو

بگه‌ڕێمه‌وه‌ ژیان

 (26)

به‌یانیان ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێن

هه‌ڵسه‌ له‌ خه‌و

خه‌ونه‌كانم بوونه‌ هه‌ڵم.

(27)

با یاری به‌ مرۆڤ ده‌كا

مرۆڤ یاری به‌ باران 

مه‌ترسی له‌وه‌دا نییه‌

چونكه‌ ئازادین.

(28)

ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نه‌با

دوێنێ‌ له‌ گۆڕستان نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه‌

ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به‌یانی باش له‌یه‌ك نه‌كه‌ین

سبه‌ی نایه‌.

 (29)

ئه‌مڕۆ ده‌چمه‌ سه‌ر گۆڕی ئاو

له‌بری هه‌تاو

گوڵێك له‌ یه‌خه‌ی با ده‌ده‌م.

(30)

دڵم ئه‌وه‌نده‌ توونده‌

پزیشكه‌كان وه‌ك به‌سه‌رهات

ده‌یگێڕنه‌وه‌.

(31)

هه‌تا ئێستا

چۆله‌كه‌كان له‌ژێر سێبه‌ری سێداره‌

ده‌جریوێنن.

 

 

 

ئاداری 2012

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.