پێشوازی … ستار ئەحمەد
به‌یانیان له رێگاتا راده‌وه‌ستم
چاوه‌ڕوان نیم گوڵێكی سوور
بخه‌یته نێو گۆشه‌ی ده‌ستم
به‌ڵام یه‌جگار به په‌رۆشم
به نیگایه‌ك به‌ڕێمبخه‌ی
ئه‌و كاتانه شادمانم
پڕ به دڵت بڵێی ئۆخه‌ی
نیوه‌ڕوانیش كه دێیته‌وه
دڵه خورپێ توند دامده‌گرێ
چه‌نده ووشه‌ی ئاڵ‌و جوانه
له‌سه‌ر زاری ماتم ده‌مرێ
باكم نییه له‌سه‌ر رێتا
وه‌كو گوڵێكی هه‌ڵپروكاو
بژاكێم‌و هه‌ڵبوه‌رێم
بۆیه له‌گه‌ڵ ناسۆریا
هه‌موو رۆژێك بۆ ژوانت دێم
به‌ڵام شه‌وان
داخ له‌م ساته بێئامانه
رووم تێده‌كه‌ن
هه‌رچه‌نده جه‌للادی خه‌ون‌و
پێمه‌رده‌ی ئازار‌و ژانه
له‌گه‌ڵ گریه‌ی نیوه شه‌وا
من‌و ته‌نهایی‌و هۆنراوه
چوار چێوه‌مان
به خۆڵه‌مێشی ناكامی ته‌نراوه
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م شێوه‌ی مه‌نگت
ده‌ریایه‌كی بێپایانه
لێشاوی كۆتایی نایه
ده‌كه‌ومه به‌ر شه‌پۆلی
داڵده ده‌به‌م بۆ په‌نایه
له سروه‌ی به‌یانیان زیاتر
دڵخۆشكه‌رێ به‌دیناكه‌م
هه‌موو شه‌وێك شه‌ڕێكی توند
له‌گه‌ڵ ناخم به‌رپا ده‌كه‌م
له‌گه‌ڵ جریوه‌ی ئه‌ستێره
له دیده‌ی رۆژ ئاوا ده‌بێ
بۆ به‌یانی جارێكی تر
له رێگاتا راده‌وه‌ستم
چاوه‌ڕوان نیم گوڵێكی شه‌نگ
بخه‌یته نێو گوڵدانی ماتی هه‌ڵبه‌ستم
به‌ڵام گیانه بزه‌یه‌كی نابه‌دڵی لێوه‌كانت
وه‌كو مناڵ ده‌مخاته باڵ
ئه‌ی شاگوڵی چوار وه‌رزی ساڵ