
بۆ خاوەنشکۆ سەرۆکی هەرێم …. پیرۆزبایی نامە
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
ئێمە مێگەلین تۆ شوانی *
گیڤارا و ئەسکەندەرمانی
خۆت یاسا دارێژەرمانی
مۆنتیسکۆو ئەفلاتونمانی
تۆ ژێرخان و سەرخانمانی
تۆ ڕەمزی مان و نەمانی !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
تۆ نەبی کێ شوانایەتی مێگەل بکا ؟
تۆ نەبی کێ حوکومەت بۆ عێراق دروست بکا ؟
کێ مالیکی ڕیسوا بکا ؟
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
لەسایەی سەری ئێوەیە ئێمە ئۆکسجین هەلئەمژین
گەر قودرەتی ئێوە نەبێ بەچی بژین
خۆ بەیانییەک هەڵنەسن هەموو دەمرین !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
تۆمان هەبێ باکمان بە دەوڵەتیش نییە
تۆ خۆت یاسای، خۆت دەوڵەتی، دەوڵەت چییە !
هەر تۆ ساغ بیت لە هیچ شتێکمان کەم نییە !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
کورسی هەر موڵکی خۆتانە و ئێمە بەردەست
میللەت هەموو خزمەتکارەو ئێوە سەردەست
ئێمە هەر چەپڵە لێ ئەدەین بۆ یەک مەبەست !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
لەسایەی سەری ئێوەدا ئێمە هەموو شادو مەسرور
کورسییەکەی پەرلەمانیش بدە بە جەنەڕاڵ مەنسور
هەتا خاوەنی ئێوە بین بۆچیمانە یاساو دەستوور !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
هەرچی کورسی وڵات هەیە بەناوی خۆتانی بکەن
هەتا تۆوی نەوەیەکتان لێرە مابێ حوکم بکەن
ئێوە ئایندەی وڵاتن نەکەن پشت لەکورسی بکەن !
بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی
……………………………………………………….
* ئەم نیوەدێڕە وەرگیراوە لە حمەسعید حسن
ئەم کۆپلەیە (بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بەرزانی) هی هەژار موکریانییە
تێبینی / ئەم شیعرە بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەلایەن بنەماڵەی بەرزانییەوە، نوسیومە، کە تەواوی پۆسەتەکانی وڵات لەلایەن ئەم خێزانەوە دەستی بەسەردا گیرا