![له‌سه‌ر وێران بوونی سوریا، موهته‌دی جه‌ژنی شۆڕش له ئێران ده‌گێرێت! له‌سه‌ر وێران بوونی سوریا، موهته‌دی جه‌ژنی شۆڕش له ئێران ده‌گێرێت!](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/samanKarim_131648196.jpg)
له‌سه‌ر وێران بوونی سوریا، موهته‌دی جه‌ژنی شۆڕش له ئێران ده‌گێرێت!
عه‌بدوڵای موهته‌دی، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ل ڕۆژنامه‌ی “ئه‌لحه‌یات”ی له‌نده‌نی که له سایتی ته‌له‌فیزیۆنی NRTی کوردستانی عێراق کورته‌که‌یان بڵاوکردۆته‌وه ده‌ڵیت” ڕوخانی ڕژێمی سوریا ده‌بێته هۆی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش له ئێران”. ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره پله سێیه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی که‌له‌سه‌ر خوانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌نگوگؤی په‌یدا کردوه، هیچ په‌یامێکی تازه‌ی نه‌داوه، جگه‌له بۆچوونه سیاسییه‌کانی 22ساڵ له‌مه‌وبه‌ری نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وکات به‌ته‌پوتۆزی کۆمۆنیزمی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانه‌وه‌و ئه‌مڕۆش پاش هه‌وڵدانیکی زۆر موسته‌فای هیجری له مه‌قامی خۆیدا ده‌یبینێت و ده‌یکێشیته بن باڵی خۆی.
شۆرشه‌که‌ی موهته‌دی، پێشوازی کردنێکی بێ په‌رده‌یه بۆ ئه‌مه‌ریکاو کاولکردنی کۆمه‌ڵگای ئێران، ئه‌وه‌نییه گله‌یی ده‌کات و ده‌ڵیت “تا ئێستا ئه‌مه‌ریكا بڕیاری نه‌داوه هاوكاری ئۆپۆزسیۆنی ئێران بكات، كلیلی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ئێراندا هاوكاریكردنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه نه‌ك ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی”. موهته‌دی نایشارێته‌و که له کۆبونه‌وه دیموکراتیه‌که‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا له‌سوید، پسپۆڕانی ئه‌مه‌ریکی وبه‌ریتانی ئاماده‌یبوون…. لێره‌دا پیویسته هه‌ڵویسته‌یه‌ک بکه‌ین و له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی باسه‌که‌مان چڕ بکه‌ینه‌وه؛
یه‌که‌م: بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی وه‌کو هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌لایه‌تی داب‌و نه‌رتیی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی خۆی هه‌یه وعاده‌تی به‌وه گرتوه که‌ناوه‌رۆکی هه‌ڵوێستو سیاسه‌ته‌کانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی خۆیه‌وه له‌چاو ” نه‌ته‌وه”کانی تر‌و گشت مافه سیاسی و مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کڕێکارو زه‌حمه‌تکێش بکات. ته‌نانه‌ت هیواو ئیستراتیژی ته‌واوی هێزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی وه هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌کی تری ناسیونالیستی،له پێناو جیبه‌جیکردنی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا، ئاماده‌یه هه‌موو پره‌نسیپێکی دژی ئینسانی بۆ بخاته خزمه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا موهته‌دی بۆ ئامانجی به‌دیهاتنی”فیدرالیزمی-جوگرافیایی” له‌ئێراندا، هه‌موو سینارێۆیه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ی پیرۆزکردووه. له‌وانه‌ش جه‌نگ، کاولکاری ، سیناریۆی ڕه‌ش، برسیتی و ئاواره‌یی، بۆمبابارانو ئینسان کوژی به‌کۆمه‌ڵ… له‌م روانگه‌یه‌وه نه ئینسان وه نه چینی کرێکار وه نه خه‌ڵکی سته‌م دیده وه نه ژن و لاو هیچ جێگا‌و ڕێگایه‌کیان نییه‌و هه‌موویان قوربانی پیرۆزی خاک و نه‌ته‌وه‌ن.
موهته‌دی 22 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌بریارنامه‌یه‌کی پێشنیاریدا ڕایگه‌یاند: ” دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌کی چڕ‌وپڕ له ئاستی جیاوازدا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی عێراق به تایبه‌ت یه‌کیتی نیشتمانی کوردستان، نوسینی نامه‌ی ڕه‌سمی بۆیان سه‌باره‌ت به ڕۆشنکردنه‌وه‌ی هه‌لوێسته‌کانی خۆمان….نیشاندانی هاوده‌ردی و پشتیوانی و هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی پێشنیاره‌کانمان. هه‌وڵدان بۆ په‌یدا کردنی زۆرترین دۆست و ئیمکانات بۆ ئێستا‌و ئاینده”. ئه‌مه هه‌ر هه‌مان ڕوانگه‌و عاده‌تی ئه‌مڕۆیه، به‌ڵام به‌و جیاوازییه‌وه‌که ئه‌وکات له‌سه‌رکردایه‌تی حزبی کۆمۆنیستی ئیران‌دا بوو وه ده‌بوایه به‌حه‌یاو ڕێزه‌وه کوردایه‌تییه‌که‌ی نیشان بدایه، به‌لام ئه‌مڕۆ هیچی له‌وانه پیویست نییه وله به‌رده‌رگای گه‌وره ناسیونالیسته‌کاندا که‌وتوه، هه‌م بۆ پول وه‌هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی “به‌ره‌ی کوردستانی” پێک بهێنیت تا پڕۆژه‌که‌ی به‌نرخی کاوڵبوونی کۆمه‌ڵگای ئێران سه‌ربگرێ و خۆیی وتاقمه‌که‌ی، له‌م نێوه‌دا و کورسییه‌کی وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌تی داهاتووی ئیرانی پێببڕێ. بێگومان له‌سیاسه‌تێکی ئاوا‌شدا، نه‌ک هه‌ر کاولبونی سوریا وپه‌ره‌گرتنی سیناریۆی ڕه‌ش و هێزه تیروریسته‌کانی ئیسلامی سیاسی و له مه‌نگه‌نه‌دانی هه‌موو خواست‌و ویست و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری له‌م وولاته‌دا، هیچ نرخیکی بۆ موهته‌دی و بزوتنه‌وه‌که‌ی نییه، بگره چه‌پڵه لیده‌ره بۆ ئه‌م کاولکارییه وئه‌م ڕۆژ ڕه‌شییه‌ی خه‌ڵکی سوریا وله سایه‌ی ڕاونان و کوشتن و ئاواره‌بونی خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته‌دا، جه‌ژنی خۆی ده‌گێڕێت تابه‌م کاره‌ساتانه‌وه” شۆڕشه‌که‌ی خۆی” له‌ئێراندا به‌رپابکات!
دوه‌م: پێشوازی له جه‌نگی ئه‌مریکاو کاولکردنی ئێران. ئه‌مه‌شیان دیسان عاده‌تێکی تری بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه. ژیان به‌سه‌ربردن له په‌ناگاو وولآتاندا تا کوو جه‌نگیک یان ئه‌زمه‌یه‌کی قوڵ نێوان دوو ووڵاتی دراوسێ ده‌گرێته‌وه‌یان له‌وه باشتر بۆ ئه‌وان که زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مریکا هێرش به‌رێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سایه‌یدا شتێکیان پێبڕیت… پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وشای ئێران، دواتر له گه‌ڵ جمهوری ئیسلامی‌دا، له‌سایه‌ی جه‌نگی ئێران وعێراقدا، دواتر هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له عێراقد، چه‌پڵه‌یان بۆ جه‌نگی ئه‌مه‌ریکا بو سه‌ر عێراق لێدا. به‌لام ئه‌مڕو ئه‌م عاده‌ته بۆ موهته‌دی سیاسه‌تی ڕۆژیشه. سیاسه‌تێکه پێمان ده‌ڵێت با کۆنه‌په‌رستترین بزوتنه‌وه‌ی بورژوایی له دونیادا بچیته سه‌رکار له‌سوریادا هیچ قه‌یدی نییه‌و به‌رژه‌وندی “نه‌ته‌وه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی” تێدایه چونکه دوای ئه‌وه سه‌ره‌ی ئێرانه!.
سێهه‌م: هاوكاریكردنی هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنه نه‌ك ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی”: موهته‌دی دیاره له‌سه‌رانی بزوتنه‌وه‌که‌ی له عێراقدا فێری ئه‌وه‌بوه که چۆن قسه بکات، ئه‌و به‌ئاشکرا ناڵیت لایه‌نگری هێرشی سه‌ربازیم، به‌ڵکوو داوای ده‌ستگیرۆیی ئۆپۆزیسیۆن ده‌کات له‌ئه‌مریکا وڕۆژئاوا. به‌کورتی داوای چه‌ک و پول و … ده‌کات به‌لام ئه‌وه زمانی پراگماتیکی و نیفاقی بورژواییه. به‌لام موهته‌دی به ئاشکرا ده‌ڵیت پسپۆرانی ئه‌مه‌ریکی له‌کۆبونه‌وه‌که‌یاندا بوون… تۆ بلیی ئه‌مه‌ریکاو به‌ریتانیا بۆ ئه‌م جۆره له کۆبونه‌وانه چ جۆره پسپۆرێک بنێرن، جگه له پسپۆرانی جه‌نگ و هه‌واڵگری و سی ئای ئه‌ی…!
له ڕوانگه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌ی موهته‌دییه‌وه شۆرش ئه‌وه‌یه که” نه‌ته‌وه‌ی خۆت”، واته چینی بورژوازی کورد به‌ده‌سه‌لات بگات، یانی وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌تاڵه‌بانی وبه‌رزانی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یاند. ئیتر چه‌نده خه‌ڵک ده‌کوژرێو ئاواره ده‌بیت، سه‌رگه‌ردانی و هه‌ژاری بلاو ده‌بیته‌وه، کۆمه‌ڵگای ئێران دووچاری دابڕان و لێک ترازان ده‌بێت، هه‌مووی به فیدای ” نه‌ته‌وه” بێت. به‌لام موهته‌دی هیچی نه‌وتوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌چۆن به ڕوخانی ئه‌سه‌د که ئه‌وه‌ش رۆشن نییه، شۆرش له ئێران‌دا کلپه ده‌کات؟! بۆیه چاوی له‌فڕۆکه‌کانی ئیسڕائیل و ئه‌مه‌ریکاوجه‌نگه ماڵوێرانه‌که‌ی ئه‌م ده‌وله‌تانه بڕیوه.
بێگومان شۆڕش مانا‌و زه‌مینه‌ی کۆمه‌لایه‌تی خۆی هه‌یه… “خه‌ڵک نایه‌وێت وده‌سه‌ڵاتیش نا‌توانیت”. ڕۆشنه له ئێران ده‌میکه خه‌ڵک ئه‌م ڕژیمه‌یان ناوێت به‌لام له به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵک رێکخراونییه، وئاسۆیه‌کی سیاسی شۆرشگیڕانه‌ی له‌به‌رده‌م خۆی نه‌ناوه، هێشتا ئاماده‌یی بۆشۆڕش له‌م ساته وه‌خته‌دا نییه. وه له لایه‌کی تره‌وه خه‌ڵکی ئێران دوو ته‌جروبه‌ی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه: یه‌که‌میان شۆڕشی ئێرانه، که چۆن بورژوازی به‌ناوی شۆڕشه‌وه شؤڕشی له‌باربرد و جارێکی دیکه چینی کڕیکارو خه‌ڵکیان خسته‌وه ژێر سایه‌ی دڕه‌نده‌ترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌وه، دووه‌میان: ته‌جروبه‌کانی شۆڕشی میسر‌و تونس و ڕوداوه‌کانی لیبیا‌و به تایبه‌ت سوریایه که زیاتر خه‌ڵک، به‌تایبه‌ت کڕێکارانی هوشیار کردۆته‌وه که وه‌ڵامی ئه‌م قسه پوچانه به نه‌فی بده‌نه‌وه. بۆ خه‌ڵک ڕؤشنه که له‌سایه‌ی فڕۆکه‌کانی ناتۆ‌و ئه‌مه‌ریکادا، شۆرش ده‌بیته گاڵته‌جاری و به‌رژه‌وندییه‌کانیان ده‌بنه قوربانی. خه‌ڵکی ئێران به‌گشتی وکڕێکارانی وکوردستان به‌تایبه‌تی، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت شوڕشی خۆیان ڕێک بخه‌ن مه‌رجی یه‌که‌می ئه‌وه‌یه که ریزی خه‌باتکارانه‌و سیاسی خۆیان جیابکه‌نه‌وه له موهته‌دی و بزوتنه‌وه‌که‌ی له سه‌لته‌نه‌ت ته‌له‌بان و جمهوری خواز‌و نه‌ته‌وه چییه‌کان.
29ئاب 2012
سامان که‌ریم
Saman.karim5@gmail.com