ژنێ تێکەڵی خۆی کردووم
Closed
-١-
ژنێک وتی
شیعر مسافیری ناو
پەڕتوک نیە
لەناو دڵدا ئەژی
-٢-
ئەمشەو
ژنێک هات
تاریکی ژوورەکەمی کوژاندەوە
-٣-
ژنێک بووە
بە خۆری دوای
بارانم
-٤-
ژنێک وەک مناڵ
هەموو دەرگاکانی دڵمی
کردەوە
-٥-
کە مێزەری خۆر
تەڕ بوو
بە پەلکی ژنێک
خۆی وشک ئەکاتەوە
-٦-
لەسەر جۆگەلەی
بەهەشت
بە زەنوێریان وت
ئارام بە لێرە ژنێ
حاکمە
-٧-
بۆ ژنێ
هەموو ڕۆژێ (پێنج) سەعات
بەڕۆژوم
-٨-
پەنجا ساڵە ناتوانم
ناتوانم
تێبگەم
کە برژانگەکانی خۆر بۆ
لە هی چاوەکانی ژنێ
دەچن ..؟
-٩-
ژیان سەفەرێکی کورت
بوو
ژنێ کردیە
ڕۆمان
-١٠-
بەر لەوەی عیسا بناسم
مریەمم ناسی
_ هاوڕێ ڕەش _