
گه‌شتێكی شیعری له ڕۆمانی ((كه‌شتی فریشته‌كان)) ی به‌ختیارعه‌لی
((گه‌ڕیده‌یه‌كی بیركه‌ره‌وه‌ی ڕاسته‌قینه، له كاتێكدا به‌ڕاست عه‌وداڵی شتێك بێت، ناتوانێ هیچ جۆره ئامۆژگاری و ڕێنمایه‌ك وه‌ربگرێت. ((هێرمان هێسه_ له ڕۆمانه سید هارتا ))
((من بۆ خۆشه‌ویستی نیم، بۆ ئه‌وه‌م هه‌میشه داگیر بكرێم، داگیر بكه‌م، له گه‌مارۆیه‌كی ئه‌به‌دیدام))
له‌كه‌شتی فریشته‌كانی_ به‌ختیار عه‌لی ل535
كامۆ ده‌ڵێت: ((ئه‌وپه‌ڕی شێتییه كه ده‌ریا به چه‌كوش فه‌لاقه بكه‌یت ))، ئه‌وپه‌ڕی گه‌مژه‌یشه له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی (كه‌شتی فریشته‌كان) قه‌ڵه‌مێك بگریته ده‌ست و بته‌وێت خه‌ت له ژێر گرنترین و جوانترین ڕسته بده‌یت، چونكه شتێ نادۆزیته‌وه خه‌تی لێ نه‌ده‌یت. كه‌شتی فریشته‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی نۆستالیژیاو تراژدیای ئینسانی كورده بۆ ئاشكراكردنی هه‌موو ئه‌و زه‌مه‌ن و ڕووداوانه‌ی كه له خه‌یاڵ به‌ده‌ره‌و بوونه‌ته ته‌پو تۆزی مێژوو، له‌كاتێكدا ئێمه له هه‌موو كات زیاتر له ناو ئه‌و ڕووداوانه‌ین، له ڕێگه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌شه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئایدیاڵ ده‌گه‌ڕاین، نه‌ك نه‌بوینه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئایدیاڵ، به‌ڵكو هه‌موو شوینێكمان كرده جه‌هه‌نه‌مێ بۆ ژیان و تا ئیستاش پێیوه ده‌ناڵێنین. كه‌شتی هه‌وڵێكی مه‌زنتریشه بۆ وێنه كردنی تراژدیای ئینسان له ڕوانگه‌ی ئه‌نتۆلیجییه‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌ك جیهان ژیانی مرۆڤی وێران كردبێ ، به‌ڵكو مرۆڤ ژیانی خۆی و جیهانیشی وێران كردووه. جا ده‌ته‌وێت فه‌لسه‌فه‌كاربیت، یان شاعیر، یان سه‌رۆك، یان سۆزانی، یان مه‌لا، یان فریشته! بێ ئاگا‌و به ئاگا به‌شێك له تراژدیایه‌ت به‌ر ده‌كه‌وێت و به‌رپرسیاری لێیت. ئێمه لێره‌دا گه‌ر بمانه‌وێت خوێندنه‌وه بۆ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه بكه‌ین، ئه‌وا خویندنه‌وه‌كه‌مان ده‌چێته قاڵبێكی داخراو‌و گشتاندنه‌وه، ڕاسته ڕووداوه‌كانی ڕۆمانی كه‌شتی فریشته‌كان ئاڕاسته‌یه‌كی لۆكاڵی به خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام ئیشكردنه‌كه ئیشكردنێكی گه‌ردوونییه‌و ئه‌گه‌ر به زاراوه‌ی هایدگه‌ر بدوێین ئیشكردنی (بوونی مرۆڤه له ناو جیهان) بۆیه ڕۆمانه‌كه هه‌م تیكستێكی گه‌وره‌ی فره ڕه‌هه‌ند و فره‌ڕه‌نگ و فره ئاراسته‌یه، هه‌م زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی و زانستی له ناو هارمۆنیای ڕۆمانه‌كه به‌دی ده‌كه‌ین، بۆیه غه‌درێكی گه‌وره‌یه له ڕۆمانه‌كه، گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه بنێن
لێره‌دا ئێمه به ئاراسته‌یه‌كی شیعرگه‌را به‌ره‌و ڕۆمانه‌كه هه‌نگاو ده‌نێین
له ڕۆمانه‌كه‌دا به كاره‌كته‌رێكی بێ باك و یاخی و پڕ پارادۆكسی وه‌كو ( نه‌غه‌ده ماردینی) خه‌ریك ئه‌بین. نه‌غه‌ده هه‌ڵگری خه‌ونێكی قوڵی فه‌نتازیاو ناڕه‌زایه‌كی ئه‌به‌دییه، گه‌وره‌ترین حه‌ز لای ئه‌و حه‌زێكی ماسۆشیانه‌یه به‌رامبه‌ر گه‌ردوون. نه‌غه‌ده سڵ ناكاته‌وه ئه‌گه‌ر ژیان له‌ناو ده‌می گورگیش بێ تاقی بكاته‌وه. ئه‌م كاره‌كته‌ر وه‌كو شاعیرێ له‌ناو ڕووداوه‌كان و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كانی تری ڕۆمانه‌كه ده‌بێته نوێنه‌ری مه‌عشه‌ری شاعیران بۆمان.
1. وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ناساندنی (نه‌غه‌ده ماردینی)
نه‌غه‌ده ماردینی شاعیره، ژنی دكتۆرمسته‌فا شۆكاكه … دكتۆریش هه‌م كوڕێكی گه‌نج و هه‌م دكتۆرێكی جوان و به ویقارو هێمنه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له هیچ شتێكی كه‌م نییه له ماڵی دونیا، هه‌موو ژنێ ئاواته خوازه ڕۆژێ له ڕۆژان بێته ناو ژیانی، به‌ڵام نه‌غه‌ده ڕۆحێكی سه‌رچڵ و هه‌ستێكی ناڕازیبوونی هه‌یه به‌رامبه‌ر كه‌ون و به نیگا جوان و ویقاره ئه‌رستۆ كراتیه‌كه‌ی بووه‌ته خاوه‌ن دڵێكی شۆڕشگێڕانه، له دواچاریشدا له جیاتی پاداشتی مێرده‌كه‌ی بداته‌وه ژیانی به یه‌كجاری ویران ده‌كات.
ئیمه‌ش له گۆشه نیگای شیعره‌وه له‌م په‌یوه‌ندیانه‌ی ( نه‌غه‌ده ماردینی ) ئه‌دوێین
1. یاخی بوون و شاعیرییه‌ت
2. یاسای دارستان و شاعیرییه‌ت
3. شیعر‌و شاعیرییه‌ت
* یاخی بوون و شاعیرییه‌ت
((جیهان ئاسوده‌یمان لێ تێك ده‌دات )) میلان كۆندێرا
په‌یوه‌ندی نێوان شاعیر‌و یاخی په‌یوه‌ندێكی نه‌بڕاوه‌و ئه‌به‌دییه، نه شاعیر بێ یاخی بوون شاعیره‌و نه یاخی بوونیش بێ شاعیر ده‌گاته به‌ركه‌ماڵی خۆی، نه‌غه‌ده پڕ ئازاره، بێ باكه، یاخییه، ناڕازییه … ئایا كه‌سێك به‌و چه‌شنه بێت ڕووبكاته چ دونیایه‌ك …؟ ئایا له دونیای شاعیران زیاتر چ شتێ یان شوێنێ هه‌یه كه یاخی بونێكی ئاوا‌و ئازارێكی ئاوا له خۆ بگرێ؟ به مانایه‌كی تر، ئه‌وه به‌س شیعره هه‌موو یاخی بوونێك له خۆی ئه‌گرێت . له‌وه ناخۆشتر نییه بۆنی خه‌ڵكانێكت لێ نه‌یه‌ت و مه‌حكوم بیت وه‌كو ئه‌وان بژیت، لای هه‌موو كه‌س به‌خته‌وه‌رترین كه‌س بیت و خۆت به به‌خته‌وه‌ر نه‌زانی، ڕۆحت پڕ بێت له‌سه‌ر كێشی و له ناو چوار دیوار به‌ناوی خۆشبه‌ختی دیل بیت. بۆ نه‌غه‌ده‌یه‌ك یه‌ك شت گرنگه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه وه‌كو خه‌ڵك نه‌ژیت، ئه‌مانه مردنه بۆی، ئه‌مانه بۆشییه بۆشیش ئه‌وه‌یه نه‌توانی له سنووری ژیانی ڕۆژانه ده‌رچیت، هه‌موو ئه‌وانه له قه‌فه‌زی غه‌می ڕۆژانه‌دان دیلی بۆشن ، ئایا به‌م هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌وه، به‌خته‌وه‌ریی مایه‌ی شه‌رمه‌زاری نییه؟ شاعیرییه‌ت به یاخی بوونه‌وه هه‌رده‌م ده‌بیته ماڵیكی قه‌شه‌نگ ، جوان ، به هێز. ئه‌واتا لای نه‌غه‌ده‌ش: (( شاعیرییه‌ت هیچ نه‌بوو له‌لای جگه له هه‌ڵهاتن له نه‌رمی له لاوازی، له ڕاكردن له ژیانی ڕۆژانه به‌ره‌و دارستان ، له گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و هه‌موو خواسته سه‌ره‌تاییه‌كان ، به‌ره‌و به ئاگا هێنانه‌وه‌ی گیانه‌وه‌ره خه‌وتووه‌كانمان )). كه گیانه‌وه‌ره خه‌وتووه‌كانیشمان به ئاگا هێنایه‌وه یاخی ده‌بین ، یاخی بوونیش وریاكردنه‌وه‌مانه تا له ناو ژیانێكی بێ ئاگا نوقم نه‌بین خۆمان له بیر بچێ. ترسناكترین كاتیش ئه‌و كاته‌یه كه‌یاخی بوون ڕوو ده‌كاته ماڵی شیعر، ماڵی شیعر شاعیر ده‌گه‌ێنێته به ئاگاترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وی و شیعریش به‌یاخی بوونه‌وه وه‌كو یاریه ئاگرینه‌كان به هه‌موو لایه‌ك ده‌ته قێنیته‌وه پرووشه‌كانی به‌س شاعیر‌و ڕۆشنبیرو ئه‌وانه‌ی تێی ده‌گه‌ن نه‌ك بریندار ناكات، به‌ڵكو چێژێكی له ڕاده‌به‌ریان پێ ده‌به‌خشێ. ڕاسته پێش شاعیرییه‌ت نه‌غه‌ده یاخی بوو به‌ڵام بێ هێزو كه‌م توانا ، ئه‌وه‌تا دوای شاعیرییه‌ت ڕۆژ دوای ڕۆژ بێ باكتر ده‌رده‌كه‌وێ ، به چێژوه به‌سه‌ر فۆبیای ترس زاڵ ده‌بێت، مه‌رجه‌كانی به‌سه‌ر كه‌سێكی دڕنده‌یی وه‌كو جه‌لاد (لڤیتانت) ده‌سه‌پێنێ . نه‌غه‌ده بێ ماڵه به‌ڵام خاوه‌نی له‌شی خۆیه‌تی ئه‌وه‌تا به تووڕه‌ییه‌وه به هه‌ڤاڵ شێرخان ده‌ڵیت: (( شۆڕش بۆ ژن مانایه‌كی هه‌یه، شۆڕش لای ئێوه ئه‌وه‌یه ببنه خاوه‌نی هه‌موو دنیا ، به‌ڵام لای من ئه‌وه‌یه ببم به‌خاوه‌نی له‌شی خۆم)) . ئاخر راست ده‌كات ئێمه هێشتا نه‌بووینه‌ته خاوه‌نی له‌شی خۆمان كه‌چی ئه‌مانه‌وێت دونیا داگیر كه‌ین، نه‌غه‌ده گه‌ڕیده‌یه‌كه ده‌یه‌وێت ئه‌ودیو ژیان ببینێت ، بیری به‌س بۆ لای ژیانی تره ده‌ڕوات و وێڵی فره ژیانییه، نایه‌وێت به‌ناو خۆشبه‌ختی له‌ناو خانویه‌كا دیل بێت، ده‌یه‌وێت رۆحی له ناو ملیونان جه‌سته بێت . ئاخر چی به دكتۆر مسته‌فای عاشق بڵێت ؟ بڵێت تۆم ناوێت ، ئه‌ی نابێت بزانێت بۆ ؟ كه‌سیك له ئه‌زه‌له‌وه ناڕه‌زای بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌ون، ئێستا له هیچ شتیكی كه‌م نه‌بیت، به‌رامبه‌كه‌ی هه‌موو شتێكی دونیای بێنێته به‌رده‌ستی، ئیتر چی ده‌وێت؟ به‌ڵام نه‌غه‌ده له‌و جۆره كه‌سانه نییه، بزانێ چی ده‌وێت، نه‌غه‌ده به جۆرێك له جۆره‌كان له هه‌موو شتی دونیا نارازی بوو، هۆیه‌كی دیاری كراوی بۆ ئه‌و نارازیبوونه نه‌بوو، به‌ڵام دڵنیا بوو خودی ئه‌و ناڕازی بونه جوانی ده‌كات و خۆشبه‌ختی ده‌كات … وا به دكتۆر مێردی بڵیت! ئه‌م یاخی بوونه‌ش سه‌یرترین و ئاڵۆزترین زیندوترین هه‌ستی سه‌ركێشی شاعیره.
یاخی بوون شاعیر ده‌هه‌ژێنێت و باز به‌سه‌ر خودی خۆیدا ده‌دات ، ئه‌و شه‌پۆل گه‌لێ ده‌خاته جوڵه كه پێشتر له جێی خۆیان وه‌ستابوون ، له پێناو سه‌لامه‌تی هه‌موو زاتیدا تێده‌كۆشێ ، سه‌ره‌تا هه‌وڵی به‌رفراوانی خۆی نادات، به‌ڵكو جه‌خت له‌سه‌ر ناخی ده‌كاته‌وه له پێناو ژیانێكی شایسته، ژیانیش ململانێیه ، مرۆڤیش ناكه‌وێته ناو ژیانه‌وه ته‌نها له ئاستی یاخی بوون نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان زانی ئه‌وكاته تراژیدیای فیكری ڕاسته‌قینه ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. چونكه شاعیر له هه‌ر كوێی گه‌ردوون بێت دیسان مه‌حكومه به‌وه‌ی ده‌بێت یاخی بێت ، نه‌غه‌ده هه‌ر ده‌ست درێژییه‌ك كه ده‌كرێته سه‌ری وا هه‌ست ئه‌كات ده‌ست درێژی كراوه‌ته سه‌ر گه‌ردوون ، ئه‌میش ئه‌وه‌ی ده‌وێت. ده‌یه‌وێت وا وێنه‌ی خۆی بكات كه ده‌توانێ گه‌ردوون تێك بدات به بیانووی ئه‌وه‌ی كه بێ به‌شی كردووه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له یاخی بوونی میتا فیزیكی ڕاده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ردوون ، شاعیره‌كه‌مان بێ بڕوا نییه، به‌ڵكو بڕوای به شتیبَك هه‌یه نازانی چییه؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یزانێ ئێستا ئه‌و شته نییه. وا دایناوه له ڕێی دادگایكردنی هه‌موو شته‌كان بگاته ئه‌و شته . نه‌غه‌ده ماردینی له‌وه زیاتر ده‌ڕوات ده‌یه‌وێت بار‌و دۆخی میتافیزیكی تێپه‌ڕ كات. به‌ڵام هه‌رجارێ یاخیبونی میتافیزیكی تیپه‌ڕ ده‌كات یاخی بوونێكی میتافیزیكی تر ڕووی تێ ده‌كات… ئه‌م تامه‌زرۆ بێ سنوره‌ی شاعیر بۆ سه‌ر كێشی هه‌موو كه‌سیك شێت ده‌كات، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له دنیای شاعیران ناگه‌ن ، شاعیران خۆیان خاوه‌نی هه‌موو شتێكن له بوون هیچیان ناوێت بیانده‌یتێ، به‌ڵكو بێ ئه‌وه‌ی ئاگات لێ بێ هه‌موو شتیكشت لێ ده‌سینن، هه‌میشه شاعیر حه‌رامه‌كانی ڕۆحی گشتی به‌و مانای خۆی ئه‌یه‌ویت داگیر ده‌كات و ده‌یكاته كه‌ره‌سته‌ی شیعر. شاعیر ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێ تێك بدات بیڕوخێنێ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوی به كه‌ره‌سته‌ی شیعر بنیاتی بنیته‌وه .
یاخی بوونی نه‌غه‌ده یاخیی بوونێكی گه‌ردوونگه‌راییه په‌یوه‌ندێكی قوڵی به تراژیدیای ئینسان هه‌یه له ناو گه‌ردوون، نه‌ك په‌یوه‌ندی به كردارێك یان ڕوداوێكه‌وه، ئه‌مه‌ش وا له نه‌غه‌ده ده‌كات هه‌موو بێ باكیه‌ك تاقی بكاته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ژیانیكی نوێ ، ده‌یه‌وێت به شیوه‌یه‌ك بژی كه‌س نه‌ژیابیت . ده‌یه‌وێت ده‌سكاری جیهان بكات به‌و چه‌شنه‌ی خۆی حه‌زی لێیه، به‌ڵام دوا جار له‌گه‌ڵ هه‌ر نائومێدیكدا ، له‌گه‌ڵ هه‌ر ژیانێكی نوێ ، نه‌فییه‌ك ڕووی تێ ده‌كات و دابڕان ڕووده‌دات به‌ڵام هه‌رگیز نایه‌وێت خۆی بۆ دوا ئه‌گه‌ر ئاماده بكات و خۆی به كه‌سێكی بوچگه‌راو تراژیدی بگه‌یه‌نێ دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستم خۆكوشتنه، به‌ڵكو دوا جار زیاد له ئه‌گه‌رێگ زیاد له فرسه‌تێك بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه ئه‌مه‌ش ده‌یگه‌یه‌نێته ئه‌وپه‌ڕی حه‌زێكی ماسۆشیانه، ئه‌وه‌ی بییه‌وێت هه‌موو ژیانێ تاقی كاته‌وه مه‌حكومه به‌وه‌ی سڵ نه‌كاته‌وه‌و ئه‌و ڕێگایه‌ی كه كرتێته به‌ر ته‌واو كات .. كه‌هه‌رگیز ته‌واو نابێت…! خۆشی ده‌شزانێ كه ته‌واو نابێت، به‌ڵام خۆی گه‌ڕان بۆ ئه‌و ته‌واو كردنه ئه‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌رییه كه شاعیران هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن، نه‌غه‌ده هیچ شتێ تێری ناكات به‌ڵام به‌دوای تێربوونا ده‌گه‌ڕێت و ناسروێ، نه‌سره‌وتن و یاخی بوونیشی دژی گه‌ردوونه ئه‌و گه‌ردوونه‌ی دایم وه‌كو دیكتاتۆره‌كان له پۆسه‌دایه تا یاسا‌و جه‌لادی خۆیمان به‌سه‌را بسه‌پێنێ .
* یاسای دارستان و شاعیرییه‌ت
((زۆر ویستومه بۆنی مانگ بكه‌م…. به‌ڵام مانگ وه‌كو تۆ بۆنی نیه. زۆر ویستومه بۆنی خۆر بكه‌م ….بۆنی خۆر وه‌كو تۆ بۆنی نیه … هه‌ندێ خوێن هه‌یه وه‌ك خوێنی تۆ بۆنی باغی خودای لێدێت..
(كه‌شتی فریشته‌كان _به‌ختیار عه‌لی ل238
((هیچ شتێ وه‌كو بۆنی پڵنگی بریندار دڵی مه‌ستانه‌م ، مه‌ست ناكات.
(كه‌شتی فریشته‌كان_به‌ختیار عه‌لی271
– وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك ئاماژه به یاسای دارستان ئه‌كه‌ین ئه‌ویش ئه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ردوو فه‌یله‌سوفی گرَیبه‌ستی كۆمه‌ڵا یه‌تی ( هۆبز ، ڕۆسۆ) كه زۆر ترین جار باسی سروشت و یاسای دارستانیان كردووه . ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه له ڕێی نووسراوه‌كانیان ئاماژه‌یه‌كی له‌یه‌ك جیاوازیان بۆ یاسای دارستان و سروشت هه‌یه . سه‌ره‌تا هۆبز ئاماژه ده‌كات كه یاسای دارستان به‌ربه‌رییه‌و (( مرۆڤ گورگێكه بۆ برای خۆی)) یان یاسای دارستان ((جه‌نێگی هه‌مووانه دژی هه‌موان)). ئه‌گه‌ر پاشایه‌ك نه‌بێت سه‌روه‌ریان بێت، ئه‌وا یه‌كتری ده‌خۆن، له دارستان مروڤ نه ئازاده نه چاكه نه به‌خته‌وه‌ره. هۆبز ڕای له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت دارییه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت به هێز بكرێت و یاسا سه‌روه‌ربێت به‌سه‌ر هه‌موویان وه‌كو یه‌ك، به‌ڵام ڕۆسۆ به پێچه‌وانه‌ی هۆبز ئاماژه ئه‌كات هه‌رچه‌نده مرۆڤ تێگه‌یشتوو ئاقڵ نییه له یاسای دارستان به‌ڵام زور باشه‌و هیچ خراپ نه‌بووه، وه له كتیبی (ئیم‌یل) دا ڕۆسو ده‌ڵێت: ((مرۆڤ ئازاد‌و چاك و به‌خته‌وه‌ر بوو به‌ڵام ده‌وڵه‌ت كۆیله‌و خراپ و چاره‌ڕه‌شی كردووه)). له‌م دوو بۆچوونه‌دا ده‌چینه سه‌ر باسه‌كه.
سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی شیعری نه‌غه‌ده به‌دارستانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناسینی (نزار سلێمان) . نزار سلێمانیش كوڕیكی تا بڵێیت بێ باكه‌و هه‌موو شۆڕش بۆ ئه‌وه ده‌كات تا ئاره‌زووه‌كانی خۆی تێر بكات ، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ی له پیاوه كانی تر جیای ده‌كاته‌وه بێ ماسكه‌و ته‌واو ڕاستگۆیه وه‌كو خۆشی ده‌ڵێت : (( ژیان؟ من ئه‌و ژیانه ده‌ژیم دوو شتی تیا نیه ، ئه‌خلاق و به‌زه‌یی . كه له دایك بووم هه‌ردووكیانم له‌گه‌ڵ په‌ڕۆو پاتاڵه پیسه‌كانی منداڵی‌دا فڕێ‌دا)). ئه‌وه‌ی نه‌غه‌ده ماردینی بۆ لای نزار ڕاده‌كێشێ : (( بۆنی دڕنده‌یی ژیانه لای ئه‌و گه‌نجه )). له چركه‌ی یه‌كه‌مدا له نزاردا بۆ كه‌سَك ده‌گه‌ڕا به یاسای دارستان بژی، یاسای دارستانیش لای نه‌غه‌ده تیكه‌ڵیه‌ك بوو له بۆچوونی ( هۆبز و ڕۆسۆ ) ، ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌ی هۆبز بگۆڕین (( مرۆڤ بڵنگێكه) ئه‌مه‌ش ترۆبكی خۆشی نه‌غه‌ده‌یه‌و حه‌ز ده‌كات وه‌كو بڵنگ ئازاری بده‌ن. وه ئه‌گه‌ر رۆسۆش وه‌رگرین ئه‌وا ئازادییه‌كه‌ی ده‌چێته سه‌ری و حه‌ز ده‌كات (( ئازادیی له ڕووه ترسناكه‌كه‌ی تاقی كاته‌وه )) . نه‌غه‌ده ئه‌و شه‌وه كه شیعری (( بۆنی بڵنگی برینداری نوسی)) ، دڵنیابوو بۆنی دره‌خت ، بۆنی خۆڵ ، بۆنی با، بۆنی تاریكی بانگ ده‌كات ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌یره نه‌غه‌ده ماردینی له ڕێگای نزار سلێمانه‌وه ده‌چێته ناو دونیای سروشت و به یه‌كجاری نزار غه‌فه ئه‌كات . واته ساتی خه‌وتنی له‌گه‌ڵ نزاردا ساتێكی سێكسوالیتی نیه به‌ڵكو ساتێكی، بێ باكی ، ئازادییه، ئازایه‌تییه، ساتیكی زاتییه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو سروشت، پرسه‌كه لێرا پرسی چێژ وه‌رگرتنه لوتكه‌ی چێژ وه‌رگرتنیش یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ لوتكه‌ی ڕووخاندن و تێكدانا، ئه‌و ساتانه‌ش ساتێكه تێیدا تاناتۆس به‌سه‌ر ئیرۆس زاڵ ئه‌بێت ، حه‌زی ماسۆشیانه به‌سه‌ر حه‌زی ساتیزم زاڵ ئه‌بێت . هه‌رچه‌نده خیانه‌ت قێزه‌وترین شتێكه كه نه‌غه‌ده بیری لێ كردۆته‌وه، به‌ڵام خیانه‌ت لێره‌دا بۆ نه‌غه‌ده تێكدانی هه‌موو هارمۆمیایه‌كه كه مسته‌فای مێردی و مرۆڤه‌كان دروستیان كردووه ، خیانه‌ت ده‌رچوونه له حه‌شامه‌ت، ده‌رچوونه له ناو ژیانێكی دووباره، تێكشكانی ته‌جه‌لابوون و پیرۆزه‌كانه، تێكشكانی دیسپلینه، خیانه‌ت هه‌نگاو نانه بۆ شوێنیكی نادیار ، به‌لای نه‌غه‌ده‌ش هیج شتێك له‌به‌رو شوێنێكی نادیار جوانتر نییه. ئه‌گه‌ر به ئاڕاسته‌یه‌كی ( فرۆید) بدوێین، فرۆید غه‌ریز له ناو ده‌روونی مرۆڤ به دوو جۆری سه‌ره‌كی دابه‌ش ئه‌كات. دوو غه‌ریزه‌ی دژ به یه‌ك. یه‌كێكیان بۆ زه‌تیف و دووه‌میان نێگه‌تیف. .. ده‌روونی هه‌ر مرۆڤێك پێگه‌یه‌كه بۆ مه‌رگ ، ئامانجی غه‌ریزه‌ی ژیان یه‌كگرتووی و به‌رده‌وامییه . به‌ڵام ئامانجی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ كاولكردن و رووخاندنه به واتایه‌كی تر ئیرۆس هه‌ڵگری جوانی و خۆشه‌ویستی و پاراستنی ڕه‌گه‌زی خوده، له كاتیكدا تاناتۆس جێگه‌ی شه‌ڕوو كینه‌و هێرش و كاولكردن و تێكدان و له نێو بردنی ڕگه‌زو دواتریش خوده, نه‌غه‌ده ده‌ڵێت : (( هیج شتێ وه‌كو بڵنگێكی بریندار دڵی مه‌ستانه‌م شێت ناكات )). بڵنگ وه‌كو هێمایه‌ك له غه‌ریزه‌ی ده‌روونی مروڤ له یه‌ك كاتدا هه‌ڵگری هه‌ردوو جۆری غه‌ریزه‌یه به خه‌سترین و تونترین شیوه. واته بڵنگ هێمایه‌كه له ململانێی نێوان ئیرۆس و تاناتۆس ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین پڵنگ له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی حه‌زی له شه‌ڕو كێشه هێرشكرن و خواردن و كاول كاری وێرانه‌یه . پڕه له نه‌عره‌ته‌و حه‌زو تاسه‌ی وه‌حشیانه بۆ به‌رامبه‌ركه‌ی و هه‌وڵی له‌ناو بردنی ده‌دات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م مانایه بۆ نه‌غه‌ده ماردینی شاعیر بگوازینه‌وه ته‌واو ده‌كه‌وینه هه‌ڵه‌وه ، چونكه نه‌غه‌ده له‌ڕێی (( وه‌حشێكی جوانه‌وه )) كه ئاماژه‌یه بۆ دڕنده‌و كاولكاری خۆ ده‌گاته پاراستنی ڕه‌گه‌زی خۆ ی و ئایدیالی خۆی ، نه‌ك له نێو بردنی خۆ . ئه‌گه‌ر به زمانی كوشتن قسه بكه‌ین ئه‌وه جه‌لاده ده‌مرێت نه‌ك قوربانی ، واته له‌م ڕێگایه‌وه ئه‌گاته ئه‌وپه‌ڕی شێتی به‌ڵام خۆی ئه‌ڵێت: (( چۆن ببم به شاعیر، چۆن ببم به باشترین شاعیر گه‌ر شێتی تاقی نه‌كه‌مه‌وه )) ئه‌م هێزه ئانارشیزمه كه به‌رده‌وام له ململانیكی سه‌خت دایه هه‌مووی له پێناو شاعیربوونه، به‌ڵام شاعیر بوونێكی ڕاسته‌قینه، شاعیر بونی نه‌غه‌ده‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی فه‌نتازیای خوده بۆ ناو دارستان و یاسای دارستان تا به ئازادی و بێ پێویستی به‌رامبه‌ر هه‌ناسه بدات.
* شیعر‌و شاعیر
((ته‌نها شاعیره‌كان ئه‌توانن ژیانی ئه‌وانی تر تاقی بكه‌نه‌وه… كه‌شتی فریشته‌كان ل317
((ئێمه هه‌یشه جه‌سته وه‌كو دنیایه‌كی كه‌بتكراوو به په‌راوێزكراو سه‌یرده‌كه‌ین، چۆن ده‌توانین قسه له تازه‌گه‌رێكی هونه‌ری یان شیعری بكه‌ین؟)) ئه‌دۆنیس
ئه‌زمونی شاعیر بۆ شیعر ئه‌زمونێكی تیۆرییه نه‌ك پراكتیك، شاعیر له ڕێی وشه‌وه، هه‌م به‌رگری ده‌كات هه‌م هێرش ده‌كات، واتا كاتێك شاعیر له ڕێی فیكره‌وه ئه‌چێته ناو فه‌زاوه، ئه‌و فه‌زا یه‌ی كه خۆی ئه‌یه‌وێت ده‌یكاته كه‌ره‌سته، كه‌ره‌سته‌ش ده‌كاته شیعر، شیعریش باشترین دره‌مانی خوده ، لێره‌دا گه‌ر شیعرێكی كلاسیك وه‌ربگرین مه‌حوی ده‌ڵێت:
(كه بێ لێوی له‌سه‌ر لێوم بنێ ڕۆحم له‌سه‌ر لێوه
كه لێوی لابه‌رێ هه‌ڵبه‌ت ڕۆحم ده‌رئه‌چێ پێوه )
شاعیر له ڕێی ئه‌زموونی پراكتیكی خۆیه‌وه نه‌هاتووه لێو ماچ كات و رۆَحی بچێته سه‌ر لێوو , كه لێوی لا برد ڕۆح ده‌رچێ , ئینجا دوای ئه‌م ئه‌زموونه كردارییه شیعره‌كه بنووسێ ، به‌ڵكو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فه‌نتازیای ناخی خۆیدا ده‌كات ، كه مامه‌ڵه‌یه‌كی (ئه‌گه‌ر) لێره‌دا (كه) له جیاتی (ئه‌گه‌ر) به‌كار هاتووه . واته ئه‌و شیعره ته‌عبیر له شاعیره‌كه ئه‌كات، نه‌ك شاعیر ته‌عبیر له شیعر بكات، ئێمه ئه‌گه‌ر هاتوو شاعیره‌كه بناسین هه‌رگیز ناگه‌ینه شیعره‌كانی ناتوانین بیناسین ، وه‌ئه‌گه‌ر شیعره‌كه‌ش بناسین و بخوێنینه‌وه ناگه‌ینه ژیانی واقیعی شاعیر، پێناسه‌ی شاعیر له‌وانه‌یه بڵێن كه‌سێكی نه‌رم و نیانه ، بێده‌نگه! به‌ڵام شعره‌كانی نه‌رم نین و به هاتوو هاوارن، ئه‌مه‌ش مانای وایه ژیانی واقیعی شاعیر له‌گه‌ڵ شیعره‌كانیدا دوو شتی له‌یه‌ك دوورن، ئه‌م ڕێچكه‌یه هه‌ر له كلاسیكه‌وه تا ئیستاش هه‌روا بووه، وه تا ده‌گاته ئیستاش و تازه‌ترین فیكره‌ی ئه‌ده‌بیش، ڕۆلان بارت كه (( به‌مه‌رگی نووسه‌ر ناوی ده‌بات )) . واته شیعره‌كه په‌یوه‌ندێكی وه‌ها كاریگه‌ری به شاعیره‌كه‌وه نامێنێت. با بێن ته‌ماشایه‌كی كاره‌كته‌ری ( نه‌غه‌ده ماردینی) بكه‌ین له (كه‌شتی فریشته‌كان ) كه به‌ختیار عه‌لی بۆی بنیات ناوین .
(( هیچ شتێ وه‌كو بۆنی بڵنگی بریندار … دڵی مه‌ستانه‌ی من مه‌ست ناكات)) ل271
ڕاسته پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نزار بخه‌وێت ئه‌م شیعری نوسیوه، ئه‌میش له‌و قاڵبه شیعرییه‌ی شاعیران ده‌رنه‌چووه، ئه‌م شیعره‌ش هه‌ڵگری زاده‌ی خه‌یاڵاتی خۆیه‌تی ، به‌ڵام دوای ئه‌م شیعره خیانه‌تی نه‌غه‌ده له دونیا ژیانی خۆی ده‌ست پێ ده‌كات ، بۆ ئه‌وه‌ی به شاعیری بمێنێته‌وه نابێ به‌س له‌ناو چوار چێوه‌ی ماڵ و قه‌ڵه‌م و وه‌ره‌قه و نووسین و بڵاو كردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه بمێنێته‌وه ، به‌ڵكو ژیانیشی وه‌كو جه‌سته‌و ڕۆح وه‌كو خه‌یاڵی ده‌كاته خزمه‌ت شیعره‌كانی و جۆریك شێتی تاقی ده‌كاته‌وه وه‌كو خۆی ده‌ڵێت : ((چۆن ببم به شاعیر گه‌ر شێتی تاقینه‌كه‌مه‌وه )) . شێتی ئه‌زموونێكی نه وشه‌ییه نه خه‌یاڵ به‌ڵكو ئه‌زمونێكه كرده‌ییه‌و هه‌موو كه‌سێك هه‌ستی پئ ده‌كات، نووسینیش لێره‌دا بۆ نه‌غه‌ده هه‌م كرداره‌و هه‌م وشه‌یه، یه‌كه‌م كاریشی به كردار ده‌گه‌ڕێته‌وه بو خیانه‌تكرنی له دكتۆر مسته‌فا شوكاك ، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕقی له دكتۆر بێت، به‌ڵكو رقی له ژیانی خۆیه‌تی! بۆیه من ڕام وایه پَش ئه‌وه‌ی خیانه‌ت له دكتۆر مسته‌فا بكات خیانه‌ت له ژیان و دونیای خۆی ده‌كات ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌شاعیران به‌رده‌وام پێویستیان پێیه‌تی ، له‌م هه‌نگاوه‌دا نه‌غه‌ده ژیانی ڕه‌ت ناكاته‌وه، به‌ڵكو هه‌نگاو نانه بۆ ناو جه‌رگه‌ی ژیان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو مانا نادیاره‌كانه، نه‌غه‌ده ماردینی نایه‌وێت له‌به‌ر (كۆمه‌ڵگه، یاسا، خوا ، دكتۆر مسته‌فا…) خیانه‌ت له‌به‌شی نه‌ستی بكات، چونكه ئه‌وه هه‌سته ده‌چێَته‌وه ناو نه‌ست و مرۆڤ ئه‌كاته دوو له‌ته‌وه، ئه‌ویش نایه‌وێت دوو له‌ت بێت هه‌تا هه‌موو كه‌سێ لێی ڕازی بێت، به‌ڵكو له‌به‌ر بونی خۆی و پاراستنی كه‌سایه‌تی خۆی، كۆمه‌ڵگاو یاسا‌و خوا‌و ئه‌خلاق و دكتۆر مسته‌فا… غه‌فه ده‌كات، ئه‌مه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه له له‌دایك بوونی (سۆپه‌رمان) یان مرۆڤی به‌رزی نیچه.
(( كه لای نزار ئیدریس هاته ده‌ره‌وه , هه‌ستی كرد به‌خته‌وه‌رترین ژنی دونیایه . یه‌كه‌م جار بوو ده‌یزانی مانای چی له یه‌ك كاتدا هه‌م شاعیر‌و هه‌م ئازا‌و هه‌م ئاشق بیت ))ل279
((ته‌نهاشاعیره‌كان ئه‌توانن ژیانی ئه‌وانی تر تاقی كه‌نه‌وه ))ل317
(( ده‌مه‌وێ ژیانی گورگیش تاقی كه‌مه‌وه ))ل319
ئایا ئه‌مه جۆره توڕه بوونێك نیه به‌رامبه‌ر به وشه كه ناتوانێ له سنوری خۆی ده‌رچێت، جۆره هێرشێكیش نییه به‌رامبه‌ر شاعیران كه هه‌موویان درۆزنن و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن بۆناوبانگه‌و ناتوانن یه‌ك هه‌نگاوی پراكتیكی ببه‌ن بۆ جوانكردنی ژیان؟ ئایا شاعیر لایه‌نی نه‌ستی هه‌بێت كه‌واته هه‌موو شتێكی ده‌ره‌كی به‌سه‌ریدا زاڵنه‌بووه؟ كه‌واته ئیتر فشه فشی جییانه! باسی ڕزگاركردنی به‌شه‌رێت و باراستنی به‌های جوانی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناتوانن یه‌ك هه‌نگاو بنێنن و به‌رگه‌ی تۆزقاڵێك ئازار ناگرن، ئایا هێرش كردن نییه تا پێیان بڵبێت ئیوه شاعیر نین به‌ڵكو خویه‌كه‌و فێربوون و له‌ناو یه‌ك جۆره ژیان قه‌دیس بوون و دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه ؟ نه‌غه‌ده شاعیره به‌ڵام له پاڵ شیعریشدا نه‌غه‌ده‌یه، شاعیرێتی نه‌غه‌ده نه‌غه‌ده ناكوژێ و نه‌غه‌ده‌ش شاعیرێتێكه ناكوژێ ، هه‌ر كاتێ شیعره‌كانی به ته‌واوی نه‌گه‌یشت نه‌غه‌ده وه‌كو كاره‌كته‌رێ ته‌واوی ده‌كات وه به پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه ڕاسته، نه‌غه‌ده وه‌كو باقی شاعیران نییه… به‌س بنووسن به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شاعیران ده‌یكه‌ن ئه‌و به پراكتیك ده‌یكات یان ئه‌وه‌ی به پراكتیك ده‌كرێت نه‌غه‌ده ئه‌یكاته شیعر، ساتی پراكتیك ساتێكی هه‌نوكه‌ییه و ساتی نوسینی شیعریش ساتێكی هه‌نوكه ی و ئه‌به‌دییه. شیعره‌كانی نه‌غه‌ده تێكه‌ڵیه‌كه له خه‌ونه چه‌پێنراوه‌كانی ڕابردوو كرداره‌كانی ئیستا ، نه‌غه‌ده به ئاگایه‌و ئه‌زانێ ئێستا هه‌رچی ده‌نووسێ كه‌س تێناگات بۆیه كرداره‌كانی ده‌كاته شیعر بۆ ئێستا‌و نوسینه‌كانیشی ده‌كاته شیعر بۆ داهاتوو، كاتێكیش شیعر ده‌كاته ئه‌زموونی خۆی ڕزگار كردنی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نیت و ده‌بێته‌وه وشه و وشه‌ش ئه‌بێته سه‌دایه‌كی ئه‌به‌دییه‌ت. هه‌رچه‌ند لێره‌دا ئیحتیمالی له‌ناو چوونی شیعره‌كانی به‌ده‌ستی نه‌زانان له‌گه‌ڵ باقی شیعره‌كانی شاعیران زۆرتره جونكه نه‌غه‌ده‌ش وه‌كو شیعره‌كانی وشه‌یه‌و نه‌هاتووه وه‌كو جه‌سته‌ی دیفاع له شیعره‌كانی بكات بۆمانه‌وه، خۆشی هه‌مان گاریگه‌ری وشه‌ی هه‌یه بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگه، بۆیه ئه‌بێ له‌شیعره‌كانیشی زیاتر، خۆی بۆ په‌رچه‌كرداری حه‌شامات ئاماده ده‌كات.
((پۆچ)) له قه‌سیده‌یه‌كدا ده‌ڵێت: (( وشه خودایه، من وشه‌م ، له وشه زیاتر هیچی دی بوونی نییه)) ئه‌م موتڵه‌قییه‌ته‌ی پۆچ ده‌یبه‌خشێته وشه، ئه‌و خودا سالارێی پۆچ به وشه ڕه‌وا ده‌یبینێ، له‌وه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵاوه كه وشه جه‌وهه‌رێكی دیاری كراوی هه‌یه، به‌ڵكو وشه میوانداری هه‌موو شته‌كان ده‌كات ، هه‌موو شته‌كان ده‌گرێته خۆ، ئه‌و ده‌رگایه‌كی كراوه‌یه به‌سه‌ر بووندا، كاتێك شاعیر ده‌ڵێت: (( له وشه زیاتر هیچی تر بوونی نییه )) ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌موو به‌هاكان له وشه‌وه ده‌ربكرێت، وشه دروست كه‌ری هه‌موو شته‌كانه، ئه‌گه‌ر هاتوو ئێوه وشه نه‌بوون، ئه‌وه بوونتان نییه، دیاره مه‌به‌ستم بوونتان له ڕووی بایلۆژییه‌وه نییه به‌ڵكو وه‌كو بوونی ڕه‌سه‌ن، لێره‌دا شاعیران و نوسه‌ران دوو بوونیان هه‌یه یه‌كیان وشه‌یه كه هه‌بوو دووه‌میان خۆیان كه نه‌بوو ، به‌ڵام نه‌غه‌ده ماردینی له‌وه زیاتر ئه‌ڕوات و نایه‌وێ دوو كه‌سایه‌تی هه‌بێت به‌ڵكو خۆشی به یه‌كجاری خه‌فه ده‌كات و ئه‌بێته وشه . دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستم نه‌سته‌كه‌ی پێشتر نییه باسم كرد به‌ڵكو ئه‌مجلره‌مه‌به‌ستم خه‌فه‌كردنی چه‌سته‌یه.
هیچ كه‌س وه‌كو خانم نه‌یده‌ویست ئازادی له وشه‌یه‌كی موجه‌ڕه‌ده‌وه بكاته به راستێكی گه‌وره و ده‌ست لێ نه‌دراو.. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێن خه‌یاڵاتی شاعیره، شعره‌كانی…
نه‌غه‌ده نایه‌وێ واقیع بگۆرێت به‌س بۆ ئایدیالی وشه یان تراژیدیای وشه, واته واقیع بكاته فه‌نتازیاو له‌ناو خودی خۆیدا مناقه‌شه‌ی بكات و ئینجا بیكاته شیعر، به‌ڵكو دونیای تراژیدی یان ئایدیاڵ ئه‌كاته جوانترین فه‌نتازیا بۆ ئه‌زموونی خۆی، واته ئایدیال و تراژیدیا ئه‌زموونی واقیعی شاعیره، به‌ڵام لای خه‌ڵك خه‌یاڵه‌و كه‌س نایه‌وێ نزیكی بكه‌وێته‌وه، ئه‌و واقیعی خۆی ده‌نوسێته‌وه، به‌ڵام لای خه‌ڵك ئه‌مه واقیع نییه و باوه‌ڕ ناكه‌م به خه‌یاڵیش بۆی بچن، بۆیه هه‌موو كاتێ ئه‌م شاعیره به خراپه ناوی ده‌ڕوات و جێی نابێته‌وه له ناو (كۆمه‌ڵ) گه، ئازادی ئه‌وه‌یه ئینسان به جێگایه‌كدا بڕوات كه عه‌قل ده‌ستی بۆ نه‌بردووه ئه‌ویش ئه‌مه ئه‌كات، هیچ نایكوژێ چاوه‌ڕوانی نه‌بێت، بۆیه هه‌ر زوو ئه‌و شتانه‌ی به خه‌یاڵ ئه‌بێته ترس بۆ سه‌ری، ئه‌و لێی ڕاناكات به‌ڵكو ده‌چێته ناوی. نه‌غه‌ده بۆ ژیانیكی شیعری ده‌گه‌ڕێت ، ژیانی شیعریش بوێرییه، نه‌ترسانه له ترس. ئه‌و له‌سه‌ر كوشتنی خه‌یاڵی ترس ئیش ده‌كات و كه‌رچی ئازارێكی وای توش ئه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و ئه‌و ئازاره به‌گه‌وره‌ترین چێژ ده‌زانێت بۆ خۆی. نه‌غه‌ده بۆ ژیانی تازه ده‌گه‌ڕێت، ئه‌میش نایه‌ت به وشه ده‌ریببڕێ به‌ڵكو ئه‌چێَته ناو ڕۆحی كه‌سایه‌تیه‌كان و ئه‌گه‌ر هه‌ستێكی پاڵه‌وانانه‌ی تێدا شك برد خۆشحاڵ ده‌بێت و ده‌یكاته شیعر چونكه ژیانێكی تازه شیعرێكی تازه‌یشی بۆ بنیات ده‌نێت . ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك تراژیدیایه بۆ نه‌غه‌ده حه‌زێكی ماسۆشیانه‌یه‌و ترۆپكی چێژه ، هه‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بێته هێزێكی كاریگه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ((ژیانی گورگیش تاقی كاته‌وه )) . ئاخر ژیانی گورگ جۆره دۆزخێكه بۆ ئینسانی لاواز و ئه‌میش دێت دۆزه‌خ بنیات ده‌نێنت، له ڕێی دۆزخیشه‌وه توڕه‌یی خۆی به‌سه‌ر دنیادا ده‌ڕژێنێت، ئه‌ویش له ڕامبۆی شاعیر نزیك ئه‌بێته‌وه، كه له وه‌رزێ له دۆزخدا ده‌ڵَێت: (( من ده‌بایه دۆزخی خۆم هه‌با یه بۆ توڕه‌یی …. دۆزه‌خی خۆم هه‌با یه بۆ غرور … بۆ ستایشكردنی ساخته … بڕێكی زۆر له دۆزخ )). ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ته‌جه‌لابوونی بڕیاردانه له‌سه‌ر خۆ, ئه‌وپه‌ڕی توڕه‌ییه له دونیا. ئه‌مه ئه‌و ئاگره‌ی ناخی شاعیره كه ته‌ڕو وشك به یه‌كه‌وه ده‌سوتێنێت و خۆی به به‌رزه مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌رزه مرۆڤیش فریشته‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و شه‌یتانێكه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له به‌های ئه‌ده‌ب و شیعر ناگه‌ن .
*نه‌غه‌ه وه‌كو كۆتاییه‌ك
هه‌رچه‌نده ئه‌م باسه كاتێكی دوور‌و درێژی ده‌وێ، چونكه نه‌غه‌ده كه‌سایه‌تیه‌كی دینامیكییه‌وه ده‌چێته ناو دوو ئه‌زموونی تری ژیانه‌وه ئه‌ویش ئه‌زموونی ( شاخ ، جه‌لاد ). واته ده‌چێته ناو دوو كه‌سایه‌تی گرنگی ڕۆمانه‌كه‌و كه یه‌كه‌میان ( شێرخانه ). شێرخان هه‌رچه‌نده پێشمه‌رگه‌یه‌و به‌ڵام ئاماژه‌شه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كه ته‌واو كۆمه‌ڵگایه‌كی پاتریاركین واته ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ی كه به‌ده‌ست پیاوانه‌وه كۆنترۆل ده‌كرێت . وه هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو ئه‌و نێرسالارانه‌یش كه ده‌یانه‌وێت هێزی خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێكدا بسه‌پێنن، ده‌یانه‌وێت له‌شی ژن به موڵكی خۆیان ی بزانن و به ته‌واوی داگیری كه‌ن، له‌م ڕۆمانه‌دا ڕاسته شێرخان له‌شی نه‌غه‌ده ماردینی داگیر ده‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت بگاته ساتێك نه‌غه‌ده ماردینی چێژی پێ ببه‌خشێت, هه‌موو ئه‌و ئیشانه‌یشی له ڕووی سێكسییه‌وه شێرخان به‌رامبه‌ر نه‌غه‌ده ده‌یكات ئه‌توانێت به‌ده‌ستی خۆشی بیكات و له‌وانه‌یه چێژیشی له چێژی نه‌غه‌ده ماردینیش زیاتر بێت. به‌ڵام دوا جار كه له‌و شوێنه‌ی نه‌غه‌ده ماردینی دیل كرابوو، نه‌غه‌ده ماردینی تۆڵه‌ی خۆی لێ ده‌كاته‌وه هه‌ڵدێت و شێرخان نا‌ئومێد ده‌كات، هه‌ڵهاتنیشی ته‌واوی نێر سالاریی ئه‌خاته گومانێكی قوڵه‌وه درباره‌ی هێزی خۆیان.
ئه‌زموونی دووه‌میش هی جه‌لادێكه، به‌هۆی جه‌لادییه‌وه له هه‌موو شوێنی جێی ده‌بێته‌وه چ له ناو شۆڕش چ له ناو ده‌وڵه‌ت ئه‌ویش (لڤیتانت) . لڤیتانت كه‌سێكه زۆر حه‌زی له ئه‌شكه‌نجه‌یه‌و ڕێك بێچه‌وانه‌ی نه‌غه‌ده ماردینیه كه حه‌زی له‌وه‌یه ئازار بكێشێت وچێژی لێ ده‌بینێت، لڤیتانت حه‌زی له‌وه‌یه هێزی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو بونه‌وه‌رێكدا تاقی كاته‌وه، له ڕێی ئازاردانی كه‌سه‌كانه‌وه ئه‌زانێ ئازایه‌تی خۆی تا كوێ گه‌یشتووه ، واته كه‌سایه‌تێكی ته‌واو سادیزمی هه‌یه. له‌م ئه‌زموونه‌دا نه‌غه‌ده شوو به لیفیتانت ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕشێتییه بۆ شاعیر.
هیوادارم له مه‌جالێكی تردا بتوانرێت ئه‌م دوو ئه‌زموونه و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ شاعیر‌و شعر ڕوون بكرێته‌وه، جونكه ئه‌م باسه ده‌كرێت بچێته ناو تیڕامانه‌وه له ئاستێكی تردا زیاتر گه‌شه بكات و هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی نه‌غه‌ده ماردینی به شیعره‌وه ڕوون بكرێته‌وه ، وه‌كو په‌یوه‌ندی نیوان شاعیر‌و عیشق به شیعره‌وه… شاعیر‌و ئازادی به شیعره‌وه ….شاعیر‌و حه‌قیقه‌ت به شیعره‌وه …..شاعیر‌و شێتی به شیعره‌وه … شاعیر‌و جیهان به شیعره‌وه .
سه‌رچاوه‌كان :
1ـ كه‌شتی فریشته‌كان، كتێبی یه‌كه‌م، ڕۆمان، به‌ختیار عه‌لی، چابخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ولێر ، 2012
2ـ گه‌ڕان بۆ ماناكانی دیكه‌ی شیعر ، به‌ختیار عه‌لی ، كۆڤاری ڕامان
3ـ پڵنگێك له‌مندا ، سه‌عید سلێمانی ، لا40 ی گۆڤاری نه‌وشه‌فه‌ق ، ژماره 50 تشرینی دووه‌می 2007
4ـ مرۆڤی یاخی ، ئه‌لبێركامۆ، وه‌رگێڕانی ئه‌رسه‌لان ئه‌رده‌ڵانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر2011