ژن بابه‌ته یان ده‌قی شیعری؟!
به درێژایی مێژووی ئه‌ده‌بیات و له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ژن شوێنێكی له‌ناو ئه‌ده‌بیاتدا گرتووه, له به‌رامبه‌ریدا ره‌گه‌زی نێر ئه‌و پایه‌یه‌ی نه‌بووه، ئه‌مه‌ش چ له‌باره ئیستێتیكییه‌كه‌ی بونیادی ئافره‌ت بێت یان ئه‌وه‌ی شاعیران زۆربه‌یان له ره‌گه‌زی نێر بووبن, یان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارو مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی بێت. قسه‌و دوان له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته جیهانییه شرۆڤه‌ی وردی پێویسته، لێ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌شته‌ری لێكۆڵینه‌وه ئه‌وه‌یه ئاخۆ فه‌لسفه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م ته‌رزه بیركردنه‌وه له كوێڕا هاتووه‌و بۆچی به درێژایی زه‌مه‌ن ئه‌مه پات ده‌بێته‌وه؟ له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ی خۆیان دوور ده‌گرن له‌م بیركردنه‌وانه كێن و بۆچی پێچه‌وانه‌یان هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌ن؟
لێره‌دا هه‌ردوو چه‌مكی بابه‌ت و خودی ده‌ق ده‌بنه جێی سه‌رنج، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌نێو هه‌موو بابه‌ت Themeی شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتدا یه‌كێكیان باس كردن له ژن و وه‌سف و په‌سن كردنی بێت, ئه‌وا بۆچوونی تر هه‌یه شیعر یه‌كسان ده‌كات به ژن, به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر ژن نه‌بێت شیعر نابێت، ئه‌مه گه‌نگه‌شه‌ی زۆری له‌سه‌ر بوو, به‌تایبه‌تیش له‌وه‌دا بوو به بیانوو كه ئه‌ده‌بیاتی سۆفیگه‌ریش ژنی كردۆته ئاوێته بۆ بینینی هه‌قیقه‌ت و شته‌كانی تری سرووشت، له‌و نێوانه‌شدا شیعری كلاسیكی كوردی ماوه‌یه‌كی زۆر به كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی ده‌وروبه‌ر خه‌ریكی به بابه‌تكردنی ژن بوو له‌ناو شیعرداو هه‌ندێ جاریش هه‌موو بابه‌ته‌كانی تریش له په‌نجه‌ره‌ی ژنه‌وه ده‌بینران، ئه‌مه‌ش وا هه‌ست ده‌كرێ كه زه‌مه‌نی شیعری كوردی له سه‌ره‌تاوه تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیست له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ژینگه‌ییه‌وه قالبێكی نه‌گۆڕی گرتبوو, به گۆڕانی ئه‌م قالبه روانینه‌كانیش بۆ ئه‌م پرسه گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات.
به گۆڕانی ئه‌م بارودۆخه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌رگای خودپه‌رستی و خۆخۆشویستن زه‌لی, چونكه به‌م له رێسمه بردن و زه‌لاندنه, لۆجیكی (گاڕان به گاوانه‌وه ون ببوو, كابراش له مانگای به‌ڵه‌كی ده‌پێچایه‌وه) توڕهه‌ڵداو پرسی نه‌ته‌وه‌و خه‌می مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كۆمه‌ڵگا به گشتی شاعیرانی به ئاگاهێنایه‌وه‌و له‌ناو ده‌ریای وه‌سف و یه‌كسانبوونی شیعر‌و ژن دا هه‌ڵسانه‌وه‌و وتیان:
شاعیرانی كورد! به‌سه به‌س باسی زوڵف و چاو بكه‌ن
كه‌م خه‌یاڵی په‌رچه‌م و كاكۆڵی ئاڵۆزاو بكه‌ن
لابده‌ن كه‌م باسی سونبوڵ، یا لقی لاولاو بكه‌ن
ئێوه ته‌دبیرێكی حاڵی قه‌ومی دڵسوتاو بكه‌ن
زوو به زوو تا ئیش له ده‌س ده‌رنه‌چووه، سا هه‌وڵێ بده‌ن
ئه‌گه‌ر ئیلتیزام چه‌مكێكی گه‌وره‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و كه‌ره‌سته‌یه‌كی شیعری بێت و روانینی شاعیر بێت بۆ ژیان، ئه‌وا به هه‌موو ته‌رزێك حوكمی ئه‌وه ده‌دات هه‌ر شاعیرێك جیهانبینی خۆی‌و ده‌قه‌كانی به ته‌نیا له ژن ببینێته‌وه، ئه‌وا نه‌مری بوونی ده‌قه‌كان مه‌حاڵه، چونكه شاعیرانی كلاسیك زۆرجاران له‌پشت كردنه بابه‌تی ژن له‌ناو ده‌قدا هزری فه‌لسه‌فی و روانینه ئیستێتیكییه‌كانی خۆیان په‌خش ده‌كردو له نوێوه وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی تر ژن ده‌بویه بابه‌تی شیعر، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به شاعیری ئافره‌ت ناسران، پێیان وایه به بێ ژن شیعر وشك ده‌كات، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ی لێ ده‌فامرێته‌وه كه كورتبینی و هه‌ناسه ته‌نگییان له ئیپستمۆلۆجیای ده‌قدایه، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ق بارگاوی نه‌بوو، به هزری فه‌لسه‌فی‌و روانینه جوانی و تازه‌كان بۆ ژیان ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری قه‌رزارببێته‌وه‌و كورد گوته‌نی له پێناو جوانییه‌كی كاتی ده‌قه‌كه‌دا دوو حه‌ربان له‌سه‌ر قه‌ردار ده‌بێته‌وه.
هه‌میشه وا ده‌بێ قه‌تیس بوونی ده‌ق بۆ بابه‌تێكی تایبه‌تی و به‌تایبه‌تیش جوانییه كاتییه‌كان ده‌ق ده‌خه‌نه بارێكی كاتی و ئه‌و چۆڕاوه نه‌مرییه‌ی لێ ناچۆڕێته‌وه كه پرۆژه بێت بۆ سه‌رتاپای ژیان, به‌ڵكو له‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێ باڵانسێك هه‌بێت هه‌موو بابه‌ته‌كان به ویژدانه‌وه چاو لێبكرێن نه‌ك شیعری جوان به ئافره‌ته‌وه جوان بێت و شیعری خراپیش پێچه‌وانه‌كه‌ی!
Hem992003@yahoo.com
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته گۆشه‌یه‌كی مانگانه‌یه به‌ناوی (ئه‌لف) ، له ژماره (3)ی گۆڤاری ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه