هه‌ڵه‌بجه له چی ده‌چێ … حیات مجید په‌رخی
ته‌لقینی بێده‌نگی ئه‌م شاره که‌ی ده‌کرێ؟
گۆرانی باخچه هه‌ناره‌کان، که‌ی ده‌بیسترێ؟
حه‌وته‌وانه له‌م سه‌فه‌ره‌ی که‌ی دێته‌وه؟
ڕوناکی کۆڵانه‌کانی شار بگرێته‌وه،
گوڵاڵه سوره بۆ خه‌مباره؟
نێرگز بۆنی خۆنی ونکردوه،
خه‌نده له شار ده‌مێکه باری کردوه،
ئای له‌م بۆنه، بۆنه سێوه شاری ته‌نی،
بۆن دێ…. بۆن دێ ،
بۆنی سێ‌و دێ،
سێوی سوره، یا سێوی زه‌رد،
ڕه‌نگه سێوی ده‌ستی منداڵێکی خه‌واڵوبێ،
به‌ر له نوستن دوو قه‌پاڵی لێ گرت بێ،
یاخود نه‌زری کوڕانی شار گیرا بوو بێ،
کچانی ئه‌م هه‌واره دوگمه‌یان ترازاند بێ،
ئای چه‌ند نامۆیه ئه‌م بۆنه،
نه سێوی سوره،
نه سێوی زه‌رد،
نه منداڵه خه‌واڵوه‌که دوو قه‌پاڵی لێگرتوه،
نه کورانی شار نه‌زریان قبووڵ بوه،
ئه‌م بۆنه کوشنده‌یه، هی هیچ باخێکی شار نیه،
بۆنێک شاری مت کردوه،
دره‌خته‌کان هه‌ر پێوه چرۆیان هه‌ڵده‌وه‌رێ،
ئه‌ی ئه‌هلی شار په‌نجه‌ره‌کان دابخه‌ن،
با نه خنکێ ئه‌لبومی یاده‌وه‌ریه‌کان،
ئه‌م شاره بۆ وای لێهات ته‌می مه‌رگی ئه‌م مه‌غریبه شاری ته‌نی،
به‌رماڵه‌کان بته‌کێنن تا خۆڵی مه‌رگ قیبله‌مان لێ نه‌شێوێنێ،
له‌م هه‌واری سێ‌و مه‌رگه،
شل شل بکه‌ن ده‌سترازه‌ی لانکه،
با پۆل پۆل ڕۆحه‌کان بفرن،
ئای له‌م ئێواره چۆڵه‌ی شار،
شار ئوڵفه‌تی به به گۆرانیه‌کی خه‌مباره‌وه گرتوه،
له دوێنیه‌وه سه‌دان جار به گوێی شه‌قامیدا چرپاندوه،
هه‌ر منداڵه‌و کۆلاره‌که‌ی ده‌ستی ده‌فڕێ،
هه‌ر په‌نجه‌یه و له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ڵده‌وه‌رێ،
ژنیک شانه له زوڵفیا ده‌شکێ،
ژنیک مه‌مکی له ده‌می کۆرپه‌که‌ی ده‌رده‌هێنێ،
تا به‌ر له مه‌رگ جریوه‌ی لێوه‌کانی ببینێ،
له‌ناو ئه‌م بۆنه سێوه‌دا ،
پێڵوی لاوێک بکه‌ره‌وه، به‌رچینه‌یه‌ک خه‌وی نه‌گه‌یوو ده‌خوێنیته‌وه،
هۆ ده‌روێشانی شار، ده‌فه‌کانتان ده‌ر بهێنن،
با له‌ناو باوه‌ڵی مه‌راقدا زه‌رد نه‌بێ،
ده‌ف لێبده‌ن، ده‌ف لێبده‌ن،
وا بێده‌نگی شاری خنکاند،
خۆتان به گۆرانیه‌ک بسپێرن له ڕه‌نگی هه‌ڵه‌بجه بچێ،
نه‌ک ڕه‌نگی سێ‌و،
نه‌ک بۆنی سێ‌و،
ئه‌ی شاره زامداره‌که‌م،
هیچ گۆرانیه‌ک له تۆ ناچێ،
هه‌ر خۆتی له خۆت ده‌چی،
ماچێک به زۆر کرابێ،
گوڵێک له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵکه‌نرابێ،
دڵێک هه‌زاران جار شکێنرا بێ،
له تۆ ده‌چن،
هه‌ڵه‌بجه‌که‌م هێچ له تۆ ناچێ،
ته‌نیا خۆتی له خۆت ده‌چی،
له دڵی شکاوی خۆت ده‌چی،
له یادی بێنازی خۆت ده‌چی،
ساڵه‌و ساڵ
به‌رپرسه‌کان، برینه‌کانت ده‌ژه‌نن،
خوێن له هه‌ناوت ده‌چۆڕێنن،
له سێبه‌ری جێماوی خۆت ده‌چی ،
زویر مه‌به، شاره برینداره‌که‌م،
ته‌نیا خۆتی له خۆت ده‌چی.