(ڤانی) سه‌گه‌كه‌م!…سیروان كه‌ریم
دوێنێ بارانێكی به‌خووڕ باری. له بازاڕه‌كه‌دا قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر هه‌بوو. له‌وێ، له بن عه‌ره‌بانه‌یه‌كی بچووكی داریندا، هاوڕێكه‌ت (ڤینی)یم بینی، چاوه‌كانی زه‌ق سه‌یریان ده‌كردم، وه‌ك سه‌گێگی ته‌نیا له‌و بازاڕه‌دا بێتاقه‌تی كردم و گریام. هاتمه ماڵه‌وه و دوعام بۆ كردی. ئه‌و وێنه‌یه‌ی، كه به قه‌د دیواری باڵكۆنه‌كه‌وه هه‌ڵمواسیبوو، وه‌ك مرۆڤێكی عاجز دامگرت و ماچم كرد، ئه‌و وێنه‌یه كاتی خۆی (میتا)ی هاوڕێم بۆ ڕۆژی له‌دایكبوونت له‌ناو كولانه‌كه‌دا گرتی، دوای ئه‌وه له چوارچێوه‌م گرت و هه‌ڵمواسی. دایكم چه‌ندین ڕۆژ قسه‌ی پێ كردم و ده‌یگوت: (نه نوێژم قبووڵ ده‌بێت، نه فریشته دێته ماڵم و نه خواش ئاوڕم لێ ده‌داته‌وه.)
باشم كرد ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌ی له گوێتا بوو، به‌ر له ڕۆشتنت لێم وه‌رگرتی و كردمه زنجیره‌كه‌ی ملمه‌وه، موقیمه‌كانی ده‌ستیشتم له كتێبخانه‌كه‌دا هه‌ڵگرتووه. پێم باشه ڕۆژی له‌دایكبوونت وێنه‌كان نوسخه‌ی تری لێ بگرمه‌وه و له‌ناو سندووقی یادگارییه‌كاندا هه‌ڵی بگرم. ته‌مه‌نت ئێستا بووه به هه‌شت ساڵ و سێ مانگ و حه‌وت ڕۆژ، خه‌م له دوورییت ده‌خۆم. بیر له كوشتنی دایكت ده‌كه‌مه‌وه، كه منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر چاویان ده‌رهێنا و كلك و گوێیان بڕی و له چیاكه‌وه هه‌ڵیاندایه خوارێ و كوشتیان، خوێن له جه‌سته‌یه‌وه ده‌ڕژیایه سه‌ر به‌رده‌كان. سه‌گه‌كان بۆ دایكت دوو هه‌فته ده‌یانقروسكاند و خه‌مبارانه به كۆڵانه‌كاندا ده‌سووڕانه‌وه. (نیجی) سه‌ركرده‌یان له‌ناو كولانه‌كه‌ی دایكتا تلایه‌وه و دوو ڕۆژیش له به‌رده‌م كولانه‌كه‌دا مایه‌وه، تۆ ئه‌وكات بێچوویه‌كی بچووك بووی، دڵنیام له یادت نییه. دایكتم له كوێ بنێژایه، سه‌گه‌كانی هاوڕێی هه‌ڵیان ده‌دایه‌وه و ده‌یانقروسكاند و وه‌ك مرۆڤێكی به‌دبه‌خت ده‌نووزانه‌وه. وای! ده‌نگیان چه‌ند حه‌زین بوو، له ده‌نگی ئه‌و سه‌گانه‌دا له‌ره‌یه‌ك هه‌بوو سه‌رزه‌مینه نادیاره‌كانی ده‌له‌رزاند. هه‌ر چاڵێكم هه‌ڵبكه‌ندایه دایكتی تیا بشارمه‌وه، پڕ ده‌بوو له باران، له‌و كاته‌دا حه‌زم ده‌كرد دایكت بمایه و جوانی ئه‌و بارانه‌ی ببینایه، كه چۆن دڵۆپه ئاوه‌كان له‌ناو تووكه نه‌رمه‌كه‌یدا ده‌كه‌وتنه زه‌وی، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگتر له بارانه‌كه، دڵۆپه‌كان به جه‌سته‌یدا ده‌هاتنه خوارێ. چاوه ده‌رهێنراوه‌كانی وه‌ك دوو گۆمی بچووك پڕ ببوون له باران. ده‌ڵێن دایكت زۆڵ بووه و به ڕه‌گ چووه‌ته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی سه‌گه گه‌ڕۆكه‌كانی (خوراسان)، گوایه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه خه‌می گه‌وره‌یان پاراستن و پاسه‌وانیكردنی گونده‌كان بووه. ماوه‌یه‌كیش له جه‌نگه بچووكه‌كانی ناو گونده دووره‌ده‌سته‌كاندا به‌شدارییان كردووه، به‌ڵام ئه‌مه به كه‌می ڕوویداوه.
ڕۆژێك دوای كوشتنه‌كه‌ی دایكت، هه‌ر چۆنێك بوو له چاڵێكی چه‌په‌كدا شاردمه‌وه و به‌ردێكی درێژكۆڵه‌م له ناوه‌ڕاستی چاڵه‌كه‌یا دانا، تا ون نه‌بێت. حه‌ز ناكه‌م دایكت له‌بیر بكه‌ی، (ڤانی) گیان! ئه‌و خاوه‌نی مردنێكی گه‌وره‌یه، سه‌گه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو دایكت بمێننه‌وه، پێویستیان به مردنێكی گه‌وره هه‌یه.
(ڤانی)! كولانه‌كه‌ت كه‌مێك تێكچووه، ئاوی بارانه‌كه به‌شی دواوه‌ی تێكداوه، خه‌مت نه‌بێ به‌م زووانه چاكی ده‌كه‌مه‌وه. بیرم چوو (ڤینی) هاوڕێت زۆر جار له‌و بازاڕه‌دا ده‌بینم، بێ خاوه‌نانه كرووشكه‌ی كردووه، خۆ (ڤینی) برا بچووكه‌كه‌ی هه‌ر له‌و بازاڕه دڵڕه‌قه‌دا به ده‌ست كۆمه‌ڵێك منداڵی چه‌توونه‌وه كوژرا، خۆیشی ویستبووی به‌رگری لێ بكات، به‌ڵام منداڵه‌كان كوشتیان. (ڤینی) دوای كوشتنی برا بچووكه‌كه‌ی به‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌یدا ده‌تلایه‌وه، خوێنه مه‌یله‌وڕه‌شه‌كه‌ی ده‌لێسایه‌وه و وه‌ك سه‌گێكی به‌دبه‌ختی ئه‌م دونیا سه‌خیفه ده‌نووزایه‌وه، دوایی هه‌ر دوو گوێ و كلكی براكه‌ی قرتاند و وه‌ك وه‌فایه‌ك له شوێنێكی دی له‌ژێر خۆڵدا شاردییه‌وه، ئیدی نازانم بۆ ده‌چێت بۆ ئه‌و بازاڕه، خۆ مرۆڤ بۆ كوشتنی ئه‌م سه‌گانه باكی نییه. هه‌ركات هاتیته‌وه، وه‌ره و له بن ئه‌و عه‌ره‌بانه‌یه ده‌ریبهێنه، گوناحه، هه‌تا له‌ته خواردنێكی ده‌ست ده‌كه‌وێ، ده پێی پیا ده‌نێن و سه‌د شه‌قی تێ هه‌ڵده‌ده‌ن. (ڤانی) گیان! مرۆڤ زۆر جار ئاژه‌ڵێكی بێ ئه‌قڵه و هه‌ركات بیه‌وێ ئازاری خۆی له جه‌سته‌ی ئه‌ماندا ده‌نێژێت. گه‌ر ئه‌مجاره چوومه بازاڕ، ئه‌یهێنمه‌وه بۆ كولانه‌كه‌ی تۆ، ئه‌مه زۆر باشتره بۆ ئه‌و، هه‌ر دوو به‌چكه بچووكه‌كه‌یشی بۆ به‌خێو ده‌كه‌م.
دوای بارانه‌كه حه‌زم لێیه به‌شی پشته‌وه‌ی كولانه‌كه‌ت بكه‌مه باخچه‌یه‌كی بچووك و كه‌مێك گوڵی نیلوفه‌ری تیا بنێژم، تا حه‌زی كلكه‌له‌قێت جوانتر به‌ده‌ر بكه‌وێ. كورسییه‌كی دارگوێزیش له‌وسه‌ری باخچه‌كه داده‌نێم، ڕه‌نگه كه‌رته لباده‌كه‌ی ناو كولانه‌كه‌ت بگۆڕم، ده‌ترسم ئه‌مه‌ت پێ خۆش نه‌بێت و دڵت عاجز بێت. لباده‌كه‌م پاك كردووه‌ته‌وه و له‌به‌ر بارانه‌كه‌یه، هه‌ندێك باڵنده‌ش به‌سه‌ر گوێسه‌بانه‌ی كولانه‌كه‌ته‌وه نیشتوونه‌ته‌وه، یه‌كێك له باڵنده‌كان چووه‌ته ناو كولانه‌كه‌ته‌وه، نازانم كه‌ی ده‌فڕن. بیرم كه‌وته‌وه (ڤانی) گیان! ئه‌و باڵنده‌یه‌ی چووه‌ته كولانه‌كه‌ته‌وه، باڵنده بۆره‌كه‌ی هاوڕێته، ئه‌و هه‌موو جارێك به‌ر له خۆرئاوابوون ده‌هاته سه‌ر كولانه‌كه‌ت. له خۆشیا تۆ خۆت ده‌گه‌وزاند، دڵنیام ئه‌ویش وه‌كو منی بێچاره بیرت ده‌كات، له‌گه‌نه فافۆنه‌كه‌ی به‌رده‌م كولانه‌كه‌ت پڕ بووه له باران، لێره هه‌موو شتێك پڕ بووه له باران. ده‌رگا دارینه‌كه‌ی كولانه‌كه‌ت، كه وێنه‌یه‌كی ڕه‌شوسپی خه‌یاڵیی دایكتی پێوه بوو، كه‌مێك ته‌ڕ بووه. لۆچێكی كه‌م كه‌وتۆته ناو وێنه‌كه‌وه، ده‌موچاوی ئێستا ته‌ڵختر ده‌رده‌كه‌وێ، دڵنیام ئه‌مه‌ت پێ خۆش نییه. سبه‌ینێ به‌ر له خۆركه‌وتن، ده‌چمه سه‌ر گۆڕه بچووكه‌كه‌ی دایكت و تا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ له‌وێ ده‌مێنمه‌وه، به ته‌نیا ده‌ڕۆم و نایه‌ڵم كه‌س بزانێ بۆ كوێ ده‌چم. خه‌مت نه‌بێ كه‌س نازانێت ئه‌و به‌رده درێژكۆڵه‌یه له‌و ده‌شته چۆڵه‌دا گۆڕی دایكی تۆیه. ڕه‌نگه ماوه‌یه‌كی تر ئه‌و كێله ته‌نیایه له‌و سه‌حرا چۆڵه‌دا ڕه‌نگ بكه‌م.
شه‌وانی ئێره زۆر سارد بووه، سه‌گه‌كان به كه‌می به كۆڵانه‌كه‌ماندا تێده‌په‌ڕن و ده‌بینرێن. جاری وا هه‌یه به هێواشی ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كان ده‌پشكنن و ورده خواردنێكی كه‌م ده‌دۆزنه‌وه و ده‌یخۆن، جاری وایش هه‌یه لمۆزیان له‌ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كاندا گیر ده‌بێت، ئیدی هه‌موو ئه‌مانه به‌دبه‌ختییه (ڤانی) گیان! سه‌گه‌كه‌م! ئه‌م سه‌گه بێ خاوه‌نانه درز ده‌خه‌نه دڵه لاوازه‌كه‌مه‌وه.
تۆ ئه‌گه‌ر له ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا پێت نه‌كه‌وتایه‌ته ژێر گالیسكه‌كه‌وه، به‌م جۆره خۆشه‌ویست نه‌ده‌بوویت. ئه‌و ئێواره‌یه تۆ له‌تاو ئازاری ئه‌و پێیه‌ت ده‌تقرووسكاند، قه‌پت به پێیه بڕاوه‌كه‌تا ده‌كرد و ده‌مه بچووكه‌كه‌ت ده‌خسته ناو خوێنه‌كه‌ته‌وه، تووكه سپییه‌كه‌ی گیانت خوێنێكی ته‌ڕی پێوه بوو، چاوه‌كانت تیژ سه‌یری منیان ده‌كرد، له ئازاردا سه‌رت ده‌كێشا به‌ناو كولانه‌كه‌دا، (ڤینی)یش بێتاقه‌تانه به كلكه‌له‌قێیه‌كی خه‌مبارانه‌وه به ده‌ورتا ده‌سووڕایه‌وه و لمۆزی به پێیه قرتاوه‌كه‌تدا ده‌نا، ئیدی بۆ شه‌وه‌كه‌ی (ڤینی) به ده‌می پێیه قرتاوه‌كه‌ی برد و به پێیه‌كانی چاڵێكی بۆ هه‌ڵكه‌ند و شاردییه‌وه. هه‌فته‌یه‌ك شه‌وان (ڤینی) ده‌چووه ئه‌و شوێنه‌ی، كه پێیه قرتاوه‌كه‌تی تیا شاردبووه‌وه، جارێكی دی ده‌ریده‌هێنا و ده‌یلێسایه‌وه، ئه‌م وه‌فا گه‌وره‌یه له پشتی (سانۆ)ی باوكییه‌وه بۆی مابووه‌وه، (سانۆ) له ماڵی (عه‌به)ی پۆلیسدا مه‌غریبێك ده‌رمانخوارد ده‌كرێت و ئیدی (عه‌به) له داخاندا ئه‌و گه‌ڕه‌كه بۆ ئه‌به‌د جێده‌هێڵێت.
ئه‌و كۆمه‌ڵه سه‌گه‌ی ئه‌و به‌یانییه له‌گه‌ڵیاندا ڕۆشتی، بۆنی سه‌رزه‌مین و دونیایه‌كی غه‌ریبیان لێ ده‌هات. له ڕۆشتنیاندا سیحرێكی گه‌وره ده‌بینرا، هه‌ندێكیان گرگن و بچووك و تووكڕه‌ق بوون، ده‌نگی هه‌ناسه‌كانیان ده‌نگی ئاژه‌ڵێكی نه‌بینراوی ده‌هێنایه ناومانه‌وه. سه‌ركرده‌كه‌یان گوێی ڕاستی بڕابوو، ڕه‌نگێكی تۆخی شینی هه‌بوو، ڕاستگۆیانه ئه‌و كۆمه‌ڵه سه‌گه‌ی ده‌پاراست. ئه‌م سه‌گانه قافڵه‌یه‌كی جیاواز بوون و شاره‌زایانه جوگرافیا گه‌وره‌كانی سه‌رزه‌مینیان ته‌ی كردبوو. هه‌رچی سه‌گه‌كانی (خوراسان و ته‌برێز و قه‌زوین) بوو، شێوه‌یه‌كی جیاوازتریان نیشان ده‌دا. سه‌گه بابلییه‌كانیش ڕه‌نگێكی خۆڵه‌مێشی كاڵیان هه‌بوو. ئه‌مانه چاوه‌كانی ئینسانیان ده‌خسته ناو گومانی ڕه‌نگه‌كانی سه‌گه‌وه. خۆم حه‌زم ده‌كرد له نه‌سلی ئه‌و سه‌گانه بم، چاوه‌كانیان له‌به‌ر تیشكی خۆره‌كه ده‌بریسكایه‌وه، ده‌میان بچووك و جووڵه‌یان بنیاده‌می ده‌خسته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دی به ڕێگاكانی ئه‌واندا. به هه‌ر شارێكدا بڕۆشتنایه، سه‌گێك له وه‌چه‌ی ڕه‌سه‌نه‌كان له‌گه‌ڵیاندا ده‌ڕۆیشت، هێزێك له ده‌ره‌وه‌ی سه‌گه‌كان ده‌یبردن بۆ ئه‌به‌دییه‌تی سه‌فه‌ر. قافڵه‌ی سه‌گه‌كان له نیوه‌ڕۆیه‌كی سه‌راباویدا گه‌یشتنه ئه‌م شاره، ڕێگایه‌كی زۆریان به چیاكاندا بڕیبوو، بۆنی شاره‌كانی ئه‌ودیو بینینان ده‌خسته لووتمانه‌وه، بۆنیان به عه‌زابه‌كانی ئینسانه‌وه ده‌كرد و هه‌ڵیان ده‌گرته‌وه. به هه‌ر كوچه‌یه‌كی شاردا بڕۆشتنایه، مرۆڤ هه‌ستی به‌وه ده‌كرد جوانی له ئه‌سڵدا خه‌له‌لێكی گه‌وره‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سه‌گه‌كان، ئه‌و هه‌موو ڕه‌نگه چی بوو له‌و سه‌گانه‌دا! ڕه‌نگی سه‌رده‌مه كۆنه‌كان و قه‌ڕنی به‌رد و ڕه‌نگی سافی سه‌رده‌می (موته‌نه‌بی)یان هه‌ڵگرتبوو. (ڤانی) له وه‌چه‌ی كۆتا ڕه‌نگی ناو ئه‌و سه‌گانه بوو، هه‌ندێ له سه‌گه‌كان ئه‌ڵقه‌ی زێڕ و ئه‌ڵماسی ده‌گمه‌ن و زنجیری زیویان له ملدا ده‌بینرا. دوای چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م گه‌یشتنه به‌رده‌م كولانه‌كه‌ی (ڤانی)، به زمانه ته‌ڕه‌كانیان ده‌یانلێسایه‌وه، له خۆشیا قه‌پیان به گوێیه‌كانیدا ده‌كرد و له به‌رده‌میا ده‌تلانه‌وه. (ڤانی) پاش كه‌مێك سه‌یركردن، به هه‌ردوو ده‌ستی كێشای به كولانه‌كه‌یدا و نووزایه‌وه، زمانی ئاوی لێ ده‌تكا و قاپی كولانه‌كه‌ی ده‌سوی، خۆی ده‌خسته سه‌ر گازه‌رای پشت و به چاوه‌كانی له ئاسمانی ده‌ڕوانی، ده‌چووه كولانه‌كه و ده‌هاته ده‌ر، پێیه بڕاوه‌كه‌ی ده‌ئاخنییه ده‌مییه‌وه. له په‌نجه‌ره‌ی باڵكۆنه‌كه‌ی سه‌ره‌وه بینیم به شه‌له‌شه‌ل به دوایاندا ڕۆشت و ورده تۆزێكی كه‌میان به دوای خۆیان به‌جێ هێشت، دارشه‌قه‌كه‌م هه‌ڵگرت و تا ئه‌وسه‌ری كۆڵانه‌كه به دوایاندا ڕۆشتم. (ڤانی) بۆ دوایین جار ئاوڕی دایه‌وه، له چاوه‌كانیدا نیگایه‌كی حه‌زین ده‌بینرا، كلكه‌له‌قێیه‌كی كه‌می كرد و له دۆڵه درێژه‌كه‌دا خۆیان ون كرد. هاواره‌كانم له‌نێو ئه‌و كۆڵانه‌دا (ڤانی) نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ كولانه‌كه‌ی، بێده‌سه‌ڵاتانه هاوارم ده‌كرد و ده‌نگه گریاناویییه‌كه‌م نه‌ده‌گه‌یشته خۆم. چه‌ند ڕۆژێك له‌ناو كۆلانه‌كه‌ی (ڤانی)دا مامه‌وه و گریام، دایكم لێم پاڕایه‌وه له‌و كولانه بێمه ده‌ر. خوشكه بێوه‌ژنه‌كه‌م (حافڤ القرا‌ن) بوو، سوره‌تی (كه‌وسه‌ر) و ئایه‌ته‌كانی سوره‌تی (كهف و یاسین)ی به سه‌رمدا ده‌خوێند، خواردنیان بۆ ده‌هێنامه ناو كولانه‌كه‌وه، نه‌مده‌خوارد. دوعای پێغه‌مبه‌رانیان به‌سه‌ر جامووڵكه‌ی ئاوه‌كاندا ده‌خوێند، تا بیخۆمه‌وه. سه‌گیان ده‌هێنایه به‌رده‌م كولانه‌كه‌م، تا دڵی هه‌ڵقرچاوم له‌و كولانه بهێننه‌ده‌ر.
دوای هه‌فته‌یه‌ك له كولانه‌كه هاتمه ده‌ر و وه‌ك شێت به كۆڵانه تۆزاوییه‌كاندا ده‌سووڕامه‌وه، هه‌ر سه‌گێكم ببینایه ده‌مكرده باوه‌شم و ده‌گریام، گه‌رمی له‌شی سه‌گه‌كان لێدانی دڵمی خاو ده‌كرده‌وه، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی (ڤینی) تێدا ده‌ژیا، وه‌ك قه‌له‌نده‌رێكی ناشوێن تیا مامه‌وه و (ڤینی)م له باوه‌شما گه‌رم ده‌كرده‌وه، سه‌ریم ده‌لێسایه‌وه و ده‌ستم به‌سه‌ر چاوه‌كانیدا ده‌هێنا، په‌نجه‌كانم به‌ناو تووكه‌كه‌یدا ده‌هێنا و ده‌برد. ده‌نووزایه‌وه، ده‌نووزامه‌وه!
ئێستا سالێك به‌سه‌ر ڕۆشتنه‌كه‌ی (ڤانی)دا تێپه‌ڕیوه، له گوندێكی كۆنه، ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی (قه‌نده‌هار)ه‌وه، چاوی لاچه‌پی كوێر بووه و ڕه‌نگی سه‌گێكی پیری لێ نیشتووه، تووكه سپییه‌كه‌ی جارانی نه‌ماوه، پێیه بڕاوه‌كه‌شی كولاوه‌ته‌وه و برینه‌كه‌ی جارێكی تر سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه و به زنجیرێكی ژه‌نگاوی به‌ستراوه‌ته‌وه، له ژیانێكی ناخۆشی بێ كولانه‌دا ده‌ژی. خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌ربازێكی دڵڕه‌قی ئه‌فغانییه و به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به، پێده‌چێت ساڵێكی دی خانه‌نشین بكرێت. (ڤانی) له قافڵه‌ی سه‌گه گه‌ڕۆكه‌كان، له‌و گونده‌ی قه‌نده‌هار جێده‌مێنێ و به شه‌له‌شه‌ل له كۆڵانێكی ته‌سكی ئه‌و گونده لا ده‌دات. خوێنێكی زۆری لێ ڕۆشتبوو، ئه‌و سه‌ربازه‌شی، كه ناوی (عه‌لی عه‌ره‌ب)ه، ده‌یهێنێته ماڵی خۆیان. ئه‌و وجاغی كوێره، وه‌ك پیاوێكی تووڕه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا ده‌كات. له كۆنیشه‌وه سه‌گیان له حه‌وشه‌كه‌یاندا وه‌ك پاسه‌وانێك، كه حورمه‌ت بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌یان بگه‌ڕێنێته‌وه ڕاگرتووه. بۆیه هه‌موو تووخمه‌كانی سه‌گ به درێژایی مێژووی ئه‌و گونده له ماڵیاندا ژیاوه.
ئه‌و قاسیده‌ی له (قه‌نده‌هار)ه‌وه هاته‌وه، وێنه‌یه‌كی (ڤانی) نیشان دام و ئیدی منی خسته ناو بۆته‌یه‌كی ترسناكه‌وه، تا ماوه‌یه‌ك زمانم به‌سترا. كتێبه‌كانم سووتاند، ڕامده‌كرد و خۆم له قوڕی ده‌شته‌كان هه‌ڵده‌كێشا، جله‌كانم ده‌دڕاند، جه‌سته‌م به چه‌قۆیه‌كی كول بریندار كرد، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانم ده‌شكاند و سه‌رم ده‌كێشا به دیواره‌كاندا. دوای پێنج ڕۆژ بێهۆشی، جارێكی دی گه‌ڕامه‌وه ناو كولانه‌كه‌ی (ڤانی). دایكم له داخاندا جێیهێشتم و چووه‌وه بۆ ماڵی خاڵم، ده‌یگوت: (ئه‌و كوڕه‌ی من له وه‌چه‌ی سه‌گێكی هه‌وشاره و به من ڕام ناكرێ، تا كولانه‌ی هه‌بێت، ئه‌و ماڵه له من حه‌رامه. كه‌س سه‌گی نه‌بوو، (ئارام) نه‌بێت؟) خوشكه بێوه‌ژنه‌كه‌م هه‌موو ڕۆژێ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕۆشتنم لێ ده‌كا و ئیدی نازانم كه‌ی جێمدێڵێ و به ته‌نیا له‌م كولانه‌یا ده‌مێنمه‌وه، له‌م كولانه‌ش ده‌رچم ده‌چمه كولانه‌یه‌كی تره‌وه. مرۆڤ گه‌مژه‌یه، نازانێ له كولانه‌دایه، دایكم نازانێ دونیا كولانه‌یه‌كی بچووكه. خوشكه‌كه‌م نازانێ به‌هه‌شت كولانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
سبه‌ی سپێده‌یه‌كی زوو ده‌بێت نامه‌یه‌ك بنووسم و به خاوه‌نه‌كه‌ی (ڤانی) بڵێم، چاوه‌ڕێی ئه‌و سه‌گه و مردن ده‌كه‌م، ئیدی نازانم كامیان زووتر ده‌گه‌ن. وێنه‌یه‌كی خۆم و كولانه‌كه‌ی خۆی، كه به كامێراكه‌ی (میتا) گیراوه بۆی ده‌نێرم. به درێژیی حیكایه‌تی مردنه‌كه‌ی خۆمی بۆ ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌مه باشتره له وه‌سییه‌ت! ماوه‌یه‌كی دی (ڤینی) دێنمه‌وه بۆ كولانه‌كه‌ی (ڤانی)، له‌ژێر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌یه ده‌ریده‌هێنم و دڵه مردووه‌كه‌ی خۆمی پێ ژیر ده‌كه‌مه‌وه.
چاوه‌ڕێتم (ڤانی) گیان! دونیا سارده، پێده‌چێت ئه‌مشه‌و به‌فر كولانه‌كه‌ت داپۆشێت و وێنه‌كه‌ی دایكت زیاتر لۆچ بێت. ئه‌و باڵندانه‌ش، كه له‌سه‌ر كولانه‌كه‌تن، كه‌مێكی دی هه‌ڵده‌فڕن. ئیدی به ته‌نیا ده‌بم و له‌گه‌ڵ (ڤینی)دا ده‌ژیم.
چاوه‌ڕێت ده‌كه‌ین (ڤانی) گیان! دوو ده‌ستكێشم بۆ ده‌سته‌كانت چنیوه، بۆ ته‌نیا پێیه‌كه‌شت گۆره‌وییه‌كی جوانی سووفم دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م زستانه سه‌رمات نه‌بێت.
كه‌مێكی دی ده‌چمه كولانه‌كه‌مه‌وه.
ته‌نیام و بیر ده‌كه‌مه‌وه.
ته‌نیام و بیرت ده‌كه‌م.
+ ئه‌م چیرۆكه له ژماره (60)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ) بڵاو بۆته‌وه.