خامۆشترین، دەمی ژووان دەمی ماچە
لەبت میم و قەدت ئەلف و زولفت چیم
دە زانی بەم سیانە طالبی چیم ؟
( نالی )
ئەی خانمەکەم
خۆت دەزانی، چەنێ شێتی
خامۆشی دەمی ژووانم.
***
ئەو ساتانەی
کە، وا مەستم
لەلام نەنگە، کە ، ماچتکەم
نەبا
پێمبڵێی، بەدمەستم
***
کە لێو، دەخەیتە سەر لێوم
کە، چاو دەبڕیتە، نێو چاوم
ترپەی دڵم
زیاتر دەبێت.
چەند ئاسودەم
کە لە پشووی ماچەکاندا
بە ئەسپایی
بە گوێچکەمدا دەچرپێنی
خ ۆ ش م .. دە و ێ ی.
***
وەك یەك نییە ..
ماچی کوڵم و ماچی دەم
ماچی گەردن خۆشی چییە !
ئارەقە نەسڕیت
دەم بەدەم.
***
کە پێتدەڵێم
بۆچیمە مەی ؟
بۆمتێدەکەی، دەم بە دەم.
لێوی شەکەربارت بێنە
تا بیمژم
دەم بە دەم.
تۆ، پێمدەڵێی
لێوت، زۆر تامزرۆیە بە ماچ
زۆر دەترسم.
لە پاش ماچێکی ژەهراوی
بدرێی لە خاچ.
***
لەم وڵاتە ساردوسڕە
گەر ماچ نەبێت
دەبم، بە، پەیکەرێك
لە .. سەهۆڵ.
***
رێگەم دوورە
نابڕێتەوە.
تێشووی رێگەم
گەر، ماچ نەبێت
دەبێت
چیبێ ؟
***
پاش ماچی تۆ
سێ پەنجەی، ناوەندی دەستم
ماچدەکەم و
سەر و دەستم
بەرەو ئاسمان، بڵند دەکەم.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی