
ده‌نگدان به په‌رواز ده‌نگدانه به نیشتیمان… م. عه‌ونی خۆشناو
هونه‌ر شێوازێکه له شێوازه‌کانی خه‌بات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخی ئه‌و مرۆڤه‌یه که ده‌یه‌وێت له ڕێگای هونه‌ر په‌یامی مرۆڤدۆستی و خۆشه‌ویستی بگه‌یێنێت، هونه‌ر جیهانبینی و گوزارشتکردنه له بیرۆکه‌ی تاکه که‌سه‌کان و له بیر و ئه‌ندێشه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ش به‌وه ناسراوه، که جوانی ده‌خوڵقێنێ، هونه‌ر ئاوێنه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه که هونه‌رمه‌ند تێدا ده‌ژی، له هه‌مانکاتدا هونه‌ر سۆز وهه‌ست و نه‌ستێکی مرۆڤه، که ئه‌و به‌هره‌یه له هه‌موو که‌سێک بوونی نی یه، بۆیه هه‌ندێک له‌و به‌هره‌مه‌ندانه ده‌بنه پێشه‌نگی گه‌ل و هه‌ندێکیش ته‌نها بۆ ئاره‌زوو و به‌سه‌ربردنی کاتی خۆیان چاو له هونه‌ر ده‌که‌ن!! له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی، که هونه‌ر زمانی گه‌لانه، هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی گه‌لانی جیهان گرنگی زۆر به بواری هونه‌ر ده‌ده‌ن، ئه‌مرۆ هونه‌ری کوردی له سایه‌ی به‌شداریکردنی هونه‌رمه‌ندانی کورد له ڤیستیڤالی هونه‌ری و پێشبڕکێ و به‌رنامه جیهانیه‌کان ناو وناوبانگێکی باشی په‌یداکردووه، یه‌کێ له‌و هونه‌رمه‌نده تازه پێگه‌یشتووانه کچه شۆخ و شه‌نگی گۆرانیبێژ په‌رواز خانه، که له به‌رنامه‌یه‌کی ناودارو پڕ بینه‌ری که‌ناڵی MBC به‌ناوی عه‌ره‌ب ئایدل به‌شداریکردووه، ئاشنایه‌تی و هاوسۆزی بۆ هونه‌ری کوردی له نێو هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب سه‌ریهه‌ڵداوه، له ڕۆژنامه و گۆڤاره عه‌ره‌بییه‌کان گرنگیه‌کی زۆریان پێداوه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕامانه تاکو ئێستا میدیای کوردی و هونه‌رمه‌ندانی کورد، به شێوازێکی به‌رفراوان پشتوانی خۆیان بۆ ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده کورده ده‌رنه‌بڕیووه!! هه‌رچه‌نده ئه‌و خانمه له ده‌ستپێکی ڕێچکه‌ی هونه‌ری دایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک کوردێک و هاونیشتیمانیه‌ک هاوکار و پشتیوانی بکه‌ین، دوا ڕۆژێکی پڕشنگدار له‌به‌رده‌م ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده واڵا ده‌که‌ین، ئه‌ستێره‌ی هونه‌ری له ئاسمانی بزاڤی هونه‌ردا دروشاوه ده‌بێت، بۆیه وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی به ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو تاکێکی کوردستانیانی ده‌زانم هاوکاری و پشتیوانی له‌م کچه خانمه هونه‌رمه‌نده کورده بکه‌ین، به ناردنی کورته نامه‌یه‌ک بۆ ژماره 6 که تایبه‌ته به‌و خانمه به‌ردێک ده‌خه‌نه سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری کوردی، ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه هه‌وڵی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی په‌روازخان له‌و به‌رنامه هونه‌ریه عه‌ره‌بی یه، هه‌رچه‌نده ئێمه‌ی گه‌لی کورد چه‌ندان که‌ڵه هونه‌رمه‌ندامان هه‌یه له هه‌موو بواره‌کانی هونه‌ری کوردی که جێگای شانازی ئێمه‌ن، به‌ڵام له ڕێگای به‌شداریکردنی په‌روازخان له به‌رنامه‌ی عه‌ره‌ب ئایدل، به‌و هۆیه‌وه بۆته باڵوێزی گورانیبێژی کوردی له جیهانی عه‌ره‌بیدا، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌رکی هه‌موو لایه‌کمانه کار بۆ سه‌رخستن و به‌ده‌ستهێنانی نازناوی عه‌ره‌ب ئایدل بکه‌ین، بۆ کچه خانمی شۆخ و شه‌نگی کورد هونه‌رمه‌ند په‌رواز حوسێن، بۆیه دووباره‌ی ده‌که‌ینه‌وه ده‌نگدان به په‌رواز ده‌نگدانه به نیشتیمان ده‌نگدانه به کوردستان..
چاوه‌ڕێی هه‌وڵ و هیمه‌تی هه‌مووتانین
تێبینی/ به‌ڕێزان.. من له سۆنگه‌ی دڵسۆزی و په‌رۆشیم بۆ ناوی کورد و کوردستان له به‌رنامه جیهانیه‌کاندا و په‌رۆشیم بۆ به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌کردن و ناودارکردنی هونه‌ری کوردی، به ئه‌رکی خۆمم زانی، ئه‌و چه‌ند دێره بنوسم و ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی بکه‌م، له دوور و نزیک ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌وخانمه هونه‌رمه‌نده نی یه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی کچێکی کورده و منیش له ڕوانگه‌ی کوردایه‌تیه‌وه به ئه‌رکی نیشتمانی خۆمم زانیووه..
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای