Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
بەختیار عەلى ئەو نووسەرەى کە توڕەدەبێ بیرى دەچێتەوە نووسەرە

بەختیار عەلى ئەو نووسەرەى کە توڕەدەبێ بیرى دەچێتەوە نووسەرە

Closed
by July 8, 2013 گشتی

 

 

 

لەوساتەوەى دەستمداوەتە خوێندنەوە, بەختیار عەلى یەکێک بووە لەو نووسەرە کوردانەى, کە هەمیشە ویستوومە بیخوێنمەوە, بەردەوام بەتاسەوە چووم بەرەو پیرى بەرهەمەکانى, هەمیشە بۆم گرنگ بووە, وەک خوێنەرێکى سەرەتایى ئاگەدارى ئەو تێکستانەبم, کە کاک بەختیار بڵاویاندەکاتەوە, هەم لە بوارى فیکر و هەمیش لە بوارى ئەدەبدا.

بەڵام ئەوەى بووە بەجێگەى سەرنج لام دەربارەى بەختیار عەلى لە ١٧ى شووبات بەدواوە بۆ فریاکەوتنى خۆى و لەدەست نەچوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە خوێنەرانى و بەرگرتن لە شکستى  فرۆشى کەشتى فریشتەکان و بوون بەقووربانى ئەو بەرهەمە گرنگەى, دەستى دایە خاپوورکردنى بڕێکى زۆرى ڕۆشنبیران, کە ئەو تێگەیشتنى وەهایە ئەو نووسەرانە خوێنەر لە بەرهەمە ئەدەبییەکان دەتۆرێنن و لەگەڵ بابەتگەلى دیکەدا ڕایدەهێنن, بەرپاکردنى جەنگى بەختیار بەچەشنێک بوو, لە کاتى قەیرانەکاندا لە برى لێکدانەوەى رووداوە سیاسییەکان. یان کلتووریەکان, یان ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان, دەچوو خۆى سەرقاڵ دەکرد بە بۆمبارانکردنى ڕۆشنبیرە ئەکتیڤ و کاراکان, ئەمەشى  لەپێناو پەکخستن و ناکاراکردنیان و دروستکردنى جۆرێک لە پاڵەپەستۆ لەسەر ئەو ڕۆشنبیرانە درووست دەکرد, بەچەشنێک هەوڵى سەرقاڵکردنى ڕۆشنبیرانى دەدا بۆ خزاندنیان بۆ ناو جەدەلێک, نەوەک هەر پێویست نەبوو, بەڵکو شتێکى زیادە و دروستکراوى خۆی بوو, بەدیوى ئەودیویشیدا جۆرێک بووە لە خۆدزینەوە لە خستنەڕووى دیدوو بۆچوونەکانى لەمەڕ ئەو قەیرانانەى ڕوویان دەدا لەهەرێمى کوردستان, بۆ خۆ قوتارکردن و پەڕینەوە لەو هەراو زەنایە  ئەو دەهات و گەمەیەکى ناجۆرى دیکەى دەسازان, جارێک باسى حەماسەتى ڕۆشنبیر و کەڕەتێکى دى باسى شۆڕش و زمانەکانى و شۆڕش و وەزیفەى ڕۆشنبیرى دەکرد هەتا دوایى. لەپاش رووداوەکانى ١٧ى شووبات و ڕۆژانى دوایى, بەختیار گەورەترین شەڕى بووە بە ڕەخنەگرتنى لە بەرهەمى ڕۆشنبیران و تەفسیرى بۆیان ئەوەبوو, کە  ڕۆشنبیرى بێ دیدوو چەق بەستووزاڵە لەکوردستان لە ڕووى گەشەى مەعریفییەوە, گەرچى ئەوەى کەمێک ئاگەدارى بەرهەمى نووسەرانى گرووپى ڕەهەند بێ, باش ئەو ڕاستیەى بۆ ڕووندەبێتەوە, کە بەختیار بەگژ کێدا دەچێتەوە و شیوەنەکەشى لە پێناوچیدایە. هەڵبەت ئەم جەنگەشى وەک پاساو هێنانەوەیە بۆ بێ هەڵوێستى و بێدەنگبوونگ بوونى لەکات روودانى ڕووداوە سیاسییەکان و گەورەبوونى ناڕەزایەتییەکان. ئەو لە دۆخە هەستیارەکاندا و وەک خۆى گوتەنى خۆپاراستنى لەوەى بکەوێتە نێو تۆڕى جاڵجۆڵەکە ئاساى هێزە سیاسییەکانەوە. بەهەرحاڵ ئەوەى کاک بەختیار دەستى داوەتێ ڕاگەیاندنى “قودرەتى تاک جەمسەرى رۆشنبیرییە”, ئەگەر لە ساڵانى پێشوودا بەختیار وەک پاڵەوانى نێو گرووپێک سینگى دەرپەڕاندووبێ, ئەوا ئێستا تووشى جۆرێک لە خۆبەزلزانى و بۆ بە گەورە زانى بووە لەڕووى مەعریفییەوە, هاوکات ڕۆشنبیرانى  دەوروپشتیشى وەک بەجێماو  ئاوەزلە کارخراو پێناسە دەکات, ئەمەش سەرەتایەکە بۆ بەگژاچوونەوەى ڕۆشنبیرانى دیکە, وەک توێژێکى گیرخواردوو لە زەمەنێکدا, ئەو ڕۆشنبیرەکانى هاوزەمەنى وەک توێژێک وێنادەکات, کە ناتوانن لە  دەرەوەى چوارچێوەى جەدەلى سیاسیى هیچ بەرهەم بهێنن و ناتوانن بەبێ سیاسەت هیچى دیکە بخوێننەوە, ئەم نەرجەسیەتەى, کە لاى کاک بەختیار زاڵە, بووە بە جێگەى شانازى و لەڕێگەى نووسینە چەندان بەشەکەى لە هەفتەنامەى  ئاوێنە بەناونیشانى ( جوانییەکانى ناڕێکى), سەرقاڵى ڕێگە  خۆشکردنە بەڕەوایەتیدان بە خۆ ویستى و خودپەرستى و خود ئەڤینى,  ئەو  بووە بەداکۆکیکەرى ڕاستەقینەى ئەم خۆویستییە لەدیدى خۆى, هەڵبەت ئیشیىشى  بۆدەکات دەکات لەڕێگەى نووسینى تیۆرییەوە, تاوەکو بڕێک لە ڕەوایەتیدان بەخۆى بدات, کە تێزەکانى چۆناوچۆن ئامانج دەپێکن. خۆبەهەمووشتزانى بەختیار کارێکى کردووە, کە دەرگا بەسەر تەکەبوورى مەعریفى خۆیدا دەخاتە سەر گازەرەى پشت و پێیوایە شاگوتار و شا بەرهەمى ئەدەبى “بە پێنووسەکەى ئەو نەنووسرا ئیدى ناچێتە سەر پەڕەى کاغەز”. بەهەرحاڵ ئەوەى پاڵنەرى ئەم نووسینەم بوو وەڵامێکى کاک بەختیارعەلى بوو, وەک وەڵامدانەوەى, وەڵامێکى سیروان عەبدوول بۆنووسینێکى کاک بەختیار عەلى, بەناونیشانى “کێن ئەوانەى زوو زوو تووشى شۆک دەبن” , وەڵامەکەى کاک بەختیار هیچ نەبوو جگە لە عەمبارێک جنێوى سوک و سارد و قێزرا و بێزراو, هێندە ناچیزە و قێزەون هاتبووە دەنگ, کە هەستت نەدەکرد ئەم نووسەرە خاوەن چەندان تێکستى بایەخدارە, گومانت بۆ درووست دەبوو, داخۆ ئەوەى نووسراوە بەرهەمى ڕووناکبیرێکى دیارى کوردە؟! هاوڕێ خوێنەرەکانم زۆر باسى جنێوفرۆشى و تۆمەت دروستکردن و دان لە ئەخلاقى نووسەرانیان بۆکردووم لەلایەن “بەختیار عەلی”یەوە, بەڵام  من هەمیشە وەک پارێزەرێکى دۆگماى ئەو نووسەر هاتوومەتە دەنگ پشتگیریمکردووە و پێموابووە تۆمەت بۆ بەختیار هەڵدەبەسترێت. ئەوکات قسەکانى ئەوان دەربارەى جنێو فرۆشى بەختیار وەک ستەمێکى ناڕەوام دەزانى دەرهەق بەو نووسەرەى, کە بیرم نایەت هەرگیز بازم بەسەر نووسینێکیدا دابێ, ئەفسووس ئەم ئێوارەیە بە دیار نووسینێکى پڕ لە جنێو و تەشهر بەسیروان عەبدوول لەلایەن بەخیارەوە بووم, کە هیچ نییە جگە  جوێننامە, زمانێک بەڕادەى بێزراوبوون تووشى هێڵنجدانى دەکردم, بەڕادەى زکچوون بێزم لە ناوەرۆکى نووسینەکەى دەکردەوە. ئەز تێناگەم لە چ کونج و کەلەبەرێکى ئەم دوونیایەدا پێنووس بەدەستى وەها و نووسەرى وەها دەست دەکەوێت؟ نووسەرى گەورەى کام گەڵ بەوشێوە دڵرەقانەیە دەچێت بەگژ کەسێکدا, کە هەموو گوناهێکى ئەوەبووە, ڕەخنەى  نووسینێکى پەرتوو بڵاوی ئەوی کردووە؟ ئاخر نووسینەکەى بەختیار ژمارەى جنێوەکانى, ژمارەى قسە ساردوو سوکەکانى هەم لە هەیبەتى خۆى کەمکردووەتەوە و هەم مانایەکى ئەوتۆشى بۆ ناوەرۆکى نووسین و وەڵامەکەى خۆیشى نەهێشتووەتەوە. هەرکەس ئەو نووسینەى بەختیار بخوێنێتەوە, ئەوکات  تێدەگات بەختیار چەندە تووشى تەنگەنەفەسى قەبووڵکردنى ڕەخنە بووەتەوە, تێدەگات بەختیار ئەو نووسەرەى ڕاهێنراوە بەستیایش لەڕێگەى ستایش کارانەوە, چەند لاوازە لەئاست   وەڵامى کەسێک, یان نووسینى کەسێکدا., کە نە زووڵمە و نەڕێگە لێگیراوە لە دوونیاى ڕۆشنبیریدا ڕەخنە لەیەکدیگرتن.

ئەحمەد سەنگاوى 
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.