Skip to Content

Sunday, April 28th, 2024
پەرلەمان لە نێوان یاسادانان و چاودێریدا … عادل عزیز

پەرلەمان لە نێوان یاسادانان و چاودێریدا … عادل عزیز

Closed
by August 5, 2013 گشتی

 

 

 

 

پەرلەمان ئەو ناوەندە گرنگەیە کە بە سەنتەرى دروستکردنى یاساکان دێت و ناوەندێکە کە بە نوێنەرایەتى پاڵێوراوەکانى هاوڵاتى بڕیار لەسەر چارەنوسى هەر تاکێک دەدرێت لە چوارچێوەى ئەو یاسایانەى کە پەسەند دەکرێن بە پێکەوە گرێدان بە دەسەڵاتەکانى ترەوە ، خۆ ئەگەر چوار دەسەڵات (یاسادانان ، جێبەجێکردن ،دادوەرى ، میدیاکان ) هەبن و هەر دەسەڵاتێک بە یاسا سنورى دەسەڵاتەکانى دیارى کرا بێت و ئەرکەکانى بزانرێت ئەوا پەرلەمان دوو کارى گرنگى هەیە (یاسادانان و چاودێرى کردن ) ئەم دەسەڵاتانەش بە پێ ى سستمى هەر وڵاتێک دەگۆڕێت کە تا چەندێ دەتوانێت کارەکانى بکات ، لێرەوە لە کوردستانى باشوردا تا ئێستاش نەتوانراوە سستمێک بەرهەمبهێنرێت کە مرجعى سەرەکى پەرلەمان بێت و بتوانێت لە ڕوى کردارییەوە ئەرکەکانى جێ بە جێ بکات چونکە تا ئێستاش لە باشوردا سستم سەرۆکایەتیە و نەتوانراوە بگۆڕێت بۆ پەرلەمانى بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتى باڵا دەکەوێتە دەست سەرۆکى هەرێم کە بە پێ ى ڕەشنوسى دەستور سەرۆکى هەرێم خاوەنى کۆمەڵێک دەسەڵاتە کە بەرزترە لە دەسەڵاتى پەرلەمان ( مادەکانى60+65) کە سەرۆکى هەرێم دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و واژۆ لەسەر یاساکانى پەرلەمان بکات بەدەر لە دەسەڵاتە بەرفراوانەکانى ترى وەک دادوەرى و مەرسوم و بارى نائاسایى ،…هتد ، خۆ ئەگەر بتوانرایە سستم بکرایەتە پەرلەمانى ئەوا دەسەڵاتەکان دەگوازرایەوە بۆ ناوەندى پەرلەمان و ئەو کات سەرۆکایەتى تەنها تەشیرفاتى دەبوو کە سستمى پەرلەمانى  بە پێ ى ئەزموون تەندروسترین سستمە ، هەر چەندە داواکاریەکى گەورە هەیە بۆ گۆڕینى سستمى سەرۆکایەتى بۆ پەرلەمان لە ناوەندەکانى شەقام و میدیایى و ئۆپۆزسیۆن بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە ، لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش کە ئایا پەرلەمان لەم ژینگە سیاسى و لە ناو ئەم جۆرە لە سستم و ئەم ئیدارانەى پارتى و یەکێتیدا تا چەندێ توانیویەتى دەسەڵاتەکانى بەکار بهێنێ ..؟

ئێستاى باشور درێژکراوەى دۆخێکى چەقبەستوى کۆنکرێتیە کە ماوەى 22 ساڵە بەردەوامە کە بە جۆرێک دەسەڵاتى دوو ئیدارەیى و زۆنى زەرد و زۆنى سەوز جۆرە هەژمونێکى حیزبیانەیە کە دەکاتە ئەوەى بڵێین دەسەڵاتەکان لە ناوەندە حیزبیەکانەوە شۆڕدەبێتەوە بە جۆرێک دەسەڵاتەکانى تر( جگە لە هەندێ لایەنى سەرەتایى ) لە مەکتەب سیاسیەکانەوە دێنە خوارێ ، کارەساتەکە لێرەدایە کاتێک پەرلەمانتارێک لەسەر لیستى حیزبێک دەچێتە پەرلەمان هێندەى پابەندى بەرژەوەندى مەکتەب سیاسیەکانە هێندە پابەند نیە بەو دروشمانەى کە بە هاوڵاتیانى داوە کە بوەتە جۆرێک لە پەیماننامە لە نێوان هاوڵاتى و کاندیدەکاندا کە ئەمەش بوتە هۆکارێکى گرنگ کە پەرلەمان وەک پێویست نەتوانێ دەسەڵاتى دووەمى بەکاربهێنێ کە چاودێرى ئەو یاسایانەیە کە دەرکراون کە بتوانێت بە دواداچونى بۆ بکات کە ئایا تا چەندێ لە لایەن دەسەڵاتى جێ بەجێکردنەوە کە حکومەتە جێ بەجێ کراوە ئەگەر یاسا دەرکردن بەشێک بێت لە ئەرکى پەلەمان ئەوا بەشى دووەمى چاودێرى کردنە بەڵام لە سایەى دۆخى باڵادەستى حیزب (پارتى و یەکێتى و مەکتەب سیاسیەکانیان ) پەرلەمانتارەکان و لیژنەکانى ناو پەرلەمان نەیانتوانیوە چاودێرى حکومەت بکرێت هەرچەند پەرلەمانتارەکانى ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت پەرلەمانتارەکانى بزوتنەوەى گۆڕان جۆرە مۆدێلیکى نوێیان دروست کرد کە بتوانرێت پەرلەمان لە کارتۆنى بونەوە بکرێتە پەرلەمانى هەقیقى توانیان ئەو سەرەتایە دروست بکەن پەرلەمان بتوانێت نوێنەرى هەقیقى دەنگدەران بێت  .. یەکێک لە لایەنە گرنگەکانى چاودێرى کردن چاودێرى کردنى داهاتى گشتی و ڕوو بەڕوو بونەوەى ئەو گەندەڵیە مالى و ئیدارییە کە ئێستە هەیە بەڵام بە هۆى نا ڕونى لە داهات و خەرجیەکانەوە وە نەبونى ئامارێکى ڕاست سەبارەت بە داهاتەکان لە سایەى پارتى و یەکێتیدا و شاردنەوە و ساختە کردن لە ژمارەکاندا نەتوانراوە ئەو ژمارانە بخرێتە بەردەم هەر تاکێک تا بزانرێت داهات چەندە و چۆن خەرج دەکرێت کە ئەمەش وا دەکات کە ئەگەر خولى سێیەمى پەرلەمان بریتى بۆبێت لەو شەڕانەى کە ئەو یاسایانە دەربکرێت کە پەیوەستە بە ژیانى هەر تاکێک و ئاسایشى نەتەوەیییەوە ئەوا بۆ ئەم خولە کارى گرنگى پەرلەمان تەواو کردنى ئەو شەڕە دەبێت کە پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسۆن کردیان ئەویش (چاودێرى کردنە ) بە تایبەت ئەو یاسایانەى کە پێشتر دەرچون و جێ بە جێ نەکراون لە ناو یاساکانیشدا ئەو یاسایانەى کە گرنگ و ئەولەوێتیان هەیە .. بە جۆرێک ئەم خولەى ترى پەرلەمان کارەکانى تەواوکردنى کارەکانى ترى خولى پێشوتر دەبێت وە ئەرکێکى قورستر دەکەوێتە سەر شانى پەرلەمانتارەکان کە چۆن بتوانن ئەو بەڵینانەى بە تاکى دەنگدەریان داوە کارى لەسەر بکەن لە ڕوى کردار بونەوە . 

چاودێرى کردن دو لایەنى گرنگى هەیە :

1. ئەو یاسایانەى کە جێ بە جێ نەکراون : ئەگەر چى پەرلەمان لە 2009 وە تا ئێستا کۆمەڵیک یاساى دەرکردوە بەڵام زۆرێک لەو یاسایانە نەتوانراوە جێ بە جێ بکرێت ئەو ئەرکەش دیسانەوە دەکەوێتە ئەستۆى پەرلەمانتارانى ئەم خولەوە ئەگەر بتوانرێت لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگەکان بە جۆرێک بێت نەخشەى سیاسى هەرێم و ئامارەکان بگۆڕێت و پارتى یەکێتى نەتوانن زۆرینە بن ئەو کات ئاسانتر دەبێت کار لەسەر ئەو یاسایانە بکرێت کە جێ بە جێ نەکراون . 

2. چاودێرى کردنى حکومەت : ئەگەر پەرلەمانتار بە پێ ى تایبەتمەندێتى خۆى لە لیژنەکانى پەرلەماندا بە پێ ى یاسا بتوانێت چاودێرى حکومەت و داهاتى گشتى و خەرجیەکان بکات ئەوا بۆ ئەم خوڵەى تر دەبێت پێداگرى بکرێت لەوەى کە دەبێت داهاتەکان بە پێ ى پۆلێن کردن و ژمارەى ڕاست بخرێتە بەردەم پەرلەمان و لەوێوە کار بکرێت بۆ چاودێرى کردنێکى وردى کارەکانى حکومەت لە پەناى دەزگا چاودێرییەکانى تردا (چاودێرى دارایى ، چاودێرى بێ لایەن  )

کە دەکرێت بە پَیدا چونەوە بە یاساکانى ساڵانى پێشوتر و دیارى کردنى ئەو یاسایانەى کە جێ بە جێ نەکراون کار بکرێت بۆ جێ بەجێ کردنیان کە ئەمەش دەبێت کارى لەسەر بکرێت وە گەڕانەوە بۆ ئەو داهاتانەى کە ساڵانى پێشوو هەبوە بە پێ ى بەڵگەنامەى کۆنکرێتى و بە دواداچون بۆ بەهەدەردانى ئەو داهاتانە بکرێت و بخرێتە  بەردەم دادگاکان تا بڕیارى لەسەر بدرێت .

هەموو ئەمانە لەسایەى دۆخى باڵادەستى حیزبەوە توشى ئیفلیجى بووە کە دەکرێت خولى سێیەم هەوڵى فراکسۆنەکانى ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت فراکسۆنى گۆڕان وەک ئەو سەرەتایە ببینرێت کە بە گواستنەوەى ئەرکەکانیان ئەم خولەى داهاتو بخاتە بەردەم لێپرسراویتیەکى گەورەوە .

بەدەر لەمانە کارى پەرلەمانتارەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کارکردن دەبێت لەسەر ئەو دروشمانەى کە ئێستەو پیش 4 ساڵ دراوە و لەبەردەم ئەم جۆرە لە ئیدارەدا نەتوانراوە بکریتە یاساو جێ بە جێ بکریت دەبێت کارى لەسەر بکرێت بە تایبەت (موچەى کابانى ماڵ و مافى پەکەوتوان و موچەى هێزەکانى ناوخۆ و پێشمەرگە و بیمەى بیکارى و بیمەى تەندروستى و خویَندنکان و لەسەروى هەموشیانەوە گۆرێنى سستمى سەرۆکایەتى بە پەرلەمانى )

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.