وتوێژ له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌دی ساماڵ
پ: تکایه سه‌ره‌تا له کورته‌ی ژیان و کاره ئه‌ده‌بییه‌کانی خۆتان بۆ خوێنه‌رانمان بدوێن.
و: من له ساڵی 1372 یا 1373ی هه‌تاوییه‌وه ده‌ستم به نوسینی یه‌که‌م ئه‌زموونه‌کانی نووسینی خۆم کرد، هه‌ر له‌و سه‌روده‌مه‌شدا ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆکان دامه‌زرا و منیش به‌شداریم له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانیدا ده‌کرد و دواتر له گۆڤاره‌کانی سروه و ئاوێنه و زرێبار و ئه‌وانه‌دا نووسراوه‌کانم بڵاو ده‌کردنه‌وه تاکوو له ساڵی 1380ی هه‌تاویدا یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌شیعرم به ناوی (هه‌رهیچ، ته‌نیا…!) له ڕێگای ئینتشاراتی عابیدی تارانه‌وه به شێوه‌ی کتێب بڵاوکرده‌وه. هه‌ر ئه‌و ساڵه و هه‌ر له‌و ئینتشاراته وه‌رگێڕانی کۆمه‌ڵه شیعری (خولیاکانی ئه‌و باویلکه غه‌مگینه‌ی له باشووره‌وه هاتبوو)ی سه‌ید عه‌لی ساڵحیم بڵاو کرده‌وه. پاشان له ساڵی 1382دا دووه‌مین کۆمه‌ڵه شیعرم له ڕێگای نه‌شری (پیام امروز)ی تارانه‌وه به ناوی (تابووت) بڵاو کرده‌وه. ساڵی 2013 هه‌ر دوو کۆمه‌ڵه شیعره‌که‌م له توێی دیوانێکدا به ناوی (سه‌رپه‌ڕه‌کانی هیچ) له لایه‌ن یه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد ــ مه‌ڵبه‌ندی گشتییه‌وه له هه‌ولێر دووباره چاپ و له باشووری کوردستان بڵاو کرا‌وه. هه‌ر ساڵی 2013 کۆمه‌ڵه شیعره‌که‌ی سه‌ید عه‌لی ساڵحیش له لایه‌ن سه‌نته‌ری خه‌ونه‌وه له هه‌ولێر دووباره چاپ و له باشووری کوردستان بڵاو کرایه‌وه. تاکوو ئێستاش به‌رده‌وام له گۆڤار و بڵاوکراوه ئه‌ده‌بییه‌کاندا شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بیم بڵاو کردوونه‌وه……
پ: بارت لە وتەیەك‌دا دەڵێ”مەرگی نووسەر بۆتە هۆی درووستكردنی خوێنەر” و لە لایەكی‌ترەوە دەڵێ “ئەوەی لە دەق‌دا دەدوێ زمانە نەوەكوو نووسەر” هەر بەم پێیە ـ لە ئەدەبی كوردی‌دا تا چەن لە دەق‌دا بۆ درووستكردنی خوێنەر هەوڵ دراوە؟
و: “ئه‌وه‌ی ده‌دوێ زمانه نه‌ک نووسه‌ر” به بۆچوونی باڕت ئه‌م وته‌یه‌ی مالارمێ، یانی نووسه‌ر له قازانجی نووسراوه داده‌مرکێ و خوێنه‌ر به پێگه‌ی خۆی ده‌گا. باڕت له وتاری (مه‌رگی نووسه‌ر-دانه‌ر، نڤیسیار-)دا پتر ئه‌م بابه‌ته ڕوون ده‌کاته‌وه و له زاری زمانناسانه‌وه ده‌ڵێ: “نووسه‌ر ته‌نیا شایه‌ت و ڕاستێتیی نووسراوه‌یه و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به بابه‌ته‌وه هه‌یه زمانه نه‌ک که‌سایه‌تی”. یانی پاش ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر ده‌خرێته لاوه ئیتر نووسراوه به‌و شێوه‌یه‌یه وه‌به‌ر دێ که ده‌خوێندرێته‌وه و نووسه‌ر به‌رده‌وام ڕابردووی نووسراوه‌که‌ی خۆی نییه. به بۆچوونی باڕت “پاش نه‌مانی نووسه‌ر ئیتر گه‌ڕان به دوای سڕینه‌وه‌ی ڕاز و ڕه‌مزه‌کانی ده‌قدا کارێکی بێ بنه‌مایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک بکرێ به پێشه‌نگی ده‌قێک، واته ئاوه‌ڵکارێک به‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌دا سه‌پێنراوه”، یانی (مه‌دلوول)ێکی بێ ئه‌ملاولای لێ قوت کراوه‌ته‌وه و کۆتایی به نووسرانه‌وه‌ی نووسراوه هێنراوه. ئه‌م کاره به قازانجی ڕه‌خنه‌ش ده‌که‌وێته‌وه؛ چونکه له پاش ئه‌وه ئیتر ڕه‌خنه بۆ ئه‌رکی گرینگی هه‌ڵنانی ڕه‌مزی نووسه‌ر و ئه‌و شتانه‌ی خستوونییه‌ته به‌ر چاو؛ کۆمه‌ڵ، مێژوو، زه‌ین و… و ئه‌وانه، له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا ده‌گه‌ڕێ و هه‌ر که کاره‌که‌شی سه‌ری گرت و نهێنه‌کانی نووسه‌ری هه‌ڵنا، واته نووسه‌ری ڕووت کرده‌وه، ئیتر ئاڵای سه‌رکه‌وتن هه‌ڵده‌کا و ده‌بێ به هاوبه‌شی نووسه‌ر له فه‌رمانڕه‌وایی نووسراوه‌دا. به‌ڵام باڕت پێی وایه له چه‌ند لایه‌نیی نووسراوه‌دا پێکهاته‌ی نووسراوه ده‌توانێ له هه‌موو خاڵێک و له هه‌موو ئاستێک‌دا به‌رده‌وام بێ یا له ڕێسمه ده‌ر بچێ؛ وه‌کوو (گۆره‌وی) که ڕه‌نگه له هه‌موو شوێنێکه‌وه تاڵکێش ببێ. واته که‌شی نووسراوه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌وه نییه که دزه‌ی تێ بکه‌ی و مووی لێ ده‌رکێشی، بگره بۆ ئه‌وه‌یه که لێیه‌وه تێپه‌ڕ بی. به بۆچوونی باڕت چه‌ند لایه‌نیی نووسراوه له بابه‌تێکدا کۆ ده‌بێته‌وه که پێی ده‌گوترێ “خوێنه‌ر” نه‌ک “نووسه‌ر”؛ خوێنه‌ر، واته که‌سێک یا که‌شێکی هه‌موو ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵکۆڵراوه که نووسراوه‌یان لێ به‌دی دێ. ئه‌گه له‌به‌ر تیشکی ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌دا چاوێکی خێرا له ده‌رفه‌تێکی وه‌ک ئه‌م هه‌له‌ی ئێستادا به ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بگێڕین، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین بێ گومان ته‌نیا بۆچوونێکی ڕێژه‌یی‌یه و جێگای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی تایبه‌تیشی تێدا نابێته‌وه، هه‌ر بۆیه به گشتی ده‌ڵێم، ده‌کرێ به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌ده‌بی کوردی به‌وشێوه‌یه‌یه بخوێندرێته‌وه، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌شمان له‌بیر بێ که تاکوو ئێستا به‌شێکی به‌رچاوی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی دره‌وشانه‌وه‌ی کرده کلتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان بووه، نه‌ک کونجکۆڵی له که‌لێن و که‌له‌به‌ره‌کانی زماندا. تاکوو ئێستاش زۆر که‌س که باس له شیعری (هێمن) ده‌که‌ن، خۆقیتکردنه‌وه و فیز لێدانیان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که هێمن شاعیری قاره‌مانی شۆڕشگێڕی گه‌له، نه‌ک مه‌یلی هه‌ستکردن به خوێندنه‌وه‌ی شیعری هێمن له ته‌نیایی و به‌بێ حزووری پیرۆزی مامۆستا و ته‌نیا له که‌شی زمانیی شیعره‌کانیدا. بێگومان حه‌وله ڕووناک‌بیری و نیشتمانپه‌روه‌ری و شۆڕشگێڕانه‌کانی مامۆستا هێمن تاهه‌تایه پیرۆزن، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی شیعری هێمن ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته و له‌ده‌ره‌وه‌ی توانایی و جوانکارییه زمانییه‌کان غه‌درێکی گه‌وره‌یه له شیعری هێمن و له زمانی شیعری هێمن. هه‌رچه‌ند ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی خه‌ریکه ده‌چێته بواری تایبه‌تیی خۆیه‌وه و به‌ره به‌ره له لایه‌ن خوێنه‌ری ڕژدی کارای خۆیه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه.
پ: ئێوە كە وەك شاعیرێكی نوێخوازی سەردەم ناسراون چ جیاوازییەك لە نێوان ئەو ناوەڕۆكەی كە بە پێی فۆرمی نوێی نووسینتان دەردەكەوێ لەگەڵ ناوەڕۆكی شاعیرانی هاوچەرخ‌دا بەتایبەت شاعیرانی بەرەی نوێ بەدەستەوە دەدەن؟
و: من له دۆزینه‌وه‌ی فۆڕم و زمانی شیعرمدا سه‌ره‌ڕای دڵه‌ڕاوکه‌ی زمان، بیرم له‌وه‌ش کردۆته‌وه که پێویسته ئه‌و دڵه‌ڕاوکه زمانییه بتوانێ له نێو ده‌قدا هه‌ڵگری و توانایی گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆی و جێنشینیی هه‌بێ. بێ گومان زمان له نێو ده‌قدا(Language) له‌گه‌ڵ زمانی ژیان یا ژیانی زمان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قدا(Langue) زۆر جوداوازه. زمانی نێو ده‌قی شیعر، زمانی شاعیره(هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه شاعیر زمانی تایبه‌تی هه‌بێ!). زمانی شاعیر واته ئه‌و زمانه‌ی که پێش ده‌کارهاتنی له ده‌قدا، شته‌کانی له ئه‌ستۆی خۆی داڕنیوه و “شته‌کان”ی به ماناکانی خۆیانه‌وه له ده‌روه‌ی ده‌قدا به‌جێ هێشتووه و ئه‌وه‌ی که له نێو ده‌قی شیعردا هه‌یه ژیانی زمان و زمانی شیعره که مانای خۆی و که‌ڵکی خۆی هه‌یه و نابێ به مڵۆزمیش له‌به‌ر ده‌م مانا و ڕێزمانی زمان له ده‌ره‌وه‌ی شیعردا. ئه‌گه زمانی شیعر نه‌توانێ به جۆرێکی خۆکرد ڕیفڕێنس بدا به ده‌سته‌وه، له ڕیفڕێنسه ده‌ره‌کییه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه و له هه‌و دوو حاڵه‌تیشدا مانایه‌ک یا نێوه‌رۆکێک له نێو ده‌قدا هه‌بوونی هه‌یه که یا به‌رهه‌می زمانی شاعیره یا به‌رهه‌می ڕیئاڵخوازیی ئه‌وه. له شیعری هاوچه‌رخی کوردی‌دا، کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووم خوێندوونه‌وه، به‌ڵام هێندێک ئه‌زموونیشم خوێندوونه‌وه که واتا‌ی “گه‌ڕانه‌وه سه‌ر خۆی زمان”یان نه‌ک به مانای داماڵینی “شت” له ئه‌ستۆی زمانی شیعر، بگره به مانای داماڵینی مانا و ڕێزمان(گڕامێر)ی زمان لێ تێکچووه.
پ: لە ئەدەبی ئێمە‌دا بە گشتی شوێن پێی ئایدیا بە چ شێوەیەك دەبینن یا خود ئایدیا تا چەن ژیان و ژیاری وێژەی كوردی داگیر كردووە و خەساری پێدەگەیێنێ؟
و: ئه‌گه مه‌به‌ست له ئایدیا، بانگه‌شه‌ی جۆره هزرێکی چێوه‌داری دیار بێ و له شیعردا بانگه‌شه‌ی بۆ بکرێ، بێ گومان نه ته‌نیا به شیعر، خه‌سار به ئازادییه‌کانی ژیانیش ده‌گه‌یه‌نێ. به‌ڵام ئه‌گه مه‌به‌ست له دنیا و ماناکانی دنیا و به‌شداری له به‌شێکی هزری مرۆڤ و ئه‌و که‌سه‌دا بێ که شیعر ده‌نووسێ، واته به‌شێک له ناخی شاعیر و ئه‌وه‌ی له ده‌روونیدا هه‌یه و خوێنه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی شیعر و زمانی شاعیر پێیان ده‌گا، پێموانییه خه‌ساری به دواوه بێ. چونکه هه‌موو خودێک له‌گه‌ڵ خۆی و دژه‌کانی خۆیدا ده‌ژی، خۆی و ئه‌وه‌ی که خۆی نییه ده‌دوێنێ؛ وه‌کوو دیالۆگی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو هه‌بوونێک له‌گه‌ڵ ناخی خۆی. له ده‌ورانه جوداوازه‌کانی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، زۆر جاران دنیا و مانا و ویسته‌کانی دنیا و پاژه‌کانی هزری مرۆڤی کورد؛ وه‌کوو عیرفان و دینداری و نیشتمانپه‌روه‌ری و ته‌نانه‌ت ئایدیالۆژیا مۆدێڕنه سیاسییه‌کانی ناسیۆنالیستی و ماڕکسیستی و ئه‌وانه‌ش ده‌بینرێن، به‌ڵام به خۆشییه‌وه ده‌قی شیاوی سه‌رنج له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هه‌ن که سه‌ره‌ڕای به‌شدارییان له به‌شێکی هزری مرۆڤی کورددا، له ده‌ورانه جودا جوداکاندا، توانیویانه ڕه‌سانه‌یه‌تیی ئه‌ده‌بیی ده‌قی ئه‌ده‌بیش وه‌کوو هه‌بوونێکی زمانی-ئه‌ده‌بی بپارێزن و بوار بۆ خوێنه‌ر بهێڵنه‌وه که بتوانێ به‌بێ حزووری نووسه‌ر ده‌قێکی ئه‌ده‌بی بخوێنێته‌وه. له فنۆمۆنۆلۆژیای هۆسڕێلیدا “دنیا زمانی خوی هه‌یه.” منیش وه‌کوو شاعیر ئه‌وه‌ی لێ زیاد ده‌که‌م که “زمان دنیای خۆی هه‌یه.”
پ: چەن دەیەی ڕابردوودا شێعر بە چیها جۆرەی جیاواز ئەزموونی نوێی بە خۆیەوە بینیوە لەگەڵ ئەوەیكە تازەگەری پابەندی كات نییە و هەمیشە جووڵەی بەرەو داهاتوویە، كام یەك لەم ئەزموونە نوێیانە (چ وەك فۆرم، زمان و هتد) توانیویانە وەك تازەگەرییەكی سەركەوتوو خۆیان لە مێژووی ئەدەبی كوردی‌دا بچەسپێنن؟
و: بۆ باسکردن له ئه‌زموونه‌کانی نوێبوونه‌وه‌ی شیعری کوردی، به‌داخه‌وه من ته‌نیا ده‌توانم کورته ئامه‌ژه‌یه‌ک به ئه‌و ئه‌زموونه نوێیانه بکه‌م که له زاراوه‌ی سۆرانیی زمانی کوردی‌دا به‌تاقی کراونه‌ته‌وه و دیاره شتێکی سه‌یره و بێ هۆکاریش نییه که ئاگادارییه‌کی ئه‌وتۆم له‌سه‌ر ئه‌زموونی زاراوه‌کانی تری زمانی کوردی نییه. نوێبوونه‌وه‌ی شیعر به زاراوه‌ی سۆرانی له باشووری کوردستان به ناوی ”قوتابخانه‌ی گۆران”ه‌وه ناسراوه و ده‌قه‌کانی ئه‌و قوتابخانه‌یه کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاویان له سه‌ر زمان و فۆڕم و دنیا و ماناکانی ده‌قی ئه‌ده‌بی کوردی داناوه. له په‌لئاژۆکانی ئه‌و قوتابخانه شیعرییه‌دا دواتر ئه‌زموونه‌کانی ”ڕوانگه” و ”کفری” سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن که هه‌ر کامیان وێڕای وه‌به‌رهێنانی گه‌لێک ده‌قی ئه‌ده‌بی باش و به‌هێز، کاریگه‌ریی تایبه‌تییان له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بیی کوردی داناوه. پاشان ئه‌زموونی ”گرووپی پێشڕه‌و” که ئه‌م ئه‌زموونه‌ش ده‌قی شیاوی سه‌رنجی لێکه‌وتۆته‌وه. هه‌رچه‌ند دوای ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی باس کران شاعیرێک یا گرووپێکی تر به ”ناو” ڕێبازێکی تری ناودێر نه‌کردووه که‌چی نووسینی شیعری نوێ هه‌ر به‌رده‌وام بووه. به‌ڵام هیچکام له‌و ڕێبازانه و ئه‌زموونه‌کانی دوای ئه‌وانیش به جۆرێکی ڕێبازناسی(مێتۆدیک = شێوازناسی) و به‌و ته‌رزه‌ی لازمه نووسراوی تیۆری یا تیۆراندیان له‌سه‌ر نه‌نووسراوه. هێندێک وتار و کتێبی نرخاندن یا شیکاری و ڕاڤه‌یی و تاکوو ڕاده‌کیش ڕه‌خنه‌ی شیکارانه له‌سه‌ر نێوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و ڕێبازانه نووسراون به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی ڕێبازناسانه کار له‌سه‌ر ناساندنی جوداوازیی ڕێبازه‌کان یا نه‌کراوه یا هێنده ده‌گمه‌ن و که‌مه که که‌متر وه‌به‌ر چاوان ده‌که‌وێ. له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش نوێبوونه‌وه‌ی شیعری کوردی به زاراوه‌ی سۆرانی به ناوی ”سواره ئیلخانیزاده”وه ده‌ناسرێ. ئه‌و فۆڕمه تازه‌یه‌ی سواره و چه‌ند شاعیرێکی هاوچه‌رخ و هاوڕێی سواره شیعریان پێ نووسی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له هێندێک ڕه‌هه‌ندیی زمانییه‌وه کاریگه‌ریی له قوتابخانه‌ی گۆران و قوتابخانه‌ی موکریانیش وه‌رگرتووه، به‌ڵام له بواری فۆڕمه‌وه ده‌قاده‌ق گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌که‌ی نیما یوشیج، بناغه‌داڕێژی شیعری نوێی فارسییه. له‌م شێواز و فۆڕمه تازه‌یه‌دا چه‌ن شاعیرێک ئه‌زموونی زۆر جوان و به هێزیان وه‌به‌ر هێنا و بێگومان کاریگه‌ریشی له‌سه‌ر هێندێک ڕه‌هه‌ندی زمانیی شیعری کوردی له دوای خۆی به‌جێهێشت، به‌ڵام ئه‌و شاعیرانه‌ی وه‌ک فۆڕم و ڕێبازێکی شیعری داهێنانی خۆیان تێدا به‌تاقی کرده‌وه که‌م بوون. پاش ئه‌وه شاعیرانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ژێر کاریگه‌ریی ڕێبازه شیعرییه‌کانی باشووری کوردستاندا به تایبه‌ت ڕێبازی شیعریی ”ڕوانگه”، چه‌ندین ئه‌زموونی شیعریی جوانیان خوڵقاند، تاکوو سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی 70ی هه‌تاوی و دامه‌زرانی ئه‌نجومه‌نه ئه‌ده‌بییه‌کان و سه‌رهه‌ڵدان و له‌دایکبوونی به‌ره‌یه‌کی نوێی شاعیران که له ڕێگای خوێندنه‌وه‌ی کتێبخانه‌ی فارسییه‌وه هه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه تازه و جواداوازه‌کانی شیعری فارسی ناسیاو بوون و هه‌میش توانیان ده‌ستیان به ڕێبازه جۆراوجۆره‌کانی شیعری جیهان ڕابگا و بوێرن خۆ له قه‌ره‌ی تاقیکاریی جوداوازی نووسینی شیعر بده‌ن و ئه‌زموونه‌کانیشیان به چه‌ند ناوێکی وه‌کوو (داکار، جیاواز!!، شێت، نوێترخواز و…) ناودێر بکه‌ن. به‌داخه‌وه ئه‌مانیش به شێوه‌ی تیۆری و ڕێبازناسانه کارێکی به‌رچاو له‌سه‌ر ده‌قه‌کانیان نه‌کراوه، هه‌ر چه‌ند به جۆرێکی پچڕپچڕ یا بڵێین به گشتی هێندێک شتیان له‌باره‌وه نووسراوه. بێ گومان هه‌مووی ئه‌م ئه‌زموونانه کاریگه‌ریی تایبه‌تیی خۆیان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی شیعری کوردی هه‌بووه و هه‌شیانه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکه‌م که له‌م باسه‌دا نوێبوونه‌وه‌ی شیعرم ته‌نیا له بواری فۆڕم و پێکهاته‌وه باس کرد، ده‌نا له بواری نێوه‌رۆک و بابه‌ته مۆدێڕنه‌کانه‌وه، ئه‌و چه‌مکانه‌ی مانا و دنیای شیعری کوردی پێک دێنن له باشوور له شیعری حاجی قادری کۆییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و له خۆرهه‌ڵاتیش پێویسته له شیعری مه‌لا مارفی کۆکه و سه‌یفولقوزات(قوتابخانه‌ی موکریان)ه‌وه بخوێندرێنه‌وه.
پ: چ كات لە بەرهەمهێنانی شێعر‌دا زمان لە ئاستی ئامرازبوونی خۆی وەك ئەركێك كە بۆ پێوەندیگرتن دەیگێڕێ زێدەتر دەڕواو و دەتوانێ خۆی ببێتە ئامانج و بەم پێیە وشەكان لە ناو شێعر‌دا فیكر و ئەندێشە بەرهەم بێنن؟
و: زمان به‌بێ دنیای زمان ناتوانێ بچێته نێو شیعره‌وه. من که گوتم دنیای ده‌ره‌وه(که هه‌مان ئاستی ئامڕازبوونی زمانه وه‌ک ئه‌رکی پێوه‌ندیی نێوان دنیاکان و ماناکان) له ده‌ره‌وه به‌جێ ده‌مێنێ و ناچێته نێو شیعره‌وه مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو که شاعیر زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌و زمانه تایبه‌ته دنیای تایبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته نێو دنیای شیعره‌وه. کاری زمان له شیعردا یانی ئه‌مه؛ واته زمانێک له نێو زماندا. ئه‌و شاعیره‌ی که هێشتا پێناسه‌ی شیعری نییه و بێبه‌رییه له که‌سایه‌تیی زمانیی خۆی، نه ده‌توانێ و نه سه‌رکه‌وتووش ده‌بێ ئه‌گه زمانی کوردی به‌بێ ڕێزمانی زمانه‌که و به‌بێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆی و دنیا، به ناوی شیعره‌وه و به بیانووی ئه‌وه‌ی که ”مانا له شیعر ده‌سڕێته‌وه” ده‌کار بێنێ. ئه‌و واتا‌ی ”مانا سڕینه‌وه‌یه” وه‌ک تیۆرییه‌کی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌نده‌ی من لێی حاڵی بووبێتم، به مانای بێ ماناکردنی زمان نییه، بگره به مانای ئه‌وه‌یه که نێوه‌رۆکی شیعر له خودی پێکهاته‌ی شیعر ده‌که‌وێته‌وه، نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی شیعر. ئه‌مه‌ش به کوردی؛ ”حه‌ریفی خۆی ده‌وێ!” چ وه‌ک شاعیر و چ وه‌ک خوێنه‌ر؛ واته شاعیر-خوێنه‌ر پێویستییان به شاره‌زایی له زمانێکدا هه‌یه که هه‌م ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆی و هه‌م بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر جێنشینه‌کانی خۆی.
پ: چ شتێك بۆتە هۆی ئەوەیكە خوێنەرگەلی كورد پێش وەیكە خوێنەری ڕۆمانێكی سەركەوتوو یا خود دیوانێكی شێعری داهێنەرانە بن بەرەوڕووی كۆمەڵێك كتێبی شێعری كە بە زۆری لە ناو بازاری كتێبی كوردی‌دا دەبیندرێن، دەبنەوە چ لایەنێك لەم بەشە‌دا بەرپرسیارە؟
و: داهێنان له ئه‌ده‌بدا پێویستییه؛ پێویستی شتێکه و لۆسبوون و جڵفبوون شتێکی تره. ئه‌گه قسه‌که‌ی تۆ ڕاست بێ ئه‌وه شتێکی خراپه! ئه‌وه مانای وایه که پێویستیی خوێندرانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ده‌بی لۆس و جڵف بووه. به‌رپرسیاره‌که‌شی پێوسیتیی داهێنانی ئه‌ده‌بیاتێکه له سه‌ر چۆنییه‌تی ئه‌ده‌بیاتی پێویست. ڕۆڵان باڕت وته‌نی: ”نووسینی ئه‌ده‌بیاتێک له‌باره‌ی ئه‌ده‌بیاته‌وه”. واته ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌کاری، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیانه‌ی ئه‌ده‌بیات. بڕوانه ئه‌ده‌بی زاره‌کیی کوردی؛ کێ چاپی کردووه؟ کێ فرۆشتوویه‌تی؟ کێ کڕیویه‌تی؟ له بازاڕی گێڕانه‌وه‌ی زار به زاراندا، له هه‌وادا پارێزراوه، لاپه‌ڕه‌کانی هه‌وا چه‌ندن؟! زار به زار سینه‌کێش کرا‌وه و له پشووده‌ردانه‌وه‌دا به جۆرێکی تر گێڕدراوه‌ته‌وه. پێویسته که‌میی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌ده‌بی(ڕۆمانی سه‌رکه‌وتوو، دیوانه شیعری داهێنه‌ر) به نه‌فه‌سی ئه‌ده‌بی هه‌ڵمژرێ، له سینه‌ی ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌کاریدا سینه‌کێش بکرێ. کتێبه شیعره زۆر و زه‌وه‌نده‌کانیش چاره‌نووسیان له‌سه‌ر پشتی عاڕه‌بانه‌ی ورکه‌نانفرۆشێک یا مرده‌وه‌ژیفرۆشیک ده‌بڕێته‌وه، کیلۆی به‌هه‌ر چه‌ندی بقه‌بڵێ! چونکه ئه‌وانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی که هه‌ن، نیو ئه‌وه‌نده ناخوێندرێنه‌وه. به‌ڕاستی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌کاریی کوردی که‌من. ئه‌وانه‌ی هه‌شن یه‌ک دوو که‌سیان نه‌بێ، ئه‌وانی دی خۆیان نووسه‌ر و شاعیرن و هه‌ر ده‌قه‌کانی خۆیان و چه‌ند که‌سێکی ڕفێقی خۆیان ده‌خوێننه‌وه. تۆ چه‌ند نووسراوی ڕه‌خنه‌ییت له‌سه‌ر شیعری ڕه‌سووڵی سۆفی سوڵتانی خوێندۆته‌وه؟ ڕه‌سووڵ که‌م ده‌نووسێ، به‌ڵام به زمانێکی تایبه‌ت ده‌نووسێ، زمانێکی داهێنراوی تایبه‌ت له زمانێ ڕه‌سه‌نی کوردی‌دا. ئه‌وه‌ی عه‌رزم کردی زمانێک له زماندا. ماوه‌یه‌ک باسی (شیعری جیاواز!) ده‌کرا. ئاخر شیعر یا شیعره یا شیعر نییه. ئه‌گه‌ر شیعر بێ حه‌تمه‌ن جیاوازه، ئیتر جیاواز نابێته شێوازێکی شیعر نووسین. شیعری ڕه‌سووڵ که به نموونه باسم کرد جیاوازه، به‌ڵام جیاواز، شێوازی شیعرنووسینی ڕه‌سووڵ نییه. ئه‌م زاراوه‌ی (جیاواز)ه که وه‌کوو ڕێباز باسی ده‌کرا له ئه‌ده‌بی فارسییه‌وه ئاوقای شیعری کوردی بوو، به‌ڵام نه له ئه‌ده‌بی فارسی و نه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به جۆرێکی شێوازمه‌ند تیۆرییه‌کانی پێناسه نه‌کرا. تی.ئێس.ئێلیووت له نامیلکه‌ی(له‌باره‌ی شاعیرانی مێتافیزیکه‌وه، 1921)دا ده‌ڵێ: ”شارستانییه‌تی ئێمه جۆراوجۆری و لێڵییه‌کی گه‌وره‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌م جۆراجۆری و لێڵییه که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستیاریی پاڵاوته داده‌نێ، ده‌بێ ئاکامی جۆراوجۆر و دژوار و پێچه‌ڵاوپێچی لێ بکه‌وێته‌وه. شاعیر له‌م به‌ستێنه‌دا ده‌بێ زیاتر و زیاتر به‌ربڵاوتر و هێماییتر و ناڕاسته‌وخۆتر وه‌دیار بکه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بوو، زۆری بۆ زمان بێنێ و بیگێڕێته‌وه سه‌ر مانای خۆی.” به‌ڵام جاریوایه هه‌ر کاریگه‌ری وه‌رگرتن نییه، لاسایی کردنه‌وه‌یه، چونکه شته‌که ته‌رجه‌مه‌ش ناکرێ، مانا ده‌کرێته‌وه و ده‌قاوده‌ق تێکه‌ڵ ده‌بێ. هه‌ڵبه‌ت بارودۆخه‌که له باشووری کوردستان جودایه، له‌وێش ئه‌و به‌رهه‌مه فه‌لله‌ییانه زۆر و زه‌وه‌ندن، ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ی باشوور، زۆربه‌یان گێڕانه‌وه‌ی حاڵه‌تی ده‌روونیی چاونه‌زێری که‌مایه‌سیچه‌شتووی بابه‌تگه‌لێکن به ناوی ئیشق. ده‌کرێ ناویان لێ بنێی نامه‌ی ئاشقانه! ئه‌مانه خوێنه‌ری ڕێژه‌یی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام بێ گومان گاریگه‌ریی هونه‌ری و زمانیی ئه‌زموونه‌کانی ڕوانگه و کفری و گرووپی پێشڕه‌ویان نییه.
پ: بە ڕای ئێوە هۆنەری تەئویل و هێرمێنۆتیك تا چەن بۆ خۆڵقاندنی دووبارەی دەقێكی شێعری دەرەتای هەیە؟
و: خاڵی ده‌ستپێکی ڕاڤه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌بێ ئه‌و ڕووداوه زمانییه بێ که خودی ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌یئه‌زموێ. ئه‌زموون له پێکهاته‌ی خوێدا مێژوویی‌یه. ئه‌زموونی ده‌ق(ئه‌زموونی ڕووداوه زمانییه‌کانی ده‌ق یا هه‌نبانه‌ی شێوازی گشتیی ڕوانین و ده‌ربڕینی کلتووری) بنه‌مای یه‌کگرتوویی ده‌روونیی هه‌قیقه‌ت و ئه‌زموونی جوانیناسییه. که‌واته خوێندنه‌وه‌ی ڕاڤه‌کارانه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ده‌ستهێنانی زانستێکی چه‌مکدار نییه له ڕێگای دیتن یا بیرکردنه‌وه‌وه، بگره ”ئه‌زموون”ه، واته لێکاڵاکردنه‌وه‌ی جۆری ڕوانین و گوتنی مرۆڤی پێشتر. ئیتر ڕاڤه‌که‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستکاریی به‌رهه‌م بکا(به‌رهه‌م هه‌ر ده‌مێنێته‌وه) به جۆرێک ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی به‌رهه‌مه‌که‌وه و ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر دێ که هه‌رگیز ناتوانێ جارێکی تر له ڕێگای ئه‌زموونه‌وه ساکاریی له ده‌ستچووی خۆی به‌ده‌ست بێنێته‌وه. ئه‌م کرده‌یه‌ی ڕاڤه‌ی هێڕمێنۆتیکی له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا کرانه‌وه‌یه‌که به‌ره‌و حاشایه‌کی داهێنه‌رانه که تۆ له پرسیاره‌که‌تدا وه‌کوو خوڵقاندنه‌وه‌ی دووباره‌ی ده‌ق(شیعر) باسی ده‌که‌ی. ده‌ق وڵامێکه بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی که ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌کان گه‌ڵاڵه‌ی ده‌کا و شه‌رحی ده‌قیش به گوێره‌ی ئه‌زموونی نیشانه‌کانی ده‌ق و کۆی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی که به‌رده‌وام له گۆڕاندان، ئیمکانی خوێندنه‌وه یا دووباره نووسرانه‌وه‌ی ده‌ق له سه‌رده‌مانی جوداوازدا ده‌ڕه‌خسێنێ.
پ: سەرچاوەی ڕاڤەكردنی دەقێكی شێعری لە لایەن خوێنەرەوە بە چ ئاقارێكەوە بۆ نیشاندانی فرە دەنگی لە دەق‌دا دەرفەتی ڕوانینی هەیە؟ ئایا تەنیا لە دەلاقەی شێعرەوە بۆ ڕاڤەكردنی شێعر و دووبارە خوێندنەوەی شێعر ڕێ بپێوێ؟ یان خود بە هەموو لایەنەكانی زانستی هونەری‌دا، بێ سرنج‌دان بە بارودۆخی نووسەرــوەك ژیاننامە و تێفكرین وهتد ـ بۆ نووسینەوەی دووبارە دەق هەنگاو بێ؟
و: سه‌رچاوه‌ی ڕاڤه‌ی ده‌قی شیعری، هه‌ر ده‌قی شیعرییه. ناسینه‌وه‌ی ده‌نگه فره‌کانی نێو شیعر، واته چه‌ند لایه‌نیی مانای شیعر، نه‌ک فره مانایی له شیعردا کاری له دوودراوی خه‌یاڵی ده‌قه. چه‌ند لایه‌نیی مانایی له شیعردا نه‌ک هه‌ر شکی تێدا نییه، بگره حاشا هه‌ڵنه‌گریشه. چه‌ند لایه‌نیی مانایی له شیعردا به واتا‌ی ژینگه‌ی پێکه‌وه‌ژیانی ماناکان نییه، به‌ڵکوو جاده‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ماناکان و چه‌ند لایه‌نیی ماناکانی پێدا تێپه‌ڕ ببن. له وڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا له سه‌ر زاری ڕۆڵان باڕت گوتم که ”چه‌ند لایه‌نیی ده‌ق له خوێنه‌ردا کۆ ده‌بێته‌وه نه‌ک له نووسه‌ردا.” واته له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا ژین‌نامه و تێفکرین و…تادێی نووسه‌ر ناخوێندرێته‌وه، بگره ئه‌وه‌ی ده‌خوێندرێته‌وه خودی ده‌قه؛ مه‌گین له هێندێک ده‌قی ئاوارته‌ی وه‌کوو ده‌قه‌کانی ماڕسڵ پڕۆستدا که ژیانی خۆی کردووه به‌ده‌ق. لایه‌نه‌کانی زانستی هونه‌ریش بۆ ناسینه‌وه و هه‌ڵاواردنی جۆری ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌کار دێن و ته‌نیا له ڕێگای نیشانه‌کانی نێو ده‌قه‌وه ده‌کرێ له ده‌ق نزیک ببییه‌وه و بیئه‌زمووی یا بیئه‌زموویه‌وه.
پ: لەم بەشە‌دا پێمخۆشە هەندێ لە نووسینەكانی خۆتان بدوێن؛ و بەرانبەر بە بەرهەمەکانتان چ چاوەڕانێكتان لە كۆمەڵگای ئەدەبی هەیە ؟ چ شتێك پێویستە لە بارەیەوە تكایە بفەرموون.
و: نه‌ک هه‌ر نووسراوه‌کانی من، پێموایه هه‌موو نووسراوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی ده‌بێ وه‌کوو هه‌بوونێکی ئه‌ده‌بی بخوێندرێته‌وه، هه‌بوونی ئه‌ده‌بی له زماندا ده‌گوورێ، واته خوێنه‌ری ئه‌ده‌ب به تایبه‌ت له ”کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ده‌بی”دا یانی کۆمه‌ڵگه‌ی کارای خوێنه‌ری ئه‌ده‌بیات، پێویسته شاره‌زای زمان به گشتی بێ و بتوانێ زمانی تایبه‌تی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی به‌رده‌ستی بدۆزێته‌وه، ئه‌گه ده‌قه‌که‌ش نه‌یتوانی زمانێکی تایبه‌ت بدا به ده‌سته‌وه، ئه‌وه ده‌قێکی ئه‌ده‌بیی سه‌رکه‌وتوو نییه.