تاکتیک یان بێ ئومێدی ؟ … مەهدی خالید خەمبار
سروشتیە هەم کاندیدەکان و هەمیش بەرپرسە حکومی و حیزبیەکانی وڵاتی ئێمە لە پای زامنکردنی دەنگێکدا ، کوردستانت بۆ دەکاتە بەهەشت ، دەست لە بنەقاقای شێر گیر دەکات ، لە ڕاستیدا نە عەقڵ باری دەکات و نە لە مەنتیقیشدا یەکانگیر دەبن . من بۆ خۆم ئەم بەڵێنانە بە گفتەی ئەو مرۆڤانە دەچوێنم کە ( فول سەرخۆش دەبێ و بۆ ماوەیەک لەم دونیا پڕ لە جەنجاڵی و کێشەیە دوردەکەوێتەوە ) ! بەڵام پاش بە هۆش هاتنەوە کەسایەتیەکە و قسەکانی بە ڕێژەی ١٨٠ نمرە دەگۆڕێت ، بەڵێن و دروشمەکانی ئێمەش هێدە درۆی شاخدار لە خۆ دەگرن کە دواتر و دوای بەکۆتا هاتنی پرۆسەکە ئێدی کەسایەتیەکەمان ئۆتۆماتیکی دەگەڕێتەوە بارودۆخەکەی جاران و میلەت بۆی نابێت بە سێبەری دیواری ماڵەکەشیدا گوزەر بکات ( خۆشبەختانە لە وڵاتی ئێمەدا بە عیلمانی و ئاینیەوە وەکو یەک وان) نەبا حیزبێک شان بە سەر حیزبێکی تردا شانی شۆڕبکاتەوە !.
لێرەدا دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەر لێدوانەکەی بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا ( ئێمە وەک تاکتیک وتمان دەچینە دەسەڵاتەوە ، لە ڕاستیدا ناچینە دەسەڵاتەوە ) ! ئەری گەلو ئەوەی کەمێک لە ئەلف و بێی سیاسەتی خوێندبێت ، ئەو بەڵێنە زلەی کە لە سەروبەندی هەڵبژاردندا بە جەماوەر و و بزوتنەوەکەتان دا ( تاکتیکە یان بێئومێدی نەهاتنە دی خەونەکەتانە ؟؟؟ ) ئەگەر بە قەولی خۆیان ئەمە تاکتیک بوبێت ، کەواتە ئەم بەڕێزە بزوتنەوەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە و بەڵێنەکەشیان دەچێتە خانەی چاوبەستەکێیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو بە مەبەستی ختوکەدانی هەستی جەماوەر و فێڵکردن لێیان ؟!
من ئەم لێدوانە نە بە تاکتیکی دەزانم و هیچ لۆژیکێکیشی تێدا دەبینرێت جگە ( لە نائومێدی لەو هێڵکاری سەرکەوتنە خەیاڵیەی کە بۆ بزوتنەوەکەی بە تایبەت و ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی کێشابوی ) ، ئەمە جەوهەری بابەتەکەیە نەک تاکتیک !.
گۆڕان و لایەنەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن فاڵیان بۆ سەرکەوتنێکی وەهمی گرتبۆوە ، بەڵام دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان ، خۆیان و جەماوەرەکەشیان توشی نائومێدیەکی گەورە کرد ( کە بە نیاز بون بە هەر چوار لا حکومەتێکی خۆبەخۆیی دور لە سیبەری یەکێتی و پارتی دابمەزرێنن و لە سەر مێزە چوارگۆشەکە کێکە حەیاتەکە برابەش بەش بکەن ) . بەڵام دواتر دەرکەوت ( با لە شوێنەکەوە هات کە کەشتیەکەیان پێی خۆش نەبو ) !
ئەگەر وەک چاودێرێکی سیاسی لە دەرئەنجامەکان بڕوانرێ دەردەکەوێت کە ( ئۆپۆزیسیۆن ) دۆڕانی گەورەتر لە یەکێتی تۆمارکردوە ، ڕەنگە بپرسن چۆن ؟ ئۆپۆزیسیۆن بە سێ هێزە ئیسلامیە سیاسیەکە و لاینە عیلمانیکەیەوە کە دەکاتە چوار هێز و لایەن ، بەو هەمو هەوڵی ناشرینکردنی سیمای دەسەڵات لە پێش چاوی میلەت و بەگەرخستنی ماشینی ڕاگەیاندنێکی بەردەوام لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بە مەبەستی ختوکەدانی هەستی تاکی کورد و ڕەشکردنی دەسەڵات و داننەنانی خێر بەدەسەڵاتدا ، سەرباری ئەمانە هەموو نەیانتوانی بەڕەکە لە ژێر پێی یەکێتی و پارتی ( دوو حیزب ) دەربهێنن ، نەیانتوانی زامنی پێکهێنانی کابینەیەکی بێ پارتی و یەکێتی بن ! بۆ دڵدانەوەی جەماوەرەکەی ناچار بەم پینەکردنە بو
گومان هەڵناگرێت کە هۆکاری شکستی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا ، پشکی شێری بەر خودی هەوادارانی خۆی کەوتوە کە وەک تۆڵەیەک و سزایەک بە سەر حیزبەکەیاندا چەسپاندیان ، ئەوەش ناکاتە ئەوەی پشتیان لە یەکێتی کردبێت و یەکێتی بە فەتارەتدان و گورگانخوارد دابێت ، ( ئەو دەنگی ناڕەزاییەی کە لە لایەن دڵسۆزانیەوە ڕاشکاوانە دەردەبڕدرێن ، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەزا دیمکراسیەی ناو یەکێتی ، ئەگینا دەنگی ناڕەزایی و پەل پەلێنە لە ناو جوبگەکانی هەمو حیزبەکاندا بونی هەیە ، بەڵام بە هۆی خەساندنی بەشێکیانەوە ، هەست و خوستیان لە خۆیان بڕیوە ! ئەوانەشی وا بیر دەکەنەوە کە یەکێتی دوچاری گلان و داڕوخان هاتوە ( ئەوانە یاغنیشن و لە گوێی گادا خەویان لێ کەوتوە ) .
مام جەلال هەمیشە تەئکیدی لە سەر خەولێنەکەوتن بە سەر چەپکە گوڵی سەرکەوتنەکاندا دەکرد ، بەڵام ئێمە پشتێنیشمان لێکردەوە و دوچاری جۆرێک لە پەتای بوغرایی و لەخۆبایی بون هاتین !
بۆ یەکێتی و یەکێتیەکان ئەمە نە نسکۆیە و نە گلانە و نە کەسیش نان و پیازی پێوە بخوات و بە بچوک لێی بڕوانێت ، ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە با دەستنوێژ بگرن و ئەوسا باس لە ڕابردوی یەکێتی بکەن ، یەکێتی شەوەزەنگی هەرەس و گلانی دڕ پێدا ، یەکێتی لە هەناوی جەماوەرەوە هەڵقوڵاوە و بۆیەش لە پێناوی جەماوەریشدا دەیان و سەدان باجی گەورەی داوە و دەدات ! یەکێتی لە مەفرەزەی پەنجەکانی دەستەوە کەوتە سەرپێ و لەناوقەدەوە بڕایەوە بەڵام دەست بەرداری پەلاپیتەی تفەنگی داکۆکی کردن لە کورد و کوردستان نەبوو ! یەکێتی ئەمڕۆ هەم کلیلی چارەسەری کێشەکانە و هەم بێ یەکێتی نە عێراقی عەرەبی و نە کوردستانیش دەتوانێ باس لە هیچ چارەسەرێک بکات !
دوا وتەم بۆ سەرکردایەتی و یەکێتی و یەکێتیەکان بە عەقڵێکی سەردەمیانە و مۆدرێنەوە ڕوەو پیرۆزی خانوەقوڕەکان، وەلانانی بێ ئومێدی ، پشت بەستن بە جەماوەر و دەست لە نێو دەست یەک کردن ڕوەو جۆشدانەوەی تواناکان بەرەو هەڵبژاردنی پارێزگاکان و و دواتریش بەستنی پلینیۆم ( هیوادارم یەکێتی نەچێتە بن باری هیچ کاریگەریەکی ناوخۆیی و ئیقلیمیەوە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵات ) .