کۆکتێل … فەتاح حەسەن
لە دیواری زیندانی ( ئەبوغرێب) ەوە :-
بمخەنە کورە و دوژمن بمدا جۆش
ئەوجا، کوردستان
ناکەم فەرامۆش.
***
لەدەمی زیندانییەکی، قەسابخانەی( موسڵ) ەوە :-
تۆ بڕوانە
بەپەتی سێدارە رازییە
گەر، ملی بە پەت را نەگا
ئامادەیە
بەسەر پشتی، جەلادێکدا
بڵندی کەن.
بەو مەرجەی کە
گۆرانی لێ یاساغ نەکەن.
چەند ئاسودەن، مرۆڤەکان
کە بەدەم، گۆرانییەوە دەمرن.
***
نوسراوی سەر، قۆناغی بڕنەوێك :-
نەفرەت لەوەی لە شەڕی براکوژیدا، تەقەم پێدەکات
باخەوان، خەون
بە بەرهەمی
باخەکەیەوە دەبینێ
تینو، بە ئاو
دیل
بە ئازاد بوونی، لە زیندان
تۆی، پێشمەرگە
بە رزگاربوونی کوردستان.
***
کۆکتێل
لە وڵاتە مۆمیاکاندا
موبێلەیەك .. قاپێك ویسکی
گرانترە، لە بەنرخترین ( مایە )*
کە مرۆڤە
لەودەمەدا، کرێکاران،
بەرەو مەیدان خۆ کێش دەکەن
مەزراو کێڵگە،
چاوەڕوانی، جوتیار دەکەن.
رەنجبەرەکان،
خوێن، و ویسکی، تێکەڵ دەکەن.
مایە/ کورتکراوەی ( سەرمایە ) یە
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی