شکەست سەرەتایەک بۆ بەخواداچونەوە
٥ / خزمەت نەگەیاندنی یەکێتی وەک پێویست هەم بەو شار و ناوچانەی دەکەونە قەڵەمڕەوی خۆی و هەمیش بە چین و توێژە جیا جیاکانی کۆمەڵگا ( خوێندکاران ، ژنان ، کاسبکاران ، پێشەوەران ، جوتیاران ، گەنجان ، فەرمانبەران و وەرزشکاران ، کەمئەندامان و لادێنشینەکان هتد ) خانمانێکی زۆر لەوە دەگەن کە سۆشیال دیمکرات و فرەژنی ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانە! خۆشبەختانە یەکێتیەکان بەراورد بە حیزب و ڕێکخراوەکانیتر لە ڕیزی پێشەوەدایە ، لە ڕاستیدا دەبو بۆ نمونە ئیسلامیەکان بە حوکمی حەڵاڵی و ڕێگەپێدراوی فرەژنی لە لاین ئاینی ئیسلامەوە لە لوتکەبانایە نەک یەکێتیەک کە هەڵگری بیروباوەڕی سۆسیالییزم و یەکسانی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ! ژنان ڕوی گلەییەکانیان ئەوەندەی لە زۆنی سەوزە لە تیرۆر و توندوتیژی و کوشتنی خانمان ، نیو ئەوەندە لە زونی زەردی پارتی نیە ، بۆیە ئەرکی یەکێتیە زیاتر خزمەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکات و زیاتر و بە بێجیاوازی ڕوبەڕوی ئەو کەسانە ببێتەوە کە توندوتیژی لە دژی ژنان و خاتوان ئەنجام دەدەن .
٦ / زوربەی قوربانیانی ، شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کەوتونەتە ناوچەکانی زونی کەسکەوە ، ئەمانە پێویستیان بە ئاوەڕلێدانەوەی شایستە تر و باروبۆ و دڵ نەوایی زیاتر لەوەی پێشکەشیانکراوە هەبو ، بەداخەوە بەشێک لە ( مسکە دەستاڕەکان ، نەک موستەشار ، ئەمانە دەسکی ئەو دەستاڕە بون کە کوردیان دەهاڕی ) معزز و مکرم ڕۆژانە دین و دەچن و ئازاری ڕۆحیان دەدەن ، هەستیان دەڕوشێنن و زامەکانیان دەکولێننەوە . دەسەڵاتی یەکێتیش بەهۆی پابەند بون بە بڕیاری لێبوردنی گشتی بەرەی کوردستانی ئەو هەقە بە خۆی نادات تا لێپێچینەوەیان لە گەڵدا بکات ، لە ڕاستیدا ئەوە یەکێتی نیە بەتەنها ئەم بڕیارەی دابێت ، بەڵکو هەمو حیزبە کوردستانیەکان بە بێ جیاوازی خاوەنی ئەم بڕیارەن ، بەڵام لە ئێستادا جامی ئەم هەمو ڕقە بە یەکێتی دەڕێژرێت تۆڵە لە یەکێتی دەکرێتەوە ! زونی زەرد و دەسەڵاتی پارتی لەو ڕوەوە گوێیان لینج و بێ خەمن !هەروەها خاڵێکی تر کە وابەستە بە کۆی گشتمانەوە هەم نەتەوەیی و هەمیش ویژدانیە ، ئەویش پۆڵێنکردنی ( جاش و باش ، پێشمەرگە و خیانەتکار ، شەهیدی سەنگەر و نۆکەری داگیرکەر ) لە یەک لیستدا ! بەردەوامی ئەم ڕیزبەندیە هەم بۆتە مایەی نیگەرانی هەموو ویژدان زیندویەکی کورد و هەمیش توڕەیی و بێزاری ( کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی سەنگەر و نەمرانی زیندان و گرتوخانەکان و شەهیدانی سڤیل ، پێشمەرگە دێرینەکان و ڕێکخستنە دێرینەکان و وڵات پارێزان ) . پێویستە یەکێتی پاکسازی و چاکسازی لەم مەلەفانەدا بکات و ئەو توڕەیی و بێزاریەی خەڵکان بڕەوێنێتەوە و متمانە بنیات بنێتەوە .
٧ / لە دوای لە پڕ بڵاوبونەوەی هەواڵی توشبونی سکرتێری گشتی یەکێتی بە جەڵتەی مێشک ،وە بە هۆی بێمشوری لە ئامادەکاری پێشوەختە بۆ وەها پێشهاتێک ، کە نەدەبو حیزبێکی گەورە و بنکەفراوان و گەشبیری وەک یەکێتی خۆی بۆ ئەم ئەگەرە پێشوەختە ئامادە نەرکردبایە چونکە ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە ، ئەم خۆ ئامادەنەکردنە هەم مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی وە هەمیش کادیرو ئەندامانی ئاستەکانی خوارەوە و دۆستان و جەماوەر بە شێوەیەک توشی شۆک و شپرزەیی و سەرلێشێوان کرد و ناڕێکی ڕاپەڕاندنی ئەرک و فەرمانەکانی بەدوای خۆدا هێنا و فرە مینبەری و فرە ئاوازی عەقڵی سەرکردایەتی یەکێتی دوچاری داهەزان کرد و پردی پەیوەندیەکانی نێوان سەرەوە و خوارەوە درزی گەورەی تێکەوت و بەمەش کەسانێکی زۆر لە کادیران و ئەندامان یان ئەوەتا لە پای گوێ نەگرتن لێیان دەستیان لە کار کێشایەوە و یانیش وەک قاوغێک لە نێو ڕێکخستنەکاندا مانەونەتەوە .
٨ / لە ونبونی سەرۆک تاڵەبانیدا ، کە بێگومان وەک سەرکردەیەکی بە ئەزمونی سیاسی و پێشمەرگەیی و کەسایەتیەکی دیار و بەرچاو لە کوردستان و عێراق و هەرێمەکە و ئاستی نێو دەوڵەتیشدا پێگە و مەکانەتی بەرچاو و تایبەتی خۆی هەبوو ، هەروەها لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتیشدا لە هەموو مەیدانەکاندا ، مام جەلال ڕۆڵێکی ئێجگار سەرکەوتوی دەبینی لە ڕاپەڕاندن و ئاراستەکردندا ، لە بڕیاردانیذا بوێری زۆری پێوە دیاربو ، بزربونی ئەم عەقلە کاریزمایەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی زەمینەی لە بەردەم ڕکەبەرەکانی ناو سەرکردایەتی یەکێتی زیاتر خۆشکرد بۆ ئەوەی ئیتر توانا و کێشمەکێش و ناکۆکیەکانیان لە پێناو دەسەڵات لە سەر حیسابی یەکێتی یەکلا بکەنەوە ! بەمەش لە لایەک پەیام و ڕاسپاردەکەی مام جەلال لە ( پاراستنی یەکێتی و یەکڕیزی ناو یەکێتی ) بە تەواوی پێشێل کرا کە خەمێکی گەورەی هەموو ئەو یەکێتیانەیە کە وەک یەکێتی درێژە بە خەبات دەدەن ، لە لایەکی تریشەوە بونە خۆرەی ناو هەناوی حیزب و بەم جۆرە چارەنوسەیان گەیاند ( کە وەک دەروەزەکەر بەرخوردی لە گەڵدا بکرێ و خێری پێ دەکەن ) .
٩ / لە غیابی مام جەلالدا ، کشانەوە و پشتگوێخستنی ( ڕێکەوتننامەی دەباشانی لوتکەیی نێوان مام و کاک نەوشیروان ) ، چونکە تا ئێستاش بەلای زۆرێک لە یەکێتیەکانەوە ، گۆڕان بە بەشێک لە خۆیان دەزانرێت و گونجان لە تەکیاندا بە زەحمەت نابینرێت ، ئەو کەشو هەوا تەمومژاوی و بارگرژیە نادروستەی کە سیاسەتی هەڵەی ناو سەرکردایەتی هەردوو حیزب خوڵقاندویانە ، دەبێت بەکۆتا بێت و ماشینی ڕاگەیاندنی دژە یەک دەبێت لە کار بخرێت چونکە ئەگەر پێکەوەش هەڵ نەکرێ ، دەکرێت سەنگەری ناڕەوا لە دژی یەک نەگیرێت .
١٠ / هەر لە غیابی تاڵەبانیدا ، کورد دەڵێ ( ئەگەر سواربون بە عەیبێک هەژمارکرابێ ئەوا دابەزین بە دوو ) ، لە ٣٠ / حوزەیران سەرکردایەتی یەکێتی لە بڕیارێکی پەلە و سەیری دەقاودەق پێچەوانەی بڕیاری یەکەمیدا کە ئومێدبەخشی ( شلکردنەوەی پێچی پابەندبون بە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی ) بو ، کە ئەمجارە نەک هەر یەکێتیەکان ، بەڵکو دۆست و لایەنگرانیشی توشی بێزاری و توڕەیی و نیگەرانیکرد، کە لە ڕاستیدا نەدەبوو سەرکردایەتی یەکێتی بە تەنها خۆی بخاتە ژێر ئەو بارە قورسەوە ، بەڵکو هەموو هێزە کوردستانیەکان دەبو بەشداربن لەم بڕیارەدا ، ئەوکات ( توشی ئەم دوو دابەزینە سیاسیە و ئەم دوو عەیب ) نەدەهات. بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ دوو ساڵی تر بە تەنها لە لایەن یەکێتیەوە و بە تایبەتیش بەو وتەیەی ( کە گوایە جەنابی مام جەلال ئاگاداری بڕیارەکەیە و ڕەزامەندی لە سەرە ) ئەمە لە کاتێکدایە ، نە سەرکردایەتی یەکێتی و نە هیچ کەس و لایەنێک جگە لە دکتۆر نەجمەدین کەریم و هێرۆخان و کوڕەکانی کەمو زیاد لە بارەی ڕەوشی تەندروستی تاڵەبانیەوە نازانێ ( مەسەلەکە لە توندترین نهێنیدا ) خەفە کراوە ! ئەمەش یەکێکی تر بولەو هۆکارە جەوهەریانەی کە یەکێتی توشی ئەم شکستە کرد .
ئەم شاردنەوەی ( چارەنوسی مام ) بە تایبەتی لە کادیران و ئەندامان و هەوادارانی حیزب و لێدوانی جۆرا و جۆر لە بارەی چارەنوس و باری تەندروستیەوە ( کە زوبەیان لە گەڵ مەنتقدا پێچەوانەن ) ، بەمە پردی متمانەی نێوان سەرکردایەتی و قاعیدەی لە بەین بردوە و بەلای بەشێکی زۆری یەکێتیەکانەوە ئاشکراکردنی چارەنوسی سکرتێرەکەیان بەشیاوتر و دروستر دەزانن نەک شاردنەوەی بەم جۆرەی ئێستا ( کە بەشێک گومانی نەمانی لێ دەکەن ) .
١١ / خاڵێکی تر و هۆکارێکی تری داکشانی دەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ خەراپی ڕەفتار و هەلسوکەوت و مامەڵە کردنی بەشێک لە بەرپرسانی نابەرپرس و بێ توانای ناو یەکێتی لە دامودەزگا حیزبی و حکومیەکانی ئەو شار و شارۆچکە و وڵاتانەی کە تیاندا کاریان دەکرد و کار دەکەن ( بە تایبەت لە سەروبەندی دروستبونی گۆڕاندا ) ، بەمەش هەم خەڵکان و دۆستانی یەکێتی هەمیش ئەندامانی ڕێکخستنی ناو ڕێکخستن و ئۆرگانەکان دوچاری جۆرێک لە سستی و دورکەوتنەوە هاتن و شێرازەی پەیوەندی نێوان ناوەو و دەرەوەی وڵات دوچاری لێکترازانێکی کوشندە هات . کۆی هەمو ئەو هەوڵە بەرنامە بۆ داڕێژراوانە ڕژانە نێو شەپۆڵەکانی زیاتر ڕەشکردن و ناشرینکردنی سیمای یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی لە بەرچاوی شەقام و جەماوەری ناوچەکانی زونی سەوز .
هەرچەند پاش هێوربونەوەی بارودۆخەکە ، سەرکردایەتی یەکێتی درکی بەم لێکترازان و باڵاگەردانیە دروستبوەی دوای ( جیابونەوەی گۆڕان ) کرد ، بۆیە بڕیاری دوبارە خۆڕێکخسنەوە و بەگەڕخستنەوەی ڕێکخستنەکانی دایەوە ، دەستی کرد بە پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنە بۆ ئەم مەبەستە .
من لێرەدا تەنها ئاماژە بەو لیژنەیە دەکەم کە بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆنفرانسی ڕێکخستنەکانی دەرەوە پێکهێنرابوو ، کە بەداخەوە لە گەڵ ڕێزم بۆ ماندوبونی لیژنەکە ، بەڵام نەدەبوو وەها ئەرکێک بە کەسانێکی ماندو لە خەباتی شاخ و شاری کوردستان و کەم ئەزمون لە شێوازی کارکردن لە دەرەوەی وڵات بسپێردرێ ! شێوازی کارکردن و مامەڵەکردن لە نێوان خەڵکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە هەمو ڕویەکەوە جیاوازیەکی ئێجگار گەورە جیای کردونەتەوە ، ڕەنگە مامەڵەکردنی خەڵکانی دەرەوە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ناوەوە ، کەم ئەزمونی ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی سەرنەکەوتن هەروەکو ئەوەی کە توشی لیژنەی سەرپەرشتی کۆنفرانسی ڕێکخستن و کۆمیتەی وڵاتانی دەرەوە هات ، بە جێگای چارەسەرکردنی کێشەیەک ، دوو کێشەیتر سەری هەڵدەدا ( کارکردن بە نەفەسی بەرپرسیاێتی پێشمەرگانە لە چارەسەرکردنی کێشەی کەسانی تێکەڵ بو بە کەلتورێکی تازەی وڵاتانی بیانی و هەوڵدان بۆ بەزۆر هەزمکردنی بێگومان هەم سەرکەوتن یاوەری نابێت و هەمیش دەبێتە هۆی کردنەوەی دەلاقەی کێشەگەلێکی تر ) کە بەمەش خەرمانی خەڵکانی بێزار و دورکەوتو بەرزتر دەبێتەوە و جۆرێکی تر لە ململانێی نێوان یەکێتی و ئەم خەڵکانە دروست دەبێت و لە ئەنجامیشدا بە خشکەیی تۆڵە لە حیزبەکەیان دەکەنەوە .
١٢ / بایەخنەدان و پشگوێخستنی خەڵکانی یەکێتی لە دەرەوەی وڵات و ئامادەکاری نەکردن بۆ هاوکاریکردنیان تا بتوانن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشداری بکەن و بەوەش یەکێتی دەیتوانی چەند هەزاردەنگێکیتر مسۆگەر بکات، ڕەنگە بەلای یەکێتیەوە قورس بوبێت کە بوجەیەک بۆ گەڕانەوەی یەکێتیەکانی تاراوگە دابینبکات ! لە ڕاستیدا دەتوانرا بەشێک لە بڕە پارەیەی کە بۆ ئەو چەلەحانێ و شەوچەرا و بانگەشەی هەڵبژاردنەی بۆ ناوەوە تەرخانکرابو ، پشکێکی کەمتان بۆ دەرەوە تەرخانبکردایە و لە پای ئەوەشدا ژمارەیەک دەنگی ڕاستەقینەتان مسۆگەردەکرد . یەکێتی بەو شێواز و ڕەنگاندن و ناوبردنەی مام جەلال بەو چڕیە خۆی خستە ژێر ئەو پرسیارانەوە کە ئاراستەی حیزبە کلاسیک و تەقلیدیەکان دەکرێنەوە ، ناوبردنی مام جەلال و ئەو پیاهەڵگوتنە بەردەوامەی گۆرانیبێژان و بانگەشەکاران و کاندیدەکان ، ڕەنگە ئەگەر بە لای خەڵکانێکەوە وەک وەفایەک بۆ ئەو سەرکردە کاریزمایەی یەکێتی لێکبدرێتەوە ، بەلای دوو بەرامبەری ئەوانەوە بەوە دەخەمڵێنرا کە ئیتر مام جەلال لە ژیاندا نەماوە و بەم شێوەیە یەکێتی دەیەوێت بە بەرزی بیهێڵێتەوە و بەم شێوازە تازەیە دواماڵئاوایی لێ بکات !
١٣ / نەبونی دەنگی کەرکوکیەکان کە بە بڕبڕەی پشتی یەکێتی دەژمێردرێ لەم دەنگدانەو بە بەراورد بە دەنگدانەکانی ڕابردوی پەڕلەمانی عێراق و پارێزگاکان ، نەبونی دەنگە فریادڕەسەکەی یەکێتی کە ئاشکرا باڵانسی هێزی بەزیانی یەکێتی شکاندەوە ، ئەم هەڵبژاردنە دوا ویستگەی ژیانی یەکێتی و یەکێتیەکان نیە ، لە ئێستاشدا نە پارتی وەک دەسەڵات براوەی یەکەم و نە گۆڕان و ئۆپۆزیسێۆنیش بێ بەشداری یەکێتی دەتوانن کابینەی ( ٧ ) پێکبهێنن . بۆیە لە بەردەم یەکێتیدا ژمارەیەک بژاردە بە کراوەیی ماوەتەوە ! بۆ ڕڕاستکردنەوەی باڵانسی هێزەکەشی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوشی ، پێویستە لە ئێستاوە کار بۆ خۆئاشتکردنەوە لە گەڵ تەواوی کەرکوکیان بکات چونکە کەرکوک وەک چۆن پارتی هەولێر و دهۆک و گۆڕان سلێمانی ، یەکێتیش دەتوانێت بیکات چەقی قورسایی خۆی و لەوێوە هاوکێشەکان دەتوانێت بگۆڕێت .
m.zerdeshti@gmail.com
مەهدی خالید خەمبار