Skip to Content

Tuesday, May 21st, 2024
چەند سەرنجێک دەربارەی وتەکانی ڕابوون معروف

چەند سەرنجێک دەربارەی وتەکانی ڕابوون معروف

Closed
by October 13, 2013 گشتی

 

 

 

 

ڕابوون معروف پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان سەربە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر دیواری لاپەڕەی فەیسبوکی تایبەتی خۆی وتارێکی بڵاوکردۆتەوە بۆ دیفاع لە بزوتنەوەی گۆڕان و  ثەوابتەکانی ئاینی ئیسلام و بە شێوەیەکی هیستریک پەلاماری ئەو کەسانە دەدات کە ڕەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرن، 

ڕابوون دەڵێت: کەسانێك پەیدابون کە هیچ لە ئاین و ئیسلام شارەزا نین خۆیان لە جیاتی زانا و شارەزاکانی بواری ئاین و ئیسلام (ثوابت) ەکان دیاریدەکەن و ئینجا هێرش دەکەنە سەر ئاین. من لێرە بە بەڕێزیان دەڵێم: یەکەم تێگەیشتن لە ئەو کۆیلایەتیە کە دابو نەریتی ئاینی ئیسلام سەپاندویەتی بە سەر ئێمەی ژندا، پێویستی بە خوێندنی ئاکادیمی و قوڵ بوونەوە لە فەلسەفە نیە ئێمە بە درێژایی تەمەنمان بە ڕوح و جەستەمان ڕامانکێشاوە. ڕابون دەبێت دڵنیا بیت لەوەی کە ئەو قۆناغە تێپەڕ بووە کە مەلای گوندەکان هەمو خەڵکیان بە گەمژە و نەخوێنەوار دەزانی لە خۆیانەوە ئایات و حەدیسیان دروست دەکرد.  ١/ ئیسلاموو ثەوابتەکانی من بە کەم ئەقڵ و لاواز دادەنێت. ٢/ لە شاهیدی و میراتدا من و خوشکەکەم بەرامبەر بە برایەکم دادەندرێین. ٣/ ڕێگا بە هاوسەرەکەم دەدات لە هەمانکاتدا ژنێکی تریشی هەبێت. ٤/ لە سورەی نیساء ئایەتی ٣٢ دا دەڵێت الرجال قائیمون علی النساء، واتا پیاوان باڵادەستن بەسەر ژنانەوە. من خۆم بە لاوازە کەم ئەقڵ نازانم، ڕێگا نادەم لە هەمانکاتدا هاوسەرەکەم ژنێکی تری هەبێت، بە مافی خۆمی دەزانم کە وەک ئینسانێکی کامل شاهیدی بدەم وە هەقی میراتم هەبێت و ڕێگا نادەم هیچ کەس بەسەر من باڵادەست بێت بۆیە بۆمن ئەوەندە بەس کە نەتوانم ئیسلام قبوڵ کەم و پێویستم بەوە نییە کە زیاتر بزانم.

لە شوێنێکی تردا دەڵێت: 

خاڵێکی سەرنج راکێش لەم بابەتە ئەوەیە کە کەسانێك کە کاری سەرەکیان بازرگانی کردنە بە کێشەی ژنانەوە و لە بنەڕەتەوە کەمترین خەمی ژنانی کوردیان هەڵنەگرتوە (بۆ نمونە لە پاریس و شارەکانی ئەوروپا دەژین و بە پشتگیری سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانی پارتی موچەی بە ناحەق وەردەگرن -واتە لە گەندەڵیەوە گلاون- یان لە وڵاتەکانی ئەوروپا پاڵیان لێداوەتەوە و بە سۆشیال دەژین بەڵام دژی پرۆژەی گۆڕان سەبارەت بە موچە بۆ کابانی ماڵ دەنوسن -واتە دژی مافی سەرەتایی لەشکرێك ژنی کوردستانن .. تد.)

باس لە وەرگرتنی سۆشیال و لە گەندەڵی گلانەوە دەکات، من پێموانییە سۆشیال وەرگرتن تاوان بێت، من پێموایە بەڕێزیان لەم خاڵەدا تەوهین بەو کەسانە دەکات کە سۆشیال وەردەگرن، سۆشیال بۆ ئەوکەسانەیە کە بە هەر هۆیەکەوەبێت ئیشیان دەستناکەوێت یان ناتوانن کار بکەن و بۆ ماوەی کاتی یان بەردەوامی بژێوی ژیانی خۆیان پێ هەڵناسوڕێت، وەک سیستەمێکی هاوکاری یەکتری وایەو لە کاتێکدا من کاردەکەم و باج دەدەم کەسێک کە ناتوانێت کاربکات مانگانەیەک وەردەگرێت. بەڕای من زۆر ئاساییە کەسانێک هەن بەهۆی شەڕو ماڵوێرانی و ئەو هەمووە نەهامەتیەی کە توشی بوونە لە وڵاتەکانی خۆیان، لێرە ڕوبەڕوی کۆمەڵگایەکی تازە بونەتەوە نەتوانن کاربکەن و سۆشیال وەربگرن. بە ڕای من گەندەڵی ئەو بیرۆکەیەی ڕابوونە کە مافی سیاسی هاووڵاتی گرێ دەدات بە توانایی ئیشکردن و پێگەی ئابووری تاکەکانەوە. 

هەر لێرەدا تۆ مافی کۆمەڵێک ئینسان پێشێل دەکەیت کە بەهەر دەلیلێل بێت لە ئەوروپا دەژیەن و پێیان دەڵێیت چونکە لە کوردستان نین مافی قسەکردن و دەخالەتتان نییە، من لە ئەوروپا دەژیەم و بە مافی خۆمی دەزانم دەربارەی وەزعی ژنانی سعودیە، ئەفغانستان، پاکساتان…. قسەبکەم و ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانیان بگرم. یاخود لەسەر مافی کرێکارێکی بەنگلادێشیو باشوری ئەفریقا بێمە دەنگ و ئیعتراز بکەم. ئەوە نابێتە بەڵگە بۆ ڕەخنەگرتنمان لە گۆڕان و بەگژداچونەوەی سیاسەتەکانیان، وە تۆش ئەو مافەت نییە دەمی من داخەی چونکە لە کوردستان ناژیەم. وە هەروەها من پێموایە ژنانێکی کاراو خەمخۆر لە ئەوروپا زۆرن کە خەمیان مەسەلەی ژنانەو شەوو ڕۆژ لە ڕێگای جۆراو جۆرەوە خەباتی بۆ دەکەن.

سەبارەت بەبڕینەوەی موچە بۆ کابانی ماڵ کە تۆ بە لەشکرێک لە ژنانی وڵات دەیناسێنیت، من پێموایە ئەمە گەورەترین پڕۆژەیە بۆ بەستنەوەی ژنان لەناو چواردیواری ماڵداو گەشەنەکردنی کەسایەتیان ، لەبری ئەوە با ستراتیژیەتێک بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت زەمینەی کارو خوێندن بۆ ژنان فەراهم بکرێت و کاری شیاویان بۆ بدۆزرێتەوە ئەگەر لەژێر هەر بەهانەیەک ژنان نەیانتوانی کاربکەن ئەوە بیمەی بێکاریان وەک هەر بێکارێکی تر لە کوردستاندا پێبدرێت کە بڕێکی گونجاوو شیاو بێت و لەڕوی ئابوریەوە وابەستە بەکەس نەبن.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی ڕەخنە لە یەکیەتی و پارتی ناگیرێت من پێموایە ئەمە تەنها تۆمەتە چونکە ئەوە بەرجەستەیە کە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان هەمیشە سەبارەت بە خراپی بارودۆخی ژنان ڕوی دەمیان لە دەسەڵات بووەو بەردەوام دەسەڵاتیان بە بەرپرس زانیوە لە خراپی بارودۆخی ژنان و دەستگرتن بە کۆنەپەرستی و ئیسلام و ئیسلامی سیاسیەوە. بەڵام با ئیشارەتێکیش بەوە بدەم کە بەشێکی زۆر لە ڕۆشەنبیران و چالاکەوانی ژنان لەو هەڵوێستانەی کەسانی گۆڕان توشی شۆک بوونە لەبەر ئەوەی کە خۆشباوەڕبوون بە بزوتنەوەی گۆڕان و پێیان وابوو کە دەتوانێت کار بۆ چاککردنی بارودۆخی ژنان و بەدیهێنانی ئازادی تاک و گشتی دەکات. 

سەبارەت بە ئامادەکردنی پڕۆژەو پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان، واباشترە خۆت ئاوڕێک لە چەند ساڵی ڕابردوو بدەیتەوەو بزانی چەند داواکاری و پڕۆژە پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کراوەو هەرگیز وەڵام نەدراوەتەوە.

لاوژە جواد

١٢/١٠/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.