کێ لەپشت شکاندنی گڵکۆی شێرکۆ و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستیەوەیە!
تێگەیشتن لەوەی کێ لە پشت سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی و شکاندن و تێکدانی گڵکۆی شێرکۆ بێکەسی شاعیرە، زۆر سادەیە. لێکدانەوەی قوڵ و گەڕانی زۆری پێویست نییە. بە جیا لە هێزە کۆنەپارێزو ئیسلامیەکان، کە خاوەنی مێژویەکی لێوان لێون لە قەسابیکردنی ئازادیەکان و خواستەکانی ئینسان لە ئازادی و جوانی و شکۆفایی و هونەرو مۆسیقاو داهێنان و مافی تاک… هاوکات ئەوانەش لەجێگای شانازیکردنیان بەبەرگریان لە ئازادی و مافەکانی ئینسان، بەرگری لە سەوابیتی دینی دەکەن. یان گەمژەیەکەیان هێندەیە کەدەیانەوێت ناکۆکیە قوڵەکانی نێوان مافەکانی ئینسان و سەوابیتی دینی پاساوبدەن یان بشارنەوە. ئەوانەی لە جێگای شانازی کردنیان بەوەی رێگە نادەن یاسایەک لە پەرلەمان! تێپەڕیت ئەگەر ناکۆک بێت بە ئازادیەکان و مافەکانی ژنان، کەچی لە مەلای مۆڵەتپێدراو راسپێردراو زیاتر دژی ئازادی و مافەکانی ژنان دەوەستنەوە. ئەوانەی لە جێگای ئینسان، قوعان و حەدیس بەمەبناو سەرچاوەی یاساکان، دەزانن…تاد، دەستوری سەرچاوەگرتوو لە شەریعەت، بۆیان جێگای رەخنەو رامان نییە، ئەمانە هەموویان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ هۆزی پشت سوتاندنی پەیکەری عیشق و شکاندنی گڵکۆی شێرکۆی شاعیرن. ئەوانەی بەکردەوە هەوڵیانداوەو هەوڵدەدەن دین تیکەڵی هەموو بوارەکانی ژیاری و کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی و تاک و کۆی کۆمەڵگا بکەن…” ئەمانە مەلا و شیخی مزگەت و تەکیە بن، کۆنەپەرستی بازار یانی ئیسلامی سیاسی و ئەندام پەرلەمان و نوسەر” بن، ئەوانەی بە ئاشکرا رای دەگەیەنن کە ناهێڵن هیچ یاسایەک لە پەرلەمان! تێپەرێت ئەگەر دژی سەوابیتی دینی بێت، ئەمەش بەسادەیی یانی، رەتکرنەوەی شیعرو مۆسیقا، یانی خنکاندنی مافی تاک، یانی زیندانی کردنی ئازادی، یانی جیاکاری نێوان ژن و پیاو، یانی کوتەک کاری ژنان لەسەر نافەرمانی!! و سەرپێچیان!!، یانی دوو ژن بەرامبەر بەپیاوێک، یانی بێمافی و سەرکوت، یانی جەنگ لە دژی ئازادی، یانی یاساغکردنی خۆشەویستی، یانی نا بۆ شیعرو هونەر و…تاد، بۆیە ئەم خێڵە لە کۆنەپەرستانی ناو کۆمەڵگا لەپشت سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستیەوەن، لە پشت شکاندن و شێواندنی کڵگۆی شێرکۆی شاعیرن… بۆئەوەی گڵکۆی شاعیرەکان و هونەرمەندەکان، شیعرو و هونەرو توێژینەوە، جوانی و ئیرادەی سەربەخۆی مرۆیی. بۆ ئەوەی باغی رازاوەی پر خۆشەویستی، بۆ ئەوەی ئازادی و ژن دۆستی و مافی مناڵان، ئازادی و یاسای سەردەمی، پەروەردەو خوێندنی شارستانی و تەندروست… هەبێت. پێش مەرجەکەی ئەوەیە ئەم خێڵە لە کۆنەپەرستانی ناو کۆمەڵگا بێدەنگ بکرێن. ئەمانە بۆ دڵسۆزی نیشاندانیان بۆ سەوابتی دینی، بۆ دنیای خوڵقێندروای ناو دینەکان… دەتوانن و ئازادن لە سوچێ مزگەوتێک، تەکیەو خانەقایەک یان لە ماڵی خۆیاندا، لەگەڵ خودای خۆیاندا، بپەیڤن و بدوێن و بپاڕێنەوە… بەڵام مافیان نییەو نابێ رێگەیان پێبدرێت جوانیەکانی کۆمەڵگا، ویستی ئازادی ئینسان، شکۆی ئینسانی… بخەنە بەردەم هەرەشەو شەوەزەنگی تاریکی. گڵکۆی شکێنراوی شێرکۆی شاعیرو پەیکەری خۆشەویستی سوتێنراو، تا قەسابیکردنی رۆژانەی ژنان و ئازادی و مافی ئینسان و سیما جوان درەوشاوەکانی کۆمەڵگا، هاوار دەکەن… کێ دژیانە، کێ چاوی بە بینینیان هەڵنایەت، کێ وای بەسەر هێناون. ئەمانە لەپشت ئەو کردەوانەن. زێدەرۆی نییە، بە دەنگی بەرز دەڵێم بەشێک لەم هۆزە دژی ئازادیە لە کۆبونەوەی ئیدانەی ئەم رەفتارە قێزەونە دژی ئازادیانەدا، بەشدارن و لەکەنار گڵکۆی شێرکۆ دەوەستن!!…
18-10-2013
عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com