Skip to Content

Sunday, May 19th, 2024
چەندخاڵێک سەبارەت بە چاکسازێکەی یەکێتی…!

چەندخاڵێک سەبارەت بە چاکسازێکەی یەکێتی…!

Closed
by October 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

سەرەتا و پێش هەموو شتێک بە پەندێکی کورتی کوردی دەست پێدەکەم کە دەڵێت “قسەی حەق، رەقە”.

ئێستا سەدەی بیست و یەکە و سەدەی حوکمکردن لەلایەن چەند کەسێکی دیاریکراوەوە بەسەر چوو و ئێستا خەڵک خۆی حزب دادەنات و حکومەت دروست دەکات ئەویش بەهۆی خەباتی نوێی دیموکراسی “دەنگدان”ەوە، بۆیە خەڵک ئەتوانێت حزبێک بکاتە یەکەمی وڵات یان حزبێک والێبکات لە سەری سەرەوە دایگریتە خوارەوە و وابزانم هەموومان ئەو کارەمان بەچاوی خۆمان بینی.

لەبەر ئەوەی باسەکەمان تایبەتە بە حزبی “ی.ن.ک”ـەوە، پێم خۆشە وەک کەسێکی بێلایەن چەند خاڵێک بخەمە روو و ئاراستەی کاربەدەستانی یەکێتی بکەم بۆئەوەی وەکو حزبێک دووبارە جێی متمانە زوۆرترین خەڵک بێت و پێگە جەماوەرێکەی بگەرێنێتەوە و سەرجەم حزب و لایەنەکانی دیکەیش سود لەم خاڵانە وەردەگرن.

 

گوێنەگرتن لە خەڵک

 

گوێنەگرتن لە خەڵک، گرنگترین هۆیە بۆ لەدەستدانی متمانەی خەڵکی و وا دەکات جەماوەر جارێکی تر بە هیچ شێوەیەک لایەنگرت نەبێت و بەڵکو بگرە دژتیش دەوەستێتەوە، بۆ نمونە، من پیرە پیاوێک دەناسم بەناوی “حاجی کەرەم” کە پرسیم ڵی بۆ دەنگت بە “یەکێتی” نەداوە ووتی: من ساڵانێکی زۆر لە شاخ و شار پێشمەرگە بووم و زیندانی سیاسی بووم، کە پیربووم و پەکم کەوت ئێستا تەنها خاوەنی موچەیەکی “35” هەزاریم، تەنانەت تاکیدیشی لیم کرد وتی 35 هەزار و بەس نەک زیاتر تێ بگەیت، ئەو پیرە پیاوە وتیشی کە پێشنیاری چاکسازیم کرد کەس گوێی بۆم نەدەگرت لە ناو ریزەکانی یەکێتیدا و بۆیە دەنگم پێیان نەدا وەکو سزایەک.

 

ناوچە و ناوچە گەرایەتی

 

کەسێکی دانیشتووی قەزای “کەلار” ووتی: من لە دایکبووی قەزای “خورماتوو”م راستە ئێستا لە کەلارم و مافی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانم هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی “یەکێتی” خورماتووی بەتەواوەتی پێشێل کردوە هەرگیز دەنگی پێنادەم، لەبەر ئەوەی فەرقی “خورماتوو و خانەقین” چییە وا خانەقین مامەڵەی یەکێک لە شارەکانی کوردستانی بۆ دەکریت و خورماتووی بەعەرەبستان دەدرێت لە قەڵەم و رۆژانە بەدەم تەقینەوە و بی خزمەتگوزارییەوە خەڵکەکەی دەناڵێنێـت.

 

بە پشتگویخستنی گەرمیان، وایکرد دەنگەکانی یەکێتی بدرێن بە گۆران

 

گەرمیان، لانکەی شێرە قارەمانەکانی وڵات و خاوەنی زۆرترین قوربانی و خاوەنی چەندین سەرکردەی وەک “مامە ریشە و حەمە دووزی و خالد گەرمیانی و شەهید مەجید” و زۆری تر، گەرمیان لەسەردەمی شاخدا کەڵە پێشمەرگەی قارەمانی هەبوو و بەڵام لەسەردەمی خەبات و قەڵەمدا “سوبحانە الله” بۆخۆی هەموو ئەندام مەکتەبی سیاسی و کاربەدەستەکانی حزب و حکومەت گەرمیانییان تێدا نەبوو، بۆیە بەڕای من ئەمجارە گەرمیانێکان تۆڵەی خۆیان کردوە و بە رێژەیەکی زۆر زۆرتر دەنگەکانی یەکێتی لەو ناوچەیە کەمی کرد و دەنگ درا بە گەرمیانێکانی نێو بزوتنەوە گۆران، بۆیە هەر لێرەشەوە ئەمە خۆی بۆخۆی پەیامێکی گەرمیانێکانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەوان پێشێل نەکەن لە بەدەستهێنانی مەنێبی حزبی و حکومی لە داهاتودا.

 

نەگۆرینی دەموچاوەکان وەرگرتنی زیاد لە پۆستێک لەلایەن کەسێکەوە

 

ئەم دووخاڵە پێکەوە هەرەسی بە خەڵک هێناوە و بڕاستی شتیکی ماقول نییە کەسێک بەرپرس بێت و ئیتر هەتا ماوە هەر بە بەرپرسی بمێنێتەوە و رێگە بە گەنجە دڵ گەرمەکان و نەوەی نوێ نەدرێت بە وەرگرتنی پۆست و مومارەسەکردنی سیاسەت، لەلایەکی تریشەوە کەسی وا هەیە جگەلەوەی چەندین ساڵە هەر بەرپرسە لە هەمان کاتدا چەندین پۆستی حکومی و حزبی هەیە بە کورتی یانی خۆی “فیلی ساحەیە” ئێ بەخوا ئەمەیش وا دەکات خەڵک دەنگ بەو لایەنە نەدات و تا هەرچی پۆست و پلەو پایە هەیە لێیان بسەنریتەوە.

 

راستنەگۆیی و سەرقاڵبوون بە بازرگانییەوە

 

راستی و راستگۆیی هۆکارێکی یەکجار بەهێزە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک، بۆیە هەمیشە خەڵک گوێ لەلایەنەکان دەگرن و ئێستا جیاواز لە جاران خەڵک چیتر بە قسەی بریقەدار ناخەڵەتێ و هەرکەسە بۆخۆی ئازادە سەر بە چ لایەنێک دەبێت، سەرەتا پێش پێدانی نمونە ئەمەوێت ئەوە بڵێم زۆربەی لایەنە سیاسێکان خەڵک چەواشە دەکەن ئەگەر چ دەسەڵاتدار یان ئۆپزسیۆن، لەبەر ئەوەی ئێمە باسی چاکسازی یەکێتی ئەکەین، ئەمەێت نمونەیەکی زۆر سادە و روون بۆ ئێوە بهێنمەوە، مام جەلال سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی ئەو ماوەی 10 مانگ زیاترە خەڵک هیچ هەواڵێکی نازانێت و جگەلەوە نەبێت ماوەی جارێک کەسێک دەردەکەوێت و ئەڵێت مام بارودۆخی باشترە و بەمزوانە دەردەکەوێت، و تاوەکو ئیستایش هیچمان نەبینی، ئەم قسەیەش خەڵکانێکی زۆری توڕە کردوە چونکە بەبڕوای ئەوان ئەم قسەیانە دوورە لە راستییەوە و ئەبوایە کەسانی سیاسی و دیاری کوردستان سەردانیانی بکردایە، بۆیە بەڕای ئەوان مام جەلال کۆچی دوایی کردوە، ئەمە جگەلەوەی چەند ئەندام سەرکردایەتیەکی حزبی ناوبراو دەڵێت ” ئێمە 10 مانگە هەواڵی مام جەلال نازانین”، ئەمەی ووتم نمونەیەکی زۆر بچوک و سادە بوو و دەیان و سەدان نمونەی تر هەیە کە خەڵکانی زۆر کەم دەیزانن و باس نەکراوە.

بازرگانی، کارێکی رەوایە و هەموو کەسێک مافی مومارەسە کردنی ئەو پیشەیی هەیە، جا ئەگەر کەسێکی ئاسایی بێت یان سیاسی، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، تێکەڵ کردنی سیاسەت و بازرگانی، یاخود ئیهمال کردنی بەرپرسیایەتیە سیاسێکەی خۆت و سەرقاڵبوون بە بازرگانییەوە، وابزانم ئەم خاڵە روون و ئاشنایە بۆئێوە، چونکە جاران خەڵک دەبوو بە بازرگان تا ببێتە سیاسەتمەدار، بەڵام ئێستا خەڵک دەبێتە سیاسەتمەدا تا ببێتە بازرگان.

 

قۆرغکردنی دەسەڵات

 

سوبحانە الله لەم وڵاتەی خۆماندا ئەگەر کەسێک بووە بەرپس، ئیتر حەزدەکات هەموو خێزانەکەی و دەوروبەرەکەی وەک خۆی بکاتە ناو حکومەت و حزبایەتییەوە و لە پردا بە خێزانی دەبنە بەرپرس و کاری حکومی و حزبی بەڕێوە دەبەن، وابزانم ئەم دیاردەیە لای هەموان روونە و بووەتە هۆی بیزارکردنی هەموان، بەداخیشەوە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی حزبەکانی کوردستان بەدی دەکریت و هیوادارم خەڵک زیاتر هۆشیار بێـەوە بۆ بنبڕکردنی ئەوکارە قێزەونەی دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئەمە چەند خاڵێکی کەمی ئەو کەم و کوڕیانەیە کە بەڕاستی جگەلە “ی.ن.ک” لە زۆربەی حزبەکانی دیکەیش بەدی دەکرین و هیوادارم بەخۆیاندا بچنەوە تا متمانەی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدەست بێنن و کوردستانە خۆشەویستەکەمان بەرەو پێشەوە ببەن.

 

محەمەد ئەحمەد – خورماتوو

mahmnet@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.