
بم فرۆشە …. ئەمیر شەیدا
بم دە بەخۆت با خۆم نەدەم بە مردن
بمفرۆشە
بمدە بە خەم بە ئازار بە برین
بە گلێنە بە قردێلە بە ناز
بە چكێك پێكەنین .
هەڕاجم بكە
بە شۆرتێكی دوو پەنجەی سوور
بە ستیانێكی پەمەیی
ژێركراسێكی سپی
كۆڵۆنێكی پیرۆزەی
بە ماكسیەكی زەرد
بە كەمەربەندێك بۆ لەنجە
بە لەچكێكی مەیلەو ئاوی
بە بۆیە بۆ سەری پەنجە
بە كلی چاو بە عەدەسە
بەیەك ئەڵقە
بە سووراو سپیاوی ڕووت
بە یەك تەوقە
بە كۆَڵوانە بە گۆبەرۆك
گوارە بۆ گوێت
بە زنجیر و بازنەی ئاڵتوون
بە جووتێ قۆندەرە بۆ پێت
گەر عاشقیت
بمدە بە سروە بە وەفا بە ژوانێك
بە بەڵێن بە شەرم بە سرتەی ماچی لێوانێك
گەر كۆچەریت
بمدە بە كوان و بە ڕەشماڵ
بمدە بە مێخ
بمدە بە مەلا بە سەید بمدە
بە نوشتە لەلای شێخ
گەر ڕۆژێك كەژاوەت هەڵبەست
بۆ بۆ ئاهەنگی شەوێكی مەست
بمدە بە پێك
بمدە بە غوڵامی بەر دەست
بمفرۆشە خۆ من بەدەستی خۆمەوە
كەس نامكڕێ
بمفرۆشە بۆ فرمێسكی چاوەكانت
بەڵكو بمدەیت بە دەسڕێ
بمفرۆشە بەڵام باسی عەقڵم مەكە
كەس لە عەقڵ ناپرسێ
باسی شیعر و ئەدەب مەكە
ئەدەبی جیهان بە فلسێ !
بمفرۆشە وەك عەبدیەك
پێم خۆشە بۆ بازاڕم بەیت
خۆت ئازادی هەرچەندیان پێدایت بمدەیت
بمفرۆشە
ئازادم بكە لە خۆم لە خۆت
لە بەندو كۆت
بمفرۆشە
من تازە ژیانم ناوێت
بمدە بە ژیانێك بۆ خۆت .
ئەمیر شەیدا
7-10-2013