Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
چه‌ند سه‌رنجێک له‌مه‌ڕ که‌وتنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان

چه‌ند سه‌رنجێک له‌مه‌ڕ که‌وتنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان

Closed
by October 21, 2013 گشتی

 

 

 

 

یه‌کێک له‌ جوانیه‌کانی دونیای دیمۆکراسی ئه‌ستووربوون و باریکبوون و لاوازی و به‌هێزی و قه‌ڵه‌وی و په‌رپوتی هێزه‌ سیاسی و لایه‌نه‌ کێبڕکێ کاره‌کانی گۆڕه‌پانه‌که‌ن. ئه‌وه‌ دیمۆکراسیه‌ته‌ توانای گۆڕینی شێوه‌ و قه‌باره‌ی لایه‌نه‌کان و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌یان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ. زۆر سه‌رتان نه‌یه‌شێنم ڕه‌نگه‌ ئه‌و قسانه‌ ڕۆژانه وه‌ک باران له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌ گوێ و چاوماندا ببارن و هه‌رکه‌سێ ده‌می ده‌کاته‌وه‌ و زمانی بجوڵێنێ، باسی ئه‌لف و بێ دیمۆکراسیه‌ت و مه‌ده‌نیه‌تمان بۆ ده‌کات. 

هه‌ڵبژاردنی 21 ئه‌یلول، توانی گؤڕانکاری له‌ تابلۆی سیاسی 40 ساڵی ڕابردوودا بکات به‌ قۆناغی شار و شاخ. له‌م نێوه‌نده‌شدا یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی زیندوو، پشکی شێری به‌رکه‌وت له‌ داکه‌وتن و داته‌پینی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری. ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌ژماره‌ مێژووییه‌که‌ش بێت، یه‌کێتی هه‌ر هێزی دووه‌م بووه‌، جا به‌ جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ بووبێت یان بچووک. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی 21 ئه‌یلول، په‌رده‌ی زیاتری به‌سه‌ر یه‌کێتی دا داماڵی و هێزی ڕاسته‌قینه‌ و ڕووی یه‌کێتی به‌ ته‌واوی و به‌ شه‌فافی پیشاندا. 

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ی بۆ ناردین، که‌ هیچ هێزێک وه‌ک خۆی نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و به‌جۆرێک له‌ جۆره‌کان هه‌موو پارته‌کان له‌ کورتیان داوه‌.به‌ڵام یه‌کێتی دووجار له‌ کورتیدا و مه‌ودای چوونه‌ ئاوی زۆرتربوو. ئه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌م جۆره‌ و به‌م ڕێگه‌ سه‌خته‌ برد له‌ سێ ئاستی سه‌ره‌کیدا کۆ ده‌بێته‌وه‌:

 ئاستی یه‌که‌م: غیابی تاڵه‌بانی برینه‌که‌ی قوڵترکرد، ناڵێم کاریگه‌ری هه‌بوو، چونکه‌ خودی یه‌کێتی له‌ وجودی تاڵه‌بانی هه‌ستی به‌م بچووکبوونه‌وه‌یه‌ کردبوو. به‌ڵام له‌به‌ر هۆیه‌ک بووبێت خۆیان دوورخسته‌وه‌ له‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ و ڕاستکردنه‌وه‌ی یه‌کێتی له‌و کات و له‌کاتی خۆیدا. ده‌رچوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ هه‌ناوی یه‌کێتی ئاماژه‌یه‌کی دیاری بابه‌ته‌که‌ بوو. 

ئاستی دووه‌م: فره‌ کوێخایی، وونبوونی تاڵه‌بانی ئه‌م وه‌بیرهێناینه‌وه‌ که‌ تاڵه‌بانی وه‌ک خاوه‌ن ماڵ و هێمای ئارامی و سه‌قامگیری بوو، بۆ یه‌کێتی. چاوتێنه‌بڕینی تاڵه‌بانی بۆ یه‌کێتی ئه‌گه‌ر بۆ ساتێکیش بێت، یه‌کێتی ده‌کاته‌ پارتێکی فره‌ جه‌مسه‌ر و فره‌ کوێخا و فره‌ ڕه‌هه‌ند، به‌جۆرێک که‌ پێکدادانێکی فکری و مه‌عنه‌وه‌ی بۆ یه‌کێتی دروست کرد ئه‌مه‌ش له‌ ناوه‌نده‌کانی بڕیاری ئه‌م پارته‌ شۆڕبۆوه‌ بۆ بچووکترین یه‌که‌ی ڕیکخستنی یه‌کێتی. 

 ئاستی سێ یه‌م: ونبوونی ئایدێنتیتی و شوناس، ئه‌مه‌ هۆکارێکی جه‌وهه‌ری یه‌کێتی بوو وه‌ک پارتێکی خاوه‌ن شوناس و سیسته‌مێکی فکری و هزری له‌ چڵ ساڵی ڕابردوودا. یه‌کێتی وه‌ک پارتێکی (سۆسیاڵ دیمۆکرات) له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ته‌واوه‌تی له‌م شوناس و له‌م فۆڕمه‌ی پارتایه‌تی خۆی ده‌رچوو، دوور و نزیک که‌وته‌ تێرۆرکردنی کۆمه‌ڵێک چه‌مک و ئایدۆلۆژی که‌ زیاتر له‌ 30 ساڵ هه‌ڵگری بوو.

 

 

په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر

به‌کالۆریۆس له‌ زانستی سیاسه‌ت

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.