با ماچ نەكەوێتە پەیوەندی نێوانمانەوە !..
لێرە ئەوەی هەبێ، لەژێر پرسیاردا دەناڵێنێت، لێرە ئەوەی هەبێ، لانیكەم لەجێگەی خۆیدا نییەو، بەلاڕێدا براوە، لێرە ئەگەر هەر چار نەما، ئەوە بەخودی یاسای دارێژارو، دژایەتی یاسا سروشتییەكان دەكرێ، لێرە جیاوازییەك بەدیناكرێ لەپێناسەكردنی كولتوورو، بەهای ئەخلاقی، لێرە پێش ئەوەی یەكە پێكهێنەرەكانی كۆمەڵگە، بڕیار لەسەر چۆنایەتی ئاکاری كۆمەڵایەتی و، کردەوەی تاكێتی خۆی بدات، كۆمەڵگە بڕیاری خۆیداوە، راستەوخۆ دەبێتە بەشێک لەکردارەکانی کۆمەڵگە، لێرە ئەوەی بكەوێتە دەرەوەی سەوابتاتی بۆماوەیی، یاساغەو، ماچێك بەسە بۆ ئەوەی ئادابی گشتی بخەیتە ژێر پێشلێكاری و، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە !..
سەیرە لێرە، شتێك نەمابێ دەستدرێژی نەكرابێتە سەر، ئەمە لەمافی موڵكایەتییەوە بگرە تا دەگا بەسەلامەتی مافی ژیانكردن، لەمافی منداڵێكەوە بگرە، تا دەگا بەمافی گەورە بێدەسەڵاتێك، لەخەتەنەی كچانێكەوە بگرە تا دەگا بەسوتانی هەزاران، لەبەلاڕێدابردنی سەرخان و، ژێرخانی وڵاتەوە بگرە تا دەگا بەواڵاكردنی سنور، جاچیماوە لەسرووشتی هەبوون، نەشێوێندرابێ و، داواكاری گشتیش لەسەری بەدەنگ هاتبێت؟!..
سەرنجڕاكێشە ئەم وڵاتە، پێت ئەڵێت، ئەبێ دوفاق بیت، هەرچیت ئەوێ بیكە، تۆ ئازادی بەڵام بەدزی، تۆ ڕەهای بەڵام نابێ ببیندرێی، پێت ئەڵێت، بڕۆ سەروەت و سامانی ئەم میللەتە هەمووی بەرە بۆ خۆت، بەڵام بەدزی، پێت ئەڵێت، ڕوایەتی لەدیموكراسیەت و، مەدەنیبووندایە، بەڵام بەڕواڵەتی، پێت ئەڵێت، ڕۆڵەی سەردەمەكەی خۆتبە، بەڵام وەك باوانت قسەبكەو، ڕەفتاربكە، جاچیت پێناڵێت لەدوفاقی، دەی بڕۆ عاشق بەو، ماچیش بگۆڕەوە، بەڵام بەدزی و، …هتد، هەر كامێك لەمانەی سەرەوە بەئاشكرایی بكەی، دەكەویتە خانەی پێشلكردنی ئادابی گشتییەوە، دەدەی سەری ئەم زێرابە داپۆشن، هەڵاوی دوفاقی، شاڵاوی خۆوێناكردنەوە، ڕۆژێكدێ دەمانخنكێنێت !..
لەكۆمەڵگەی دواکەوتوودا، گرفتەكان هەر لەپێشێلكاری ئازادییەكانی تاك و، بەرگرتن بەهەژموونی دنیایی نوێدا، خەستنابنەوە، تیرۆر هەیە، تیرۆرکردنی کەسێتی مرۆڤەکان, بێناسنامەكردنی تاك، بووە بەرۆتینێکی رۆژانەی دامەزراوە كۆمەڵایەتی و، كارگێڕی و، گەلییەكان، هەر ئەم ئەقڵیەتەیشە وایکردووە هەر كاتێك تاکەکان دەم و دەستیان دایە تێكشكاندنی کەرامەت و کەسیەتی یەکتری، وەك هێمای سەرکەوتنێکی گەورە لەبۆتەی مێگەلدا، ئەژمار بكرێت، درۆ و بوختان هەڵبەستن، دۆزینەوەی عەیب و، عاری كۆمەڵایەتی ڕتووشكراو، بەلارێدابردنی کەسانی سادەو ساکار، مەترسییەكە بەجۆرێكن، ئەوەی بیەوێ هەبێ، ئەوەی بڵێت هەم، نابێت لەخۆی غافڵبێت، چونكە بێپەروا پەلاماری ئەدرێت، جیاوازی ناکرێت بەرەش و سپی، دینداریش هەر ئەبێ بەو جۆرە بكەی ئەوان تەبلیغاتی بۆ دەكەن، ئەم کولتوورە بۆگەنە، بەتەنها هەر دەرهاویشتەی كایە كۆمەڵایەتییەكانی نییە، بەڵكە لەناو تەواوی هێزە سیاسیەکانیشیدا رەنگیداوەتەوەو، بەهەمان شیوەیش پێرۆ دەکرێت، لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا رێزی مرۆڤ بەهەند وەرناگیرێت، بەڵكوو ئەوەی تیایدا بەئامان نەگیراوە ئەوە خودی مرۆڤە وەك تاك، ئەمە هەم لەفۆڕمە دینیەكەیداو، هەمیش لەچوارچێوە بەناو عیلمانیەكەیدا، لەدەقدراوە، لەلای ئەم جۆرە سیستمانە، مرۆڤ تەنیا هەر ئەوەندە بەهای هەیە كاتێ لەگەلیاندا هاوتەریب و، هاوخان بێت و، بە قازانجی ئەوان هەلسوکەوت بکات، واتە وەک کاڵا سەیری کەسیەتی مرۆڤ دەکریت و، هەر وەک ئەوەیش بەکار دەبردرێت. کۆنترۆڵکردنی تاکەکان لەبازنەی نەرێت و، یاسا باوەگەراكاندا، بەجوریکە، زاتی ماچكردنێكی یەكتری نەكەن و، رێگەیان پێنادرێت هەبوونیان وەك ئەوەی شیاوی هەبوونە، ئەزموونبكەن.
لەبەر ئەوە، کۆیلەن ئەوانەی باوەڕ بەوە دەکەن لەکۆمەڵگەیەکی نەرێتی و سوننەتگەرادا، نەک هەر وەها تەبلیغاتێکی درۆینەی هاتنە ئاراوەی كۆمەڵگەی مەدەنی و، ئازادی تاك و، ئەمجۆرە شتانە، بەڵکو بازاڕی ئەم نەوعییەتەیش لەخەڵکی ئازادیخواز، بەهۆی ستەمی فرەلایەنی ئەم کۆیلەگەرە هەمەکییانەوە، تایبەتیش لەناو چینە باڵادەستەکەی کۆمەڵگەدا، لەخێزانەوە بگرە تا بەئۆرگان و دامەزراوە جیاکانی تری حكومەت و، دەوڵتدارێتی دەگات، بەربگرێ و بەڕمێنبێ، هەرگیز روینەداوە بوونێکی نەگۆڕو وەستاو، بازاڕێکی وەها بەبنەما بخوڵقێنێ، ئەمە ڕاستینەیەکی مێژوینی نکۆڵی هەڵنەگرەو، هەرگیزیش بەبێ سازاندنی ژینگەیەک بۆ سەربەخۆ یبوونی زاتی، قسەکردن لەسەر سەربەخۆیبوونی بابەتی درۆینەو تەنانەت گاڵتەجاڕیشە، بەڵێ یاریکردنە بەعەقڵی تاک تاکەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و جڤاکییەکان، تا ئەم ڕەنگدانەوە عەقڵیە باوگەرایەیش زاڵبێ و، نەتوانێ لەگەڵ هەژموونی دنیایی نوێ و، مۆدێرنێتەدا جوتبێ، ژیانێکی نوێ و، ئازادییەکی شایستە بەماف و ئازادییەکانی خەڵکی، دیسانەوە دەڵێم وەجا
خکوێرەو، هەرگیز لەدایکنابێ.
ئەرسەلان مەحمود