ديسان لەمەڕ حزبايەتی … جەلال دەباغ
حزب چيە؟ پێناسەی حزب جۆر بەجۆرە، بەپێی سروشتی هەر حزبێک دەگۆڕدری. حزبەکە سەربە چينی کرێکارە يان بە بۆرژوا. ئالێرەوە جياوازيی ئاشکرا لە نێوانياندا دەردەکەوێ. حزبێکی چەپ و کرێکاری جياوازە لە حزبێکی بورژوازی، ميانڕەو يان راستڕەو.
بەهەرحاڵ راستترين پێناسەی حزب ئەمەيە: حزب لە دەرەوەی چينەکان و چينايەتی هەر نييە، ئەگەرچی بە رواڵەت پێچەوانەی ئەوەش خۆی پيشان بدات، يان لافی ئەوە لێبدات کە نوێنەری هەموو چينەکانە.
حزب دەربڕينی سياسی چينێکە، بيروباوەڕو بەرژەوەنديی هاوبەشی چينێک و چەند توێژێکی کۆمەڵايەتيی کەسانێک پێکەوە کۆدەکاتەوە کە باوەڕيان بەو رێبازو بيروباوەرو تێئۆرييە دياريکراوە هەيەو ئيلتيزامیان پێوەدەکەن.
حزب ئامڕازێکی خەباتە بەدەست چين و توێژە رەنجدەرەکانەوە بۆ تێکۆشان لە پێناو هێنانەديی ئامانجەکانی تاکەکانی کۆمەڵ لە خۆشگوزەرانی و کامەرانی و يەکسانی و دادپەروەريی کۆمەڵايەتيدا.
بۆ هەر حزبێک بەرنامەو پەيڕەوی ناوخۆ هەيە. يەکەميان ئامانجە نزيک و دوورەکانی حزبەکەی وەک پڕۆگرامێک تێدا دياری کراوەو، دووەميان ئەو رێوشوێن و شێوازی کارکردنەی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە دەگيرێنەبەر کە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ديموکراسی داڕێژراون.
ئامانجی سەرەکيی هەر حزبێک گەيشتنە دەسەڵاتی سياسيە.
دوای هەرەسهێنان و ژێرکەوتنی تاقيکردنەوەی سۆسياليزم لە يەکێتيی سۆڤيەت و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا ليبراليزمی نوێ لە زۆر وڵاتداو لەوانەش وڵاتی ئێمە هاتەسەر شانۆ بۆ سەپاندنی پاشەکشەيەکی گشتی و نەهێشتنی کەرتی گشتی لە ئابوريداو بەرە بەرە لە تەندروستی و پەروەردەشداو پشتگيریی کەرتی تايبەتی، لە کاتێکدا نەقابەکانی کرێکاران و نەقابەکانێتر لەرووی حزبە سەرمايەدارەکان و هاوکارانياندا راوەستابوون و بەرگرييان لە مافەکانی ئەو چين و توێژانە دەکرد. بەڵام لەسايەی نيوليبراليزمدا ئەو نەقابانەش کەرتکران و ئەو رۆڵەيان لەدەست دا کە بەرگری لە کرێکارانی چەوساوەو مافخوراوبکرێت.
زيندويەتی تێئۆريی زانستانەی چينی کرێکار لەوەدايە بەپێی بەخۆداهاتن و پەرەسەندنی کۆمەڵگا بيرو رێبازی خۆی نوێ دەکاتەوە، لە هەلومەرجێکدا کە بەرەی سەرمايەداری کێشەکانی توندتر دەبن و زۆرانبازی لە نێوان هێزەکانيدا پەرەدەستێنێ (قەيرانی ئابوری وڵاتانی سەرمايەداەی و کۆمەڵە دەوڵەتی ئێورۆ، کۆمارييەکان و ديموکراتەکانی ئەمريکا وەک نمونە).
ئەم بارودۆخانە هيوايەکيان کردۆتەوە بەبەر کۆمەڵداو بەتايبەتی لاوان کە چاوببڕنە راستکردنەوەی هەڵەو بارودۆخەکە بەبوونی حزبێکی پێشڕەو بۆ سەرکردايەتی کردنی خەباتی زەحمەتکێشان و بەتايبەتی لاوان کە چاويان بڕيوەتە سەرکەوتنەکانی هێزە چەپەکان لە هەندێ وڵاتداو وردبوونەوە لە ئەزموونەکانيان.
هەڵسوڕانی هەر حزبێک و ئەندام و کاديرەکانی دەبێ بەپێی پەيڕەوی ناوخۆو پڕوگرامی حزبەکەبێت.
تەنيا حزبە ئەنارشيستەکانن کە بيروباوەڕی سەرکردايەتی کردن و هەموو چەشنە رێکخستنێک دەدەنە دواوە.
حزبی چينە چەوساوەکان يەک سەرکردايەتی دەبێت و هيچ جۆرە دەستەبەش و شتيوای تێدانابێت. هەموو بڕيارەکانی ناو سەرکردايەتی يان دەستە حزبيەکان بە زۆربەی دەنگ بڕيار دەدرێن.
هەر ئەندام و دەستەيەک بۆیان هەيە بە بۆچوون و هەڵوێست و بڕيارەکانی حزب قايل نەبن، بەڵام دەبێ ئەوە نەبێتە کۆسپ لەڕێگەی جێبەجێکردندا. هەروا دەبێ لە ناوخۆی ئۆرگان و دەستە حزبيەکاندا لێکۆڵينەوەيان لەسەر بکرێت. هەر لە شانەو دەستە حزبيەکانەوە تا دەگاتە کۆنفرانس و کۆنگرە کە بەرزترين دەسەڵاتی هەر حزبێکە. ئەمانەو زۆر رێوشوێنیتر کە لە پەيڕەوی ناوخۆی حزبەکاندا بۆ پەيڕەوکردن جێگيرکراون.
لەبارودۆخی سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی ئێستای عراقدا گەلێک دياردەی ترسناک هەن و ئاڵۆزتربوون، قەيرانێکی توندی سياسی و ئابوری و کۆمەڵايەتی و تايەفە گەری سەری هەڵداوە، بۆ نمونە دوای چەند ساڵێکیتر لەسەدا چلی بودژەی دەوڵەت دەچێ بۆ خانەنشينيی مووچە بەرزەکان، جەماوەری کرێکاران و هەژاران و کەمدەرامەتان باری گوزەران و ژيانيان گرانتر دەبی، تەنانەت ئەوانەی بە “بۆرژوای نيشتيمانی” ناوياندەبرێ باری ژيان و دەستکەوتيان خراپتر دەبێ، بازرگانانی گەورەو دوکاندارە مامناوەندو گچکەکان دەکەونە بەر رەحمەتی سۆپەرمارکێتە زەبەلاحەکان، هەندێ لە کۆمپانياکان بێبەشدەکەن لە کۆنتراکت، سەرمايەدارانی مامناوەنديی وڵات لەترسی گەندەڵی ناتوانن سەرمايەکانيان بخەنە کارەوە، ژيرخانی ئابوری کاولکراوی دەستی ئەمريکای سەردەمی بريمەرو دواترچەند ساڵ و چۆن رژێمێکی گەرەکە هەستێتەوە؟!
تەنگوچەڵەمەو ناکۆکی “ناوەند” و هەرێم بەتينتردەبن، دوو ليوا سەرباز بەسەرۆکايەتی ئەفسەرێکی سوپا هەڵوەشاوەکەی سەدام بەرەو کەرکوک و ناوچەکانی دەوروپشتی دەجوڵێنن و بەچەشنێکی پێچەوانەی دەستورو ياساکان رايانگەياند کە گوێ نادەنە ڕای پارێزگاری کەرکوک و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکوک و پۆليس و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرايەتی کەرکوک. بەپێی سياسەتی تايەفەگەری سەرۆک خێڵە عەرەب و تورکمانەکانيان کۆکردەوە، بەبێ نوێنەرانی کورد، بەمەبەستی هاندان و تەيارکردنيان دژی کوردو هەرێمی کوردستان.
لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بابەتی حزبايەتی و زۆر بابەتی هاوپەيوەند، بەتايبەتی دوای راگەياندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە راگەياندنەکان و لە زۆر شوێنی تردا کەوتونە بەر باس و لێکۆڵينەوە.
لەزۆر حزبدا ئەم دياردانە هەست پێدەکرێن کە پێموايە هەڵەن و بەشێکن لە هۆکارەکانی ئەو بارودۆخەی تووشيان بوون، دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە نەبردنەوە لە هەڵبژاردندا يان کەم کورسی هێنان کارەساتێک نيە حزبێک بەرەو هەڵوەشاندنەوەو نەمان بەرێت، ئەو حزبە گەورە يان گچکەبێت. بەڵکو پاڵپێوەنەرێکە بۆ لێکۆڵينەوەو باسکردنی هۆکارەکان و هەنگاو نان بۆ چارەسەرکردنيان لە ئايندەدا.
– حزبێک بەشێکی زۆر لە ئەندام و کاديرەکانی گوێنادەنە بڕيارەکانی سەرکردايەتی حزبەکەيان و بگرە بەدناويشی دەکەن.
– حزبێک چەندان کاديری، يان ئەندامی بەئارەزووی خۆیان لە راگەياندنەکانەوە، بە پێچەوانەی رای سەرکردايەتی و ئۆرگانەکانی ديکەی حزبەوە، بۆچوون و رای خۆیان دەردەبڕن و ئەم و ئەو لە سەرکردايەتيەکەی تاوانباردەکەن و بەدناويان دەکەن. لە باسەکانياندا شتێک بۆ وتەبێژی فەرميی حزبەکە ناهێڵنەوە.
– حزبێک دوو جێگری سکرتێرو يەکێکی کارگێڕی هەن کە هەمووشيان ئەندامی مەکتەبی سياسی حزبەکەن، هەريەک بە جۆرێک وتاردەدەن، کە هەندێکيان جياوازی و دەستەبەشيی پێوەديارە، هەر يەکەميان دەمی کردەوە ئەوانيتر بەدوايدا، نابێ بێدەنگبن..
– حزبێک کەسێکی سەرکردايەتيی پلەيەک شتیوا دەڵی لە قوتوی هيچ عەتارێکدا نيە! ئەوەندەی کە راگەيەندراوە” دەربارەی نەيارێکيان دەڵێت: ئێمە ئەوانين و ئەوان ئێمەن.
– حزبێک هەر بۆ ئەوەی بڵێن”داهێنەرە”و پەيڕەوی رێوشوێنە زانستيە لێنينيەکان لە ژيانی ناوخۆيی حزبەکەيدا ناکات، لە جياتی کۆميتە تايبەتمەنديە پسپۆڕەکان، “ژوورەکان”ی گوايە داهێناوە، لەکاتێکدا لە زووەوە لە ئەمريکا بەکاردێن، بۆ نمونە بە توالێت ” دەڵێن (ژووری پشوودان- رێست رووم)، (ژووری هەواڵەکان- نيوز رووم)، (ژووری ئابووری) و تاد…
– حزبێک کەناڵەکانی تەرخان کردوە بۆ بەدناوکردنی سەرکردەو کاديرەکانی حزبەکانیتر. ئەوان بڵێن قير رەشە ئەمان دەڵێن سپيەوئەوان بڵێن سپيە ئەمان دەڵێن رەشە!
– حزبیک قسەی سەرزمان و بن زمانی لەدژی حزب و حزبايەتيەو، ئەگەر لە دەريادا ماسيەک بمرێ دەڵێ خەتای حزبەکانە.
– حزبێک لەگەڵ گەندەڵکارانی ناو حزبەکەی خۆيدا هيچ ناکات، باسی گەندەڵکاری لەناو حزبێکیتردا دەکات.
– حزبێک وەک هەندێکیتريش وادادەنێ ئازادی و ديموکراتی و روونی (شەفافيەت) ئەوەيە هەرچيت دەوێ بيڵێيت، هەرچيت ئارەزووە بيکەيت، کەسيش نابێ دەستخاتەڕێت.
– حزبێک عيلمانيەو، وەک ئيسلاميەکان باسی بەهەشت و دۆزەخ و دنيائاخربوون دەکات!
– حزبێک رێکەوتنی ستراتيژی لەگەڵ حزبێکیتردا هەيە، بەڵام پێکەوە بە ليستی هاوبەش و لەگەڵ هاوپەيمانەکانی ديکەيان ناچنە کۆڕی هەڵبژاردنەوە، تا بزانن هەر يەکەيان لە پەرلەماندا چەند کورسی دەبێ. ئەمە ئەزمونگەری نەبێ چييە.!!
– حزبێک وێڕای رێکەوتنی ستراتيژی مۆرکردن لەگەڵ حزبێکیتردا، لە هەموو سەردانێکی سەرکردەکانی و لە مۆرکردنی کۆنتراکتەکانی لە بواری نەوت و شتەکانیتردا لەگەڵ دنيای هەرێمەکەو دنيادا، لە گشت دەستەی نوێنەرايەتيەکاندا هيچ ئەندامێکی هاوستراتيژيەکەی بەشدارناکات.
– حزبی پچوک لەسەر خوانی حزبی گەورە ناندەخۆن، بەڵام حزبی گەورە لەهەموو شتێکدا فەرامۆشيان دەکەن، کەچی ئەوان هەموو رەوت و سياسەتەکانيان بۆ پەسند دەکەن و، ورتەيان لێوەنايەت.
– حزبی پچوکن، لەکاتێکدا دەبێ پشت بە جەماوەر بەهێزو گەورەبن، بەڵام لايەک لەو جەماوەرە ناکەنەوە، نە بەپشتگيری و بەشداری خۆپيشاندانەکانيان، نەبە بەرگری لەمافی زەوتکراوو داخوازيەکانيان تاد…
– حزبێکی پچوک نوێنەرە تاقانەکەی لە پەرلەماندا ورتەی لێوەنايەت، بۆ جارێکيش دەنگ بەرزناکاتەوە بۆ بەرگری لەمافی کرێکاران و تەنانەت ئەو دەنگدەرانەی هەڵيانبژاردووە، يان بۆ دەرخستنی ناتەواوی ياسايەکانی کۆن و نوێ..
– حزبێکی پچوک يەکێک لەسەرکردەکانی دەنگ بۆ پاڵێوراوی حزبێکیتر دەدات.. بە پشتگوێخستنی مەرجی حزبايەتی و “بەهێزی راکێشانی” خزمايەتی.!!
بەهەرحاڵ ئەم قۆناغە بە راگوزاری دەزانم و لەوباوەڕەدام گەلی کوردستان و حزب و هێزە نيشتيمانپەروەرەکانی لەم قۆناغەش تێپەڕدەبن و ئەم کوردستانەش رێگای حزبايەتی راستەقينەو ديموکراسی و گەشانەوەی سەرکەوتووانە و هەموو پلەکانی دەبڕێت، بەرەو کۆمەڵگايەکی نوێ لەسايەی بڕياردانی مافی چارەنووسدا.
*لە ژمارە(٣٩٩)ی رۆژنامەی (ئاوێنە) ی رۆژی ٢٢/١٠/٢٠١٣دا بڵاوکراوەتەوە.