Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
(تەکنەلۆژیا)یەکی چاوساغ یان نابینا…

(تەکنەلۆژیا)یەکی چاوساغ یان نابینا…

Closed
by November 7, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

لە دونیای ئەمڕۆکەدا (تەکنەلۆژیا) لە زەمەن ولە خۆمان زۆر خێراترە، ئەگەر زۆر ئاگامان لە خۆمان نەبێت بەجێ دەمێنین ولێی دادەبڕێین، ئەوە حەقیقتێکە هەموومان دەیزانین، وێڕای ئەوەش کە ژیانی زۆر جوان ورێگا دوورەکانی کورت وجیهانی گچکە کردۆتەوەو خزمەتگوزاریشی گەلێک زۆرە، بەڵام هاوکات لەگەل بەدەست هاتنی ئەو رووە جوانە رووێکی تاریکیشی هەیە، وەکو دیوارێکی رەقوتەق لە نێوان مرۆڤەکاندا هەڵدەچێت ودەبێتە سنورێکی دژوار تا کەسەکان لە نێوان خۆیاندا بە ئاسانی نەتوانن راستەوخۆ دەنگی خۆیان ئالوگۆڕ بکەنەوە، ئامرازو کەلوپەلە ئەلکترۆنی وئەلکترۆنیکاییەکان هەر لە (لەپتۆپ وئایفۆن وئایپاد وتابلێت ودی ئێس وڤی وجۆرەها تەلەفۆن وتەلەفزیۆنی سمارتەیی) داهێنانی شارستانین، بەڵام ناهێلن لەیەک تێگەیشتنێکی رۆحی لە نێوان تاکەکان بێتە کایەوە، رۆح وسۆز رۆلی خۆی لەدەست دەدەن، دەبینە کانزایەکی ئەلەکتڕۆنی رەقوتەق، لە هەموو کۆمەلگایەکدا ئازادی وگەیشتن بەو پێشکەوتن وگۆڕانەکان بە ئاسانی بەرقەرار نەبووینە، بەلام ئێمە هەموومان لەبەردەم دەستکەوتەکانی (تەکنەلۆژیا) زۆر بە ئاسانی ئازادی خۆمان لە دەست دەچێت ودەبینە کۆیلەی داتاو ئامرازەکان…

کۆیلە بوونمان لەبەرامبەر کارای ئەو دەستکەوتانە هەلسوکەوتی مرۆیی ورۆحییمان لەبار دەبات، ئەمڕۆکە دیاردەیەک دەکەوێت بەرچاو کە لە هەموو ماڵێکدا ئەوەش دووبارە دەبێتەوە، دەبینین ئەندامەکانیان بە گەورەو گچکەوە هەریەکەیان لەبەرامبەر ئامرازەکانی خۆی دانیشتوون بەبێ ئەوەی یەکێک ئاگای لەوی دیکە بێت، سەرباری هەموو ئەو دیوارانەی لە کۆن ولە رابردوودا بە درێژایی مێژوو هاتوونەتە بەر، شانبەشانی ئایدیا ئایینی وکەلتووری وکۆمەڵایەتی و جیاوازی ئاستی هۆشمەندی ورۆشنبیری جیاواز، جیاوازی هێناوەتە کایەوە، ئێمە دیسان لەو سەردەمەدا رووبەرووی کۆمەڵێک دیواری جیاوازی دیکە دەبینەوە، کە نەوەکانمان خۆیان لە خۆمان و خۆیان لەخۆیان دوور دەکەنەوە..

ئەوەش یەکێکە لە دیاردە بەدبەختیەکانی شارستانیەتی تازە، لە سەرجەم کۆمەڵگاکاندا لە نێوان دوو تاکدا دوو ژوورو دوو ماڵ و دوو کۆڵان و دوو گەڕەک و دوو شاری جیاواز هەیە، کەسەکان لەیەکتر جیا دەکاتەوە، چۆن ئەو هەموو دیوارە جیاوازانە لادەبردێن تا بتوانین هەست وهۆشمان لەیەکتر نزیک بکەینەوە، تا لەیەکتر تێ بگەین..ئێمە لەرابردوودا لە بەرئەنجامی دەرکەوتنی جیاوازی چینایەتی وکۆمەڵایەتی وئاستی خوێندەواری جیاواز، لە یەکتر زۆر دوور کەوتووینەتەوە، ئەمەش جۆریک لە نامۆیی ونەبانی وغەریبی لەناو تاکەکانی ئەو دوو چین ودوو توێژە دروست دەکات، لە حالەتێکدا کە هەریەکە هەول دەدات خۆی لە دەوروبەرەکەی ودەوروبەر لە خۆی دوور بکاتەوە..

ناکرێت لە هەموو قۆناغێکی پێشکەوتندا تاکەکان لەیەکتر دوور بکەونەوە، ژیان بە تەنیاو دوورەپەرێزو بەیەکتر جیاواز ناچێتە پێش یاخود ئەو تام ولەزەتە نادات بەدەست کە لەوەی بە کۆمەڵدا هەستی پێ دەکرێت، مرۆ بۆ ئەوە نەهاتووە بە تەنیاو لە نێوان ئەو هەموو تاقودیوارانە گەورە بێت وژیان تەواو بکات، لە وڵاتەکمدا زۆر نموونەی جیاواز هەیە، چونکە ئێمە کۆمەڵگایەکی داخراوو رەق وپڕ جیاوازین، ئەو شارەکەی من تێیدا گەورە بووم کە نموونەیەکی گچکەیە لە وڵاتەکەم، کاتێک پیاوێک بەدبەخت دەبێت لە هەموو لایەک بەدبەختی رووی تێدەکات ، ئەوەتە گەلێک پیاوی خاوەن ئایدیاو تایبەتمەندی سەربەخۆ لە سەردەمی خۆیان هەبووینە، بەڵام کۆمەڵ لێیان دوور کەوتۆتەوە، ئەوانیش ناچار دەبن ۆی دوور بکەونەوە تا دەتوانن ..

دەبێت هەول بدەین ئەو دیواران لە چواردەوری خۆمان ودەوروبەرمان لابەرین، تا بتوانین بە ئازادی بژین وگوێ لە دەنگ وهەست وخوستی یەکتر بگرین، ژیان بەرفرەوان بکەین نەوەک بیکەینە زیندانێکی ئازاد لە یەکتر…

 

 

شوان عوسمان

هۆلەندە-٢٠١٣  

 

Previous
Next