ره‌گه‌زی مێینه‌ی وشه جوانی وێنه‌ی شیعری
ژارگۆن
له‌و رۆژه‌وه رۆیشتووه تۆراوه دڵی من
هه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌ڕێم بێ سه‌ر و شوێن ماوه دڵی من
ئاخۆ به چ شاخێكه‌وه گیرساوه دڵی من؟!
یاخۆ به چ داخێكه‌وه سووتاوه دڵی من؟!
بێخود
ره‌گه‌زی مێینه‌ی وشه
جوانی وێنه‌ی شیعری
له كاری هونه‌رییدا ریتم ده‌كه‌وێته پێش وشه‌وه، ریتم هێزی بنه‌ڕه‌تی شیعر و وزه‌ی كێشكردنی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، خودی ئه‌و وێناكردنه له سرووشت و ژیانی ده‌روونی وه‌رگیراوه، بۆ نموونه (فۆلكلۆر ستایشی ریتمه‌كان ده‌خاته پێش وشه و ناوهڕۆك).. فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی”هیگل” پێیوایه ره‌گه‌زی یه‌كه‌می هه‌موو هونه‌رێك ریتمی مۆزیكییه.
به‌كارهێنانی (وشه و ده‌سته‌واژه‌ی رووت) ئه‌وه نییه، كه له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكانی سیستمی زمان بێ گیان و رۆح بكه‌وێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه نه‌كه‌وتۆته نێو نوێبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانه به‌رده‌وامه‌كانی زمانه‌وه! (فردینان دو سوسێرFerdinand de Saussure 1857-1913) ده‌ڵێت: زمان (Langue) سیستمێكه یان تۆڕێكه له ئاماژه و رێسایه‌ك (grammar) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین زمانی شیعری ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكان و (بیرهێنانه‌وه) و (خه‌یاڵ) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ئه‌گه‌رچی هه‌میشه یاسا و رێساكانی زمان له ده‌ره‌وه‌ی ویستی داهێنهرهوهیه، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا خه‌ونی نوێبوونه‌وه‌ی زمان و ته‌جاوزكردن و تێكشكانی یاسا و رێسا باوه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی داهێنهردایه.
له شیعردا (وشه) هه‌م یاده‌وه‌ری (memory) ده‌وڕوژێنێ و بوار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازاد خۆش ده‌كات، هه‌م ته‌جاوزی واقیع ده‌كات و به‌ره‌و داهاتوو ده‌چێ؟! به‌ڵام وشه كاتێك رۆڵی یاده‌وه‌ری ده‌بینێ، كه سیستمی زمان له دووتوێی خۆیدا (مێی) بكات و ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌كانی مێینه‌یی، واته ریتمی مێینه‌ی به هه‌موو ماناكانه‌وه پێببه‌خشێت، نه‌ك هه‌ر هێنده به‌ڵكو ئه‌خلاق و شێوه‌ی مێیانهشی پێببه‌خشێت. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا (وشه كاتێك وه‌ك مێیه‌ك) ته‌جاوزی باو ده‌كات و ئازادی خۆی پراكتیزه ده‌كات كه خه‌یاڵی ئازاد رابه‌رایه‌تی بكات!
ده‌ق ده‌كه‌وێته نێو سیستمی زمانه‌وه. وشه له‌نێو سیستمی زمان بڕوابوون به‌خۆی له ده‌ستده‌دا و ئه‌خلاقی وشه له‌نێو سیستمی زمان سه‌ره‌وژێر ده‌بێت. به‌و مانایه وشه هه‌میشه له ده‌قدا وه‌ك ره‌گه‌ز مێیه.. ئه‌وه ده‌قه!! كه‌واته وشه له ده‌قدا به‌ته‌واوی ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی فاشیانه‌ی زمانه‌وه، ئیتر له‌وێوه داهێنان له‌نێو زیندانی زمان (جێگیر/دیل) ده‌بێت، ئه‌و جێگیربوونه له نێو ده‌قدا (به‌بیرهێنانه‌وه) رابه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌و مانایه‌ش هه‌موو بهبیرهێنانهوهییهك جۆرێكه له جێگیر بوون، هه‌موو جێگیربوونێكیش جۆرێكه له دیلبوون؟! به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر (دیل/جێگیربوونی به‌بیرهێنانه‌وه) خه‌یاڵ و به‌كارهێنانی تایبه‌تییانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان هه‌یه، به مانایه‌كی دیكه چه‌مكی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان به‌رده‌وام وه‌ستاوه. چه‌مكی هه‌ڵوه‌شانه‌وه به‌رده‌وام ته‌جاوزی واقیعی زمان ده‌كات و به هۆی خه‌یاڵه‌وه به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو ده‌نێ، ئه‌و به‌كارهێنانه (یاسا و رێساكان ته‌جاوز ده‌كات) ده‌سه‌ڵاتێكی فیكری و ئیستێتیكی هه‌یه، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی دووباره بونیادنانه‌وه‌یه. لێره‌وه‌یه كه ده‌ڵێین داهێنان هه‌میشه ده‌رچوونه له زمان و له‌سه‌ر دوالیزمیه‌تی دووباره هه‌ڵوه‌شانه‌وه و بونیادنانه‌وه‌ی به‌رده‌وام راده‌بێته‌وه، یان له پله‌ی سفری نووسین وه‌ستاوه، به‌و مانایه‌یه كه زمان له داهێناندا له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ كۆتایی له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال ده‌ژیت!! به كورتی هه‌میشه زمانی شیعری ئه‌و زمانه‌یه كه خه‌یاڵ رابه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌بیرهێنانه‌وه جێگیری ده‌كات!! بۆیه هه‌میشه پێویسته بڕوامان به پله‌ی سفری نووسین هه‌بێت.
كه‌واته داهێنان به‌رهه‌می هه‌ڵوه‌شانه‌وه و بونیادنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامه، هه‌میشه داهێنان به‌رهه‌می ئه‌وه‌ی كه رابردوومان بیر ده‌خاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه به‌ره‌و داهاتوومان ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی داهێنان هه‌ر ته‌نها به داهێنه‌ره‌وه به‌ند نییه، به‌ڵكو له به‌شداری ئه‌ویدیكه‌ی (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ه‌وه به ئاكام ده‌گات. ده‌سه‌ڵاتی داهێنان راسته‌وخۆ له به‌شداری خوێنه‌ری هوشیار و ئاسته به‌رزه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. داهێنان بێ به‌شداری خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر بوونی ده‌كه‌وێته له‌رزه‌وه. به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش داهێنان له رێگای خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌وه سنووره‌كانی دیاری ناكرێت، به‌ڵكو سنووره‌كانی به‌رفره‌وانتر و ئازادتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته سه‌ر سرووشتی مێینه‌ی وشه، كه جوله‌ی خۆی له‌میانی جوله‌ی فیكر و ئیستێتیكاوه، سه‌ركێشانه راده‌گه‌یه‌نێت.
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا