لە بارەی (دوو پشک) ی (حوسێن مورتەزاییان ئابکەنار) و بەرهەمی تریش
١٧/٠٤/٢٠١٣
دوو پشک ناوی ئەو بەرهەمەیە، کە بە نێوەڕۆک و تەکنیک و “زمانی وەرگێڕانەکەی” دەتخاتە نێو دنیای شتێک کە پێی ئێژن (ئەدەب).
من پێوەندیم بەو خەڵاتانەوە نییە کە وەریگرتوون، وەک چۆن پێوەندیم بەو خەڵاتانەش نییە کە وەرینەگرتوون! خەڵات کردنی کتێب بۆ من شتێکە پێوەندی بە خودی کتێب و ئەدەبەکەوە نییە، بەڵکو پێوەندی بەو کەشە رۆشنبیرییە سەردەستە هەیە کە چەند کەسێک دەیسەپێنن. بۆیە خەڵات زیاتر “نرخ” بە کتێب دەبەخشێت نەوەک “بەها”.
وەرگێڕانی ئەو رۆمانە بۆ کوردی لە لایەن (بەرۆژ ئاکرەیی) ەیەوە، کۆمەڵێ پنت و ئاماژەمان بۆ رووناک دەکاتەوە لەوانە:
1. من کە ئەو بەرهەمە و پێش ماوەیەک (تازیەدارانی بەیەل)* و (ئێمە لێرەین)** م خوێندۆتەوە، خەریکە لەوە بگەم کە کارئەکتەرێکی هاوبەش دە نێوان ئەو بەرهەمانەدا هەیە، تەکنیک، کارئەکتەری هاوبەشە. تەکنیکەکە هەندێ تایبەتمەندی تێدایە و کەسایەتییەکی تایبەتی داوەتە هەر سێ بەرهەمەکە. ئەو تەکنیکەش خەریکە بە تەکنیک و شێوازی فێربوونی (هۆشەنگی گوڵشیری) پێمان دەناسێندرێندرێت، کە دواتر هەوڵێکە بۆ ئەوەی ببێتە کارئەکتەری چیرۆک و رۆمانی (ئێرانی).
2. هەر سێ بەرهەمەکە لە لایەن (بەرۆژ ئاکرەیی) وەرگێڕدراون. زمانی بەرهەمەکان یەک زمانە، وەلێ لەو بەرهەمەدا لەوانی تر دەوڵەمەندترە بە زار و شێوەزاری کوردی جوایەز. وشەی زۆر ناوچە و دەڤەرە کوردییەکان بەکارهاتوون کە لەبەرهەمەکانی دیکەدا نەبوون، یان کەمبوون.
3. لەو بەرهەمەشدا، مرۆڤ وەک (کەس) ئامادەیە. بە سوود وەرگرتن لە ژیانی سەربازیی و ئامادەبوون لە نێو جەنگ و رووداوەکاندا. وەک چۆن لە تازیەدارانی بەیەل و هەتا لە (ئێمە لێرەین) کەس، لە (کارئەکتەر) زیاتر خۆی دەنوێنێت.
4. بەرهەمەکان هەناسەیەکی مرۆڤانەی قوڵییان تێدایە، کە هەمیشە وەک قوربانی بۆ سستەم و جەنگ و سیاسەت و دین و تا دوایی وێنەیان دەگرێت و رووداوە تاڵ، خوێناوی، قورس و ئازاردەرەکانی کەسەکانمان نیشان دەدات. ئەو لایەنە دەبینین، کە مرۆڤ ناونیشانێکە بۆ هەر بارێکی نەرێنی. جا چ لە باری جەلادیدا بێت یان قوربانی.
5. ئەو چیرۆک و رۆمانانە، قسەیەکی نوێیان نییە بۆ وتن، بەلام تەکنیکێکی نوێیان پێیە بۆ دەربڕینی هەمان ئەو قسانەی دەمێکە وتراون. قورسایی تەکنیک خەستی و هونەر بە کەس و رووداوەکان دەبەخشێت. لە هەمان کاتدا هێزیش دەداتە نووسین و ئەدەب دروست دەکات.
6. کە لە خوێندنەوەی ئەو بەرهەمە و بەرهەماکانی دیکەش، چێژم وەرگرتووە ئەوە زێتر لەبەر ئەو تەکنیکە ئێرانییە بووە نەوەک لەبەر کەس و رووداوەکان. چونکە ئەو تەکنیکە هێزی ئەدەب دەداتە نووسین. کە دواتریش دەبێتە هێزی هەقیقەت و هێزی مرۆڤێک کە لە بەرابەر نادادپەروەری و سانسۆر و سەررەقییەکانی ناوە جۆراوجۆرەکان دەڵێ (نا). بەهای ئەو بەرهەمە و ئەوانەی تریش لێرەوە سەرهەڵدەدەن نەوەک لە خەڵات و مەڵات کردن.
* غولام حوسێن ساعێدی، تازیەدارانی بەیەل، وەرگێڕانی: بەڕۆژ ئاکرەیی، کتێبی ئاراس ژمارە ١٢٦٧، چاپی یەکەم. چاپخانەی ئاراس.
** بەرۆژ ئاکرەیی، ئێمە لیرەین، کۆمەڵە چیرۆک، کتێبی ئاراس ژمارە، چاپی یەکەم. چاپخانەی ئاراس.
هۆشەنگ شێخمحەمەد