ئیخوان موسلمین… له یه‌كه‌م ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تیرۆریستی
هه‌شتاو پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، دووباره جیهان كه‌وته‌وه به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی تر، مه‌ترسییه‌ك، جیاوازتر له جه‌نگی زلهێزه‌كان كه تازه به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی به‌ردابوو، هاوكات ئینسانه‌كانیش خه‌ریكی ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینه‌كانیان بوون، سه‌ره‌تای جه‌نگێكی تر ئاماژه‌كانی ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جه‌نگی چه‌كداری نه‌بوو كه‌وا به‌هۆیه‌وه ده‌نگی تۆپه دوورهاوێژه‌كان به‌ر گوێی خه‌ڵكی بكه‌وێت و به‌لێشاو سه‌رباز له‌به‌ره‌كانی جه‌نگه‌دا بكوژرێن یاخود چه‌كه‌كانیان راده‌ستی دوژمن بكه‌ن و خه‌ڵكی ئاواره‌ببن، به‌ڵكو جه‌نگی بڵاوكردنه‌وه‌ی فیكری كۆنه‌په‌رستی بوو، له یه‌كه‌م ده‌یه‌ی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا “حه‌سه‌ن به‌ننا” كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمینی ڕاگه‌یاند، ره‌نگه ئه‌وكات راگه‌یاندنی ئه‌و كۆمه‌ڵه فێنده‌مێنتاله هێنده كاریگه‌ری نه‌بووبێت، یاخود به‌ته‌واوی بیر له مه‌ترسییه‌كانی نه‌كرابێته‌وه، به‌ڵام سروشتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه وابووه سه‌ره‌تا له‌رێگه‌ی شۆرینه‌وه مێشكی خه‌ڵكانی ساده‌ی موسڵمانانه‌وه چووه نێو ناخی كۆمه‌ڵگه‌ی میسری و موژده‌ی ژیانێكی خۆشترو پاراستنی ئیسلامی كردبووه سه‌رمه‌شقی بانگه‌شه‌كردنی به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌سه‌ندن، ئیدی هێنده‌ی نه‌برد زوومی بانگه‌شه‌كانی له‌میسره‌وه بۆ جیهان گواسته‌وه‌و كاره‌كته‌ره فێنده‌مێنتاله‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانیان به‌سه‌ر دوو لایه‌ندا دابه‌ش كرد، حه‌رام و حه‌ڵال، واته پیس و پاك، هه‌ڵبه‌ت پیسه‌كه ئه‌و وڵات و خه‌ڵكانه‌ی ده‌گرته‌وه كه پابه‌ندی ئیسلام نه‌بوون، یاخود هه‌ر له‌ئه‌سڵدا سه‌ر به‌ئایینی تربوون، دابه‌شكردنی جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی و له‌گۆشه‌نیگای ئیخوانه‌كانه‌وه ئه‌مه زه‌نگێكی تری سته‌مكاری بوو پاش ده‌وڵه‌ته شكستخواردوو و فاشیسته عه‌ره‌بی و ئایینی و ئیسلامیه‌كه‌ی خه‌لافه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی تر جیهانی خسته ناو گۆمی لێلی كۆنه‌په‌رستییه‌وه.
جیهان دره‌نگ به ئاگاهات
كاتێك جیهان به‌ئاگاهاته‌وه ئیدی ئیخوان به‌ته‌واوی په‌ره‌ی سه‌ندبوو، جیهان دركی به‌وه كرد ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه بێ شه‌رم كردن ئایدۆلۆژیای ئیسلامی كردبۆیه ئامرازی سه‌ره‌كی پلانه نهێنی و ئاشكرای ستراتیژییه‌كانی بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، ئه‌وكات زانرا مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رده‌مێكدایه كه مه‌ترسیدارترین كۆمه‌ڵه‌ی كۆنه‌په‌رست چاوی بڕیوه‌ته سه‌ر بیركردنه‌وه‌و ئازادی ئینسانه‌كان، جیهان زانی ئیشی سه‌ره‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه سه‌ره‌تا به به‌رنامه ناخی مرۆڤه‌كان ده‌شواته‌وه‌و كاره‌كته‌ری ترسناك به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌وا جگه له‌مرۆڤی ئیخوانی كه‌سی تری قه‌بوڵ نییه. تازه دره‌نگ بوو، چه‌واشه‌كارییه‌كانی ئیخوان پوچ بكرێته‌وه، چونكه په‌لی هاویشتبووه ناخی وڵاتانی ئیسلامی و لێره‌وله‌وێ هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌ركرده میسرییه‌كانیان ده‌داو حكومه‌تیش كه‌وتبۆیه ژێر فشاری ئیخوانه‌كان و خه‌ڵكانی تره‌وه، چونكه ئیخوان مرۆڤگه‌لی وای دروستكردبوو بڕوایان وابوو ئیخوان تاكه هێزی پاراستنی ئایینی ئیسلامه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه نه‌بێت ئیسلام كۆتایی دێت، هه‌ڵبه‌ت ئیخوانییه‌كان به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئیسلام له مه‌ترسیدایه! ئه‌مه‌ش باشترین ده‌روازه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌یان بوو به‌ناو كۆمه‌ڵگه موسڵمانه‌كاندا.
جیهان باجی تێنه‌گه‌یشتن ده‌دات
ئه‌و كاته‌ی ئیخوانه‌كان پێگه‌ی خۆیان له‌ناو وڵاتانی ئیسلامی‌دا به‌هێز ده‌كه‌ن ئیدی جیهان و میسرییه نوێخوازه‌كان ناتوانن به‌ره‌نگاری ببنه‌وه له‌رووی پوچه‌لكردنه‌وه‌ی فیكرییه‌وه، چونكه سه‌ره‌تا له‌مه‌ترسییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی وه‌ك ئیخوان به‌باشی تێنه‌گه‌یشتبوون و به‌ساده‌یی ته‌ماشایان ده‌كردن، باجی هه‌ڵه‌كانی ئه‌وكاتی جیهان مرۆڤه‌كانی ئێستاكه ده‌یده‌ن كه‌وا رێگه به په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیداری فێنده‌مێنتال درا خۆی بكاته خاوه‌نی هه‌ستیارترین ئایینی وڵاتگه‌لێكی غیاب له‌بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵانی و تێڕامانه فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كان، بۆیه باس له غیابی عه‌قڵانیه‌ت و فه‌لسه‌فی له وڵاتانی ئیسلامی ده‌كه‌ین، چونكه غیابی هه‌ر یه‌ك له‌م دوو چه‌مكه به‌ئاسانی كۆمه‌ڵگه دووچاری قه‌یرانی دواكه‌وتوویی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌تا ئیخوان به سوود وه‌رگرتن له‌غیابی عه‌قڵانییه‌ت و تێڕامانی فه‌لسه‌فی له‌ناو خه‌ڵكانی موسڵماندا چۆن توانیوێتی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانه‌كان بخاته بازنه‌ی سیاسه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌و رۆژ دوای رۆژیش به‌هۆی سیاسه‌ته فاشیست و فێنده‌مێنتالیزمیه‌كه‌شی خه‌ڵكانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسلامی دووچاری كوشتار ده‌بنه‌وه‌و ئاڵۆزییه‌كانیش سه‌رله‌به‌ری وڵاتانی ئیسلامی ته‌نیوه‌ته‌وه به‌بیانووی جیهادكردن دژ به جاهیل و كافران و له دیین وه‌رگه‌ڕاوان!
پرۆژه‌ی سیاسی ئیخوان موسلمین
ئیخوان له‌ئه‌سڵدا به‌تیا پرۆژه‌یه‌كی سیاسی نییه بۆ میسرییه‌كان، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی سیاسی فێنده‌مێنتالیزمی گشتگیره كه سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ده‌ستی به په‌خشكردنی پرۆگرامه مه‌ترسیداره‌كانی كردووه‌و دواتریش خۆی خزاندۆته ناو جه‌رگه‌ی به‌شێك له‌وڵاتانی تریشه‌وه به‌دروستكردنی كاره‌كته‌ری فێنده‌مێنتالی ئیسلامی كه ئیشی سه‌ره‌كیان ره‌تكردنه‌وه‌ی ئایینی تری غه‌یره ئیسلام و بۆچوونی خه‌ڵكانی غه‌یره ئیسلام یان پابه‌ند نه‌بووان به ئیسلامه‌وه، كاره‌كته‌رگه‌لێك پێیوایه ئایین ده‌بێت شوناسی ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، واته ده‌وڵه‌ته، نوێژ‌و جیهادكردنه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئیخوانه‌كان له ئایین نه‌گه‌یشتوون، واته ده‌بێت جیهاد به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا بكرێت ئیخوانی نین، گرنگ نییه، تۆ له‌سایه‌ی ئیخواندا ته‌نیا موسڵمان بیت! ئه‌مه هیچ به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نییه له ته‌سه‌وڕاتی ئیخوانییه‌كاندا، به‌ڵكو گرنگترینیان ئه‌وه‌یه تۆ تاكێكی موسڵمانی ئیخوانی بیت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بوویت، تۆ موسڵمانێكی ناته‌واویت. به‌مانایه‌كی تریش بنه‌مای سه‌ره‌كی فیكری ئیخوانه‌كان ئه‌وه‌یه پێویسته موسڵمانی ئێستاكه له‌ژێر چه‌تری ئیخوانیدا بێت، ئیخوان ئاڕاسته‌ی دیندارییه‌كه‌ی دیاری بكات، وه‌ك سه‌ید قوتب گه‌وره تیۆرسیۆنی ئیخوانییه‌كان ده‌ڵێت: جیهان و وڵاتانی ئیسلامی جاهیل بوونه، بۆیه پێویسته جیهادیان به‌سه‌ردا بكرێت و له‌ناوببرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئینسانییه‌ت له‌جه‌هاله‌ت پاك بێته‌وه. به‌تێڕوانینی قوتب ئه‌و جیهانه‌ی ئێستاكه مادام ئیخوانی نین و نابن، پێویسته كۆتاییان بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه فێنده‌مێنتالییه‌كه‌ی ئیخوان جێگره‌وه‌ی فیكری خه‌ڵكانی تر بێت، به دیوێكی تریشه‌وه ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌ید قوتب هه‌ڵگری جه‌هلێكی مه‌ترسیداره كه پیاوێكی تیۆریسیۆنی فێنده‌مێنتالی ئیخوانی ئیسلامی به هۆیه‌وه هانی گه‌نجان و خه‌ڵكانی موسڵمانی ده‌دا بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و ناته‌بایی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا تا سوود له‌و فه‌وزا كۆمه‌ڵایه‌تییه وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی به‌چاوی خۆیه‌وه ببینێت و ئیدی ده‌ست به‌سه‌ر جومگه‌كانی میسر‌و ته‌واوی وڵاتانی موسڵمان و ناوچه‌كدا بگرێت و پاشانیش جاڕی زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌لاف به‌دونیادا بدات، ئه‌و ده‌یویست له رێگه‌ی جیهاده‌وه جیهان كۆنترۆل بكات!
ئیخوان دوای هه‌شتا ساڵ ده‌گاته ده‌سه‌ڵات
دوای رووخانی موباره‌ك، له‌میسردا هه‌لومه‌رجێكی تازه هاته ئاراوه، میسرییه‌كان چوونه ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه تاكو دوای موباره‌ك بتوانن ده‌وڵه‌تێكی تر بنیادبنێن كه بتوانێت خه‌ونی میسرییه‌كان به‌دی بێنێت له‌رووی ئازادی و خۆشبه‌ختی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر شتی تریشه‌وه، به‌هۆی بایكۆتی خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر له‌هه‌ڵبژاردن، كاندیدی ئیخوانه‌كان محه‌مه‌د مورسی توانی به‌چه‌ند هه‌زار ده‌نگێكی زیاتر به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وێت، مورسی له‌ماوه‌یه‌ی كه‌متر له یه‌ك ساڵی حوكمڕانێتییه‌كه‌یدا میسری به‌ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار برد، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ناڕه‌زایی بوونی خه‌ڵك له‌دژی به‌ئیخوانی كردنی میسر‌و زیاتر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان و سه‌رباری ئه‌مانه‌ش نه‌یتوانی خه‌ونی هاونیشتمانیانی میسر بێنێته‌دی كه شۆڕ‌شیان كرد تا به‌هۆیه‌وه خۆشبه‌ختی بۆ وڵاته‌كه‌یان بگه‌ڕێننه‌وه‌و زیاتر ئازادی به خۆیانه‌وه ببینن.
هه‌موو ئه‌مانه بوونه بلقی سه‌ر ئاو‌و ده‌رئه‌نجام هاونیشتمانیان له‌دژی مورسی ڕژانه سه‌رشه‌قامه‌كان و چه‌ندین كرده‌ی توندوتیژی له‌دژی یه‌كتری له‌نێوان لایه‌نگرانی ئیخوان و به‌ره‌ی عه‌لمانییه‌كاندا دروست بوو تا دواجار سوپای وڵات له‌سه‌ر داوای هاونیشتمانیانی ناڕازیی مورسی له‌ده‌سه‌ڵات سڕكرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش نه‌یتوانی ئارامی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی میسر بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵكو ناڕه‌زاییه‌كان تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و رۆژانه‌ش چه‌ندین پێكدادانی خوێناوی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا له‌نێوان لایه‌نه دژه‌كان رووده‌دات كه هه‌ندێكیان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مورسی ده‌كه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵات و عه‌لمانییه‌كانیش دژی ئه‌و داوایه خۆپیشاندان ده‌كه‌ن. ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیاندا چه‌ندین قه‌یرانی ئه‌منی هێناوه كه وایكردووه حكومه‌ته كاتییه‌كه‌ی میسر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانانه بدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له توانای ئه‌و حكومه‌ته‌دا نییه، چونكه فشاره‌كان یه‌كجار زۆرن له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا.
جیهان و پرسی تیرۆر
هه‌نووكه به‌شێكی دونیا‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیسلامی به‌تیرۆره‌وه سه‌رقاڵن و زۆربه‌ی كرده تیرۆرییه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا له‌وڵاتانی ئیسلامی ئه‌نجام ده‌درێن و خه‌ڵك و شوێنه ئاساییه‌كان ده‌كرێنه ئامانج تا بتوانن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كاندا فه‌وزا دروست بكه‌ن، چونكه گروپی ئیسلامی فێنده‌مێنتال له‌ناو ئاڵۆزی و فه‌وزادا گه‌شه‌ده‌كه‌ن، یاخود دروست ده‌بن، به‌پێچه‌وانه‌وه ناتوانن له‌جێگه‌یه‌كدا گه‌را دابنێن ئینسانه‌كان رێز له‌به‌های یه‌كتری بگرن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت به‌دروستكردنی كه‌شێكی نامه‌ده‌نی و نائه‌خلاقی و تژی ئاڵۆزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه په‌ره به‌پێگه‌ی خۆیان بده‌ن به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی چه‌ندان دروشمی دیماگۆگی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنه ئایینی و ئایینزاكاندا هاتۆته كایه‌وه، هه‌میشه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا ئیخوانه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئیسلام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه، هه‌موو دونیا چاوی بڕیوه‌ته ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ی لاوازی بكه‌ن و ناشیرینی بكه‌ن، بۆیه ئێمه‌ی ئیخوانی ده‌مانه‌وێت ئیسلام له‌و چاوانه دووربخه‌ینه‌وه‌و نا‌هێڵین به ئاسانی زه‌فه‌ر به‌ئیسلام ببرێت و وه‌ك جه‌نگاوه‌ر له پێناوی ئیسلام و كولتووره‌كه‌یدا ده‌جه‌نگین له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا، ئه‌مانه‌و ده‌یان دروشمی مه‌ترسیدارتر له‌لایه‌ن ئیخوانه‌كانه‌وه په‌خش ده‌كرێن، وایكردووه جیهان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ببێت، هه‌ر به‌ره‌یه‌و خۆی به‌لاوه باشتر‌و په‌سه‌ندتربێت، سه‌رئه‌نجام خودی ئینسانه‌كانن زیانمه‌ندی ئه‌و ململانێ مه‌ترسیدارانه‌ن كه دروستكراوی ده‌ستی گروپه فێنده‌مێنتاله ئیسلامییه‌كانن.
له ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تیرۆریست
دوای ئه‌وه‌ی له مانگی رابردوودا له‌تازه‌ترین رووداوی ئه‌منیدا له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی شاری ئه‌لمه‌نسوره‌ی وڵاتی میسر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك روویدا، به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 120 كه‌س بوونه قوربانی و له‌ناو قوربانییه‌كانیشدا 14 كوژراو هه‌بوون، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م رووداوه وایكرد حكومه‌تی میسر لێدوانی راسته‌وخۆ بدات له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌و تۆمه‌تباركردنی ئیخوان موسلمینیش به‌شێواندنی ئه‌منیه‌تی میسر، گوته‌بێژی حكومه‌تی كاتی میسر بۆ میدیاكان گوتی: ئیخوان موسلمین رووخسارێكی ناشیرینیان نیشانداوه‌و ئه‌منیه‌تی وڵاتیان تێكداوه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه حازم به‌بلاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی كاتی میسر له لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی سه‌وا له‌باره‌ی ئه‌و كرده تیرۆرییه‌وه گوتی: كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین له‌پشت ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستیه‌وه‌ن.
دواتر حكومه‌تی كاتی میسر به فه‌رمی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمینی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تیرۆریستی ناساند، ئه‌مه‌ش واته قه‌ده‌غه‌كردنی كۆی چالاكی و كۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا‌و هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ئیخوانه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌و چه‌ندین وڵاتی تریش له‌باره‌ی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه قسه‌یان كردووه، گرنگترینیان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه.
هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا
له‌به‌رانبه‌ر بڕیاری به‌تیرۆریست ناساندنی كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمینه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی كاتی میسره‌وه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌ڵوێستی خۆی راگه‌یاندو ره‌تی كرده‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین بخاته ناو لیستی گروپه تیرۆریستییه‌كانه‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی میسر سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه وه‌ك گروپێكی تیرۆریستی له‌ناو وڵاتی میسردا بناسێت و ئه‌و بڕیاره‌شی به چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی راگه‌یاندووه كه حكومه‌تی میسر ئیخوان موسلمین وه‌ك گروپێكی تیرۆریست ده‌ناسێت، دوای ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی میسریش لایه‌نگرانی ئیخوان دژی بڕیاره‌كه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و ڕژاونه‌ته سه‌رشه‌قامه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه حكومه‌تی میسر له‌هه‌موو رووێكه‌وه ئاماده‌باشی بكات دژ به‌هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی له تۆڵه‌ی ئه‌و بڕیاره‌دا. ڕه‌نگه بڕیارێكی له‌م جۆره‌ش نه‌توانێت ئارامی بۆ ئه‌و وڵاته وێرانه‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵكو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن به‌هۆی بڕیاری به‌تیرۆریست ناساندنی ئیخوانه‌وه نائارامییه‌كی زیاتر روو له‌و وڵاته بكاته‌وه‌و كاردانه‌وه‌ی زیاتری ناوخۆیی و ناوچه‌یی لێ بكه‌وێته‌وه، چونكه له‌ئێستاكه‌دا ئیخوان باڵی له زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌تی وڵاتانی موسڵمان نشیندا هه‌یه.
ئیخوان و ئیسلامییه‌كانی باشووری كوردستان
ئه‌وكاته‌ی ئیخوانه‌كان له میسردا توانیان كاندیده‌كه‌یان به‌رنه ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئیسلامییه‌كانی باشووری كوردستان زیاتر له‌ئیخوانه‌كانی میسر به ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دڵخۆش بوون تا ئه‌و ئاسته‌ی میدیاكانی خۆیان كرده مینبه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ رێكلامكردن له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی مورسی به‌سه‌ر نه‌یاره عه‌لمانییه‌كانیدا، ئیسلامییه‌كان به‌هۆی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی مورسییه‌وه ده‌یانویست په‌یامێكی سیاسی ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری كوردستان بكه‌ن كه به هاتنه ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌وه ئه‌وانیش پێگه‌یان به‌هێزتر ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابووری و پشتگیرییه‌وه له‌ناوخۆی هه‌رێم و میسری لانكه‌ی له‌دایكبوونی ئیسلامی سیاسی‌دا. كه‌متر له ساڵێكیش دوای سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی مورسی، ئیدی به‌هۆی ناڕه‌زاییه‌كانی شه‌قامی میسره‌وه مورسی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سڕكرا له‌لایه‌ن سوپای بێلایه‌نی وڵاته‌وه، ئه‌مه‌ش ئیسلامییه‌كانی تا ئاستێك تووڕه‌كرد هه‌ڵسن به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی، ئه‌مه‌ش له كاتێكدابوو له‌گه‌ڵ هاتنی ئیخوانه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات به یه‌ك وشه‌ش باسیان له‌كورد نه‌كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردانه‌وه، ئه‌وه‌ی له میدیای ئیسلامییه‌كاندا ده‌خوێنرێته‌وه زیاتر فرۆشتنی نیشتمانه له‌پێناوی فریودانی هه‌ستی فێنده‌مێنتالی ئیسلامییه‌وه، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی پێمان‌دا ئیسلامییه‌كان بایه‌خ به‌هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ناده‌ن و ئیسلامیان به‌لاوه پیرۆزتره له‌و خاكه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژین، چونكه هه‌ستی ئایینی دژ به‌بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ییه‌و له ناوخۆیدا نه‌ته‌وه‌و خاك ده‌توێنێته‌وه به‌و بیانووه‌ی گوایه خودا له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌و هه‌ر بستێكی زه‌وی له‌هه‌ر شوێنێكدا بێت هی خودایه‌و خودای ئیسلامیش خودای ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه‌و ئیسلامیش دوایین ئایینی راسته‌قینه‌ی خودایه‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌شی محه‌مه‌د په‌یامبه‌ری راسته‌قینه‌ی خودایه بۆ مرۆڤایه‌تی نێردراوه.
به درێژایی مێژووی دروست بوونی گروپ و رێكخراوه فێنده‌مێنتاله ئیسلامییه‌كان ئیشی سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌بووه ئیسلام وه‌ك راسته‌قینه‌ترین ئایینی مرۆڤایه‌تی بناسێنن و محه‌مه‌دیش وه‌ك دوایین پێغه‌مبه‌ری مرۆڤایه‌تی ناوبێنن، ئیدی ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی جیهانداو به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گروپ و رێكخراوه فێنده‌مێنتاله مه‌سیحی و یه‌هودییه‌كاندا ره‌ت ده‌كرێته‌وه كه ئیسلام ئایینی راسته‌قینه یاخود ئایینی سه‌ره‌كی مرۆڤایه‌تی بێت، به‌ڵكو یه‌هودییه‌كان واته جوله‌كه له‌به‌رانبه‌ردا ده‌ڵێن ئێمه یه‌كه‌م ئایینی خوداین و پێویسته ئێمه ئایینی راسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی بین، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی فێنده‌مێنتالی ئیسلامی و یه‌هودی و مه‌سیحییه‌وه ناكۆكی گه‌وره‌ی دروست كردووه‌و پشكی شێریش به‌ر فێنده‌مێنتالی ئیسلامی ده‌كه‌وێت له‌دروستكردنی ناكۆكییه‌كاندا، چونكه ئه‌وان ده‌چن له‌ناو جه‌رگه‌ی وڵاتانی مه‌سیحی كرده‌ی تیرۆری ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هاوڵاتیانی ئیسلامی له‌ناو وڵاتی ئیسلامی ده‌كوژن به‌بیانووی جاهیل بوونه‌وه كه ئه‌مه سه‌ره‌كی ترین فیكری مه‌ترسیداری سه‌ید قوتبی تیۆرسیۆنی ئیخوانه‌كان بوو پێیوابوو جیهان و وڵاتانی ئیسلامی دووچاری جاهیل بوون بوونه‌و پێویسته جیهاد به‌سه‌ر جه‌هاله‌تدا بكرێت، ئه‌م فیكره مه‌ترسیداره‌ی سه‌ید قوتب كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سایكۆلۆژییه‌تی تاكی ئیخوانی و فێنده‌مێنتاله ئیسلامییه‌كان به‌جێ هێشت و ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای فیكره شه‌ڕانگێزه‌كه‌ی سه‌ید قوتب خه‌ریكی دروستكردنی فه‌وزان له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا. باشووری كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌و كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌ی سه‌ید قوتبه‌وه، له ئێستاكه‌دا خه‌ڵكانێكی وا له ناو كورددا په‌یدابوونه توندتر له قوتب بیر ده‌كه‌نه‌وه‌و جیهادكردن به‌سه‌ر سه‌ركرده‌و حیزبه غه‌یره ئیسلامییه‌كان وه‌ك پێویستییه‌ك ده‌زانن و بۆ جیهادكردن ده‌چنه سووریا بۆ پاڵپشتی به‌ره‌ی نوسره.
له‌كاتێكدا رۆژئاوا‌و باكووری كوردستان له ناو سه‌خترین دۆخ و قۆناغی هه‌ستیاری سیاسیدان میدیای ئیسلامییه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵه یاخود خه‌ریكی رووماڵكردنی هه‌واڵ و چالاكییه توندڕۆكانی كاره‌كته‌ره ئیخوانییه‌كانن نیو هێنده به‌و پرسانه‌ی تایبه‌ت به‌كوردن سه‌رقاڵ نین، بگره ته‌واو بوونه‌ته دارده‌ستی ئیخوانه‌كان له‌باشوورو خه‌ریكه شه‌ڕی ئیخوانه‌كان بێننه ناوخۆی هه‌رێمه‌وه.
كاتێك ئیسلامیه‌كانی كوردستان ره‌خنه له سیسی ده‌گرن و به‌دیكتاتۆری وه‌سف ده‌كه‌ن به‌شێكی زۆر له‌و ره‌خنانه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه تا له باشووری كوردستاندا ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر سه‌ركرده‌و سیاسییه عه‌لمانییه‌كان دروست ببێت و له‌ناو شه‌قامی گشتیدا كاره‌كته‌ری عه‌لمانی كوردی پێ ناشیرین بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌و ئازادی قسه‌كردنه‌ی هه‌یه به‌رهه‌می كاریگه‌ری عه‌لمانییه‌ت و دیموكراسییه له‌سه‌ر باشووری كوردستان، سه‌رباری ره‌خنه‌و سه‌رنجه‌كانمان له‌و دوو كایه هه‌ستیاره‌دا، ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چالاكی ئیخوانه‌كانه‌وه باشوور به‌ئیخوانه‌بكه‌ن تا دواتر به‌ئاسانی بتوانن ته‌راتێنی تێدابكه‌ن بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵبه‌ت له سیسته‌می دیموكراسیدا رێگه‌پپێدراوه هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی بگاته ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه به‌هۆی دیموكراسییه‌وه ئیسلامییه‌كان بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، باشترین نموونه‌ش ئیخوانه‌كانه له‌میسردا كه نه‌یانتوانی به‌خته‌وه‌ری بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی میسری بگه‌ڕێنه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه بوونه هۆی زیاتربوونی ئاڵۆزییه‌كان له‌وڵاتێكی ئاڵۆزدا، چ له‌باری ئه‌منی و چ له‌باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌كخستنی گه‌شت و گوزارو گه‌شتیاری و جێگیری سیاسی له ناو وڵات‌دا، سه‌رباری ده‌ركردنی چه‌ندین یاسای دژ به‌مافه ئینسانییه‌كان كه راسته‌وخۆ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ستی فێنده‌مێنتالیزمی ئیسلامیدابوون.
شایه‌نی باسه كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلمین له‌ساڵی 1928 له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ حه‌سه‌ن به‌ننا له‌میسردا دامه‌زراوه‌و له‌و كاته‌وه‌ش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت به‌شێوازی توندوتیژی هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی داوه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سلیان نه‌كردۆته‌وه له‌دروستكردنی فه‌وزاو ئه‌نجامدانی هه‌وڵی كرده‌ی تیرۆری دژ به سه‌ركرده میسرییه‌كان. سه‌ید قوتب دوای حه‌سه‌ن به‌ننا به‌یه‌كێك له‌سه‌ركرده تیۆرسیۆنه هه‌ره كاریگه‌ره‌كانی ئیخوان داده‌نرێت و بۆچوون و فه‌تواكانی بوونه‌ته هۆكاری نانه‌وه‌ی پشێوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ناوخۆی میسر‌و وڵاتانی ئیسلامی و جیهانیدا، پێیوابوو جیهان جاهیل بووه، بۆیه جیهادكردن پێویسته به‌رانبه‌ر به جاهیل بوونی جیهان و سیاسییه‌كانی میسر، چونكه ئه‌و جه‌هاله‌ته دژی خودا‌و ئایینی ئیسلام هاتۆته ئاراوه، جیهادكردنیش تاكه رێگه‌ی پاراستنی ئایینی ئیسلامه له‌چنگ نه‌یاره‌كانیدا. سه‌ید قوتب توانی به‌و قسانه‌ی سۆزی هه‌زاران گه‌نجی جیهادی به‌لای خۆیدا رابكێشێت كه تا هه‌نووكه‌ش جیهانیان به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ كردووه له‌دروستكردنی پشێوی و شێواندنی ئه‌منیه‌تی وڵاتان و كوشتنی خه‌ڵكانی بێ تاوان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیخوانی نین یان به شێوه‌ی ئه‌وان پابه‌ندی ئایینی ئیسلام نین.
دوای رووخانی موباره‌ك، ئیخوانه‌كان توانیان بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له ده‌سه‌ڵاتیاندا نه‌یانتوانی نموونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆیه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان سڕكرا، ئه‌مه‌ش له‌دوای خۆیدا كاردانه‌وه‌ی توندی ئیخوانه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌و وڵاتی میسر بووه گۆڕه‌پانی ململانێی سیاسی نێوان ئیخوانه‌كان و لایه‌نگرانی سیسی، له دوایین هه‌ڵوێستی حكومه‌تی میسردا له‌به‌رانبه‌ر شێواندنی ئه‌منیه‌تی وڵات، ئیخوان موسلمین وه‌ك كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تیرۆریستی ناسێنرا، پێویسته ئه‌مه‌ش بگوترێت ئێستاكه ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه لەلایەن محەممەد بەدیع سەرۆكایەتی دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی محمه‌د به‌دیع لەلایەن حكومەتی میسرەوە ده‌ستگیركراوه، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی مەحمود عیزەت رێبه‌رایه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ده‌كات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دوای به‌تیرۆریست ناساندنی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ش ناڕه‌زایی و ئاڵۆزییه‌كان له میسر روو له زیادی بكه‌ن و كاردانه‌وه‌ی جیاوازی تریش به‌دوای خۆیدا بهێنێت كه ئیخوانه‌كان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی پشێویه‌كانن.
شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا